كراوه‌و داخراو له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌راندا

كراوه‌و داخراو له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌راندا
2009-12-13T20:30:40+00:00

كه‌ هه‌مووی‌ هێشتا ده‌ ساڵ‌ به‌سه‌ر دیموكراسییه‌كه‌ی‌ تێنه‌په‌ڕیوه‌و هێشتا هاووڵاتییه‌كانی‌ شاره‌زایی‌ ته‌واویان له‌ كاروباری‌ ده‌نگدان‌و خۆپاڵاوتن‌و بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن نییه‌، سیستمی‌ ده‌نگدان پاش تێپه‌ڕینی‌ یه‌ك خولی‌ هه‌ڵبژاردن، له‌ داخراوه‌وه‌ كرا به‌ كراوه‌، ئه‌ویش له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ كه‌ كراوه‌ په‌ڕاوێزێكی‌ فراوانتری‌ ئازادی‌ بۆ هاووڵاتی‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ نوێنه‌رانی‌ خۆی‌ دابینده‌كا.

نكوڵی‌ له‌وه‌ ناكرێ‌ كه‌ ئه‌م قسه‌یه‌ ڕاسته‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ هه‌موو ڕاستییه‌كه‌ نییه‌و له‌ هه‌ندێ‌ ڕووه‌وه‌ لیستی‌ كراوه‌ نابێته‌ هانده‌ر بۆ پێكهێنانی‌ قه‌واره‌ی‌ گه‌وره‌، چونكه‌ له‌ لیسته‌ هاوبه‌شه‌كاندا ڕیزبه‌ندیی‌ ناوه‌كان‌و ڕێككه‌وتنی‌ لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر دابه‌شكردنی‌ كورسییه‌كان هیچ به‌هایه‌كی‌ نامێنێ‌.

به‌و چه‌شنه‌ی‌ كه‌ ئێستا لیستی‌ كراوه‌ په‌یڕه‌وده‌كرێ‌، له‌نێوان خۆپاڵاوتنی‌ تاك‌و خۆپاڵاوتنی‌ به‌كۆمه‌ڵ‌. هه‌روه‌ها له‌نێوان به‌جیا به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردنداو پێكهێنانی‌ لیستی‌ هاوبه‌ش جیاوازییه‌كی‌ زۆرنه‌ماوه‌.

هۆی‌ هه‌وڵدان بۆ پێكهێنانی‌ لیستی‌ هاوبه‌ش زیاتر ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر مادده‌ی‌ 76ی‌ ده‌ستوور كه‌ پۆستی‌ سه‌ره‌ك وه‌زیران به‌ پاڵێوراوی‌ گه‌وره‌ترین قه‌واره‌ ده‌به‌خشێ‌‌و له‌ دابه‌شكردنی‌ وه‌زاره‌ته‌كانیش به‌دڵنیاییه‌وه‌ قه‌واره‌ گه‌وره‌كان زۆرتریان چنگ ده‌كه‌وێ‌.

كێشه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ لیستی‌ كراوه‌ ده‌رفه‌تی‌ دابه‌شكردنی‌ كورسییه‌كان به‌سه‌ر لایه‌نه‌ پێكهێنه‌ره‌كاندا به‌شێوه‌یه‌كی‌ یه‌كسان یاخود به‌و جۆره‌ی‌ لایه‌نه‌كان پێش هه‌ڵبژاردن له‌سه‌ری‌ ڕێككه‌وتوون ناڕه‌خسێنێ‌، چونكه‌ له‌ كاتی‌ ده‌نگداندا لایه‌نگرانی‌ هه‌ر گروپێك ده‌نگ به‌ پاڵێوراوه‌كانی‌ خۆیان ده‌ده‌ن‌و به‌پێی‌ ئه‌و ده‌نگانه‌ی‌ كه‌ پاڵێوراوه‌كانی‌ لایه‌نه‌كه‌ به‌ده‌ستی‌ دێنن، لایه‌نه‌كه‌ كورسیی‌ به‌رده‌كه‌وێ‌.

