مالیکی و سەدرییەکان و حکومەتی داھاتوو
ھەنگاوێکی گرنگە بۆ دەرچوون لەقەیرانی پێکھێنانی حکومەت لەعیراقدا.
سەرەڕای ھەڵبژاردنی مالیکی، بەڵام پێناچێ ناو ماڵی شیعەکان ھێورو بێ کێشە بێ، بەتایبەتی کەپرۆسەی یەکلاکردنەوەی کاندیدەکە بەبێ گوشاری دەرەکی بەڕێوەنەچووەو خودی موقتەدا سەدر نەیشاردۆتەوە کە لەم بارەیەوە گوشارێکی زۆری لەسەربووە. لەلایەکی ترەوە، بەشدارینەکردنی ئەنجومەنی باڵاو حزبی فەزیلە لەدەنگدان بەمالیکی نیشانی دەدا کەکێشەی نێوان شیعەکان ھێشتا کێشەیەکی قووڵە.
سەرەڕای ئەوەی کەسەدرییەکان بەنابەدڵی پشتگیرییان لەکاندیدکردنەوەی مالیکی کردووە، بەڵام لەڕاستیدا لەھەموو پرۆسەکەدا سەدرییەکان گەورەترین براوەن، بەکردەوە کاندیدکردنی مالیکی بەبێ دەنگی سەدرییەکان، کەبەشێکی ئیئتیلافی نیشتمانی پێکدێنن بەئەنجام نەدەگەیشت و پاش راسپاردنی مالیکی بەپێکھێنانی حکومەت، بەشداریکردن و بەشدارینەکردنی لیستی عیراقییە ھەر بەقازانجی سەدرییەکان دەشکێتەوە، ئەگەر لیستی عیراقییە قسەکەی خۆی بباتە سەرو بایکۆتی حکومەتەکەی مالیکی بکا، بەدڵنیاییەوە لەدەنگداندا دەنگی پێ نادا، ئەمەش کارێکی وا دەکا مالیکی زۆر پێویستی بەچل دەنگەکەی سەدرییەکان بێ و بەم پێیە مالیکی بەدەنگی لیستەکەی خۆی و سەدرییەکان و کورد دەتوانێ حکومەت پێکبھێنێ.
بەڵام ئەمە ناچاری دەکات زۆر بکەوێتە ژێر رکێفی سەدرییەکان و کەدیارە بەرامبەر بەپشتگیریکردنی، داوای نرخێکی زۆر دەکەن.
ئەگەر لیستی عیراقییەش لەبەرەنجامی کۆتاییدا بەخۆیداچۆوەو بەشداریی لەحکومەتدا کرد، بەشێک لەو پۆستانەی بەردەکەوێ کەدەکرا بەسەدرییەکان بدرێن و گومان لەوەدا نییە کەسەدرییەکان لەم روەوە بە بەشداریکردنی لیستی عیراقییە زەرەرمەند دەبن.
بەڵام ھاوھەڵوێستی ھەردوو لایەن بەرامبەر بەمالیکی، دەشێ پاش پێکھێنانی حکومەت کارێکی وابکا ھەماھەنگییەکی تەواو لەنێوانیاندا بێتە ئاراوە، بەچەشنێک کەدەشێ ئەو ھەماھەنگییە جگەلەوەی کەکێشە بۆ مالیکی دروستدەکا، رەنگە کێشە بۆ لایەنی دیکەش دروست بکا، لەوانە کورد.
جگەلەم ھەماھەنگییە، دەشێ سێ مەسەلەی تریش ھەندێ تەگەرە لەبەردەم مالیکیدا دروست بکەن، یەکێکیان، پێکھێنانی ئەنجومەنی نیشتمانییە کەلێی رادەبینرێ پێگەی لیستی عیراقییە لەسیستمی سیاسیدا تۆکمەتر بکا، ئەویتر ئەگەری کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی سەرۆک وەزیرانەو ئەویتریش پێکھێنانی ئەنجومەنی فیدراڵە، کەئیتر لەپاڵ ئەنجومەنی نوێنەراندا خەریکی ئەرکی یاسادانان دەبێ ئەمەش کاریگەریی فراکسیۆنی دەوڵەتی قانون لەناو دەسەڵاتی یاساداناندا زۆر کز دەکا.
ئەمە ئەوە دەگەیەنێ کە سەرکەوتنی مالیکی لەخۆکاندیدکردن بۆ خولێکی تری سەرۆکایەتی وەزیران و پاش ئەوەش پێکھێنانی حکومەت، بەو مانایە نییە کەمالیکی ھەموو تەگەرەکانی لەبەر رێی خۆی لاداوە، لەم خولەدا مالیکی لەھەلومەرجێکی دژوارتردا ھەڵدەسوڕێ و کێشەی زۆر گەورەی دێتەبەر رێو ناچار دەبێ ھەموو دیپلۆماسیەتی خۆی بۆ زاڵبوون بەسەر ئەگەرەکاندا بخاتەگەڕ. بەڵام بەدڵنیاییەوە حکومڕانییەکەی حکومڕانییەکی پەرێشان دەبێ.
لەحکومەتی داھاتوودا سەدرییەکان چ لیستی عیراقییە بەشداریی بکا یان بەشداریی نەکا، رۆڵێکی کاراتریان لەداڕشتنی سیاسەتی حکومەتدا لەسەر ئاستی ناوخۆو دەرەوەدا دەبێ. ئەمەش ھەندێ لەھاوکێشەکان دەگۆڕێ و لەسەرئەنجامدا مەسەلەکە پێویستی بەسازکردنی ئەجندەیەکی گونجاوترە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ھەموو ئەگەرە کتوپڕو چاوەڕواننەکراوەکان.