فه‌له‌ستین- ئیسرائیل (19) ساڵ دانوستاندن

فه‌له‌ستین- ئیسرائیل (19) ساڵ دانوستاندن
2010-10-05T15:37:29+00:00

له‌نێوان هه‌ردوولادا ده‌ستی پێكردووه‌ به‌تایبه‌تی له‌كۆنگره‌ی ئاشتی مه‌دریده‌وه‌ له‌ساڵی (1991)دا، له‌م خوله‌دا كه‌ڕۆژی (1)ی ئه‌یلولی رابردوو له‌واشنتۆن ده‌ستیپێكرد، سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستده‌هێنێت.

سروشتی رێگا چاره‌كه‌

ئه‌گه‌رچی زۆربه‌ی پسپۆڕانی هه‌ردوولاو چاودێرانی ده‌ره‌كیش، ده‌زانن سروشتی رێگا چاره‌كه‌ چییه‌، واته‌ ده‌وڵه‌تێكی فه‌له‌ستینی له‌سه‌ر بنه‌مای سنووری به‌ر له‌(1967) كه‌قودس پایته‌خته‌كه‌ی بێت، به‌لام زۆبه‌یان به‌ڕه‌شبینییه‌وه‌ ده‌ڕوانن و ده‌ڵێن ره‌نگه‌ (19) ساڵی دیكه‌ ئه‌م ئاشتییه‌ به‌ئاكام بگات.

چاودێرانی دوور به‌دوور، له‌م ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌یه‌ تێ ناگه‌ن و ده‌پرسن ئایا سه‌ركرده‌كان به‌وه‌نده‌ خوێنه‌ داناكه‌سێن كه‌ تائێستا له‌م ململانێییه‌دا رژاوه‌؟ كوژرانی پتر له‌(150) هه‌زار فه‌له‌ستینی و زیاتر له‌(22) هه‌زار ئیسرائیلی سه‌ره‌ڕای سه‌دان هه‌زار بریندارو ده‌یان هه‌زار كه‌م ئه‌ندام و هه‌زاران دیل، له‌پاڵ زیانی ماڵی و كێشه‌ی ئابووری و كۆمه‌لایه‌تی و رووناكبیری و زانستی به‌تایبه‌ت له‌دیوی فه‌له‌ستینیه‌كاندا، باشه‌ ده‌بێت چه‌ند قوربانی و چ باجێك بدرێن تاوه‌كو ئه‌و سه‌ركردانه‌ تێده‌گه‌ن پێویسته‌ ئه‌م ململانێیه‌ بوه‌ستێت و له‌شوێنیدا ئاشتی به‌رقه‌رار بێت؟

سه‌ربرده‌ی ئه‌م ململانێیه‌ شاراوه‌ نییه‌، سه‌ره‌تا عه‌ره‌به‌كان پێیانوابوو رێگاچاره‌ی سه‌ربازیی تاكه‌ رێگایه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی مه‌سه‌له‌كه‌، له‌به‌رامبه‌ردا ئیسرائیلییه‌كان وه‌ك ئاشتیخواز خۆیان وێناده‌كرد، له‌كاتێكدا فه‌له‌ستینییه‌كانیان ده‌ربه‌ده‌ر ده‌كردو زۆربه‌ی گوندو شارۆچكه‌كانیان ده‌ڕووخاندو بڕیاره‌كانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیان سه‌باره‌ت به‌گه‌ڕاندنه‌وه‌ی په‌نابه‌ران ره‌تده‌كرده‌وه‌، ئه‌وان ده‌یانگوت عه‌ره‌به‌كان ده‌یانه‌وێت ئیسرائیل ته‌فروتونا بكه‌ن و جووله‌كه‌كان فڕێ بده‌نه‌ ده‌ریاوه‌، ئه‌وێ رۆژێ زۆرێك له‌خودی عه‌ره‌به‌كان شتی ئه‌وتۆیان ده‌گوت و ده‌كرد كه‌پاڵپشتی ئه‌م قسانه‌ی ئیسرائیل بكات.

