رووە سیاسییەکەی دژایەتیی پڕۆسەی سەرژمێریی دانیشتووان
بەئاییندەیەکی گەشەکردووی پێشکەوتوو بەپێی بەرنامەو میکانیزمی زانستی و بابەتی ئەنجام دەدرێت، چونکە زانیاری و ئامارگیرییەکانی ناو ئەو سەرژمێرییە گشتییانەیە دواتر دەبێتە سەرچاوەیەکی درووست بۆ دانانی نەخشەو پلانی گونجاو بۆ بەرەوپێشەوە بردنی بوارەکانی ژیانی کۆمەڵگەو دەستەبەرکردنی پێویستییەکانی خەڵک.
رۆڵ و بایەخی ئەم پڕۆسەیەش زیاتر لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا دەردەکەوێت و چەندین ئۆرگان و لایەنی تایبەتمەند رەسمی و نارەسمی سوودی لێَ دەبینن و بینای کارو پڕۆژەکانی خۆیانی لەسەر دادەمەزرێنن.
سەرژمێری بۆ مەبەستی وەرگرتنی زانیارییە لەسەر واقیعی ئابووری و سیاسی و ئاستی ژیان و بژێوی خەڵک وباری پەرەپێدان و گەشەکردن و ئاستی ژمارەو چری دانیشتووان و زانیارییەکانی تر کەپاشان بەھۆیانەوە بەرچاوڕوونی بۆ لایەنە تایبەتمەندەکان درووست دەبێت بەپێی ئەو زانیاری و ئامارە وەرگیراوانە نەخشەو پلان بۆ ئاییندەی وڵات لەھەموو رووەکانی ژیانەوە دابنێن.
ئەم جۆرە سەرژمێریانە فاکتەری یارمەتیدەرە بۆ چارەسەری زۆر کێشەی ئاڵۆزو ھەستیار، ھەر وڵاتێک لەماوەی پێویستی خۆیدا سەرژمێری دانیشتووانی تیادا ئەنجام نەدرێت پرسیاری ژیاری زۆری لەسەر درووست دەبێت، سەرەتا ئەوەی لێ دەخوێنرێتەوە کەپڕۆسەی بەڕێوەبردنی ئەو وڵاتە بەپێی پلان و نەخشەی پێشوەخت ئەدا ناکرێت و میزاج و تەخمینکاری بووەتە بنەما بۆ کاری حکومەت و دام و دەزگا رەسمییەکان و تەنانەت ئۆرگانە رۆشنبیری و زانستییەکانیش.
لەعیراقی نوێشدا سێ ساڵ بەسەر کاتی دیاریکراوی سەرژمێری گشتییدا تێپەڕیوەو ھێشتا پڕۆسەکە ئەنجام نەدراوە کە دەبوو ساڵی ٢٠٠٧ سەرژمێری گشتیی دانیشتووان بکرایە، ھەرچەندە دوا سەرژمێریش کە لەساڵی ١٩٩٧دا حکومەتی بەعس ئەنجامی دا زۆر ناتەواوتر بوو لەوانەی پێشووتر، بەتایبەتی لەکاتێکدابوو کەسێ پارێزگای کوردستان لەدەرەوەی دەسەڵاتی ئەو رژێمەوە بوو، پاشان سەرژمێرییەکە دوا ھەوڵەکانی تەعریبکردنی ناوچە دابراوەکانی کوردستانیشی لەخۆ گرتبوو.
بڕیاربوو لە٢٤ی تشرینی یەکەمی داھاتوودا ئەم پڕۆسە گرنگە لەعیراقی دوای سەدام حسێندا ئەنجام بدرێتەوەو دەرەنجامەکەی ببێتە سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوی لایەنە رەسمییەکان لەکارەکانی ئاییندەیاندا بۆ بنیاتنانەوەی وڵات، بەتایبەتی لەم کاتەدا کەعیراق لەقۆناغی بنیاتنانەوەدایە لەھەموو رووەکانی سیاسی و ئابووری و گەشەپێدانی مرۆییەوە.
ئەگەر لەھەموو حاڵەتێکدا ئەنجامدانی سەرژمێری گشتیی پڕۆسەیەکی پێویست و حەتمی بووبێت، لەم کاتەدا بۆ عیراقی دوای ئەو ھەموو جەنگ و کاولکاریانە دەبێتە پێویستییەکی گەورەی نیشتمانی و دەبوو زووتر ئەنجام بدرایە، ئەوانەشی بۆ مەرامی سیاسی و بەرژەوەندیی خۆیان کۆسپ و لەمپەر لەبەردەم بەڕێوەچوونیدا درووست دەکەن دابڕاون لەگشت ھەستێکی نیشتمانی با لەوتاری سیاسی تیۆریشیاندا مزایەدەی نیشتیمانپەروەریمان بەسەرەوە بکەن.
سەرژمێری گشتیی بەپێوەرو میکانیزمی بابەتی و گونجاوی خۆی واقیعی حەقیقی بەرجەستە دەکات و راستییە شێوێنراوەکان وەک خۆی لێَ دەکاتەوەو ئەو پێشێلکاریانەش ئاشکرا دەکات بەرامبەر بەگەلێکی ستەمدیدەی وەک کورد کراوە، دەمێکە ئەوانە بە ئەنجامدانی سەرژمێریی ساختەو سیاسەتی شۆڤێنیستانەی تەعریب و راگواستنی خەڵک لەناوچە مێژووییەکانی خۆیان دەیانەوێت واقیعی سەرزەوی بەو شێوەیە رێک بخەنەوە کەنەزعەی دەمارگیرانەی خۆیان دەیخوازێت، بەڵام دیارە بارودۆخە ناوخۆییەکەی ئێستای عیراق ئەو ھەوڵە نەزۆکانەی تێپەراندووە، جگە لەوەی دیدگاو مەرامی ئەوانە نامۆیە بەڕەوشە جیھانی و نێودەوڵەتییە نوێیەکەش.
