شكستهێنانی کۆنفرانسی که‌ش و هه‌وا یا سه‌ره‌تایه‌کی ئه‌رێنی

شكستهێنانی کۆنفرانسی که‌ش و هه‌وا یا سه‌ره‌تایه‌کی ئه‌رێنی
2009-12-20T13:36:01+00:00

ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕاله‌ نێوان سه‌رکرده‌کانی جیهاندا، دووچاری فه‌شه‌ل هات و سه‌رکرده‌کانی جیهان نه‌مازه‌ سه‌رکرده‌کانی وڵاتانی ده‌وڵه‌مه‌ند نه‌یانتوانی بگه‌نه‌ کۆده‌نگیه‌ک سه‌باره‌ت به‌ دانانی میکانیزمی گونجاو بۆ که‌م کردنه‌وه‌ی ڕێژه‌ی گازه‌کانی سی ئۆ دووی کاربۆن و ڕێگه‌ گرتن له‌ گه‌رم بوونی زه‌وی.ئه‌و ڕه‌شنووسه‌ بڕیاره‌یشی که‌وا سه‌کرده‌کانی جیهان هێنایانه‌ ئاراوه‌ چ له‌ ڕووی ناوه‌ڕۆک و چ له‌ ڕووی دارشتن و ناوه‌رۆکه‌وه‌ ته‌نیا به‌ سه‌ره‌تایه‌ک ده‌ژمێردرێت بۆ درێژه‌ پێدانی دانوستان و بیروڕاگۆڕینه‌وه‌کانی داهاتوو به‌ تایبه‌تی ئه‌م کۆنفرانسه‌ لووتکه‌یه‌ی وا بڕیاره‌ له‌ ئایینده‌دا له‌ وڵاتی مێکزیک بهێته‌ گرێدان.به‌داخه‌وه‌ سه‌رکرده‌کانی 119 وڵات له‌ گه‌یشتن به‌ ڕێککه‌وتنێکی مێژوویی و هیوابه‌خش به‌ میلیارده‌ها دانیشتووی جیهان و تازه‌ کردنه‌وه‌ی ئومێد و هیواکان به‌ گه‌لانی هه‌ژار و وڵاتانی تازه‌ گه‌شه‌ سه‌ندووه‌وه‌و یارمه‌تیدانیان بۆ ده‌رباز بوونیان له‌ مه‌ترسیه‌کانی گۆڕانی که‌ش و هه‌واو ڕه‌واندنه‌وه‌ی ئه‌گه‌ره‌ ترسناکه‌کانی سه‌رهه‌ڵدانی وشکه‌ساڵی و هه‌ڵ کردنی باووبۆران و تێکچوونوی شیرازه‌ی ژیان، به‌ ناکامیه‌وه‌ دانیمارکیان جێ هێشت و ماڵئاواییان له‌ که‌ش وهه‌وای سار وسه‌هۆڵبه‌ندانی ئه‌مساڵی دانیمارک کرد.هه‌رچه‌نده‌ له‌ دوا ساته‌کانی کۆتایی هاتنی کۆنفرانسه‌که‌، مه‌ترسی تێکچوون و له‌بار چوونی گفتوگۆکان زۆر به‌ هێز بوو و زۆربه‌ی چاودێران و شاره‌زایانی که‌ش و هه‌وا پێیان وابوو وڵاتانی زلهێز ئه‌سته‌مه‌ له‌ ئاست داواکاری وڵاتانی تازه‌ گه‌شه‌ سه‌ندوودا نه‌رمی بنوێنن و ڕه‌زامه‌ندی پیشان بده‌ن له‌ پێناو که‌م کردنه‌وه‌ی ڕێژه‌ی گازه‌ ژه‌هراویه‌کان، لێ هه‌وڵ درا گه‌یشتن به‌ ده‌قێکی ڕاگه‌یه‌ندراوی فه‌رمی به‌ سه‌رکه‌وتن له‌ قه‌ڵه‌م بدرێت و هه‌وڵه‌کان به‌ فیڕۆ نه‌چن.ئه‌و ده‌قه‌یشی سه‌رکرده‌کانی جیهان پێی گه‌یشتن، ده‌قێکی یاسایی و کامڵ نیه‌ و به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک نه‌بۆته‌ جێگای ڕه‌زامه‌ندی وڵاتانی تازه‌ گه‌شه‌سه‌ندوو هه‌ژاره‌وه‌.