مه‌ترسی کۆچپێکردن؟!

مه‌ترسی کۆچپێکردن؟!
2010-11-10T10:22:10+00:00

ئه‌ویش چاره‌نوسی باکوریه‌کانی باشور و باشوریه‌کانی باکوره‌. چونکه‌ هه‌مو ئاماژه‌ و پێشبینیه‌کان بۆ ئه‌وه‌ ده‌ڕۆن که‌ حیکمه‌تی لێبورده‌یی زاڵ نابێ به‌ڵکو لۆژیکی باسکئه‌ستوری و  تۆڵه‌کردنه‌وه و داخرانی جغزی نه‌ته‌وه‌، دیین ...تاد، زاڵ ده‌بێ. ئه‌وسا بۆ خۆدورگرتن له‌ئاکامه‌ کاره‌ساتباره‌که‌ هه‌ر له‌ئێستاوه‌ باس له‌ کۆچپێکرندی ئه‌وانه‌ی ره‌نگبی له‌داهاتودا به‌غه‌واره‌ ناوببرێن، ده‌کرێ.

ئه‌مه‌یان وه‌ک ده‌ره‌نجامی پێواژۆیه‌کی دێموکراسی سه‌رئاوکه‌وت؛ به‌ڵام کاتێک ئه‌وباره‌ به‌سه‌ر عێڕاقی نۆژه‌نکراودا ده‌بینی هه‌مان ناواخن به‌ڵام به‌ شێواز و شه‌قڵی جیاوازجیاوازه‌وه‌ هاتۆته‌ دی یان دێته‌دی.

دیرۆکی عێڕاقی عه‌ڕه‌ب(سواد العراق) هه‌ر له‌کۆنی کۆنه‌وه‌ گۆڕه‌پانی ئه‌سپ تاودانی ئه‌و کرده‌ و پێشهاته‌ زۆره‌ملێیه‌ ناڕه‌وایانه‌ بووه‌، جیاوازی ئاینزایی هاوشان له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌یی به‌ نه‌بوونی زمانی یه‌کدی په‌ژراندن و لێبورده‌یی زه‌مینه‌یه‌کی له‌باربوو بۆ ئه‌و پرسه‌. کاتێکیش له‌ ده‌یه‌ی دووهه‌می سه‌ده‌ی رابردوو عێراق کرایه‌ ده‌وڵه‌ت، مێژوه‌ کۆنینه‌که‌ی خۆی له‌ماوه‌ی چه‌ند ده‌یه‌کدا به‌شیوه‌یه‌کی هۆڤییانه‌ دووباره‌کرده‌وه‌، کاره‌ساتی کۆچپێکردنی فه‌یلیه‌کان، نه‌فی کردندنی گه‌ڕاوه‌کان بۆ خواروی عێڕاق، راگوازستن بۆ ئۆردوگا زۆره‌ملێکان، ته‌عریب، کیمیاباران و ئه‌نفال سه‌رمه‌شقی ره‌وته‌که‌ بوون.

ئه‌مه‌ هه‌مووی یه‌ک پرس به‌زه‌قی دێنێته‌ پێشه‌وه‌؛ له‌و هه‌رێمه‌دا (به‌واتا فراوانه‌که‌ی) هاو-بوون ده‌یخوات نه‌وه‌ک فره‌یی-بوون. به‌واتایه‌کی دیکه‌ هاو ره‌گه‌زی، هاودیینی، هاو مه‌زهه‌بی بێکێشه‌تره‌ له‌ فره‌ دینی و فره‌ نه‌ته‌وه‌یی. ئه‌وه‌ی تائێستاش ئه‌و موزایکیه‌ی که‌ زۆر جاران ده‌وڵه‌تمه‌داران شانازی پێوه‌ده‌که‌ن، له‌سایه‌ی  سیاسه‌تی لێبورده‌ییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ یه‌کانگیر نه‌بوون به‌ڵکو له‌سایه‌ی سیاسه‌تی ناچاری و به‌زۆرلکاندانه‌وه‌ بووه‌.

له‌ ئاوڕوپاشدا ده‌وڵه‌تی چیکۆسلۆڤاکیای لێده‌ربهێنی که‌ به‌ شێنه‌یی و بێ خوێنڕشتن دوو ده‌وڵه‌تی چیلک و  سلۆڤاکیای لێکه‌وته‌وه‌، ره‌نگبێ رۆژێک بێ به‌لجیکاش به‌سه‌ر ڤلانده‌رن و والۆنیادا دابه‌ش ببێ، ده‌نا وڵاته‌کانی دیکه‌ی بلۆکی خۆرهه‌ڵاتی ئه‌وانه‌ی مستی ئاسنین خزاندبونیه‌ پشت دیواری ئاسنینه‌وه‌ دواتر که‌ مسته‌که‌یان له‌سه‌رلاچوو پاشاگه‌ردانی سیاسی و شه‌ڕوشۆڕ و ته‌نانه‌ت کاره‌ساتی قڕکردنی مرۆیشی لێکه‌وته‌وه‌، پارچه‌پارچه‌بوونی یۆکسلاڤیا گه‌واهیه‌کی زیندوی  زه‌قوزۆپه‌.

گه‌ر بێینه‌وه‌ سه‌ر عێڕاق هه‌ندێ ئه‌و نمونانه‌‌ خوردبکه‌ینه‌وه‌، ده‌بینین ساڵێک زیاتره‌ له‌ موسڵ حه‌دبا دژی هه‌مو له‌یه‌کنزیکبوونه‌وه‌یه‌کی لیستی برایه‌تییه‌ خۆ ئه‌گه‌ر له‌روی سه‌ربازییه‌وه‌ باسکی ئه‌ستور بووایه‌ ئه‌وا کۆچڕه‌وی غه‌یره‌ حه‌دبایی له‌مێژ بوو ده‌ستیپێکردبوو. له‌ ناوه‌ڕاستی عێڕاقیشدا گه‌ر هاتباو کورده‌ فه‌یلییه‌کان له‌ژیر ناوچه‌ی ده‌ستڕۆیشتویی ئاینزای نه‌ته‌وه‌که‌ی دیکه‌دا بوونایه‌ و پرسی نه‌ته‌وه‌ییشیان زه‌ق کردبایه‌وه‌ هه‌مان چاره‌نوسی کۆچ یان قڕکردن وه‌ک سێ ده‌یه‌ی پێسوتر روبه‌ڕویان ده‌بووه‌، بۆیه‌ ئه‌م پرسه‌ بۆ هه‌نوکه‌ و داهاتویه‌کی نزیک ده‌هێنێ بیرێکی مشورخۆرانه‌ی لێبکرێته‌وه‌، به‌وه‌ی چۆن خۆمان له‌ده‌ست کاره‌ساتێکی ئاوا له‌ ئاینده‌دا ده‌رباز بکه‌یه‌ن؟ رێسایه‌کی بواری له‌شسا‌غیش هه‌یه‌ ده‌ڵی خۆپاراستن باشترین چاره‌سه‌ره‌.

 

Shafaq Live
Shafaq Live