ئه‌گه‌رچی‌ ئه‌م شێوازه‌ ڕه‌نگه‌ ببێته‌ هۆی‌ ڕزگاربوونی‌ گروپه‌ بچووكه‌كان له‌ باڵاده‌ستی‌‌و هه‌ژموونی‌ گروپه‌ گه‌وره‌كان, به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتدا ده‌شێ‌ گروپه‌ گه‌وره‌كان زۆربه‌ی‌ كورسییه‌كان بۆخۆیان قۆرخبكه‌ن‌و گروپه‌ بچووكه‌كان نه‌توانن، لانی‌ كه‌م به‌و چه‌شنه‌ی‌ كه‌ هه‌وڵی‌ بۆ ده‌ده‌ن، ژماره‌ی‌ پێویستی‌ پاڵێوراوانیان بگه‌یه‌ننه‌ ناو ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران.

به‌ڵام له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌ كه‌ ئه‌م ئه‌زموونه‌ هێشتا ده‌ستی‌ پێ‌ نه‌كردووه‌و هێشتا لایه‌نه‌كان به‌ چاكی‌ سه‌روده‌ر له‌ چاك‌و خراپیی‌ ده‌رناكه‌ن، به‌پێی‌ پێویست له‌و ورده‌كارییانه‌ نه‌كۆڵدراوه‌ته‌وه‌. ده‌توانرێ‌ له‌ئێستاوه‌ پێشبینی‌ ئه‌وه‌ بكرێ‌ كه‌ لیستێكی‌ گه‌وره‌ی‌ وه‌كو لیستی‌ هاوپه‌یمانیی‌ كوردستان ناتوانێ‌ به‌قه‌د ساڵی‌ 2005 هاوسه‌نگی‌ له‌ دابه‌شكردنی‌ كورسییه‌كان به‌ یه‌كسانی‌ به‌سه‌ر دوو گروپه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌داو به‌پێی‌ ڕێككه‌وتن به‌سه‌ر لایه‌نه‌ هاوپه‌یمانه‌كانی‌ تردا بپارێزێ‌‌و ده‌شێ‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ داهاتوو ژماره‌یه‌كی‌ كه‌متر په‌رله‌مانتاری‌ سه‌ربه‌خۆ له‌خۆبگرێ‌.

له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا هه‌رێم لانی‌ كه‌م چوار لیستی‌ جیا به‌خۆوه‌ ده‌بینێ‌، به‌ڵام چوار ساڵی‌ داهاتوو ده‌شێ‌ ژماره‌ی‌ لیسته‌كان زۆر له‌مه‌ زۆرتر بێ‌‌و ده‌شێ‌ كه‌مترین ژماره‌ی‌ لیستی‌ هاوبه‌ش له‌نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كاندا پێكبێ‌، چونكه‌ لیستی‌ كراوه‌ ئه‌نگێَزه‌ی‌ یه‌كگرتن ده‌مرێنێ‌‌و هیچ ده‌رفه‌تێك بۆ یه‌كپارچه‌یی‌ ده‌نگدان ناهێڵێته‌وه‌و لایه‌نه‌ پێكهێنه‌ره‌كانی‌ ناو لیسته‌ هاوبه‌شه‌كه‌ هانده‌دا دوو پێشبڕكێ‌ بكه‌ن: یه‌كێكیان له‌گه‌ڵ‌ لیسته‌ ڕكابه‌ره‌كانی‌ ترداو ئه‌وی‌ تر له‌گه‌ڵ‌ لایه‌نه‌ پێكهێنه‌ره‌كانی‌ ناو لیسته‌ هاوبه‌شه‌كه‌.

به‌م پێیه‌، لیستی‌ كراوه‌ زۆرتر به‌كه‌ڵكی‌ لیسته‌ هاوبه‌شه‌كان نایه‌و زیاتر به‌كه‌ڵكی‌ ئه‌و لیستانه‌ دێ‌ كه‌ به‌جیا، به‌بێ‌ یه‌كگرتن له‌گه‌ڵ‌ گروپی‌ تردا، ده‌چن بۆ هه‌ڵبژاردن. ئه‌مه‌ به‌و مانایه‌ دێ‌ كه‌ ده‌شێ‌ له‌ ئاینده‌دا لایه‌نه‌كان هه‌موویان به‌جیا بچن بۆ هه‌ڵبژاردن‌و لیستی‌ هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ‌ یه‌كتریدا پێكنه‌هێنن.

Shafaq Live
Shafaq Live