(فه‌ككه)و ئایینده‌ی كێشه سنوورییه‌كانی عیراق و ئێران
هۆكاری چه‌ندین شه‌ڕ و ناكۆكی بووه له‌نێوان هه‌ردوولادا و زۆربه‌ی ناكۆكی و تهنگهژهكانیش ڕێككه‌وتن و په‌یماننامه‌ی به‌دوادا هاتووه، به‌تایبه‌تی كێشه‌ی شه‌تولعه‌ره‌ب كه بنه‌مای زۆربه‌ی ئاڵۆزییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات بووه و تائێستاش ڕێككه‌وتننامه یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كان ده‌ره‌نجامی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی نه‌داوه به‌و كێشه سنوورییه، جارێك ئێران ڕێككه‌وتننامه‌كان هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه و جارێكیش عیراق، وه‌ك ئه‌وه‌ی ساڵی 1969 شای ئێران ئه‌و ڕێككه‌وتننامه‌یه‌ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه له‌گه‌ڵ عیراقدا مۆری كردبوو دوای ئه‌وه‌ی ڕایگه‌یاند هێڵی ناوه‌ڕاستی نێوان شه‌تولعه‌ره‌ب سنووری فه‌رمی نێوان ئێران و عیراقه و ئه‌مه‌ش بارگرژی له‌نێوان هه‌ردوو وڵات‌دا دروستكرد و بووه‌هۆی بڕینی په‌یوه‌ندی دیپلۆماسی نێوان به‌غدا و تاران، پاش ئه‌وه ڕژێمی به‌عس ڕێككه‌وتننامه‌ی جه‌زائیری ساڵی 1975ی له‌گه‌ڵ ڕژێمی شای ئێران‌دا ئیمزاكرد كه خواسته‌كانی تارانی به‌دیهێنا له‌به‌رامبه‌ر سه‌ركوتكردنی شۆڕشی كورددا، به‌ڵام دوای سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانیش سه‌دام حسێن له ساڵی 1980دا یه‌كلایه‌نه ئه‌و ڕێككه‌وتننامه‌یه‌ی ڕه‌تكرده‌وه و داوای ئه‌و ناوچانه‌ی كرده‌وه كه به‌پێی ڕێككه‌وتننامه‌ی جه‌زائیر به‌ئێران درابوون، هه‌ر ئه‌وه‌ش یه‌كێك بوو له‌هۆكاره‌كانی به‌رپابوونی شه‌ڕی هه‌شت ساڵه‌ی نێوان عیراق و ئیران.
دوای ڕووخاندنی ڕژێمی سه‌دامیش كێشه سنوورییه‌كان به‌میراتی مانه‌وه بۆ ده‌سه‌ڵاتی نوێ له به‌غدا، ئه‌گه‌رچی حكومه‌تی عیراق بۆ گفتوگۆ له‌و باره‌یه‌وه چه‌ند جارێك لیژنه‌ی پێكهێناوه و له‌گه‌ڵ لایه‌نی ئێرانی‌دا كۆبووه‌ته‌وه، به‌ڵام كێشه‌كان له‌وه ئاڵۆزتره بۆ حكومه‌تێكی لاوازی ناو ده‌یان كێشه‌ی تر چاره‌سه‌ر بكرێت، به‌تایبه‌تی زۆربه‌ی سه‌ركرده‌كانی ئه‌مڕۆی عیراق دۆست و هاوپه‌یمانی دوێنێی كۆماری ئیسلامین و ئێرانیش له‌م كاته‌دا گهمهچییهكی كارای سه‌ر گۆڕه‌پانه عیراقییهكهیه.
له‌دوای ساڵی 2003 و ڕووخاندنی ڕژێمی سه‌دامه‌وه تائێستا چه‌ند جارێك ئێران ناوچه سنوورییه‌كانی به‌زاندووه و ناوه‌نده ڕۆژنامه‌وانییه‌كان و هه‌ندێ سه‌رچاوه‌ی ڕه‌سمی عیراقیش ئه‌و حاڵه‌تانه‌ی ئاشكرا كردووه، به‌ڵام حكومه‌تی به‌غدا ئه‌و ڕووداوانه‌ی دووپات نه‌كردووه‌ته‌وه و به ڕێگای تایبه‌تی چاره‌سه‌ركراون، بۆ نموونه ئێرانییه‌كان چه‌ند جارێك هاتوونه‌ته ناو به‌نده‌ره‌كان و سه‌ر بیره نه‌وتییه‌كانی باشوور، ڕه‌وشه‌كه زۆر درێژه‌ی نه‌كێشاوه و هیچ لایه‌نێكی ڕه‌سمیش له‌هه‌ردوو وڵات دانی به‌و ڕووداوانه‌دا نه‌ناوه.