ئەوان ھەموو ئەو پڕۆژەو پڕۆسانە پەک دەخەن کەپێگەو قورسایی و بوونی کوردی تێدا دەردەکەوێت و لەبەرامبەریاندا کێشە دەخوڵقێنن، پڕۆسەی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانیش کەسەرەتای ساڵی رابردوو ئەنجام درا، ھەمان ئەو دەرھاوێشتە و دەرەنجامەی لێ دەکەوتەوە کە ئەوان لێی دەترسن و جوگرافیای راستەقینەی پێکھاتەکانی ناو کەرکوکی بەرھەم دەھێنا کە لەبەرژەوەندیی ئەوان نەبوو، بۆیە بایکۆتی ئەوەشیان کردو دواجار لەوەشدا بەگوێیان کراو ھەڵبژاردنی پارێزگای کەرکوکیش لەگەڵ پارێزگاکانی تری عیراقدا ئەنجام نەدراو دواخرا.
ئەنجامدانی پڕۆسەی سەرژمێری لەھەر وڵاتێکدا زەمینە خۆشکردن و ئامادەسازی پێشوەختی دەوێت کەیەکەم ھەنگاوی بریتییە لەناساندنی پڕۆسەکە بەھاووڵاتیان و خستنەڕووی سوودە گشتییەکانی و ھاندانی خەڵک بۆ ھاوکاری تیمەکان و بەدەمەوەچوونی دەزگا پەیوەندیدارەکان و پێدانی زانیاری راست و درووست، بەوپێیەی ئەمە ئەرکێکی نیشتمانی و پێویستییەکی ژیارییەو ئاییندەی ئەوانی لەسەر بنیات دەنرێت.
ئەوەی ئێستا لەعیراقی نوێدا روو دەدات پێچەوانەی ئەو ئامادەسازییە باوەیەو لەزۆر شوێنی ئەم وڵاتەدا کاربەدەستە رەسمییەکان و ھەندێ لەسیاسییە عیراقییەکان بەشێوەیەکی نێگەتیڤانە پێناسەی سەرژمێری بۆ خەڵک دەکەن و کار گەیشتووەتە ئەوەی لەجیاتی ئەوەی سوودو کەڵکی ئەم پڕۆسەیە بۆ ھاووڵاتیان روون بکەنەوە، دەیانترسێنن و بەکارێکی زیانبەخش و مەترسیدار لەسەر ئاییندەی ئەوان ناوزەدی دەکەن.
لەپارێزگایەکی گەورەی وەک موسڵدا کەسی یەکەمی ناو ئیدارەی رەسمی پارێزگاکە دێتە سەر ھێڵ و لەدەرەوەی ھەموو رێوشوێنێکی یاسایی و دەستوورییەوە خەڵک لەدژی ئەنجامدانی پڕۆسەی ھەڵبژاردنی گشتیی ھان دەدات و بایکۆتی ھەموو تیمە راسپێردراوەکان دەکات و دەبێتە رێگر لەبەردەم سازدانی خولەکانی راھێنان بۆ ئەو تیمانە، دواتر لەجیاتی لێپرسینەوەو بەدواداچوونی ھۆکارەکانی پشت ئەم رەفتارو ھەڵوێستە نایاسییانەی ئەوانە کە ھەموویان ھەڵوێستی سیاسین، وەزارەتی پلاندانانی عیراق بۆ پاڵپشتیکردنیان بریاری دواخستنی پڕۆسەی سەرژمێری رادەگەیەنێت.
ململانێی توندی نەیارانی پڕۆسەی سەرژمێری بەوەشەوە ناوەستێت کە لایەنە رەسمییەکانی بەغدا ناچار بکەن سەرژمێرییەکە دوا بخەن، ھەرچەندە خواستی ئەوانە دواخستنی پڕۆسەکە نەبووەو بریتی بووە لەئەنجام نەدانی، دوای تەواوبوونی ئەم دوو مانگەش دەردەکەوێت کەھەمان ھەڵوێستی ئێستایان دەبێت، تا ئەو کاتەش سەرژمێری گشتیی ئەو دەرەنجامە بەدەستەوە نەدات کە خۆیان دەیانەوێت لەھەوڵی خۆیان ناکەون بۆ رێگرتن لەئەنجامدانی پڕۆسەکە.
کورد لەم قۆناغەدا دەیەوێت ئەو پرسە سیاسییە ئاڵۆزانەی چارەسەر بکات کە دەرھاوێشتەی سیاسەتە شۆڤینییەکانی دەسەڵاتەکانی پێشووە، لەوانە دابڕانی ھەندێ لەناوچەکانی کوردستان و پیادەکردنی سیاسەتی تەعریب و راگواستن بەرامبەریان، ئەم جۆرە سەرژمێریانە بێ ھیچ دەستتێوەردانێکی کورد ھەنگاوەکانی یەکلاکردنەوەی ئەو کێشە و پرسە سیاسیانە خێراتر دەکات و زەمینە بۆ چارەسەری تەواویان خۆش دەکات، ئەمەش ئەو دەرەنجامەیە نەیارانی کورد نایانەوێت.