به‌سه‌رهاتێكی به‌ناوبانگ

به‌سه‌رهاتێكی به‌ناوبانگ له‌باره‌ی (ئه‌حمه‌د سه‌عید)ی بێژه‌ری سیاسی له‌ڕادیۆی (ێوت العرب)ه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌ڕۆژگاری به‌رایی جه‌نگی (1967)دا پڕ به‌گه‌رووی خۆی هاواری ده‌كرد (ماسییه‌كان نۆشی گیانتان بێت)!

دوای ئه‌و جه‌نگه‌، كاتێك سه‌ركرده‌كانی ئیسرائیل هه‌ستیان به‌بالاده‌ستی هێز كرد، عه‌ره‌ب و ئیسرائیلییه‌كان شوێن گۆڕكێیان كرد، ئه‌مجاره‌یان عه‌ره‌ب ئاماده‌ی دانوستاندن بوون له‌گه‌ڵ ئیسرائیلدا، (جه‌مال عه‌بدولناسر)ی سه‌ركرده‌ی ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌ب به‌پڕۆژه‌ی (رۆجه‌رز) بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م ململانێیه‌ رازی بوو، به‌لام ئیسرائیل به‌ئاشكرا ده‌ستپێشخه‌رییه‌كانی ره‌تكرده‌وه‌ بگره‌ رازی نه‌بوو دان به‌شتێكدا بنێت كه‌ناوی مه‌سه‌له‌ی فه‌له‌ستین بێت.

له‌ساڵی 1972دا (گۆڵدا مائێر)ی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل پرسی: (كوانێ گه‌لی فه‌له‌ستین؟).

له‌جه‌نگی ئۆكتۆبه‌ر (تشرینی یه‌كه‌م)ی 1973دا میسر تاڕاده‌یه‌ك پارسه‌نگه‌كه‌ی راستت كرده‌وه‌، كاتێكش (ئه‌نوه‌ر سادات)ی سه‌رۆكی پێشووی میسر له‌ساڵی 1977دا به‌شێوه‌یه‌كی كتوپڕ سه‌ردانی ئیسرائیلی كرد، ئیسرائیل رازی بوو رێككه‌وتنێكی ئاشتی ئیمزا بكات و به‌وپێیه‌ خاكی سینای بۆ میسر گه‌ڕاندنه‌وه‌و نشینگه‌ جووله‌كه‌كانی له‌وێ هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌، به‌لام رازی نه‌بوو مه‌سه‌له‌ی فه‌له‌ستین له‌شێوه‌ی هێنانه‌كایه‌ی ده‌وڵه‌تێكدا چاره‌سه‌ر بكرێت، به‌ڵكو ئۆتۆنۆمی به‌فه‌له‌ستینییه‌كان له‌كه‌ناری خۆرئاوادا كه‌رتی غه‌ززه‌دا بدرێت.

دانوستاندنێكی زۆر نهێنی

یه‌كه‌مجار كه‌ ئیسرائیلییه‌كان و فه‌له‌ستینییه‌كان له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆدا دانیشتن، له‌دوای گۆنگره‌ی ئاشتی مه‌درید بوو، ته‌نانه‌ت له‌و دانوستاندنه‌شدا فه‌له‌ستینییه‌كان به‌شێك بوون له‌وه‌فدی ره‌سمی ئۆردن، چونكه‌ ئیسرائیل قایل نه‌بوو وه‌كو قه‌واره‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ دانیان پێدا بنێت، وه‌فدی فه‌له‌ستین پێكهاتبوو له‌ (د. حه‌یده‌ر عه‌بدولشافی و حه‌نان عه‌شراوی و د. ێائب عوره‌یقان) پاش هه‌موو خولێكی دانوستاندنیش ده‌بووایه‌ بچنه‌ تونس و راپۆرتی خۆیان له‌باره‌ی ره‌وتی گفتوگۆكانه‌وه‌ پێشكه‌ش بكه‌ن و رێنمایی تازه‌ وه‌ربگرن.

