وانەیەک لە جینۆسایدی فەیلییەکان
عەباس غەزالی
دوژمنانی کورد بە مەبەستی تواندنەوەی کورد بەپێی توانایان هەموو چەکێکیان لە دژی کورد بەکار هێناوە. لە جینۆساید و زاڵ کردنی کەلتوور تا دەگاتە برسی کردن و نان بڕینی خەڵک هەمووی بە نیەتی گڵاوی پاکتاوی کورد بووە.
جینۆسایدی وەک کوشتن و دەرکردنی کوردانی فەیلی لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا بە بیانووی نەژاد و مەزهەب، بەشێک بووە لەو پیلانە کە جگە لە ئامانجی کەم کردنەوەی ڕێژەی دانیشتوانی کورد مەبەستیان تاڵان و ڕووخاندنی ئابووریی کوردانی فەیلی بووە کە لەو سەردەمدا لە ڕووی ئابوورییەوە بەهێز بوون. لە درێژەی ئەو پیلانەدا حکوومەتی ئێستای عێراق تا ئێستا ناسنامە و موڵک و ماڵی پێنەداونەتەوە، کە لانی کەمی قەرەبووەی ئەو تاوانە دژە مرۆڤانەیەیە، لە کاتێکدا نەتەوەی کورد لە عێراقدا تەنیا بە هۆی ئەو جینۆسایدە مافی بڕیاردانی چارەنووسی خۆی وەک نەتەوەیەکی سەربەخۆ هەیە.
ئەوەی لەو یادە تاڵەدا وانەیەکە بۆ ئێمە، ئەوەیە کە دوژمنانی کورد هیچ جیاوازییەک بە کوردکوژی ناکەن؛ ئەوان بۆیان گرینگ نیە ئەو کوردە سەر بە کام زاراوە و مەزهەب و پارچەیە، هەر ئەوەندەی کە بە زمانی کوردی دەئاخوێ لێی دەکەونە بیانوو و پیلانگێڕی. دەوڵەتە دەستکردەکانی عێراق بە تەعریبی کەرکووک و ڕاگواستنی بەزۆری گوندەکان و ئەنفالی خەڵکی گەرمیان و بێ سەروشوێن کردنی بارزانییەکان و کیمیابارانی هەڵەبجە و جینۆسایدی کوردە فەیلییەکان ئەوەیان سەلماند کە کورد هەر کوردە. بۆیە پێویستە ئەمە بکرێتە وانەی یەکبوون و یەکگریی نێوان هەموو کوردێک و پێکەوە بۆ ڕزگاری و ئازادی تێبکۆشین. شایانی باسە کورد بە پێچەوانەی فاشیستەکان کەلتووری پێکەوەژیانی کردۆتە کاری سەرەکیی خۆی و لە هەرێمی کوردستان جگە لە کورد و پێکهاتەکانی دیکە بە ئازادی و متمانەوە سەربەستانە دەژین و لە هەموو وارێکدا بەشدارن.