زەوی لەرزە تەلار دەڕوخێنی، بەڵام دەسەڵات نە

زەوی لەرزە تەلار دەڕوخێنی، بەڵام دەسەڵات نە
2023-06-06T18:40:42+00:00

بەدر ئیسماعیل/ زەوی لەرزە هەشت ریختەریەکە، کە ناوچەیەکی فراوانی شار و گوندەکانی تورکیای بەسەریەکدا روخاند و مەرگەساتێکی بێ وێنەی لەمێژووی نوێی تورکیا هێنا ئاراوە، چاوەڕوان دەکرا دوا لەرزەکانی بگوازرێنەوە ناو پرۆسەی سیاسی تورکیا و هەژانێکی جێگۆڕکێکەر لە کۆشکی کۆماری تورکیا بەدی بێنی، لێ ئەوە روینەدا و کۆشکنشین جێگەی خۆی لەسەر کورسییەکە قایمیتر کرد.  گومانهەڵناگرێ کە رەجەب تەیب ئەردۆغان لە تایپی ئەو رێبەر و سیاسەتمەدارانەی جیهان دێتە هەژمار، کە لە رێگای پرەنیسیپە دیمۆکراتییەکان و بەها و شێوازە خەباتکارییەکانی مرۆیی جیهانی لیبرالی و شێوازی مۆدێڕنی ملمڵانە و گەنگەشەی مەدەنی لەپێناو وەدەستهینان و مسۆگەرکردنی هێز و دەسەڵاتی سیاسی گەیشتۆتە سەر ترۆپکی دەسەڵاتی حوکمڕانی. ئەردۆغان برژاو و کوڵاو و پێگەیشتووی چێشتخانەی گەرمی وڵاتێکە، کە لەمێژ ساڵبوو ژەنەراڵەکانی سوپا رۆڵێکی یەکلاکەرەوە و سەرەکییان تێدا دەگێڕا و ئاگردانی ژێر مەنجەڵی سیاسەت و بەڕێوەبەری وڵاتیان، سوتێنەر و پڕ مەترسی و ناسەقامگیر دەهێشتەوە.  پێگەو باوەڕبخۆبوون و مەیدانخوازیی ئەردۆغان ئەو دەمە لەهەمیشە بەهێزتر خۆی خستە سەر شانۆی لەیستنی دەسەڵاتی سیاسی تورکیا، کە بە هۆی هێزە جەماوەریەکەی لە دژەکردەوەیەکی شۆڕشگێڕانە ئاسادا، کودەتای ساڵی ٢٠١٦  تێک دەشکێنێ و پتانسێڵی شەقام بەشێوەیەکی زۆر سەرکەوتووانە، دژی بنگە و میراتی هزری کودەتاگەری ئاراستە دەکات. لەو قۆناغە بەدواوەیە هەژمونخوازی و گشتخوازیی ئەو بەتەواوی دەردەکەوێ و لەدەرەوەی چوارچێوە یاساییەکانی فەرمانڕەوایی سیاسی و رێکارەکانی مۆدێڕن و دیموکراتیک، دەبێتە رێبەرێک کە رێڕەوی گٶڕانکاری سیاسەتی جەماوەری و لیبرالی تورکیا، بەرەو فەرمانفەرماییەکی تاکەکەسی دەبا و بناغەیەکی موکومی پاوانکارییەکی تازەبابەت دادەدەڕێژێ و جێگیری دەکات. ئێستا دوای تێپەڕینی حەفت ساڵ بەسەر کودەتاکە و گوزەرکردن بەناو خوڵێکی پڕ لە هەوراز و نشێو و دەربازکردنی چەندان قۆناغی سەخت و دژوار، ئەردۆغان ئەو کەسایەتییەی لەسەر لێواری شکان و تیاچونێکی حەتمی، ئێستا ئاست بەرزتر و بەدەسەڵاتتر لە سەرۆککۆمارێکی ئاسایی، بۆ پێنچ ساڵی تر گەڕاوەتەوە سەر بەرزترین دوندی دەسەڵاستداریی وڵاتێک، کە هەموو یاسا و رێسا و ستراتیژییەکانی بەڕێوەبەری دەوڵەتی لەگۆر جهانبینی و روانگەسیاسییەکانی خۆی رێکخستووە و داڕشتۆتەوە، بۆیە پێدەچێت کە لەو پێنج ساڵەدا هەموو فەزا و ئاسۆ و دەڵاقەکانی ئازادی، بەرووی ئۆپۆزسیۆن و راگەیاندن و بیروڕای ئازاد، بە ئەندازەی بەرژەوەندییەکان و مسۆگەری دوارۆژی پارتەکەی و چاوەڕوانییەکانی ئیسڵامی (میراتی) لەناوەوەی وڵات و رەوتی ئیسلامی سیاسی هاوپەیمانی، لەدەرەوەی سنورەرکان، بەرتەسک