له‌ساڵی 1992دا كاتێك حكومه‌تی ئیسحاق شامیر هه‌ره‌سی هێناو حكومه‌تی ئیسحاق رابین هاته‌ سه‌ركار، ئیسرائیلییه‌كان رێگای دانوستاندنی راسته‌وخۆیان له‌گه‌ڵ وه‌فدێكی سه‌ربه‌خۆی فه‌له‌ستیندا هه‌ڵبژارد، به‌لام دانوستاندنێكی زۆر نهێنی له‌(ئۆسلۆ)ی پایته‌ختی نه‌رویجدا.

وتووێژی ئۆسلۆ به‌ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی ئه‌وروپایی بوو، سه‌ره‌تا به‌په‌یوه‌ندی نێوان چه‌ند كارمه‌ندێكی دیپلۆماسیی ئیسرائیلی و فه‌له‌ستینی به‌سه‌ركردایه‌تی (یوسی بیلیین)ی جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیسرائیل و مه‌حمود عه‌باس (سه‌رۆكی ئێستا)و ئه‌حمه‌د قرێع هه‌ردوو ئه‌ندامی ئه‌وسای كۆمیته‌ی ناوه‌ندی بزووتنه‌وه‌ی فه‌تح ده‌ستیپێكرد، وتووێژه‌كه‌ نزیكه‌ی دوو ساڵی خایاندو به‌وپه‌ڕی نهێنی به‌ڕێوه‌چووه‌، سه‌ره‌نجام رێككه‌وتنێكی لێكه‌وته‌وه‌ كه‌ له‌واشنتۆن هه‌ریه‌ك له‌ یاسر عه‌ره‌فات-ی سه‌رۆكی رێكخراوی رزگاریخوازی فه‌له‌ستین و (plo)و ئیسحاق رابیین-ی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل به‌شایه‌دیی بیل كلینتۆن-ی سه‌رۆكی ئه‌مریكا ئیمزا كرد.

ئه‌م رێككه‌وتنه‌ ده‌قنووسی كرد كه‌ ئیسرائیل و (plo) دان به‌یه‌كتردا ده‌نێن و ئیسرائیل مافی چاره‌ی خۆنووسینی گه‌لی فه‌له‌ستین و هاتنه‌كایه‌ی ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆیی فه‌له‌ستینی داماڵراو له‌چه‌ك له‌پاڵ ئیسرائیلدا په‌سه‌ند ده‌كات.

به‌گوێره‌ی رێككه‌وتنه‌كه‌، هه‌نگاو به‌هه‌نگاو بڕگه‌كانی هێنانه‌كایه‌ی ده‌وڵه‌تی فه‌له‌ستین جێبه‌جێ ده‌كرێت، سه‌ره‌تا ئیسرائیل له‌كه‌رتی غه‌ززه‌و شاری ئه‌ریحا ده‌كشێته‌وه‌، ده‌سه‌لاتێكی نیشتمانی فه‌له‌ستینی دێته‌كایه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ به‌ڕێوه‌ ببات، هه‌ڵبژاردنێكی دیموكراتی ئه‌نجومه‌نی یاسادانان (په‌رله‌مان)ی فه‌له‌ستین به‌به‌شداری دانیشتووانی كه‌ناری خۆرئاواوه‌ كه‌رتی غه‌ززه‌و قودسی خۆرهه‌لات به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، ئینجا ئیسرائیل له‌باقی شاروگونده‌كان ده‌كشێته‌وه‌، شانبه‌شانی به‌ره‌و پێشچوون له‌دانوستاندندا به‌جۆرێك دوای تێپه‌ڕبوونی پێنج ساڵی به‌سه‌ر دانوستاندنه‌كه‌ ده‌وڵه‌تی فه‌له‌ستین به‌سنووری یه‌كجاره‌كی خۆی دێته‌كایه‌وه‌.

