سوپای عیراق دوای كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا

سوپای عیراق دوای كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا
2010-09-20T17:40:57+00:00

له‌سه‌ر ده‌كرێت ڕاده‌ی ئاماده‌یی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عیراقه‌ بۆ كۆنترۆڵكردنی دۆسیه‌ی ئه‌منی له‌ پارێزگاكانی وڵاتدا، هه‌ندێك له‌به‌رپرسه‌ باڵاكانی عیراق له‌سه‌روشیانه‌وه‌ (مالیكی) سه‌رۆك وه‌زیران پێیانوایه‌ كه‌ هێزه‌كانی عیراق ئاماده‌یی ته‌واویان هه‌یه‌ بۆ كۆنتڕۆڵكردنی باری ئه‌منی، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌كان ماوه‌یه‌كه‌ سه‌ریان هه‌ڵداوه‌ته‌وه‌ و قاعیده‌ و گرووپه‌كانی تریش خۆیان بۆ سه‌لماندنی بێ ده‌سه‌ڵاتی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌ئاستی ئه‌م كرده‌وانه‌دا ساز ئه‌ده‌ن ته‌نانه‌ت هه‌ڕه‌شه‌ له‌ خودی‌ وه‌زاره‌تی‌ به‌رگریش ده‌كه‌ن. پرسی توانایی سوپای عیراق بۆ شوێنگرتنه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا كه‌ كۆڵه‌كه‌ی سه‌ره‌كی سه‌قامگیركردنی ئه‌منی له‌ عیراقی ئێستادا پێكئه‌هێنێ به‌ستراوه‌ به‌ چه‌ند فاكته‌رێكی سیاسی ‌و سه‌ربازی ئه‌وتۆوه‌ كه‌ ده‌كرێت هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌ر هه‌ندێكیان بكه‌ین، سه‌ره‌تا ده‌بێت ئه‌وه‌ بڵێین كه‌ سوپای عیراق تائێستا خاوه‌نی عه‌قیده‌یه‌كی سیاسی ‌و ستراتیژی ڕوون نییه‌، ئه‌مه‌ش بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌م سوپایه‌ بكه‌وێته‌ ژێر كاریگه‌ریی هێزه‌ سیاسییه‌كانه‌وه‌. ئه‌وه‌ی به‌وردی سه‌رنجبداته‌ پانۆرامای ڕووداوه‌كان ‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌كان چه‌ند ساڵ له‌مه‌وپێش زۆر ڕاستی ڕوونی له‌م باره‌یه‌وه‌ بۆ ده‌رده‌كه‌وێت. له‌ ساڵی (2004)ه‌وه‌ كه‌ ڕووداوه‌كانی نه‌جه‌ف ‌و فه‌لوجه‌ و به‌غدا ‌و سامه‌ڕا و تكریت ‌و نه‌ینه‌وا ئه‌دای كاره‌ساتباری ئه‌م سوپایه‌یان ده‌رده‌خست تا ده‌گاته‌ ساڵه‌كانی دوایی كه‌ له‌ كه‌ركوك ‌و قه‌ره‌ته‌په‌ و جه‌له‌ولا و خانه‌قین وه‌ك ئامرازێك به‌ده‌ست لایه‌نه‌ شۆڤێنییه‌كانه‌وه‌ دژ به‌ گه‌لی كورد به‌كارهێنراوه‌ و بۆ درێژه‌پێدانی سیاسه‌تی پاكتاوی نه‌ژادی سوودی لێوه‌رگیراوه‌. شۆڤێنییه‌كان تائێستاش كاریگه‌ریی زۆریان له‌سه‌ر سوپای عیراق هه‌یه‌ ‌و هه‌وڵده‌ده‌ن بۆ ڕكابه‌ری پێشمه‌رگه‌ به‌كاریبهێنن، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا پێشمه‌رگه‌ش به‌شێكه‌ له‌ سیسته‌می به‌رگری نیشتمانی عیراق ‌و له‌ ساڵانی‌ ڕابردوودا هاوكارێكی‌ كارای‌ حكومه‌ت ‌و هێزه‌ فره‌ ڕه‌گه‌زه‌كان بووه‌ بۆ پارێزگاری‌ له‌ ئه‌منی‌ به‌غدا ‌و ناوچه‌كانی‌ سێگۆشه‌ی‌ سوننی‌، خودی حكومه‌تی عیراقیش ڕه‌زامه‌ند بووه‌ له‌سه‌ر چه‌كداركردن ‌و مه‌شقپێكردن ‌و پاره‌داركردنی وه‌ك هێزی پارێزگاری هه‌رێمی كوردستانی عیراق. هێشتنه‌وه‌ی چه‌ندین كێشه‌ به‌ هه‌ڵپه‌سێردروای به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی په‌یوه‌ندیان به‌پێكهاته‌ و ئه‌دای سوپاوه‌یه‌ بۆ قۆناغی دوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا زیانی گه‌وره‌ به‌ عیراق ده‌گه‌یه‌نێ. پێویسته‌ سوپای عیراق لێره‌ به‌دواوه‌ سوپای هه‌موو عیراقییه‌كان بێ ‌و هه‌ریه‌ك له‌ پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی ‌و مه‌زهه‌بییه‌كان به‌پێی ڕێژه‌ی خۆیان بوونیان له‌م سوپایه‌دا هه‌بێت. خۆ ئه‌گه‌ر له‌هه‌ر پارێزگایه‌ك ‌و هه‌ر ناوچه‌یه‌كدا له‌ژێر كاریگه‌ریی تایه‌فه‌ و لایه‌نێكی سیاسی باڵاده‌ستدا بێت ئه‌وا ده‌بێته‌ سوپایه‌كی پارچه‌ پارچه‌ی ئه‌وتۆ كه‌ ناتوانێ هیچ ڕۆڵێك له‌ كۆنترۆڵكردنی ئه‌منی وڵات ‌و پارێزگاری سنووره‌كانیدا بگێڕێ. ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك له‌لایه‌كی تره‌وه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌و ئه‌فسه‌رانه‌ی پێشتر له‌ ده‌زگا سه‌ركوتكه‌ره‌كانی به‌عسدا كاریان كردووه‌ و دوای گه‌ڕانه‌وه‌یان به‌هه‌مان هه‌ناسه‌ی شۆڤێنیستانه‌وه‌ كار ده‌كه‌ن به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌فسه‌رانی‌ كورد ‌و دانیشتوانی‌ كوردی‌ ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كانی‌ كوردستان ئه‌مه‌ش زه‌نگێكی‌ خه‌ته‌رناكه‌ بۆ ئه‌گه‌ری‌ تێوه‌گلانی‌ سوپا له‌ كێشه‌ ‌و ململانێ‌ سیاسییه‌كان ‌و نابێ‌ له‌م ڕووه‌شه‌وه‌ خراپترین ئه‌گه‌ره‌كانیش به‌ دووربزانین. ئه‌مانه‌ ‌و زۆر كێشه‌ی‌ تر هه‌ن ڕێگرن له‌ به‌رده‌م ئه‌دای‌ نیشتمانیانه‌ی‌ سوپای‌ عیراق ‌و بوونی‌ به‌ هێزی‌ ڕاسته‌قینه‌ی‌  به‌رگری‌ له‌ سه‌روه‌ری‌ عیراق، بۆیه‌ ده‌بێ گۆڕین له‌و عه‌قڵیه‌ته‌دا بكرێ كه‌ سه‌ركردایه‌تی سوپا ده‌كات ‌و ئاڕاسته‌ی ده‌كات، ئه‌مه‌ش ناكرێت تا ئه‌وكاته‌ی حكومه‌تی ئاینده‌ پێكده‌هێنرێت وه‌زاره‌تی به‌رگری له‌سه‌ر بنچینه‌ی شه‌راكه‌تی نیشتمان په‌روه‌رانه‌ی نوێدا دابڕێژرێته‌وه‌ و سوپاش ده‌بێته‌ سوپای هه‌موو عیراقییه‌كان.

 

Shafaq Live
Shafaq Live