گرنگترین دووه‌م هه‌ڵبژاردن بوو

گرنگترین دووه‌م هه‌ڵبژاردن بوو
2024-10-22T16:06:29+00:00

فه‌رحان جه‌وهه‌ر /  دوای یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی ساڵی 1992 ، ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی ئێستا گرنگترین هه‌ڵبژاردنی كوردستان بوو، ئه‌ویش له‌به‌ر كۆمه‌ڵێك هۆكار: یه‌كه‌م: نه‌مانی په‌رله‌مان و كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنی كوردستان. دووه‌م: تێپه‌ڕینی ماوه‌یه‌كی زۆر به‌سه‌ر شه‌رعیه‌تی حوكمڕانی له‌ هه‌رێم. سێیه‌م: بڕیارو چاره‌نووسی یاسایی خه‌ڵكی كوردستان كه‌وتوبووه‌ ژێر ره‌حمه‌تی دادگای باڵای فیدراڵی عیراق. چواره‌م: جۆری بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن بوو، سه‌ره‌ڕای تووندترین قسه‌ و دروشم له‌دژی یه‌كتر، به‌ڵام هیچ مه‌ترسییه‌كی له‌سه‌ر ئارمی و ئاسایشی هاووڵاتیان دروست نه‌كرد، ئه‌مه‌ش وه‌ك نیشانه‌یه‌كه‌ بۆ به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی هۆشیاری خه‌ڵكی كوردستان.  پێنجه‌م: زۆری رێژه‌ی به‌شداری هاووڵاتیان له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌، كه‌ خه‌ڵكی كوردستان بۆ گۆڕانكاری له‌ سیسته‌می حوكمڕنی، جگه‌له‌ بژارده‌ی سندوقی ده‌نگدان، بیر له‌هیچ بژارده‌یه‌كی تر ناكه‌نه‌وه‌، ئه‌مه‌ خاڵی هه‌ره‌ باش و سه‌ره‌كی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ بوو،  ئومێد و گه‌شبینییه‌كی زۆرمان پێده‌دات، بۆ ئاینده‌ی دیموكراسی له‌ هه‌رێم و عیراقیشدا، كه‌ هیچ جێگره‌وه‌یه‌كی تری نییه‌، شه‌شه‌م : كۆكبوونی هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به‌ حوكمڕان و ئۆپۆزسیۆن، له‌سه‌ر خاوێنی و پاكی هه‌ڵبژاردن، ئیدی هیچ بوارێك نه‌ماوه‌ بۆ تانه‌دان له‌ شه‌رعییه‌تی حكومه‌تی داهاتووی كوردستان. 

ئه‌و خاڵه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌و زۆریش گرنگه‌ پێكهێنانی كابینه‌ی داهاتووه‌ له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌مدا، ئه‌گه‌ر ئه‌م هه‌نگاوه‌ش وه‌ك چۆن هه‌ردوو هه‌نگاوی بانگه‌شه‌و ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنمان به‌ سه‌ركه‌وتوویی به‌ڕێوه‌برد، پێكهێنانی كابینه‌ی ده‌یه‌میش ده‌بێته‌ قۆناغێكی تری پێشكه‌وتنی كوردستان، ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له‌م ناوچه‌یه‌ ئه‌وله‌ویه‌ته‌، چ سه‌باره‌ت به‌ هاووڵاتیان و ناوچه‌كه‌ش به‌گشتی چه‌سپاندن و جێگیربوونی ئارامییه‌، ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ كاریگه‌ری بۆ سه‌ر  جێگیریی ئاسایش له‌ عیراقیشدا هه‌یه‌، چونكه‌ بوونی حكومه‌تێكی متمانه‌ پێكراوی ناوخۆ و نێوده‌وڵه‌تی، وا ده‌كات حكومه‌تی عیراقیش وا به‌ ئاسانی نه‌توانێت په‌لكێش بكرێته‌ ناو ئه‌و جه‌نگه‌ی ئێستا له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هه‌یه‌، چونكه‌ عیراق له‌ رووی یاسایی و سیاسییه‌وه‌ ناتوانێت به‌بێ رای حكومه‌تی هه‌رێم بچێته‌ جه‌نگه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ عیراق به‌هیچ شێوه‌یه‌ك توانایه‌كی له‌م جۆره‌ی نییه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ له‌ حاڵه‌تێكدا ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر سه‌ربه‌خۆیی بڕیاری خۆی له‌ ده‌ستدابێت، بۆیه‌ په‌له‌ كردن له‌ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ له‌م بارودۆخه‌دا زۆر پێویسته‌، چونكه‌ ناوچه‌كه‌ به‌گشتی له‌ دۆخێكی گه‌رم و ئاڵۆزدایه‌.