ئاشتی له‌نێوان

ئیسرائیل و ئوردن

حكومه‌تی رابین حكومه‌تی زۆرینه‌ نه‌بوو ته‌نها (56) ئه‌ندامی له‌په‌رله‌مان (كنێست)دا هه‌بوو، به‌لام به‌ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ دوو فراكسیۆنی عه‌ره‌بی (سێ په‌رله‌مانتار) توانیبووی زۆرینه‌ به‌ده‌ست بهێنێت.

باڵی راستی ئیسرائیل نه‌یتوانی جه‌ماوه‌ر بكات به‌گژ حكومه‌ته‌كه‌ی (رابین)دا تابیڕوخێنێت، به‌لام توانی درزێكی گه‌وره‌ بخاته‌ نێو كۆمه‌ڵگه‌ی ئیسرائیله‌وه‌، به‌تایبه‌تی كه‌ یه‌ك ساڵ پاش رێككه‌وتنی ئۆسلۆ، رێككه‌وتنێكی ئاشتی له‌نێوان ئیسرائیل و ئوردندا ئیمزاكرد.

به‌لام باڵی راست كه‌وته‌ تۆمه‌تباركردنی رابین به‌خیانه‌ت، هه‌روه‌ك زۆر سوودی له‌و كرده‌وه‌ خۆكوژییانه‌ وه‌رگرن كه‌چه‌كدارانی (حه‌ماس) و (جیهادی ئیسلامی) له‌ناو شاره‌كانی ئیسرائیلدا ده‌یانكردو بوونه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی ده‌یان كه‌سی مه‌ده‌نی ئیسرائیلی بكوژرێن، به‌مه‌ش كه‌شوهه‌وایه‌كی دژ به‌حكومه‌ت به‌گشتیی و رابین-ی سه‌رۆكی حكومه‌ت به‌تایبه‌تیان دروستكرد، وه‌ك ده‌ره‌نجامێكی ئه‌م كه‌شوهه‌وایه‌ش جووله‌كه‌یه‌ك له‌ساڵی 1994دا ده‌ستڕێژی به‌ناو مزگه‌وتی خه‌لیلدا كرد (29) فه‌له‌ستینی له‌كاتی نوێژكردندا كوشت، سه‌ره‌نجامی ئه‌و كه‌شوهه‌وا گرژه‌ به‌وه‌گه‌یشت له‌ساڵی 1995دا رابین به‌گولله‌ی توندڕه‌وێكی جووله‌كه‌ كوژرا.

ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌كان به‌پێی رێككه‌وتنی ئۆسلۆ بڕۆشتبان به‌ڕێوه‌، ئه‌وا له‌كۆتایی ساڵی 1998دا ده‌وڵه‌تی فه‌له‌ستین ده‌هاته‌ كایه‌وه‌و ململانێكه‌ كۆتایی ده‌هات، به‌لام هه‌ر له‌مانگه‌كانی به‌رایی دانوستاندنه‌وه‌ كۆمه‌ڵێك گرفت په‌یدابوون.

له‌م رووه‌شه‌وه‌ رابین، عه‌ره‌فاتی به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كرد كه‌ فرت و فێڵ ده‌كات، عه‌ره‌فاتیش رابینی به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كرد كه‌ له‌جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتننه‌كه‌دا سستی ده‌نوێنێت.

پاش كوژرانی رابین، شیمۆن پێرێزی جێگره‌وه‌ی له‌ته‌واوكردنی جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنه‌كه‌ راڕا بوو، هاوكات فه‌له‌ستینییه‌كان هه‌ڵبژاردنێكی په‌رله‌مانیان كرد.

پێرێز له‌به‌رامبه‌ر باهۆزی باڵی راستی توندڕه‌وی ئیسرائیلدا خۆی نه‌گرت، ئه‌وه‌ بوو له‌هه‌ڵبژاردنی ساڵی 1996دا دۆڕاندی و بنیامین نه‌ته‌نیاهۆ بردیه‌وه‌.

