کارەساتی کوردی بەغدا لەدوێنێ و ئەمڕۆدا

کارەساتی کوردی بەغدا لەدوێنێ و ئەمڕۆدا
2009-12-19T13:36:38+00:00

گومانی تێدانییە هەر مرۆڤێک لە ناخیدا هەستکردن بە ئینتمابوونی  بۆنەتەوەیەک  لەنەستیدا رەنگی داوەتەوە، لێرەدا مەبەستمە ئاماژە بەو کوردانە بدەم کە لەدەرەوەی سنووری ئێستای  هەرێمی  کوردستانە، کوردی بەغدا  بەملیۆنێک کەس مەزەندە دەکرێ، هەمدیس ئەو سنوورەی کەلەگەڵ  کۆماری ئیسلامی  ئێران، شۆڕدەبێتەوە  تاباشووری  بەسرە  لەناوچەکانی (عەلی شەرقی، کوت، بەدرەو جەسان....تاد) کەزۆربەی  ئەم شوێنانە تەعریبکراون لەسەردەمی رژێمی پێشوودا، کوردی بەغدا ئازارو ئەشکەنجەی زۆریان  دیوە بەتایبەت کە پێیان دەگوترا ئێوە بەغدایی نین و بەڵکو لە  دیالەو کوت و ناوچەکانی دیکەی کوردستانەوە هاتوون، زۆرناوچەی بەغدا هەن بەکوردی ئاخاوتن دەکەن وەکو گەڕەکی کوردان لە شاری سەورە، ناوچەی بابولشێخ، قەنبەر عەلی، سوورو سباع و فەزل و قەرەخول و شەقامی جمهووری و پشت بەنداوی ناوچەی ئەلفیەی پشت بەنداو ناوچەی کورد ناوزەد دەکر، چونکە  لەوێوە هاتبوون، دیارە  خودی فەیلییەکان خۆشیان  دیدو بۆچوونی  جیاجیایان هەیە، هەڵبەت ئەمەش  لەکەمی  زانیارییەکانیانە، هەروەها ناوچەکانی بوستانی لەشاری  ئازادی، شۆڕیجە، گۆڕەپانی بەیروت و هەموو  ناوچەکانی بەغدای جاران، زۆرکەس لەوباوەڕەدان دانیشتوانی بەغدا لەبنەڕەتدا فەیلین، بەڵام واقیع بەجۆرێکی دیکەیە، کەچی  سەرچاوە مێژووییەکان بە هەزاران  ساڵ لەمەوبەربوونی کورد لە بەغدا دەسەلمێنن، هەندێک سەرچاوە پێیان وایە لەسەردەمی ئاکاد (2159-2116پ.ز) کورد لەناوچەی زاگرۆس هێرشیان کردۆتە سەر ناوچەی بابل و داگیریان کردووەو لە بەغدا دانیشتوون، هەردەمیش لەگەڵ حکومەت و حوکمڕانەکانی  نەگونجاون، بەردەوام  زۆرداریان لێکراوە، بۆ نموونە خانەوادەی محەمەد قەنبەر و کوڕەکانی کەبەبنچینە کوردن، ئەم رووداوە لەمێژوودا ناسراوە کە چۆن دژی دەسەڵات و خودی بەکر سۆباشی لە حوکمڕانێتی عوسمانیدا وەستانەوە، سۆباشی  کەسێکی توندوتیژبوو، بڕیاری گرتنی قەنبەرو کوڕەکانی  داو هێنانی لەنێو بەلەمێکی پڕ لە کبریت زفت و ئاگری دان و خستنیە نێو رووباری دجلەوە، ئەوە رووداوێکی  کۆنە، هەر لە کارەکانی نازم گزار ی دەکرد.ئەگەر سەرنجێکی مێژووی نزیک بدەین  جینۆسایدکردنی  بەکۆمەڵی کورد نیشانەی داپلۆسین و تۆقاندنی ئەو رژێمە بوو تاکو ئەو کەسانەی هاوکارو پیاوی  بوون دەرەنجام بەدەستی خۆیان کوژران وەکو(جەبار کوردی و سەباح میرزا).