كۆتایی هه‌فته‌ی ڕابردووش كۆمه‌ڵێك سه‌ربازی ئێرانی كۆنترۆڵی بیرێكی نه‌وتی سه‌رسنووری عیراقیان كرد و ئه‌و هێزه ئێرانییه هاتنه ناو خاكی عیراقه‌وه و ئاڵای وڵاته‌كه‌یان له‌سه‌ر ئه‌و بیره نه‌وتییه به‌رزكرده‌وه، سه‌ره‌تا حكومه‌تی تاران ئه‌و ڕووداوه‌ی ڕه‌تكرده‌وه و به‌غداش دوای ماوه‌یه‌ك له داگیركردنی بیره نه‌وتییه عیراقییه دانی به‌هاتنه ناوه‌وه‌ی ئێرانییه‌كاندا ناو ئه‌نجومه‌نی سیاسی ئاسایشی نیشتیمانی به‌و هۆیه‌وه كۆبوویه‌وه.
ئه‌وه‌ی حاڵه‌تێكی به‌رجه‌سته‌یه له‌ناو واقیعی نوێی عیراقی‌دا بوونی نفوزی سیاسی كۆماری ئیسلامی ئێرانه، به‌ڵام ئێستا ڕه‌وشه‌كه به‌ئاراسته‌یه‌كی تردا براوه كه بوونی سه‌ربازی و مه‌یدانیی ئه‌و وڵاته‌یه له‌سه‌ر خاكی عیراق، كه پێده‌چێت ئه‌گه‌ر دۆخه‌كه چاره‌سه‌رێكی دیپلۆماسی بۆ نه‌دۆزرێته‌وه ده‌رهاوێشته‌ی خراپی لێبكه‌وێته‌وه له‌سه‌ر ئاستی په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌م دوو وڵاته و بگره ڕه‌وشه ئیقلیمییه تایبهتهكهش به دۆسیه‌ی عیراقه‌وه.
كرده سه‌ربازییه‌كه‌ی ئێران هاوپه‌یمانه عیراقییه‌كانی ئیحراج ده‌كات كه تائێستا ئه‌م جۆره سنووربهزێنییهی ئێرانییه‌كانیان په‌رده‌پۆش كردووه و شه‌فافانه مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ دۆخه هاوشێوه‌كانیدا نه‌كردووه، بگره ناوه‌رۆكی گفتوگۆكانی نێوان هه‌ردوولاش ده‌رباره‌ی كێشه سنوورییه‌كان بۆ ڕای گشتی عیراقی و ناوه‌نده سیاسییه‌كانی ناوخۆ ئاشكرا نه‌كراوه، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان كۆماری ئیسلامی هه‌نگاوێكی بێ باكانهی ناوه و به‌غداش هه‌نگاوه‌كه‌ی بۆ نه‌شاراوه‌ته‌وه.
چاودێرانی بارودۆخه‌كه ئه‌م پێشهاته نوێیه ده‌به‌ستنه‌وه به‌نمایشێكی ئێرانییه‌وه كه ده‌یه‌وێت له‌و ڕێگه‌یه‌وه په‌یامی خۆی ئاراسته‌ی ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی عیراق بكات، به‌سه‌ركرده سیاسییه‌كانی عیراق بڵێت ئه‌و یاریچییهكی بهههژموونه له گۆڕه‌پانه‌كه‌دا و ده‌توانێت گۆڕانكاری به‌سه‌ر هاوكێشه‌كاندا بهێنێت، به‌ده‌ره‌وه‌ش بڵێت ئێران ده‌توانێت مه‌یدانیانه ئاوێته‌ی دۆخی ناوچه‌كه ببێت، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش دووپات بكاته‌وه كه ئه‌ویش به‌بایه‌خه‌وه لهسهرمایهی نه‌وتیی ناوچه‌كه ده‌ڕوانێت و ناكرێت به‌ده‌ر له به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌و مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و سامانه سروشتییه‌ی ده‌وروبه‌ریدا بكرێت.
ئه‌م بیره نه‌وتییه یه‌كێكه له‌و خاڵه سنوورییانه‌ی كێشه‌یان له‌سه‌ره و ته‌نها 500 مه‌تر له سنووره‌وه دووره و به‌پێی ڕێككه‌وتننامه‌ی هودنه‌ی ڕاگرتنی شه‌ڕی عیراق - ئێران 1988 كه‌وتووه‌ته ناو خاكی عیراقه‌وه، به‌پێی وته‌ی ئه‌فسه‌رێكی ئه‌مریكی پێشتر له‌ناو سنووری ئێراندابووه و تائێستاش ئێرانییه‌كان چه‌ندین جار هاتوونه‌ته ئه‌و شوێنه و ئاڵای عیراقیان داگرتووه و ئاڵای وڵاته‌كه‌یان به‌سه‌ره‌وه به‌رزكردووه‌ته‌وه و دواتر كشاونه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ی كێشه‌كه‌ی له‌م جاره‌دا ورووژاندووه نه‌كشانه‌وه‌ی ئه‌و مه‌فره‌زه چه‌كداره‌ی سوپای ئێرانه.