پێكدادانێكی خوێناویی

نه‌تانیاهۆ، دانی به‌ڕێككه‌وتنی ئۆسلۆدا ده‌نا، به‌لام هه‌ر هه‌نگاوێكیش له‌م بواره‌دا بنابایه‌ به‌شێوه‌یه‌ك بوو كه‌مانای رێككه‌وتنه‌كه‌ی به‌تاڵ ده‌كرده‌وه‌، بۆ نموونه‌ له‌ساڵی 1977دا دوای وتووێژێك ئیسرائیل له‌گه‌ڵ فه‌له‌ستینییه‌كان رێككه‌وت كه‌ له‌شاری خه‌لیل بكشێنه‌وه‌، به‌لام له‌هه‌مانكاتدا نه‌تانیاهۆ تۆڕێك تونێلی له‌ژێر قودسی كۆندا كرده‌وه‌، سه‌ره‌نجام پێكدادانێكی خوێناوی له‌نێوان هێزه‌كانی ئاسایشی فه‌له‌ستین و ئیسرائیل روویداو تێیدا (100)كه‌س له‌ فه‌له‌ستینییه‌كان (19) سه‌ربازی ئیسرائیل كوژران.

له‌ساڵی 1998دا به‌چاودێری كلینتۆن له‌ (وای ریڤه‌ر) خولێكی دانوستاندن له‌نێوان نه‌تانیاهۆو عه‌ره‌فاتدا به‌ڕێوه‌چوو.

له‌ئاكامدا گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتنێك كه‌ به‌و پێیه‌ ئیسرائیل له‌باقی ئه‌و شوێنانه‌ بكشێته‌وه‌ كه‌ له‌ڕێكه‌وتنی ئۆسلۆدا هاتوون.

به‌لام نه‌تانیاهۆ ئه‌م رێككه‌وتنه‌ی جێبه‌جێ نه‌كرد،  به‌هانه‌ی ئه‌وه‌بوو كه‌ فه‌له‌ستینییه‌كان له‌سه‌ر (تیرۆریزم) به‌رده‌وامن، هه‌روه‌ك عه‌ره‌فاتی به‌كه‌سێكی فێڵبازو ناڕاستگۆ تۆمه‌تبار ده‌كرد، وه‌ك فشارێكیش بۆ سه‌ر نه‌تانیاهۆ، ئه‌مریكا یارمه‌تی سالانه‌ی خۆی بۆ ئیسرائیل له‌(3) ملیاره‌وه‌ بۆ (2.4)ملیار دۆلار كه‌مكرده‌وه‌.