بکاتەوە و لەقالبی بدات. ئەو ئەزموونەی لە ساڵی ١٩٩٤ تاکوو ١٩٩٨ لە سەرۆکایەتی شارەوانی ئێستامبۆڵ وەدەست دێنێ، پێدەچێت لە نەخشەرێژکردنی هزری و پلانە ستراتیژیەکانی بەرێز ئەردۆغان، لە مڵمڵانە و دژایەتی و وەدرنانی نەیارەکانی لە گەردونەی رکەبەرایەتی سیاسی، رۆلیکی گرنگ و بنچینەییان هەبووبێت. چۆن لەسەردەمی سەرۆکایەتی شارەوانیدا،  بڕیاردان لەبارەی پاککردنەوەی شەقام و کۆڵان و محەلەکانی شاری، لە خاشاک و کەرەستەی زیادەی نەخوازراو، بەئەرکێکی نیشتیمانی پیرۆز دەزانی، پێدەچێت لەو خوڵەی سەرۆکایەتیشدا، لەسەر هەمان فۆڕم، پاک کردنەوەی فەزای سیاسی و رێگاکانی دەسەڵاتداری لە ئۆپۆزسیۆن و هەموو ئەو کەسانەی بەجۆرێک پێچەوانەی دیدگە و سیاسەت و ستراتیژی بەڕێوەبەریی ئەو دەجوڵێنەوە، بە خەمی لەپێشینەو ئەرکی سەرەکی خۆی بزانێ و هەموو دەنگێکی کۆک نەکراو لەگەڵ دەنگ و رەنگی دەسەڵات،  وەکوو کەرەستەیەکی زیادەی نەخوازراو، لەدژی بەرژەوەندی دەوڵەت و ئاسایشی نیشتیمانی ببینێ و لە گرتوخانە، ریسایکل یان بکاتەوە. ئەردۆغان راستە بەدەنگی زۆرینە هاتۆتەوە سەرکورسی سەرۆک کۆماری چانکایا و ئەوەش کردەیەکی دیموکراسی و دەسەڵاتبەخشینەوە لە لایەن گەلە، لێ دوای  ساڵی ٢٠١٥ بەسەرەوە، ئەردۆغان لە بەکارهێنانی سەنگ و پێگە و بڕیاری کەسی، هەرگیز لەئاستی سەرۆک کۆمارێکی دەورە دراو و دەستگیرا و بەیاسا نەجوڵاوەتەوە، بەڵکوو لە ئاست و پێگەی رێبەرێکی سنور نەناس لەسەر ئاستی ناوخۆیی و تەنانەت لە دەررەوەی سنورەکانی جوگرافیای تورکیەش، باڵاتر و رەهاتر لە سەرۆک کۆماری دەوڵەتیک فەرمانی بە جولاندنی سوپایی و نەخشەرێژکردنی پلانی چاوەڕواننەکراوی سیاسی کردووە. ئەو پێچەوانە و دژی شەپۆڵەکانی هەژموونی و سیاسەتی زاڵی جیهانی، چ سەرچاوکەی برۆکسێل، ئەمریکا، یان رۆژهەڵات بێت، مەڵەی کردووە و  هەسپی خەونە مێژووییەکانی تاوداوە و چووەتەپێش. تورکییەی سەردەمی ئەردۆغان بە مێژوو و سیاسەت و ئیدارە و ئیدۆلۆژی و کردارەکانی، لە کەوشەنە یاساغە سوپاییەکان و هەنگاو هاوێشتنە ناو جوگرافیای قەڵەمڕەوە سەربەخۆکان و دەستبردن بۆ بەرژەوەندییە پاوانکراوەکان، بەهەمان چەشن لە خۆنمایشکردن وەکوو هێزێکی سەربەخۆی هەرێمی  نیوە رۆژهەڵاتی و نیوەرۆژئاوایی، کە پێیەکی لە پۆستاڵی ناتۆ دایە و پییەکەی تری لە پێڵاوە لبادەکەی رۆژهەڵاتە، لە دیسکۆ سکۆلاریانە سەما دەکا و لە مزگەوت باوەڕمەندانە بانگ دەدات. بەو پێیە لەدەرەوەی خەیاڵ و مێژوو و ئارشیفی سەدساڵی رابردووی تورکیا، لە کۆی سەرۆک و دەسەڵاتەکانی بەرێ جیا دەکرێتەوە.  