جگه له‌و بیره نه‌وتییه چه‌ند بیرێكی تر كه‌وتوونه‌ته ناو ناوچه سنوورییه كێشه‌داره‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵاته‌وه و سه‌ره‌ڕای چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌ی دوو قۆڵی نێوان لیژنه تایبه‌تمه‌نده‌كانی عیراق و ئێران كێشه‌ی ئه‌و ناوچانه وه‌ك خۆیان ماونه‌ته‌وه و له هه‌موو كاتێكدا ئه‌گه‌ری دووباره‌بوونه‌وه‌ی ڕووداوه‌كه‌ی هه‌فته‌ی ڕابردووی بیره نه‌وتییه‌كه‌ی فه‌ككه له ئارادا هه‌یه، بۆیه باشترین چاره‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ ڕێككه‌وتننامه پێشووه‌كان، یان گه‌ڵاڵه‌كردنی ڕێككه‌وتننامه‌یه‌كی نوێ كه به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوو وڵاتی تیادا ڕه‌چاو كرابێت.
داگیركردنی بیری نه‌وتیی فه‌ككه له باشووری عیراق ڕێگا بۆ ده‌ستتێوه‌ردانی ئه‌مریكی و ئیقلیمی لهكێشهكهدا خۆش ده‌كات و ناسه‌قامگیری زیاتر له‌ناوچه‌كه‌دا ده‌خوڵقێنێت، به‌تایبه‌تی عیراق هێشتا له‌ژێر باری به‌ندی حه‌وته‌می میساقی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كاندایه و به‌و پێیه هێشتا ئه‌مریكا هه‌ندێ پابه‌ندی له‌سه‌ر ماوه ده‌رباره‌ی پاراستنی سه‌روه‌ری خاكی عیراق و به‌رگیری له هه‌ر ده‌خاله‌تێكی ده‌ره‌كی، ئه‌مش له به‌رژه‌وه‌ندی ئێران‌دا نییه.
كۆماری ئیسلامی ئێران دوای ڕووخاندنی ڕژێمی به‌عس یه‌كه‌م وڵات بوو كه دانی به‌شه‌رعییه‌تی بارودۆخی نوێی عیراقدا ناو مامه‌ڵه‌ی ڕه‌سمی له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی حوكمی عیراقی‌دا كرد، سه‌ره‌ڕای بوونی ئه‌و كێشه سنوورییه چارهسهرنهكراوانهش په‌یوه‌ندییه دووقۆڵییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات به‌خێرایی گه‌شه‌ی كرد و چه‌ندین ڕێككه‌وتننامه‌ی سیاسی و ئه‌منی و ئابووری لێكهوتهوه و لیژنه‌كانی به‌دواداچوونی جێبه‌جێكردنی ئه‌و ڕێككهوتننامانه پێكهێنران و له ڕووی ئابووری و سیاسییه‌وه تائێستا ڕه‌وشه‌كه زیاتر له‌به‌رژه‌وه‌نی ئێران بووه. بۆیه ئه‌وه بۆ چاودێرانی سیاسی بووه‌ته پرسیار كه به‌كارهێنانی هێز له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه له‌م كاته‌دا بۆ؟
له‌م باره‌یه‌وه گه‌لێك بیروڕا و لێكدانه‌وه‌ی جیاواز كراوه كه زۆربه‌یان بارگاوییه به هه‌ڵوێستی پێشوه‌خت و ڕوانینی نێگه‌تیڤانه‌ی ئه‌و خاوه‌ن ڕوانگانه بۆ سیاسه‌ته‌كانی كۆماری ئیسلامی له‌ناوچه‌كه‌دا، هه‌ر ئه‌وانه‌ش ئه‌م بارودۆخه ده‌قۆزنه‌وه بۆ دروستكردنی ڕایه‌كی گشتی له‌سه‌ر ئاستی ڕه‌سمی و هه‌روه‌ها جه‌ماوه‌ریی دژی تاران، به‌تایبه‌تی شه‌حنكردنی شه‌قامی عه‌ره‌بی. له‌و ڕووه‌وه، بۆیه ئه‌وه‌ی له‌م قۆناغه‌دا له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئێراندایه چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م كێشه سنوورییهیه به‌شێوه‌ی دیپلۆماسی و كشانه‌وه‌ی ئه‌و هێزه ئێرانییه بۆ شوێنه‌كانی خۆیان تا ئه‌و كاته‌ی به‌پێی ڕێككه‌وتننامه‌یه‌كی دووقۆڵی یان زیاتر كێشه سنوورییه‌كانی نێوان عیراق و ئێران چاره‌سه‌ر ده‌كرێن.