له‌هه‌ڵبژاردنی 1999دا، نه‌تانیاهۆ دۆڕاندی و (ئێهود باراك)ی سه‌ركرده‌ی حزبی كار بوو به‌سه‌رۆكی حكومه‌ت، باراك هه‌وڵیدا ده‌ستبه‌جێ دانوستاندن له‌گه‌ڵ فه‌له‌ستینیه‌كاندا ده‌ستپێبكاته‌وه‌، به‌لام له‌هه‌مانكاتدا وه‌ك كارێكی گوشار هه‌وڵیدا كه‌ناڵێكی دانوستاندن له‌گه‌ڵ سوریادا بكاته‌وه‌، له‌به‌رامبه‌ردا ئه‌مریكا هاته‌ سه‌رخه‌ت و به‌چاودێری كلینتۆن باراك و عه‌ره‌فات له‌ئه‌یلولی 200دا له‌كامپ ده‌یڤید ده‌ستیان به‌دانوستاندن كرد، دانوستاندنه‌كه‌ 17 رۆژی خایاند، به‌لام به‌نشوست كۆتایی هات، هه‌ریه‌ك له‌ئیسرائیلییه‌كان و فه‌له‌ستینییه‌كان یه‌كتریان به‌سه‌بكاری نشوسته‌كه‌ تۆمه‌تبار كرد، ئیسرائیلییه‌كان ده‌یانگوت ئه‌وه‌ی باراك پێشكه‌شی عه‌ره‌فاتی كردووه‌ هیچ سه‌ركرده‌یه‌كی پێشووی ئیسرائیل نه‌یكردووه‌ به‌جۆرێك رازی بووه‌ قودسی خۆرهه‌لات ببێته‌ پایته‌ختی ده‌وڵه‌تی فه‌له‌ستین و ئیسرائیل له‌(97%)ی كه‌ناری خۆرئاواو (100%)ی كه‌رتی غه‌ززه‌ بكشێته‌وه‌، به‌لام عه‌ره‌فات رازی نه‌بووه‌ ئه‌مه‌ كۆتایی ململانێكه‌و داواكاریی فه‌له‌ستینییه‌كان بێت، له‌به‌رامبه‌ردا فه‌له‌ستینییه‌كان باراك-یان به‌وه‌ تۆمه‌تبار كرد كه‌ویستویه‌تی شوێنه‌ پیرۆزه‌كانی قودس له‌ژێر ده‌سه‌لاتی ئیداره‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تیدا بێت و نایه‌وێت كه‌یسی په‌نابه‌ران چاره‌سه‌ر بكرێن.

ئه‌وه‌بوو دوای دانوستاندنه‌كه‌ی كامپ ده‌یڤید، ئه‌ریێل شارۆن-ی سه‌ركرده‌ی ئۆپۆزسیۆنی باڵی راست، سه‌ردانێكی به‌ته‌شقه‌ڵه‌ی حه‌وشه‌ی مزگه‌وتی ئه‌قسای كرد، ئه‌مه‌ش وایكرد دۆخه‌كه‌ بته‌قێته‌وه‌، كه‌ فه‌له‌ستینییه‌كان به‌(راپه‌ڕینی دووه‌م) ناوزه‌ندی ده‌كه‌ن.

له‌ده‌ستپێكی 2001دا باراك و عه‌ره‌فات له‌(تابا)ی میسر بۆ مێزی گفتوگۆ گه‌ڕانه‌وه‌ به‌ڵكو بتوانن جڵه‌وی مه‌سه‌له‌كانیان له‌ده‌ست نه‌چێت، به‌لام نه‌یانتوانی پێشكه‌وتنێكی ئه‌وتۆ به‌دیبهَنن، هێنده‌ی نه‌برد هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت له‌ئیسرائیلدا كراو باراك له‌لایه‌ن باڵی راستی ئیسرائیله‌وه‌ به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كرا كه‌ویستوویه‌تی ده‌ستبه‌رداری قودس بێت، بۆیه‌ نه‌یتوانی بیباته‌وه‌و له‌ئه‌نجامدا ئه‌ریێل شارۆن بردیه‌وه‌و حزبی لیكۆد بۆ ده‌سه‌لات گه‌ڕایه‌وه‌.

پرۆسه‌ی شووره‌ی پارێزه‌ر

شارۆن قسه‌یه‌كی پێشووتری باراك-ی كردبووه‌ دروشمی خۆی كه‌گوتبووی هاوبه‌ش (شه‌ریك)ێكی فه‌له‌ستینی نییه‌ ئیسرائیل ئاشتی له‌گه‌ڵدا بكات، هه‌روه‌ها شارۆن ده‌ستپێشخه‌ریی ئاشتی عه‌ره‌بی پشتگوێخست كه‌هه‌نگاوێكی مێژوویی بوو كه‌تێكڕای عه‌ره‌ب و دواتر ده‌وڵه‌ته‌ ئیسلامییه‌كان بینێن، شارۆن له‌سه‌ر به‌كارهێنانی هێز وه‌ك ئامرازێكی بنه‌ڕه‌تی له‌ململانێكه‌دا سوور بوو، هه‌روه‌ها له‌به‌رامبه‌ر هه‌ر ته‌قینه‌وه‌یه‌كی خۆكوژیدا كۆمه‌ڵێك فه‌له‌ستینی تیرۆر ده‌كرد، دواتر چه‌ندین ناوچه‌ی كه‌ناری خۆرئاوای دووباره‌ گرته‌وه‌، كه‌ به‌پرۆسه‌ی (شووره‌ی پارێزه‌ر) ناوی ده‌برد جگه‌ له‌وه‌ش عه‌ره‌فاتی له‌باره‌گای خۆیدا له‌ڕامه‌ڵلا تامردن گه‌مارۆدا.

ئه‌مریكییه‌كان له‌ده‌ورانی ئیداره‌ی سه‌رۆك جۆرج بوشی كوڕدا، پاش ناردنی چه‌ندین نێردراوی خۆیان بۆ لای هه‌ردوولا له‌ساڵی 2003دا گه‌یشته‌ (نه‌خشه‌ی رێگا) كه‌ به‌وپێیه‌ ده‌وڵه‌تێكی فه‌له‌ستینی به‌سێ قۆناغ ده‌هێندرێته‌ كایه‌وه‌، گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئه‌و شوێنانه‌ی ئیسرائیل گرتوونیه‌ته‌وه‌، هێنانه‌كایه‌ی ده‌وڵه‌تێكی كایتی بۆ فه‌له‌ستینییه‌كان، ئینجا هه‌نگاونان به‌ره‌و چاره‌سه‌ركردنی یه‌كجاره‌كی، له‌به‌رامبه‌ردا شارۆن پڕۆژه‌كه‌ی به‌ 17 سه‌رنج (تحفڤ)ه‌وه‌ په‌سه‌ندكرد.

پاش مردنی عه‌ره‌فات له‌ساڵی 2004ه‌وه‌ مه‌حموود عه‌باس به‌سه‌رۆكی ده‌سه‌لاتی فه‌له‌ستین له‌ده‌ستپێكی ساڵی 2005دا هه‌ڵبژێردرا، ئه‌گه‌رچی عه‌باس به‌ئاشكرا رایگه‌یاند هه‌موو جۆره‌ توندوتیژییه‌ك دژی ئیسرائیل ده‌وه‌ستێنێت، به‌لام شارۆن ئاماده‌یی خۆی بۆ گۆڕینێكی ریشه‌یی له‌سیاسه‌تی خۆیدا نیشان نه‌داو هیچ دانوستاندنێكی جددی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی فه‌له‌ستیندا نه‌كرد.

شارۆن یه‌كلایه‌نه‌ به‌بێ هیچ هاوئاهه‌نگی یان رێككه‌وتنێك له‌گه‌ڵ فه‌له‌ستینییه‌كاندا پلانێكی پراكتیكی جێبه‌جێ كرد، ئه‌ویش ئه‌وه‌بوو به‌ته‌واوه‌تی له‌كه‌رتی غه‌ززه‌ كشایه‌وه‌و به‌زه‌بری هێز (21) نشینگه‌ی جووله‌كه‌ی له‌وێ له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌، ئینجا له‌چوار نشینگه‌ی دیكه‌ له‌باكوری كه‌ناری خۆرئاوادا كشایه‌وه‌و رایگه‌یاند به‌نیازه‌ له‌ته‌واوی خاكی فه‌له‌ستینییه‌كان بكشێته‌وه‌.