ئەردوغان بەوردبینی و لێزانییەکی بەرژەوەندیخوازییەوە، تاک گەراییەکی مۆدێڕن و رازاوەی تێکەڵی نەتەوەپەرەستی تورکی و رەوتی ئیسلامخوازی میراتی کردووە و مۆدیلێکی نوێی وەکوو سیستەمی بەڕێوەبەری دەوڵەت لێداتاشیوە و بنیات ناوە، کە بەو هۆیەوە پێگەو هەڵکەوتەیەکی جێی سەرنجی نوێی ستراتیژی بۆ تورکیە دۆزیوەتەوە. هەرئەوەش تورکیەی سەردەمی ئەردۆغانی لە یاریکەرێکی ئاسایی هەرێمی، کردۆتەوە بە هێز و یاریکەرێکی بەرجەستە و کاریگەر و بڕیاربەدەست، لە دینامیکیەت و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی. سەرباری هەموو ئەو خاڵانەش، کۆمەلێک دیفاکتۆ و لەمپەری ریشەداکوتاو چاولەناوچاوی دەوڵەتی نوێی تورکیا دەبڕن، لەوانەش:   قورسایی پرسی کورد، بێجگە لە لایەنە چەکداریەکەی، کە هەر لەسەردەمی پارتی داد و گەشەپێدا رێگای سەرهەڵدانی تێکۆشانی سیاسی و مەدەنی و کاری پارلەمانی بۆ دەکرێتەوە، لەساڵانی داهاتوشدا هەروا بەگەرموو گوڕی لەدەرگای کرانەوەی دەرگاکانی چارەسەری سیاسی تورکیا دەدات.  ئامانجی ستراتیژی تورکیا بۆ چوونە ناو یەکێتی ئەوروپا، کە خواست و خەونێکی هەمیشەیی گەلی تورکیایە و هەوڵدان بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ پرەنسیپە مرۆڤتەوەرەکانی ئەو یەکێتییە. رێکخستنەوەی بنگەی ئابوری تورکیە و بەهابەخشینەوە بە دراوی نیشتیمانی و بەدیهێنانی باڵانسێک، لە نێوان خەرجییەکانی سوپا و فراوانبوونی چاڵاکییەکانی پڕ تێچووی لەدەرەوەی سنورەکانی تورکیە، لەگەڵ داتەپینی ئابوری ناوخۆیی و نزمبوونەوەی ئاستی گوزەران و بژێویی هاوڵاتی تورک، هێشتا خەون و ئامانجە مێژووییەکانی سەرۆک ئەردۆغان، لە زندوکردنەوەی میراتی ئمێپراتۆری عوسمانی بەگوڕ و تینێکی زیادتر پەرەی پێدەدرێ و بەرەوپێش دەبردرێ.  بۆ ئەوەی لە قایمی و رەگداکوتاوی باوەڕی سەرۆک کۆمار و پێملبوونی بە پرسی بنیاتی مێژووی رابردووی نەتەوەی تورک باشتر تێبگەین، ئاماژە بە رێوڕەسمی پێشوازی لە مەحمود عەباسی سەرۆکی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەلەستینی دەکەین، کە لەساڵی ٢٠١٥ لە کۆشکی تازەبنیاتنراوی کۆماریی تورکیا بەڕێوە چوو. لەو رێوڕەسمەدا شازدە سەرباز بە نیشانە و جلوبەرگی شازدە دەوڵەت و ئیمپراتۆری تورک زمان ئامادە دەکات . ئێمپراتۆری هۆن(مغولستان) ئێمپراتۆری هۆنی رۆژئاوا. ئێمپراتۆری هۆنی ئەوروپا. ئێمپراتۆری هۆنی سپی. (هەفتالین ئەفغانستان) تورکە ئاسمانیەکان. (گۆک تورک لە سیبریا) ئاوارەکان، (لەباشوری رۆژهەڵاتی ئەوروپا) خزرەکان و ئۆویغۆرەکان، (لەرۆژهەڵاتی چین) قەرەخانیەکان، ( لە ئاسیای ناوەڕاست) غەزنەویەکان و سلجوقیەکان و خاڕەزمشاییەکان و ئۆردوگای زێڕین، ( بەشی باکوری رۆژئاوای ئێمپراتۆری مەغولەکان) ئێمپراتۆری تەیمور، ( گورکانیەکان) گورکانیەکانی هیند و ئێمپراتۆری عوسمانی .   من وەکوو فەنتازیا لەو بۆچونە ناڕوانم کە، تاکە کەسی هەژموونخواز و تاک بڕیار، وەکچۆن دەتوانێ مەترسی بێت، لە بارێکی ترەوە ئەگەر بڕوامان بەسروش و دۆنادۆن هەبێ، دەتوانێ دەرفەتێکیش بێت بۆ ئەوەی، بەدەر لە کاردانانی رەوت و دیدگەی جیاواز و رای جیاواز، بڕیاری یەکلاکەرەوە لە بارەی چارەسەر بدات.  

Shafaq Live
Shafaq Live