له‌په‌راوێزی‌ کوشتنی ‌سه‌رۆكی‌ مافیای‌ كورد‌ له‌ڕوسیا

له‌په‌راوێزی‌ کوشتنی ‌سه‌رۆكی‌ مافیای‌ كورد‌ له‌ڕوسیا
2010-10-05T16:00:44+00:00

"دا حه‌سه‌ن" كه‌ به‌ڕه‌چه‌ڵك كوردێكی‌ ئێزیدییه‌ له‌شه‌قامی‌ تفرسكایای‌ مۆسكۆو له‌نزیك ماڵه‌كه‌ی‌ خۆی‌ درایه‌ به‌ر رێژنه‌ی‌ گولله‌و له‌گه‌ڵ‌ دوو پاسه‌وانیدا كوژرا. كوشتنی‌ دا حه‌سه‌ن كه‌ له‌نێو روسه‌كاندا به‌باپیره‌ "ئاپێ‌" ده‌ناسرا، بووه‌ مانشێتی‌ زۆرێك له‌ڕۆژنامه‌و گۆڤاره‌كانی‌ روسیا.

ئه‌مڕۆ له‌جیهاندا روسیا به‌"به‌هه‌شتی‌ مافیا" ناوده‌برێت، مافیای‌ روسی‌ به‌ئه‌ندازه‌یه‌ك به‌هێزه‌ كه‌ زۆرجار ده‌وترێت "مافیای‌ ئیتاڵی‌ كچی‌ مافیای‌ روسییه‌". چونكه‌ مافیای‌ روسی‌ یه‌كێكه‌ له‌و مافیا ترسناكانه‌ی‌ كه‌ له‌قه‌ساوه‌ت‌و دڵڕه‌قییدا تا بڵێی‌ به‌ناوبانگه‌. مێژووی‌ دامه‌زراندنی‌ ئه‌م مافیایه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تاكانی‌ سه‌ده‌ی‌ بیسته‌م، رۆژگاری‌ حوكمڕانی‌ تزاره‌كان، ئه‌گه‌رچی‌ دواتر له‌سایه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ شیوعییه‌كانی‌ یه‌كێتی‌ سۆڤیه‌تدا كه‌ به‌ده‌ستێكی‌ پۆڵاین وڵاتیان به‌ڕێوه‌ ده‌برد، تۆڕه‌كانی‌ تاوان‌و مافیاگه‌ری‌ به‌جارێك خه‌فه‌ كران، به‌ڵام هێشتا مافیای‌ روسی‌ هه‌ر نوزه‌یه‌كی‌ تیا مابوو، كه‌ له‌گه‌ڵ‌ سه‌رهه‌ڵدانی‌ پرۆسترۆیكا‌و داڕوخانی‌ یه‌كێتی‌ سۆڤیه‌تدا سه‌رله‌نوێ‌ هه‌ڵسانه‌وه‌و خورت بوون.

له‌سه‌ره‌تای‌ ده‌یه‌ی‌ 1990دا، مافیاكانی‌ روسیا كه‌وتنه‌ ململانێیه‌كی‌ خوێناوییه‌وه‌ له‌پێناو ده‌ستگرتن به‌سه‌ر ناوچه‌ی‌ نفوزدا، كه‌ هه‌ر یه‌كه‌و به‌شێك له‌و وڵاته‌یان بۆ خۆیان پاوه‌ن كردو كردیانه‌ ناوچه‌ی‌ نفوزو چالاكی‌‌و ده‌سه‌ڵاتیان. له‌و ململانێیه‌دا، دا حه‌سه‌ن توانی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ به‌سه‌ر به‌شێك له‌مۆسكۆو سانت بترۆسبۆرغدا بسه‌پێنێت‌و خۆی‌‌و عه‌شیره‌ته‌كه‌شی‌ كاریگه‌رییه‌كی‌ گه‌وره‌یان هه‌بوو له‌سه‌ر ناوچه‌كانی‌ ناوه‌ڕاستی‌ روسیا‌و ده‌سه‌ڵاتیان تا چیاكانی‌ ئۆرال به‌رین ده‌بۆوه‌.