شارۆن به‌م هه‌نگاوه‌ی بووه‌ مایه‌ی ئه‌وه‌ی دینای پێی سه‌رسام بێت، دوابه‌دوای ئه‌وه‌ تووشی ململانێیه‌كی توند بوو له‌ناو حزبه‌كه‌ی خۆیدا، ئه‌وه‌بوو له‌حزبه‌كه‌ كشایه‌وه‌ به‌هاوكاریی له‌گه‌ڵ ده‌سته‌یه‌ك له‌حزبی كار حزبێكی نوێی به‌ناوی حزبی (كادیما) دامه‌زراند، به‌لام هێنده‌ی نه‌برد شارۆن تووشی جه‌ڵته‌ی ده‌ماف بوو له‌گۆڕه‌پانه‌ سیاسییه‌كه‌ دووركه‌وته‌وه‌و ئیهۆد ئۆلمه‌رت هاته‌ شوێنی.

نازناوی سه‌رۆكی فه‌له‌ستین

ئۆڵمه‌رت دانوستاندنێكی نهێنی له‌گه‌ڵ مه‌حمود عه‌باسدا ده‌ستپێكرد یه‌كه‌م به‌رپرسی ئیسرائیلیش بوو نازناوی سه‌رۆكی فه‌له‌ستینی به‌كارده‌هێناو ئالای فه‌له‌ستینی له‌نووسینگه‌كه‌یدا داده‌نا كاتێك پێشوازی له‌عه‌باس ده‌كرد.

هه‌ردوولا دانوستاندێكی تیرۆته‌سه‌لیان له‌سه‌ر ئاستی وه‌فده‌كدا ده‌ستپێكرد، وه‌فدی ئیسرائیل به‌سه‌رۆكایه‌تی تسیبـی لێڤنی-ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌و وه‌فدی فه‌له‌ستین به‌سه‌رۆكایه‌تی ئه‌حمه‌د قریعه‌ بوو. ئه‌م دانوستاندنه‌ له‌كۆنگره‌ی (ئه‌نا پۆلیس)وه‌ به‌میوانداری سه‌رۆك بوش ده‌ستیپێكردو یه‌ك ساڵی بۆ ته‌رخانكراو ساڵه‌كه‌ به‌نیمچه‌ رێككه‌وتنێك كۆتاییهات، به‌لام له‌و سه‌روبه‌ندا پۆلیسی ئیسرائیل (9) فایلی گه‌نده‌ڵیی دژی ئۆلمه‌رت هه‌ڵدایه‌وه‌، بو هۆیه‌وه‌ ئۆلمه‌رت ناچار بوو ده‌ست له‌كاربكێشێته‌وه‌و ئه‌مجاره‌یان له‌هه‌ڵبژاردندا نه‌تانیاهۆ جارێكی دیكه‌ گه‌یشته‌وه‌ حوكم.

وا ساڵێك و نیو تێپه‌ڕی ئینجا دانوستاندنی راسته‌وخۆ له‌نێوان هه‌ردوولادا ده‌ستیپێكرده‌وه‌، به‌لام به‌گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ خانه‌ی پێشوو، نه‌تانیاهۆ به‌تێڕوانینی خۆی و بلۆكی باڵی راستی توندڕه‌و هاتووه‌ بۆ دانوستاندن و عه‌باس-ی سه‌رۆكی فه‌له‌ستینیش متمانه‌ی به‌نه‌تانیاهۆ نییه‌و ته‌نها ده‌یه‌وێت ئه‌و ده‌ربخات كه‌سه‌رۆكی حكومه‌تی ئیسرائیل ئاشتی ناوێت، ئیدی هاكا (حه‌ماس) ته‌قینه‌وه‌یه‌ك ئه‌نجامبدات، نه‌تانیاهۆ به‌به‌هانه‌ی پاراستنی ئاسایش خۆی له‌ئه‌ركه‌كانی ئاشتی ده‌دزێته‌وه‌. تاقیكردنه‌وه‌كه‌ی ئه‌مجاره‌یان بۆ باراك ئۆباما-ی سه‌رۆكی ئه‌مریكایه‌، ئایا وه‌ك خۆی ده‌ڵێت، ده‌توانێت شێلگیرانه‌ ئه‌م دانوستاندنه‌ به‌ره‌و سه‌ركه‌وتن ئیداره‌ بدات؟

Shafaq Live
Shafaq Live