هەڵبژاردن كۆتایی هات ، سەرەی پێكهێنانی حكومەتە

هەڵبژاردن كۆتایی هات ، سەرەی پێكهێنانی حكومەتە
2024-10-21T16:30:53+00:00

محمد ڕەئوف محمد / پێش ئەوەی باسی حكومەتی ئایندە بكەین پێویستە چەند خاڵێكی ڕاست و پشتڕاستكراوە بڵێین:

‎ یەكەم : هەموو حیزب و لایەنەكان پێش هەڵبژاردن ڕایانگەیاند ئەم هەڵبژاردنە گرنگ و یەكلاكەرەوەیە، قسەكانیان ڕاست دەرچوو جا هەر لایەنێك بۆخۆی بچێتەوە بە خۆیدا بزانێت بۆ وایوت ؟ چۆن وادەرچوو؟

‎دووەم : هەموو لایەنێك ڕایگەیاند ئەم هەڵبژاردنە دوور دەبێت لە تەزویرو دیزاین ، تەنانەت پارتیش وازی لە باسی دیزاین هێنا.

‎سێیەم:خەڵكی كوردستان دەنگیدا و  هات بەدەم بانگەشەی لایەكانەوە ، ئیدی هیچ كەس و لایەنێك بۆی نیە گلەیی و گازندە لە هاوڵاتیان و دەنگدەران بكات.

‎چوارەم : یەكەم هەڵبژاردن بوو لەو سی ساڵەدا ئۆپۆزسیۆن چی زانی و چی توانی وتی و كردی بەدەسەڵات و دەسەڵاتیش ئەوەی پێی كرا كردی بۆ پاراستنی پێگەو قورسایی و مانەوەی لەدەسەڵات و ڕەوتی هەڵبژاردنیش زۆر ئارام و دوور لە توندو تیژی و چاوسوركردنەوەو فڕاندنی سندوق بوو..

‎لە كۆتاییدا كەس نكولی لەو چوار خاڵە ناكات، كەواتە ئیدی سەرەی ئەوەیە هاوڵاتیان و دەنگدەران پاداشت بكرێن و هەرچی زوتر حكومەت پێكبهێنرێت.

‎ پێكهێنانی حكومەت :

‎  بۆچی پێویستە زوو حكومەت پێكبهێنرێت؟

‎ لەبەر كۆمەڵێك هۆكار لەوانە:

‎ یەكەم :پەیمانی زۆریان بە دەنگدەرو خەڵكداوە .

‎دووەم :قەیرانی موچەو بوجە هێشتا چارەسەر نەبوەو ناجێگیرەو ئەگەر حكومەتێكی نوێ و گەرم و گوڕ دەست بەكارنەبێت زیاتر ناجێگیر دەبێت.

‎ سێیەم :دۆخی ناوچەكە ناسەقامگیرەو ئەگەری ڕوداوو پێشهاتی قورس هەیە و ئەوەش پیویست دەكات حكومەتێكی نوێ و تۆكمە هەبێت و خۆی ئامادەبكات بۆ هەر ئەگەرێكی باش و خراپ.

‎شێوازی حكومەتی كابینەی دە چۆن دەبێت؟

‎ ئەگەرو بژاردەی یەكەم پارتی و یەكێتی كابینەكە پێكدەهێنن و توركمان و ئاشوری بەشدار دەكەن.

‎بژاردەو ئەگەری دوەم ئەوەیە  پارتی و یەكێتی حكومەت پێكدەهێنن و لایەنی دیكەش قەناعەت پێدەكەن و بە ئیمتیازی گونجاوەوە حكومەتێكی ئیئتیلافی دروست دەكەن.

‎ئەگەری سێیەم پارتی و یەكێتی و هەموو لایەنە براوەكان حكومەتی بنكە فراوان پێكدەهێنن  جگە لە نەوەی نوێ ، لەبەر ئەوەی نەوەی نوێ دەنگەكانی بەستراوە بەئۆپۆزسیۆن بونەوە ئەگەر بەشداری بكات چارەنوسی وەك گۆڕانی لێدێت.

‎ مەرجەكانی حكومەتێكی تۆكمەو ‎یەكدەست و سەركەوتوو چیە؟

‎ یەكەم :پێویستە پارتی بەهەندێك لە سیاسەتەكانیدا بچێتەوە بەتایبەت چەمكی شەراكەت وەك خۆی بەرجەستە بكات.

‎دووەم : بابەتی داهات و نەوت و بوجە نابێت هیچ گومان و تەم و مژێكی تێدا بمێنێت .

‎سێیەم : ئەگەر حكومەت بنكە فراوان بوو نابێت پارتیو یەكێتی بە پلان و زیهنیەتی فیفتی فیفتی حكومەت پێكبهێنن.

‎ چوارەم : پێویستە وەزیرو وەزارەت خاوەنی ستاف و بوجەو دەسەڵاتی تەواو بێت و كارو ئەركەكانی لە ژێر چاودێری پەڕلەماندا بێت.

‎پێنجەم : پێویستە مانگی یانزەی هەموو ساڵێك بوجە تەخمین بكرێت و بخرێتە بەردەستی پەڕلەمان. .

‎شەشەم : كاركردن لەسەر كرانەوەی بازاڕو سوك كردنی باری گرانی هاوڵاتیان و وەبەرهێنەران لە پێشینەی ستراتیجی حكومەت بێت.

‎حەوتەم : بوجەی خزمەتگوزاری شارەكان تەواو شەفاف و دادپەروەرانە بێت.

‎هەشتەم : دابەشكردنی وەزارەتەكان بیانوبڕ بێت بۆ بەشداربوانی حكومەت.

Shafaq Live
Shafaq Live