جاهەمیشە حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق بەعسی، سەدامی، شیعی هەرچی بووبن لەیەک  تەرازوو سەیری کوردیان کردووە. نەک بەپێوەرەکانی  سیستەمی دیموکراسی و پاراستنی  مافەکانی مرۆڤ، ئەمە خاڵێکی گرنگە چونکە پاکتاوی  نەژادی بەشوێن و کاتەوە پەیوەست بووە. لە مێژووی کۆماری عێراق تەنیا ئەو سەرەتایەی  عەبدولکەریم قاسم بەقازانجی کورد گەڕایەوە، هەربۆیەش لەکاتی رووخانی حوکمی قاسم خەڵکی شەقامی جمهوری و بابولشێخ و ناوچە کوردنشینەکان رووبەڕووی  زرێپۆشەکانی سوپای کودەتا بوونەوە، بەڵام بەعس و شۆڤینییە نەتەوەییەکان زۆر بەتوندی پاکتاوی  کوردیان  لە بەغدا کرد، هەر لەمڕۆژەوە حکومەتەکان لە کوردی بەغدا زۆر ترسیان لێنیشت، بۆیە کوردلە بەغدا رووبەرووی  بارودۆخێکی  ناهەموارو مەترسیدار بوو، لەبەرامبەر پیلان و راونان وکوشتن و گرتندا جا هەندێک پێیان وابوو ئەم پاکتاوکردنە مەزهەبییە، بەڵام لەراستی پاکتاوی نەتەوەیی بوو، بۆیەش  لەکاتی رێککەوتنی 11ی ئاداری 1970 پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوان کوردی بەغداو سەرۆکی رۆحی مەلامستەفا بارزانی دروست بوو، بەتایبەتی  کوردە فەیلییەکان، فەیلییەکان بەرلەوەی پاکتاوو جینۆساید بکرێت خاوەنی زۆرترین  بەرهەم و سەروەت و سامان بوون، چونکە فەیلییەکان خەریکی کاروباری بارزگانیکرن بوون، کۆنترۆڵی هەموو بازاڕەکانی  عێراقییان کردبوو بەتایبەتی بازاڕی شۆڕیجەو گەورەترین  سەرمایەداربوون. لەبەرچەوساندنەوەی نەتەوایەتی  هەمیشە لاگیریان لە شۆڕش دەکردو هاوکاری مادی ومەعنەویان دەکردو سەربە پارتی  دیموکراتی کوردستان بوون، هەندێکیشیان گەیشتنە سەرکردایەتی پارتی.فەیلییەکان رۆڵێکی دیاریان لە شۆڕشی ئەیلوول بینی، هەربۆیە لەم ماوەیەدا لەبەرزۆری ژمارەی کورد لە بەغدا سەرکردایەتی پارتی لقی بەغدای کردەوە، بەگوێرەی قسەی یەکێک لە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی  ئەندامانی پارتی  لە بەغدا  لەهەزارەها کەس تێپەڕی، دیارە بەعس ئەو تێکەڵاوبوونەی کوردی بەغدای بە پارتی  کەرابەرایەتی بزاڤی رزگاریخوازی نەتەوەیی دەکرد بە حاڵەتێکی  ترسناکیان دانا بەتایبەت لە بەغدا، هەربۆیەش بە بڕوبیانووی جیاجیاوە دژایەتی  فەیلییەکانیان کرد بەناردنە ئێران و گرتن و جینۆساید کردن.دوای ئەم هەموو ساڵانە رژێمی دکتاتۆر لە ساڵی 2003 کۆتایی هات، بەشێکی  زۆری  کوردەکانی بەغدا گەڕانەوە شوێنی خۆیان، ئەمجارەیان کەوتنە بەر پەلاماری مەزهەبی حزبە ئیسلامیە شیعەکان و مەرجی ئەوەیان بەسەر فەرزکردن کە فەیلییەکان سەر بە مەرجەعیەتن، بۆ زیاتر پەیوەست کردن بەخۆیان  لەزۆر شوێنی دانیشتن و گەڕەکەکانی کوردە فەیلییەکان خزمەتگوزاریان  لێ بڕین و ئاستەنگیان لەدامودەزگاکانی حکومەت بۆ دروست دەکردن تاکو پەیوەندی نەتەوەییان لەگەڵ سەرکردایەتی سیاسی کورد لاواز بکەن، چونکە ئەوان کوردی فەیلی بە مەترسی سەرنفوز و دەسەڵاتی خۆیان دەزانن. لەلایەکی دیکەوە حزبە سەرەکییەکانی کوردستان بەهۆی ئەوکادیرە لاوازانەی ڕەوانەی بەغدا کراون نەیانتوانی سەرنجی فەیلییەکان رابکێشن و بیان گەڕێننەوە بۆمێژووی هەڵوێستی رابردوویان، ئەم راستیەش لە هەڵبژاراردنەکان دەرکەوتن، بۆیە ئەرکی  دووپارتە سەرەکییەکەی کوردستانە بنکەی رێکخستن لەنێو کوردی بەغدا  فراوان بکەن و ئەمجۆرە کادیرانە رێک بخەن کەڕوانین و بۆچوون و تێگەیشتنی دروستیان بۆ کوردی دەرەوەی  سنووری هەرێم هەیە. بەداخەوە ئەوانەی نێردراون تەنیا خەریکی کاروباری خۆیەتین، بۆیە دەخوازرێ سەرلەنوێ و بەشێوەیەکی  چاکتر کەسانی بەتوانا راسپێرن، هەر لەسەردەمی عوسمانییەوە تا ئەمڕۆ کوردی فەیلی لەسەردمی حوکمڕانی سەدام زەرەرو زیانی زۆر گەورەی پێگەیی، بەڵام حکومەتی مالکی توانیویەتی فەیلیەکان بخاتە ژێر رکێفی خۆیەوە، ئەویش لە رێگای سیاسەتی  ئارەزوومەندانەو ترساندن کە ئەمەش  شێوازی بەستنەوەیانە بە مەرجەعیەت، کوردی بەغدا زۆرئازاریان  چەشتووە، ئەوەی هەنووکە دەیبینن پاساوی  کەسانێکە کە دەیانەوێ لە رێگای فەیلییەوە دەسکەوتیان هەبێ، ئەگینا فەیلییەکان  هەمووکات  بە هەست و سۆز هەماهەنگی بیری نەتەوەیی و کوردایەتین. لەلایەکی دیکە لە رووی  مەزهەبی  کوردە فەیلییەکان چەوسێنراونەتەوە کە شیعەن، بەڵام راستیەکە کوردبوونیان لە هەموو سەردەمێکدا بەمەبەستی  زیاتر بۆ حکومەت و رژێمەکانی لێکدراوەتەوە، جاران دەوڵەت هەندێک کوردی خەڵکی  پارێزگای  دیالەی لە دەزگائەمنییەکان رێکخستبوو بۆ دژایەتی پێکردنی کوردە فەیلییەکان، بۆیە فەیلییەکان دەیانگوت ئێمە کوردین و عێراقین، کەچی ئەمڕۆ دەبینین کوردی بەغدا رێپێوان ساز دەکەن و بانگەشەی فەیلی بوونی خۆیان دەکەن هۆکاری یەکەم زۆربەی  کوردەکانی  دیالە کەلەسنووری ئێران نزیکن دیالەکتیان لە دیالیکتی فەیلییەکان نزیکە، دووەم کوردە فەیلییەکان رەگەزنامەی عێراقی عوسمانیان نییە، ئەو رەگەزنامەی پێشوویان هەیە کەلێیان سەنراوەتەوە، رەگەزنامەی  عوسمانیان رەتکردەوە لەترسی چوونەریزی  سەربازی،دەمەوێ ئەوەشتان بیربخەمەوە کە کوردی  فەیلی لە بەغدا زۆرکەمن، ناوچەکەیان  کە ئەلفیە بوو راگوێزراوە، زۆرکەس ئێستا کەخۆی دەخاتە سەر فەیلییەکان ئەوە لەمەسەلەکە نەگەیشتوون، چونکەبەراستی  هەندێک کەس هەن  کە خۆیان بەدەمڕاستی  فەیلییەکان دەزانن لێتوێژینەوەو لێکۆڵینەوەی ئەوتۆیان سازداوە فەیلییەکانیان کردۆتە وابەستەیی و بۆمەرامی  سیاسی خۆیان بەکاریان هێناون.

