كورد له‌ هه‌موواركردنی ده‌ستووری توركیادا

كورد له‌ هه‌موواركردنی ده‌ستووری توركیادا
2010-09-22T19:05:13+00:00

هه‌موواركردنی ده‌ستووری وڵاته‌كه‌یاندا، كه‌ به‌ر له‌ (سی) ساڵ و له‌ ساڵی (1980ز) له‌ دوای كوده‌تایه‌كی سه‌ربازی به‌ سه‌رۆكایه‌تی (كه‌نعان ئیفرین/1980-1989ز) هاته‌ به‌رهه‌م. به‌ دوای ئه‌و ڕووداوه‌ش ڕۆژنامه‌نووسێكی توركی یه‌كه‌مین دیداری له‌گه‌ڵ (عه‌بدوڵڵا ئۆچ ئالان)ی ڕێبه‌ره‌ی گشتی پارتی كرێكارانی كوردستان له‌ دوورگه‌ی ئیمراڵی ئه‌نجامدا. ئه‌وه‌ش به‌ یه‌كه‌مین دیداری ڕۆژنامه‌نووسی تۆماركرا، كه‌ توركێكی ڕۆژنامه‌نووس پێی هه‌ستێت و تێدا چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ گه‌وره‌ترین نه‌یاری ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی و دیارترین سه‌ركرده‌ی باكووری كوردستان ئه‌نجامبدات. خاڵی گرنگی ئه‌م باسه‌ش ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ئایا ده‌نگدان به‌و پرۆژه‌یه‌ پێویست بوو، تا پارتی داد و گه‌شه‌پێدان هه‌موو هه‌وڵه‌كانی بۆ سه‌ركه‌وتنی خسته‌كار؟ یان هه‌مواركردنی ده‌ستوور چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی نێوان (كورد-تورك) له‌لایه‌ك و (پارتی كرێكارانی كوردستان و حكومه‌تی توركیا) له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ ده‌كات؟ یان ئه‌و هه‌مواركردنه‌ سه‌ره‌تایه‌كی باشه‌ بۆ شكستی تورانیزمه‌كانی توركیا و باڵی سه‌ربازی ئه‌و وڵاته‌ و قۆرخكردنی ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن جه‌نه‌ڕاڵه‌كانیانه‌وه‌؟ یان ئه‌و كاره‌ی پارتی داد و گه‌شه‌ ته‌نیا بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان و به‌هێزبوونی پێگه‌ی‌ سیاسی و ده‌سه‌ڵاتی خۆیان بوو له‌ كۆماری توركیادا؟ بۆ وه‌ڵامی هه‌ریه‌ك له‌و پرسیارانه‌ سه‌ره‌تا ده‌بێت بڵێین، كه‌ ڕاسته‌وخۆ به‌ چه‌ندین بۆچوونی جیاواز ده‌گه‌ین، بێئه‌وه‌ی وڵامی رٍِاستی پرسیاره‌كه‌مان ده‌ست بكه‌وێت، چونكه‌ به‌ر له‌ هه‌رشتێك پارتی داد و گه‌شه‌ به‌ مافی خۆی ده‌زانێت و مافی خۆشییه‌تی هه‌موو هه‌وڵه‌كانی له‌ سه‌ركه‌وتنی پرۆسه‌ی سیاسی وڵات و سه‌لماندنی تواناكانی خۆی بۆ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی توركیا بخاته‌ڕوو. ئه‌مه‌و مافی خۆشییه‌تی بۆ دانیشتوانی توركیا و جیهان و نه‌وه‌كانی ئاینده‌ی ئه‌و وڵاته‌ی