وێرای ئه‌مه‌ش ئه‌م ڕێککه‌وتنه‌ هیچ جۆره‌ بنه‌مایه‌کی یاسایی نیه‌و ناوه‌رۆکه‌که‌ی ناکرێ ببێته‌ هۆی پابه‌ند کردنی وڵاتانی جیهان به‌ ناوه‌رۆکه‌ هه‌ژاره‌که‌یه‌وه‌. به‌ واتایه‌کی تر ناوه‌رۆکی ئه‌م ڕێککه‌وتن نامه‌یه‌ له‌ ڕووی به‌ندو شه‌رتومه‌رج و  ده‌وڵه‌مه‌ندی و بواری یاساوه‌ خاوه‌نی هیچ میکانیزمێکی کۆنکرێتیی مکوم نیه‌و هیچ چه‌شنه‌ ئه‌نجام یا ڕێوشوێنێکی قانونی بۆ ڕیگه‌ گرتن له‌ گه‌رمتر بوونی که‌شو هه‌واوه‌ نادات به‌ ده‌سته‌وه‌.له‌ ناوه‌رۆکی ده‌قه‌که‌دا هاتووه‌، وڵاتانی جیهان هه‌رکامه‌یان له‌ لایه‌ن خۆیانه‌وه‌ ده‌کارن لیستێک ئاماده‌بکه‌ن و تیایدا پێشنیارو میکانیزمی گونجاو بۆ پاراستنی که‌ش و هه‌وا بخه‌نه‌ به‌رده‌م ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کانه‌وه‌ تا کو له‌ کۆنفرانسه‌کانی داهاتوودا قسه‌و باسیان له‌ باره‌یه‌وه‌ بکرێت و خاڵه‌کان بخرێنه‌ نێو به‌رنامه‌ی گفتوگۆ ئاڵوگۆڕکراوه‌کانه‌وه‌‌.له‌مه‌ش زیاتر له‌ ناوه‌رۆکی ڕێککه‌وتن نامه‌که‌دا هاتووه‌،  گه‌ره‌که‌ وڵاتانی ئه‌ندامی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان به‌ دانانی ئاڕمانجی دیاریکراو، مه‌زه‌نده‌ی ئه‌و سه‌رمایه‌و پاره‌یه‌ بکه‌ن  وڵاتان بۆ پاراستنی که‌ش وهه‌وا ساڵانه‌ پێویستیانه‌. ئه‌مریکا له‌ لای خۆیه‌ ئاماده‌یی ته‌رخان کردنی 100 ملیارد دۆلاری بۆ ساڵی 2020 ده‌ربڕیوه‌، به‌ڵام ڕێکخراوه‌ ناحکومیه‌کان به‌ تایبه‌تی ڕێکخراوی " گرین پیس" یا ئاشتی سه‌وز ئه‌م پێشنیازه‌ی ئه‌مریکیه‌کانی به‌ به‌ڵێنێكی بێ بنه‌ما و مایه‌ پوچ له‌ قه‌ڵه‌م داوه‌، به‌ بیانووی ئه‌وه‌ی ئه‌مریکا له‌ پێشنیازه‌که‌یدا دیاری نه‌کردووه‌ ئه‌م بڕه‌ پاره‌ زۆره‌یه‌ له‌ چ ڕێگه‌یه‌که‌وه‌ به‌ده‌ست ده‌خات و چۆن خه‌رجی ده‌کات و زیاتر گرینگی به‌ چ بوارێک ده‌دات. وێرای ئه‌مه‌ش وڵاتانی هه‌ژار و تازه‌ گه‌شه‌ سه‌ندوو ڕایانگه‌یاندووه‌ ئه‌مانه‌ ساڵانه‌ له‌ بڕێ 100 ملیارد، پێویستیان به‌ دوو سه‌د ملیارد دۆلاره‌. دابین کردنی ئه‌م پاره‌یه‌ش، به‌ گوێره‌ی لێدوانی  دانوستانکارانی وڵاتانی تازه‌ گه‌شه‌ سه‌ندووه‌وه‌ ده‌بێ هاوکات و هه‌ماهه‌نگ بێ له‌گه‌ڵ نه‌رمی نواندنی ئه‌مریکا و چین به‌ پله‌ی سه‌ره‌کی و که‌م کردنه‌وه‌ی ڕێژه‌ی گازه‌ کوشنده‌ و زیان به خشه‌کانیانه‌وه‌.