لەلایەکی دیکەوە ئەو کوردانەی لە بەغدا دەژین دەبینین دایک و باوک لەنێویاندا بەکوردی قسەدەکەن، بەڵام لەگەڵ منداڵەکانیان بە عەرەبی دەدوێن، ئەمەشن بۆئەوە دەگەڕێتەوە لە دوارۆژی مناڵەکانیان ترساون، هەربۆیەش کوردی بەغدا هەست بەترس دەکەن لە ئایندەدا، چونکە  رژێمەکانی عێراق و شۆڤینییەکانی عەرەب و سوننەو شیعە چاودێری مەسەلەی کوردو هەمدیس کورد دەکەن لەو ناوچانەی ژێردەسەڵاتیان، ئەوان پێیان وایە دەبنە هێزێکی  کاریگەری ئۆپۆزسیۆن لە دژی دەسەڵاتیاندا.

هەڵبەت نابێ لەبیرمان بچێ هەرچەندە ئەمڕۆ دەروازەیەکی  دیموکراسی و کرانەوە لەو وڵاتەدا هەڵیکردووە، بەڵام  هێشتا کوردی  دەرەوەی هەرێم لە موعانات و ئازاردا دەژین، ئەوەلەبیرنەچۆتەوە کە چۆن  ناسنامەی  نەتەوەییان بەناوی راستکردنەوەی نەتەوەیی بەخەڵک دەگۆڕی.

دواباری سەرنجمان لێرە دەردەبڕین ئەویش قۆناغی دوای رووخانی رژێمە، هەندێک کەس لەکوردی بەغداو  کوردی فەیلی و بەناوی جۆراوجۆری دیکەوە چەند سەنتەرو بنکە ورێکخراوی سیاسی و رۆشنبیری جیاجیایان لێرەو لەوێ دامەزراند، زۆبەی رێبەرەکانیش کوردبوون نەک کوردی فەیلی،چونکە  تاهەنووکە خوێندەواری ئێمە جیاوازی لەنێوان کوردی فەیلی و کوردی خانەقین و بەدرەو جەسان و جەلەولاو مەندەلی ناکات. هەروەها هیچ هاوهەڵوێستیەکیان نییە، بەڵکو لەململانێدان، تەنیا مەسەلەی  کوردی فەیلی  لە شانۆیی سیاسی عێراق بووە بەمەسەلە ئەویش حزبە شیعییەکان و حزبە عێراقییەکان و ئێرانیش هاوکاری و پشتیوانیان دەکاتن، ئەوە حزبە کوردستانییەکانی خۆمان  لەلایەکی دیکەوە. هەرچەندە هەوڵێکی زۆر درا کەنێوی فەیلی بخرێتە دەستوورەوە بەڵام سەری نەگرت چونکە حکومەتی ئێستای عێراق لەگەڵ ئەوەدانییە وەکو کورد ناویان بێت، بەڵکو تەنیا دەیانەوێ وەکو مەزهەب کەڵکیان لێوەرگرن.

 

Shafaq Live
Shafaq Live