زمانی کوردی و پرۆسەی خوێندن لە ناوچە کێشە لەسەرەکانی کوردستاندا

زمانی کوردی و  پرۆسەی خوێندن  لە ناوچە  کێشە لەسەرەکانی کوردستاندا
2021-06-25T11:38:06+00:00

فەرەیدوون سامان

خوێندنی کوردی بە زمانی دایک لە قوتابخانەکان لە ناوچە کێشە لەسەرەکانی کوردستاندا. لە شارەکانی کەرکوک و خانەقین و مەخمور و شنگال و تا دەگات بە دەڤەرە کوردنشینەکانی (فەیلییەکان) ناوەڕاست و باشووری عیراق، لە سەردەمە جیاوازەکانی دەسەڵاتی حکومڕانی عەرەبی عیراقدا هەر لە سەرەتای درووست بوونی دەوڵەتی مەلەکی عیراق لە بیستەکانی سەدەی رابردوودا بە توندی سیاسەتی بەعەرەبکردنی دانیشتووانە کوردەکانی ئەو ناوچانەیان گرتوتە بەر و تا رادەی گەیشتن بە جینۆسایدی کولتووری و دژایەتی زمان و ناسنامە و کولتووری کوردییان پێکراوە بە تایبەتیش کوردە فەیلییەکان، دوای رووخانی رژیمی رەگەزپەرستی بەعس، بۆ یەکەمجار لە میژووی هاوچەرخی عیراقدا، ئەنجومەنی نیشتمانی عیراق لە مانگی شوباتی ٢٠١٤ بڕیاری دەرکردنی بە فەرمی ناساندنی زمانی کوردی لەسەر ئاستی عیراقدا راگەیاند، کە زمانی کوردی هاوتای زمانی عەرەبی لەسەرجەم داوودەزگا حکومییەکان کاری پێ بکرێت، وەلێ مخابن دەبینین لەبواری پراکتیکدا لەو ناوچە کێشە لەسەر دابڕاوانە پێچەوانەکەی دەبینین، بۆ نموونە لەدامەزراوە پەروەردەییەکان زمانی کوردی تا رادەیەکی باش پشتگوێ خراوە، بە هۆی باڵادەستبوونی زمانی عەرەبی دژایەتی کردنی خوێندنگا و مامۆستا و خوێندکارانی کوردەوە، بەتایبەتیش دوای پرۆسەی ریفراندۆم و رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و گەڕانەوەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بۆ ناوچە دابڕاوەکانی کوردستان، زمانی کوردی ساڵ لە دوای ساڵ لە پاشەکشێدایە. ئامارەکانی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان لەبارەی قوتابخانە کوردییەکان لەو ناوچانە ئەوە نیشان دەدەن کە ژمارەیەکی یەکجار زۆر باخچەی منداڵان و قوتابخانەی بنەڕەتی و ناوەندی و ئامادەیی بە خوێندنی عەرەبی و ئینگلیزی لە ناوچەکەدا کراونەتەوە، کە ڕۆژ بە ڕۆژ ژمارەیان لە زیادبووندایە، سەرەڕای بوونی ئەم هەموو قوتابخانەیە بە خوێندنی بە زمانی عەرەبی، کەچی خوێندنی حکومیش بە زمانی کوردی ئەویش هەوڵ دەدات وەک قوتابخانە ئەهلییەکان زانست و بیرکاری بە ئینگلیزی بخوێندرێ، واتە هەموو سیستەمی پەروەردە بە ئەهلی و حکومی بەرەو بەئینگلیزیکردن دەچێت و لەبەرامبەری زمانی کوردی لە خوێندن پەراوێز دەخرێ و بێبایەخ دەکرێت.

بەڵام ئەمڕۆ بە پێچەوانەی ئەم ئاراستە زمانەوانییە لە ناوچە دابڕاوەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم سیستەمی پەروەردە بەڕیوە دەبات و هەر لە قۆناغی یەکی سەرەتاییەوە منداڵی کورد بە زمانی بیانی ناچار دەکریت بخوێنێت، هەر لە قۆناغی سەرەتاییەوە دەخرێتە ناو مێشکی کە هێشتا زمانی دایک بە چاکی لە مێشکی ئەو منداڵە نەچەسپاوە.
Shafaq Live
Shafaq Live