ڕێزگرتن له‌وی‌ دی‌

ڕێزگرتن له‌وی‌ دی‌
2010-01-04T19:53:01+00:00

برایه‌تی‌ و لێبورده‌یی‌ پێشكه‌ش به‌ مرۆڤایه‌تی‌ ده‌كه‌ن.

"چ شتێك بۆ مرۆڤ ده‌مێنێته‌وه‌ گه‌ر هه‌موو جیهانی‌ ده‌ستگیركرد و خۆی‌ له‌ده‌ستدا"، هه‌ر یه‌كێك له‌ ئێمه‌ گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی‌ لۆژیكانه‌ ته‌ماشای‌ گێتی‌ بكات و تێكڕای‌ پێشبینییه‌كانی‌ گه‌لی‌ مایا و نۆسته‌ر ئه‌دامۆس و تیۆره‌ زانستییه‌كانی‌ (ناسا)یش بۆ تێكچوونی‌ ژیانی‌ سه‌ر زه‌وی‌ به‌ خستنه‌ڕووی‌ سیاسه‌تێكی‌ نه‌زۆكی‌ خۆرئاوا ببینێت، ده‌بێت ئه‌وه‌ی‌ له‌یاد نه‌چێت كه‌ مرۆڤایه‌تی‌ زنجیره‌یه‌كی‌ له‌یه‌كتربه‌ستراوه‌ و زیان وێكه‌وتنی‌ كه‌سێك له‌ "هۆنۆلۆلۆ" به‌سه‌ر ئه‌ودا ده‌شكێته‌وه‌ گه‌ر له‌مپه‌ڕی‌ گۆی‌ زه‌ویش ژیان به‌سه‌ر ببات.

له‌نێوان تێكڕای‌ ئه‌و په‌یامانه‌ی‌ كه‌ به‌بۆنه‌ی‌ ساڵی‌ نوێوه‌ پێشكه‌ش كران، په‌یامه‌كه‌ی‌ پاپا بندیكتۆسی‌ شانزه‌یه‌م له‌ هه‌موو په‌یامه‌كانی‌ دیكه‌ زیاتر مایه‌ی‌ سه‌رنجم بوو.

په‌یامی‌ پاپا به‌بۆنه‌ی‌ ساڵی‌ 2010وه‌، په‌یامی‌ برایه‌تی‌ و خۆشه‌ویستی‌ بوو.

پاپا له‌و بۆنه‌یه‌دا داوای‌ ڕێزگرتن له‌وی‌ دی‌ كرد. جا ئه‌و كه‌سه‌ هه‌ر ڕه‌نگ و نه‌ژاد و ئایین و زمانێكی‌ هه‌بێت و ئه‌و كاره‌ی‌ به‌ پێویست ته‌ماشاكرد تا وه‌ك نه‌ریتێك له‌پێناو به‌دیهێنانی‌ ئاشتیدا له‌ جیهان بۆ نه‌وه‌كان بگوێزرێته‌وه‌.

له‌به‌رده‌م باڵیۆزی‌ وڵاتاندا له‌ ده‌وڵه‌تی‌ ڤاتیكان، پاپا بوونی‌ ئه‌وانی‌ وه‌ك نوێنه‌ری‌ مرۆڤایه‌تی‌ وه‌سفكرد كه‌ به‌ گوته‌ی‌ ئه‌و ده‌بێت مرۆڤایه‌تی‌ دادێ‌ وه‌ك خانه‌واده‌یه‌ك بێت و هه‌موو گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كان له‌خۆ بگرێت و ئه‌وی‌ دیش وه‌ك برا ته‌ماشا بكرێت نه‌ك وه‌ك ڕكه‌به‌ر.

پاپا، ده‌ركه‌وتنی‌ برسێتی‌ و نه‌خۆشی‌ و ئازار و ڕه‌شبینی‌ به‌ ڕوخساری‌ منداڵ‌ و دایكان به‌ مایه‌ی‌ نیگه‌رانی‌ ده‌زانێت و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ڕوخساری‌ ئه‌و منداڵه‌ بێتاوانانه‌، بانگهێشتێكی‌ بێده‌نگه‌ بۆمان تا هه‌ست به‌ به‌رپرسیارێتی‌ بكه‌ین و ئه‌و ئه‌ركانه‌ له‌ئه‌ستۆ بگرین كه‌ ده‌كه‌ونه‌ سه‌رشانمان.

هاوشان له‌گه‌ڵ‌ ساڵی‌ نوێ‌، جه‌نگ و توندوتیژی‌ له‌ ئه‌فغانستان و پاكستان و عیراق و یه‌مه‌ن و سۆماڵ‌ و چه‌ندین ناوچه‌ی‌ تری‌ جیهان به‌رده‌وامه‌ و برسێتیش له‌ هه‌ندێك وڵاتی‌ تری‌ ئه‌م زه‌وییه‌، وه‌ك مۆته‌كه‌یه‌ك به‌رۆكی‌ ئه‌و منداڵه‌ ڕه‌شپێسته‌ به‌سته‌زمانانه‌ ده‌گرێت كه‌ بازرگانانی‌ جه‌نگ یاری‌ به‌ چاره‌نووسیانه‌وه‌ ده‌كه‌ن.

له‌ سه‌ره‌تای‌ ساڵی‌ نوێدا په‌یامه‌كه‌ی‌ پاپا بندیكتۆسی‌ شانزه‌یه‌م تاكه‌ په‌یام بوو كه‌ جه‌ختی‌ له‌سه‌ر برایه‌تی‌ نێوان مرۆڤه‌كان كرده‌وه‌ و جیاوازییه‌كانی‌ وه‌ك شتێكی‌ سروشتی‌ وه‌سفكرد و ئامۆژگاری‌ خۆی‌ به‌خشییه‌ خه‌ڵكی‌ كه‌ ده‌بێت ڕێز له‌وی‌ دی‌ بگرین.

پێ ده‌خه‌ینه‌ ده‌یه‌ی‌ دووه‌می‌ هه‌زاره‌ی‌ سێیه‌مه‌وه‌ و هێشتا به‌یه‌كدیدا هه‌ڵده‌شاخێین و نه‌ریته‌ جوان و به‌ها مرۆییه‌كان وه‌لاده‌خه‌ین و جیاوازییه‌كانی‌ نێوانمان گه‌وره‌تر ده‌كه‌ین و خۆمان له‌وی‌ دی‌ به‌ گه‌وره‌تر ده‌زانین!!

Shafaq Live
Shafaq Live