بسه‌لمێنێت، كه‌ له‌ سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتیدا كارێكیان ئه‌نجامدا، كه‌ (هه‌مواركردنی ده‌ستوورێكی تاكڕه‌و و داخراو) بوو. هه‌روه‌ها مافی خۆشیه‌تی هه‌موو ئه‌و كۆسپ و ته‌گه‌رانه‌ لاببات، كه‌ ڕێگرن له‌به‌رده‌م به‌رنامه‌ و نه‌خشه‌ سیاسییه‌كانی ئێستا و ئاینده‌ی خۆیان و وڵاته‌كه‌یان. یه‌كێكیش له‌و كۆسپانه‌ ده‌ستووری توركیایه‌. ئه‌و ده‌ستووره‌ی به‌ر له‌ (سی) ساڵ له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی باڵی سه‌ربازی ئه‌و وڵاته‌دا داڕێژرا.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ نابێت ئه‌وه‌ش نادیده‌ بگرین، كه‌ ئه‌و هه‌وڵانه‌ی ئه‌و پارته‌ توركییه‌ ئیسلامییه‌ بۆ خۆیه‌تی له‌ به‌رگی مافه‌كانی گشتیدا، بۆیه‌ زۆر ئاساییه‌ هه‌موو ئه‌و حه‌ز و ویستانه‌ی تێدا نه‌بێت، كه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كی وه‌ك كورد له‌و وڵاته‌دا خه‌باتی له‌ پێناودا ده‌كات. ئه‌مه‌و زۆریش ئاساییه‌ پارتی داد و گه‌شه‌، نه‌ته‌وه‌ی كوردی له‌و وڵاته‌ بۆ به‌رژوه‌ندییه‌كی خۆی به‌ كاربهێنێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نابێت ئه‌وه‌ له‌ یاد بكه‌ین، كه‌ ئه‌گه‌ر كورد ده‌نگی به‌و پرۆژه‌یه‌ نه‌دایه‌ یان هه‌ندێك ناوچه‌ی وه‌ك (ناوچه‌ی هه‌كاری) نه‌یاندابێت، زۆر ئاساییه‌، به‌ڵام ده‌بێت له‌وه‌ش بپرسین، كه‌ ئه‌وانه‌ی ده‌نگیان بۆ نه‌دا یان بایكۆتی ئه‌و پرۆژه‌یان كرد، ده‌بێت چاوه‌روانی چی تر بكه‌ن؟ جارێك پرۆژه‌یه‌ك خۆی له‌ هه‌مواركردنی ده‌ستوورێكی سه‌ربازیدا ببینێته‌وه‌ و باڵی سه‌ربازی توركیا و پارته‌ توركییه‌ شۆڤێنییه‌كان ڕه‌تیبكه‌نه‌وه‌، بۆ ده‌بێت كوردیش ڕه‌تیبكاته‌وه‌؟ یان ئایا ڕه‌تكردنه‌وه‌ی له‌لایه‌ن ئه‌و كوردانه‌وه‌ به‌ دیوێكی تردا چوونه‌ نێو به‌ره‌ی باڵی سه‌ربازی ئه‌و پارته‌ شۆڤێنیانه‌ نییه‌، كه‌ بۆ ماوه‌ی (هه‌شتا و حه‌وت) ساڵه‌ به‌هۆی سیسته‌می كه‌مالیسیتی و بۆ ماوه‌ی (سی) ساڵه‌ به‌هۆی ده‌ستوورێكی سه‌ربازییه‌وه‌، ئه‌وه‌ی توانیویانه‌ له‌ دژی كورد و خاكه‌كه‌ی كردوویانه‌؟ یان ده‌بێت كاڵكردنه‌وه‌ی ده‌ستورێكی وه‌ها شۆڤێنی چ زیانێكی بۆ كورد تێدابێت وا به‌شێكیان ڕه‌تیان كرده‌وه‌ یان بایكۆتیان كرد؟ خۆ ئه‌گه‌ر هه‌ندێك هێزی سیاسی یان ناوه‌ند و كه‌سایه‌تی وا بۆ ئه‌وه‌ چووبن، كه‌ ئه‌وه‌ ته‌نیا سینارێویه‌كی خودی توركه‌كانه‌ و هیچی دی، ئه‌ی ئایا ڕێگه‌ چاره‌ی تر له‌م قۆناغه‌دا چییه‌؟ یان ئایا پارتی كرێكارانی كوردستان له‌ ماوه‌ی (25) ساڵی خه‌باتیدا به‌و هه‌موو توانا و دیسپلینه‌ سه‌ربازییه‌ی هه‌یبوو، توانی ته‌نیا چاره‌كی ناوچه‌ كوردنشینییه‌كانی كوردستانی باكوور ڕزگار بكات، یان به‌شێكی كوردستانی باكوور به‌ ته‌نیا ده‌سه‌ڵاتێكی نیمچه‌ ئۆتۆنۆمی بگه‌یه‌نێت؟ یان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ له‌و پێناوه‌دا سه‌رۆكه‌كه‌شی نایه‌ زیندان؟ بۆیه‌ له‌ په‌راوێزی ئه‌و ڕاستیانه‌دا پێویسته‌ ئه‌وه‌ بڵێین، كه‌ له‌ كاتی ئێستادا باشترین ڕێگه‌ چاره‌ بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی مافه‌كان (شه‌ڕ و چه‌ك) نییه‌، به‌ڵكو خه‌باتی سیاسی و پێنووسه‌، تا كار بۆ كاڵكردنه‌وه‌ی پیرۆزییه‌كانی كۆماری توركیا و هه‌مواركردنی ئه‌و ده‌ستووره‌ بكات، كه‌ ته‌نیا له‌ به‌رژه‌وه‌ندی باڵی سه‌ربازی و جه‌نه‌ڕاڵه‌كانی توركیایه‌. هه‌روه‌ها كاركردنه‌ بۆ دورستكردنی ململانێیه‌كی ناوخۆیی له‌ نێو هێزه‌ توركییه‌كان، تا به‌هۆی یه‌كێكه‌وه‌ له‌وی تریان بدرێت. ئه‌وسا زه‌مینه‌ی به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كان ئاسانتر ده‌بێت.

هه‌ر لێره‌وه‌ پێویسته‌ بگه‌ینه‌ ئه‌و ڕاستییه‌ی، كه‌ ئاماده‌بوونی كورد له‌ كوردستانی باكوور بۆ هه‌ر گۆڕانكارییه‌كی سیاسی و ده‌ستووری به‌ ده‌نگه‌كانیان، نیشانه‌ی زیندووبوونیان و گه‌یشتیانه‌ به‌ مافه‌كانیان. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ دووریان له‌و ڕووداوانه‌ دووركه‌وتنه‌وه‌یانه‌ له‌ هه‌ر ده‌سكه‌وتێك، كه‌ بارودۆخێكی ناوخۆیی یان هه‌رێمی و نێو ده‌وڵه‌تی بۆیان ده‌سته‌به‌ر بكات. له‌وانه‌ش گرنگتر پشت به‌ستنی ئێمه‌ی كورد به‌ گشتی و كوردی كوردستانی باكوور به‌ چیاكان به‌وه‌ی تاكه‌ پارێزه‌ری كوردن، به‌رده‌وام ئه‌و بیردۆزه‌ مێژووییه‌ دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌، كه‌ "مرۆڤی چیایی ده‌بێت هه‌ر له‌ چیادا بمێنێته‌وه‌ و هه‌ر له‌وێشدا خه‌بات بكات، چونكه‌ مرۆڤه‌ چیاییه‌كان شایه‌نی ژیانی شارستانی و ده‌وڵه‌تداری نین". ئه‌وه‌ش به‌ر له‌ هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك بۆ ئێمه‌ی كورد شكسته‌ نه‌ك سه‌ركه‌وتن، چونكه‌ به‌ به‌رده‌وامی له‌ چیاكاندا ده‌مانهێڵێته‌وه‌، نه‌وه‌ك له‌ ده‌وڵه‌تداری و ده‌سه‌ڵاتدا.

Shafaq Live
Shafaq Live