پێمان خۆشه‌ چی روو بدات؟

پێمان خۆشه‌ چی روو بدات؟
2019-11-30T15:22:07+00:00

عه‌لی حسێن فه‌یلی / له‌ ئێستادا ، به‌رده‌وامی ناره‌زایه‌تی و هه‌ڵچوونی شه‌قامی عیراقی له‌ ناوه‌راست و باشوور ئه‌وه‌ ده‌ڵێ ؛ خه‌ڵك په‌شیمانن له‌ هه‌ڵبژارده‌ی سیاسی خۆیان ! لێ ئایا ئه‌وه‌ ته‌نیا هه‌ڵه‌یان بووه‌ ؟ هه‌موان تووشی هه‌ڵه‌ ده‌بین ، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هۆكاری ناوخۆیی یان ده‌ره‌كی ناره‌زایه‌تیه‌كان به‌لارێیدا ببات، دیسان ئه‌و دۆخه‌ به‌ره‌نجامی هه‌ڵه‌ی حكومه‌ته‌ و بۆ له‌مه‌ به‌دواش، كاتێك روو له‌ مه‌ردم قسه‌ ده‌كات ده‌بێ ساده‌ بدوێ، ده‌بێ به‌ روونی بڵێ بۆ خزمه‌تگوزاری و ئاسایش و كار نییه‌ و بۆ مافی ئێستای خه‌ڵك بۆ داهاتووی نادیار پاشه‌كه‌وت ده‌كات .

له‌ هه‌ر شارو شارۆچكه‌یكی ئه‌م وڵاته‌دا ده‌یان باره‌گای سیاسی ، مه‌زهه‌بی، فه‌رهه‌نگی ، كۆمه‌ڵایه‌تی و مه‌ده‌نی بوونی هه‌یه‌ لێ به‌خته‌وه‌ری بوونی نییه‌. بۆ وێنه‌ له‌ په‌رله‌مانی عیراقدا زۆرینه‌ی شیعه له‌سه‌ر كورسیه‌كان رۆنیشتوون ‌ به‌لام نه‌یانتوانیوه‌ كۆتایی‌ به‌ ‌ كه‌مترین نه‌هامتیه‌كانی ده‌نگده‌ری خۆیان بهێنن. ئاشكرایه‌ ئه‌جیندای سیاسی و بزوێنه‌ری بریارو جوڵه‌ی پارته‌ سیاسیه‌كان له‌و ده‌فه‌ره‌دا وزه‌ ی له‌ هه‌ژموونی مه‌زهه‌ب وه‌ر‌گرتووه‌ لێ هیچ كێشه‌یه‌كی په‌یره‌وانی ئه‌و مه‌زهه‌به‌‌ چاره‌سه‌ر نه‌كراوه‌ .

له‌ ئێستاشدا كاره‌ساته‌كان نوێ نین لێ هه‌ركه‌س و لایه‌نێك به‌ پێی سه‌لیقه‌و خواست و به‌رژه‌وه‌ندی خۆی رافه‌ی ده‌كات نه‌ به‌ ویژدان و ئه‌خلاق ‌ ‌.

له‌ رابردوودا ‌ خه‌ڵك به‌رده‌وام باسی كێشه‌و ده‌ردی خۆیان ده‌كرد و له‌ دوا هه‌ڵبژاردنه‌كان بایكوتیش هاته‌ ئارا به‌ڵام بۆ ئه‌وانه‌ی په‌یجۆری ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ن كه‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی له‌ سای ئازادی و فامی سیاسی پاش به‌عس و له‌ ساڵانی دواییدا بۆ میلله‌ت به‌خته‌وه‌رنه‌بوون وه‌ڵام ئه‌وه‌یه‌ كه‌ دره‌نگ گه‌یشتنه‌ ‌ئه‌و باوه‌ڕه‌‌ كه‌ هیچ بێگانه‌یه‌ك له‌م دۆخه‌ رزگاریان ناكات چونكو هۆكاری كاره‌ساته‌كه‌ ‌ له‌ هه‌ناو‌ و هزری حوكمڕانیه‌تدایه‌ و هه‌ركه‌س و لایه‌نێك بۆ ئیستاو داهاتووش له‌سه‌ر ئه‌م شێوازه‌ بێته‌ سه‌ر ته‌ختی ده‌سه‌ڵات ، هه‌مان كاره‌سات دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌ .

مخابن له‌ ئێستاشدا ئه‌و هۆكارانه‌ به‌هه‌ند وه‌رنه‌گیراون كه‌ بۆ وێنه‌ ؛ بۆ خه‌رجیه‌كانی حكومه‌ت ‌ راده‌به‌ده‌رن‌ ، له‌ بێ خزمه‌تیشدا ژماره‌ی دانیشتوانی وڵات به‌رده‌وام له‌ زیاد بوونه‌ و گه‌نده‌ڵی و بروكراسی له‌ دامو ده‌زگاكانی میری ده‌ره‌تانی نه‌هیشتووه و ته‌نانه‌ت كه‌س بیری لای ئه‌و كاره‌ساته‌ ژینگه‌یه‌ نییه‌ كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئاینده‌ی ژیان له‌م وڵاته‌ ده‌كات ؟

نه‌مانی متمانه‌ له‌ وڵاتی پڕ له‌ هاووڵاتی نابه‌خته‌وه‌ر و ژماره‌ی قوربانیه‌كان ده‌سه‌لمێنێ كه‌ هاووڵاتی گیان ده‌به‌خشێ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌روه‌ری و نه‌جاتی ئه‌وه‌ی ماوه‌ .

ئه‌گه‌ر پێوه‌ر بۆ گۆڕانكاری و چاكسازی ته‌نیا هه‌ڵبژاردن بێ له‌سه‌ر دابی كۆن هه‌ڵه‌ مه‌زنه‌كه‌ دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌ چونكو ئستالین گوته‌نی ؛ گرنگ نییه‌ خه‌ڵك به‌ كێ ده‌نگ ده‌دات، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ كێ ده‌نگه‌كان ده‌ژمێری!!

بێ شك بۆ له‌مه‌و دواش ئاستی هیوای كۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌نانه‌ت تاكه‌ كه‌سی خه‌ڵك له‌ پاشه‌كشه‌ی به‌رده‌وامدایه‌ .‌ هه‌رچه‌ند پێشتریش كه‌م بوو لێ ئێستا ئه‌و پرسیاره‌ له‌ ئارادایه‌‌ كه‌ چی روو ده‌دات؟ خه‌ڵك‌ پێویستی به‌ وه‌ڵامێكی شایسته‌یه‌ كه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێمان خۆشه‌ چی روو بدات .

Shafaq Live
Shafaq Live