ئه‌سلان ره‌شیدیۆفیچ یۆسۆیۆن یان "دا حه‌سه‌ن" یان "ئاپێ‌ حه‌سه‌ن"، یه‌كێك بوو له‌عه‌رابه‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌كانی‌ روسیا‌و ته‌نانه‌ت وه‌ك عه‌راب‌و باوكی‌ مافیای‌ روسیاش ده‌ناسرا، ئه‌و كه‌ كوردێكی‌ ئێزیدی‌ بوو، ساڵی‌ 1937 له‌گوندێكی‌ نزیك ته‌بلیسی‌ پایته‌ختی‌ گورجستان هاتبووه‌ دونیاوه‌و له‌سه‌رده‌می‌ یه‌كێتی‌ سۆڤیه‌ت‌و دواتریش له‌سایه‌ی‌ فیدراسیۆنی‌ روسیادا چه‌ند جارێك خرابووه‌ زیندانه‌وه‌. به‌ڵام زیندان نه‌یتوانی‌ ئه‌م پیاوه‌ كه‌ته‌و تێكسمڕاوه‌ جه‌ربه‌زه‌یه‌ له‌كاری‌ مافیایی‌ دوور بخاته‌وه‌، ئه‌و كه‌ له‌تاوانكاریدا قاڵ‌ ببوو، توانی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ باڵێكی‌ مافیای‌ گورجی‌ بكات كه‌ به‌ به‌هێزترین مافیا داده‌نرێت له‌سه‌رتاسه‌ری‌ روسیا‌و وڵاتانی‌ یه‌كێتی‌ سۆڤیه‌تی‌ جاراندا، ئه‌م عه‌رابه‌ كه‌ ژووری‌ عه‌مه‌لیاته‌كه‌ی‌ له‌شاری‌ سوتشی‌ سه‌ر ده‌ریای‌ ره‌ش‌و نزیك له‌زێدی‌ خۆی‌ بوو، له‌و شه‌ڕه‌ خوێناوییه‌ی‌ كه‌ له‌نه‌وه‌ده‌كانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردوودا له‌نێوان مافیاكانی‌ روسیا به‌رپا كرا، كلیلی‌ كه‌رتێكی‌ فراوانی‌ بازرگانی‌‌و ئابوری‌ توندی گرته‌ده‌ست، كه‌ له‌ده‌یان كۆمپانیای‌ زه‌به‌لاح‌و ئوتێل‌و قومارخانه‌و كه‌رتی‌ زه‌وی‌‌و زار‌و بیناسازی‌‌و بانكه‌كان‌و قاچاغچێتی‌ كردن به‌نه‌وت‌و ئوتومبێل‌و چه‌ك پێكده‌هات. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ به‌پێی‌ میدیاكانی‌ روسیا، ئاپێ‌ حه‌سه‌ن سێ‌ هه‌زار پیاوی‌ موده‌ره‌بی‌ هه‌بوو كه‌ پاسه‌وانی‌ كۆمپانیا گه‌وره‌كانیان ده‌كرد له‌مۆسكۆدا‌و مانگانه‌ پاره‌یان لێده‌سه‌ندن له‌بره‌ی‌ ئه‌وه‌ی له‌ناوچه‌ی‌ نفوزی ئه‌م عه‌رابه‌دا بوون‌و كه‌س بۆی‌ نه‌بوو ده‌ستیان بۆ به‌رێ‌.

ده‌سه‌ڵاتی‌ مافیاكانی‌ روسیا هه‌ر به‌كه‌رتی‌ بازرگانی‌‌و ئابوری‌‌و قاچاغچێتی‌ كردنه‌وه‌ ناوه‌ستێ‌، به‌ڵكو په‌ل ده‌هاوێت بۆ نێو سیاسه‌تیش، كه‌ به‌شێك له‌سیاسه‌تمه‌دارانی‌ ئه‌م وڵاته‌ په‌یوه‌ندییه‌كی‌ توندوتۆڵیان به‌تۆڕه‌كانی‌ مافیاوه‌یه‌. مافیاكانی‌ روسیا هه‌ر هه‌موویان له‌سه‌ر بنه‌مای‌ ئینتیمای‌ نه‌ته‌وه‌ییان جیا ده‌كرێنه‌وه‌‌و هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و بناغه‌یه‌ش چالاكی‌‌و ئیش‌و كاری‌ خۆیان ده‌كه‌ن. له‌نێو ئه‌م مافیانه‌دا، مافی‌ گورجی‌ كه‌ ئاپێ‌ حه‌سه‌ن یه‌كێك بوو له‌وان، به‌ترسناكترین‌و به‌هێزترین مافیا داده‌نرێت له‌ئاستی‌ روسیا‌و وڵاتانی‌ یه‌كێتی‌ سۆڤیه‌تی‌ پێشوودا. به‌پێی‌ شاره‌زایانی‌ بواری‌ مافیا‌و تاوانكاری‌، ئێستا 400 سه‌ركرده‌ی‌ مافیا له‌جیهاندا هه‌ن، كه‌ 10%یان به‌ر روسیا ده‌كه‌وێت، زۆربه‌ی‌ هه‌ره‌ زۆریشیان مافیای‌ گورجین. ئه‌مڕۆ له‌روسیادا وا باس له‌گورجستان ده‌كرێت كه‌ "وڵاتێكی‌ كارامه‌یه‌ له‌دروستكردن‌و ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ی‌ سه‌ركرده‌ی‌ مافیادا".

ئێستا پێشبینی‌ ئه‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ ره‌نگه‌ كوشتنی‌ ئاپی‌ حه‌سه‌ن، زۆرانبازی‌‌و زنجیره‌یه‌ك كوشت‌و كوشتاری‌ نێوان مافیاكان به‌دوای‌ خۆیدا بهێنێت، له‌پێناو سه‌رله‌نوێ‌ دابه‌شكردنه‌وه‌ی‌ ناوچه‌ی‌ نفوز‌و ده‌سه‌ڵات له‌نێوان مافیا به‌هێزه‌كاندا.

Shafaq Live
Shafaq Live