پێموایه‌ پارتی بۆ ئه‌م هه‌نگاوه‌ وه‌ك براوه‌یی یه‌كه‌م له‌ده‌رگای هه‌موو لایه‌نه‌كان ده‌دات،  ڤیتۆش له‌ دژی هیچ هێز و لایه‌نێك به‌كارناهێنێت بۆ به‌شدار بوون له‌ كابینه‌ی نوێدا، چونكه‌ له‌ كاتی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن سه‌رۆك بارزانی فه‌رمووی: دوای هه‌ڵبژاردن ده‌ستی ئاشتی و پێكه‌وه‌یی بۆ هه‌موو لایه‌نێك درێژده‌كه‌ین، ئه‌مه‌ ئاماژه‌یه‌كی روونه‌، كه‌ پارتی بۆ به‌شداری له‌ كابینه‌ی داهاتوودا، رێگه‌ له‌ هیچ حیزبێك ناگرێت كه‌ نیازی به‌شداریان هه‌بێت، هه‌نگاوه‌ دروسته‌كه‌ش هه‌ر ئه‌مه‌یه‌.

ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ بۆ هه‌موو لایه‌نه‌كان گرنگ بوو، به‌ڵام بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان دوو جار گرنگ بوو، چونكه‌ پارتی وه‌ك هێزی حوكمڕانی كوردستان به‌ته‌نیا جێ هێلرا، هه‌رچی كه‌م و كورتی و ره‌خنه‌یه‌ ئاراسته‌ی سینگی پارتی كرا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پارتی به‌ تاقه‌ سواری سه‌ركه‌وتووی نێو مه‌یدانی هه‌ڵبژاردن مایه‌وه‌، ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك نیشانه‌ی هۆشیاری خه‌ڵكی كوردستان بوو، له‌لایه‌كی تریش نیشانه‌ی راست و دروستی سیاسه‌تی پارتی و سه‌رۆك بارزانی بوو، كه‌ له‌م قۆناغه‌ هه‌سیاره‌دا توانی دوایی ئه‌و هه‌موو كێشه‌ و ئاڵنگارییانه‌ به‌سه‌ركه‌وتوویی له‌ لوتكه‌دا بمێنێته‌وه‌.

بۆ ئه‌مڕۆی كوردستان دووبه‌ره‌ی حوكمڕان و ئۆپۆزسیۆن گرنگه‌، چونكه‌ سیسته‌می دیموكراسی به‌بێ هێزی ئۆپۆزسیۆن له‌نگه‌، بۆیه‌ مانه‌وه‌ی هێزێك له‌ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی نوێ، كارێكی باش و دروسته‌، پێموایه‌ هه‌رواش ده‌بێت، بۆئه‌وه‌ی هاوكێشه‌ی دیموكراسی وه‌ك خۆیی و له‌ جێی خۆبێت بژارده‌یه‌كی دروسته‌، چونكه‌ حكومه‌ت به‌بێ ئۆپۆزسیۆنێكی دروست و نیشتمانی و به‌رپرسیار، ناتوانێت كاره‌كانی به‌ته‌واوی له‌ خزمه‌تی خه‌ڵكدا بێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا نابێت ئۆپۆزسیۆن به‌ راست و چه‌پدا، به‌بێ به‌ڵگه‌ و داتاو زانیاری دروست، تۆمه‌ت و ره‌شبینی بڵاو بكاته‌وه‌، ئه‌وه‌ی له‌رابردوودا كردیان به‌ر له‌ خه‌ڵك و حكومه‌ت خۆیان زه‌ره‌رمه‌ند بوون، ئۆپۆزسیۆنی به‌رپرسیار كاری بڵاوكردنه‌وه‌ی تۆمه‌ت و بێ هیواكردنی خه‌ڵك نییه‌، به‌ پڕۆسه‌ی سیاسی و دیموكراسی، چونكه‌ دواجار خۆی به‌رهه‌می پڕۆسه‌كه‌یه‌ و ده‌بێته‌ قوربانی دروشمه‌كانی. كوردستان دۆخێكی تایبه‌تی هه‌یه‌ وه‌ك وڵاتێك نییه‌، كێشه‌كانی ناسنامه‌و خاك و سه‌روه‌ری له‌خه‌م ره‌خسابن، وێڕای ئه‌م كێشه‌و گرفتانه‌ كێشه‌ی ئاوه‌دانی و خزمه‌تگوزاری و خۆشگوزه‌رانی هاووڵاتیانیشی هه‌یه‌، پێویسته‌ مشوری هه‌ر دوو لایه‌ن بخوات، بۆیه‌ هه‌رێم باره‌كه‌ی دووجار قورسه‌،  ئۆپۆزسیۆنی كوردستان به‌رپرسیارییه‌تی خه‌مه‌كانی نه‌ته‌وه‌و نیشتمانی ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆ و خۆ دزینه‌وه‌یان له‌م كێشانه‌ نایكاته‌ ئۆپۆزسیۆنێكی به‌رپرسیار به‌رامبه‌ر نه‌ته‌وه‌و نیشتمان.

Shafaq Live
Shafaq Live