له‌نێوان "فه‌ككه‌" و "ئه‌بو موسا"دا

له‌نێوان "فه‌ككه‌" و "ئه‌بو موسا"دا
2009-12-30T14:43:44+00:00

(فه‌ككه‌) له‌ پارێزگای‌ میسان به‌زاند و پێشڕه‌وییان تێدا كرد. هه‌رچه‌نده‌ حكومه‌تی‌ عیراق ئه‌و كاره‌ی‌ به‌ ده‌ستدرێژی‌ كردن بۆ سه‌ر خاكی‌ عیراق و پێشێلكردنی‌ ڕێككه‌وتننامه‌ی‌ (دراوسێ‌ باشی‌) دایه‌ قه‌ڵه‌م، به‌ڵام به‌ دیوێكی‌ تردا ئه‌و جموجوڵه‌ی‌ ئێران لێكدانه‌وه‌یه‌كی‌ قووڵتری‌ بۆ ده‌كرێت و له‌ ڕوانگه‌ی‌ چه‌كه‌ره‌كردنه‌وه‌ی‌ ته‌ماعه‌كانی‌ ئێران له‌ سامانی‌ عیراقدا ده‌خوێنرێته‌وه‌، به‌ڵام فه‌ككه‌ ناوچه‌یه‌كی‌ نه‌وتداره‌ و چه‌ندین كێڵگه‌ نه‌وتی‌ تێدایه‌ و ده‌كه‌وێته‌ خاكی‌ عیراقه‌وه‌ و سه‌روه‌ری‌ عیراق باڵاده‌سته‌ به‌سه‌ریدا. ڕێككه‌وتننامه‌ی‌ (جه‌زائیر)ی‌ نێوان عیراق – ئێران  له‌ ساڵی‌ 1975دا به‌ وردی‌ ته‌رسیمی‌ سنووره‌كانی‌ نێوان هه‌ردوولای‌ كردووه‌ به‌ شه‌تولعه‌ره‌بیشه‌وه‌ كه‌ به‌پێی‌ هێڵی‌ (تالوك) دیاریكراوه‌.پێده‌چێت ئێران له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ ته‌ماشای‌ سنوور به‌زاندنه‌كه‌ی‌ بكات كه‌ هێشتا چه‌ند كێشه‌ و ئاریشه‌یه‌ك له‌دوای‌ كۆتاییهاتنی‌ شه‌ڕی‌ هه‌شت ساڵه‌ی‌ له‌گه‌ڵ ڕژێمی‌ پێشووی‌ عیراقدا به‌ هه‌ڵپه‌ستێردراوی‌ ماوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ هه‌نگاوی‌ له‌وجۆره‌ی‌ فه‌ككه‌ ده‌نێت، بێئه‌وه‌ی‌ پێشوه‌خت هیچ هۆشدارییه‌كی‌ ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆی‌ دابێته‌ حكومه‌تی‌ به‌غدا. جێی‌ باسكردنه‌ چاودێران پێیانوایه‌ كه‌ ڕووداوه‌كه‌ی‌ فه‌ككه‌ی‌ عیراق له‌گه‌ڵ كێشه‌ی‌ دوورگه‌كانی‌ (ئه‌بو موسا) و (گنب الكبری‌) و (گنب الصغری‌) له‌ناو ئاوی‌ كه‌نداوی‌ فارس كه‌ له‌ ساڵی‌ 1973وه‌ له‌نێوان ئێران و ده‌وڵه‌تی‌ ئیماراتی‌ عه‌ره‌بیدا سه‌ریهه‌ڵداوه‌، زۆر له‌ یه‌كتری‌ جیاوازن، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ ئێران و ئیماراتی‌ عه‌ره‌بی‌ ئه‌و (3) دوورگه‌یه‌ كه‌ ده‌كه‌ونه‌ قووڵایی‌ ئاوی‌ كه‌نداوه‌وه‌ به‌ موڵكی‌ خۆیانی‌ ده‌زانن و تاكو ئێستاش كێشه‌كه‌ له‌نێوانیاندا درێژه‌ی‌ هه‌یه‌ و هه‌ندێكجاریش كێشه‌ی‌ سیاسی‌ و دیپلۆماسی‌ لێكه‌وتۆته‌وه‌.سه‌باره‌ت به‌ ته‌نگژه‌ی‌ ناوچه‌ی‌ فه‌ككه‌ خه‌ریكه‌ بارودۆخه‌كه‌ به‌هۆی‌ ئاماده‌نه‌بوونی‌ ئێران بۆ پاشه‌كشه‌پێكردنی‌ هێزه‌كانی‌ پێده‌نێته‌ قۆناغێكی‌ ئاڵۆزه‌وه‌، بۆیه‌ چاودێران به‌دووری‌ نازانن ئه‌گه‌ر كێشه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ ئاشتیانه‌ چاره‌سه‌ر نه‌كرێت دۆخه‌كه‌ ئاڵۆزتر بێت و كاریگه‌ری‌ خراپیشی‌ هه‌بێت بۆ سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ نێوان به‌غدا و تاران، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ ده‌ستێوه‌ردانه‌كانی‌ ئێران وه‌ك دراوسێیه‌ك له‌ كاروباری‌ ناوخۆی‌ عیراق بۆ خۆی‌ نیشانه‌ی‌ پرسیاری‌ له‌سه‌ره‌، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ ئێران به‌ پاڵپشتی‌ كردن و یارمه‌تیدانی‌ به‌شێك له‌ گروپه‌ توندڕه‌و و ئاژاوه‌گێڕه‌كانی‌ ناو عیراق تۆمه‌تبار ده‌كرێت، به‌ڵام هه‌رچی‌ تارانه‌ ته‌واوی‌ ئه‌و تۆمه‌تانه‌ ڕه‌تده‌كاته‌وه‌ و پێداگریی‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ هه‌وڵده‌دات فاكته‌رێكی‌ نیازباش بێت بۆ ڕاگرتنی‌ ئارامی‌ و سه‌قامگیری‌ و بنیاتنانه‌وه‌ی‌ عیراقی‌ دوای‌ سه‌دام حسێن. به‌پێی‌ دوایین گۆڕانكارییه‌كان، بیره‌ نه‌وتی‌ ژماره‌ (4) له‌ فه‌ككه‌ هێشتا له‌ژێر كۆنترۆڵی‌ هێزه‌ سنوور به‌زێنه‌كانی‌ ئێراندایه‌، ئه‌وه‌ش پاڵی‌ به‌ حكومه‌تی‌ عیراقه‌وه‌ ناوه‌ كه‌ هێزه‌كانی‌ سوپا ڕه‌وانه‌ی‌ فه‌ككه‌ بكات بۆ داكۆكیكردن له‌ سه‌روه‌ری‌ و قه‌ڵه‌مڕه‌وی‌ عیراق به‌سه‌ر ناوچه‌ی‌ نه‌وتداری‌ فه‌ككه‌دا، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بارودۆخه‌كه‌ هه‌روا ته‌نگژاوی‌ بێت و هه‌ردوولا نه‌گه‌نه‌ چاره‌سه‌رێك دوور نییه‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ ڕووبدات.

Shafaq Live
Shafaq Live