هه‌رچه‌نده‌ کۆبوونه‌وه چڕه‌که‌ی هه‌ردوو سه‌رکرده‌که‌ی چین وئه‌مریکا له‌ دوا ساته‌کانی به‌ کۆتا هاتنی کۆنفرانسه‌که‌ی کۆپن هاگن، چه‌ندین کاتژمێری خایاند و گشت لایه‌ن به‌شداربووه‌کان چاوه‌ڕوانی هه‌وڵ و کۆششی سه‌رۆکی هه‌ردوو وڵاتی زلهێز و زه‌نگین بوون بۆ نه‌رمی نواندنیان و ڕازی بوونیان به‌ که‌مکردنه‌وه‌ی گازه‌ زیانبه‌خشه‌کانه‌وه‌، لێ ده‌ره‌نجامه‌کان به‌ پێچه‌وانه‌ی ئاستی چاوه‌ڕوانیه‌کانه‌وه‌ ده‌رچوون و ئه‌مانه‌ نه‌یانتوانی بگنه‌ کۆده‌نگیه‌ک و بۆیه‌ش به‌شێک له‌ ئاماده‌بووانی کۆنفرانس به‌ نائومێدیه‌وه‌ هۆڵی کۆنفرانسیان به‌ جێ هێشت. له‌مانه‌ش مێدڤێدێڤ ی سه‌رۆکی ڕووسیه‌  و هۆگۆ شاوێزی سه‌رۆکی ڤێنزوێلا. وا دیار بوو ئۆباما و سه‌رۆکی چین له‌ ده‌ست نیشان کردنی ممیکانیزمه‌کان هاوڕاو هاو بیر نه‌بوون.هه‌ڵبه‌ته‌ به‌رله‌ دوو مانگ سه‌رۆک وه‌زیرانی دانیمارکی ڕه‌شبینی خۆی به سه‌رکه‌وتنی کۆنفرانسه‌که‌ نه‌شاردبۆوه‌و‌ گه‌ڵاڵه‌ کردنی بڕیارنامه‌ یا کۆتایینامه‌یه‌کی فه‌رمی و به‌هێزی له‌ کۆپنهاگن‌ ڕاگه‌یاندبوو و ئاماژه‌ی دابوو به‌ ئه‌سته‌م بوونی دانوستانه‌کان و به‌رژه‌وه‌ندپارێزی کۆمه‌ڵێک له‌و وڵاتانه‌ی ئاماده‌ نین هاوکار بن له‌ پاراستنی که‌ش و هه‌وای جیهان و ڕێ گرتن له‌ زیاتر گه‌رم بوونی پله‌ی گه‌رمای گۆی زه‌ویه‌وه‌. لێ له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا کۆنفرانسه‌که‌ له‌ خۆیدا ده‌کرێت ببێته‌ هه‌نگاوێکی سه‌ره‌تایی یا خاڵێکی ده‌سپێک بۆ ئیش کردن له‌ سه‌ر ئه‌و زه‌مینه‌ ڕه‌خساوه‌یه‌و درێژه‌دان به‌ گفتوگۆکان له‌ کۆنفرانس و دانیشتن و کۆبوونه‌وه‌کانی داهاتوودا.هه‌رچه‌نده‌ سه‌رکرده‌کانی جیهان نه‌یانتوانی ئه‌مجاره‌ له‌ کۆپنهاگندا ڕێککه‌وتن نامه‌یه‌کی گشتگیری هه‌مه‌لایه‌نی مێژوویی جیهانی و سیاسی گه‌ڵاڵه‌بکه‌ن، لێ  ئه‌م هه‌وڵه‌یان ده‌کرێ به‌ سه‌ره‌تایه‌کی دڵخۆشکه‌ر له‌ قه‌ڵه‌م بدرێت بۆ نیازپاکی وڵاتانی ده‌وڵه‌مه‌ند و گه‌شه‌ سه‌ندوو، به‌وه‌ی ئه‌مانه‌ ئاماده‌ن له‌ پێناوی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی یا ڕزگار کردنی که‌ش وهه‌وای جیهانیش بێ بیروڕا بگۆڕنه‌وه‌و گوێ له‌ داخوازی، بۆچوون و رای یه‌کتر بگرن، به‌ پێچه‌وانه‌ی ساڵانی ڕابردوو، که‌وا جیهان دووچاری دووبه‌ره‌کی و لێکترازانێکی ترسناک هاتبوو و ته‌نانه‌ت ئه‌م ناکۆکیه‌ که‌وتبووه‌ نێو وڵاتانی ئه‌وڕووپیش به‌هۆی نه‌بوونی یه‌کده‌نگی و یه‌کهه‌ڵوێستیانه‌وه‌ له‌هه‌مبه‌ر زۆربه‌ی کێشه‌ هاستیاره‌کانی جیهانیه‌وه‌.

 

Shafaq Live
Shafaq Live