دیارده‌ى دژایه‌تى كردنى كورد له‌ قۆناغێكى مه‌ترسیداردایه‌

دیارده‌ى دژایه‌تى كردنى كورد له‌ قۆناغێكى مه‌ترسیداردایه‌
2010-11-06T13:26:28+00:00

له‌مه‌ترسى له‌ دژایه‌تى كردنى كورد له‌ ناوه‌نده‌ سیاسى و ڕۆشنبیریه‌ عیراقیه‌كانى پاش ڕووخانى ڕژێمى دیكتاتۆریى به‌عس.

عبدالخالق زه‌نگه‌نه‌ له‌ میانه‌ى لێدوانه‌كه‌ى له‌ كۆڕێكى ڕابیته‌ى ڕۆشنبیران و هونه‌رمه‌ندانى كوردى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم، كه‌ ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ له‌ ژێر دروشمى (ڕۆڵى ڕۆشنبیر و هونه‌رمه‌ندى كورد له‌ كۆمه‌ڵگادا) له‌ باره‌گاى ده‌زگاى ڕۆشنبیرى و ڕاگه‌یاندنى كوردى فه‌یلى گرێدرا، جه‌ختى كرد له‌ سه‌ر ڕۆڵى به‌رچاوى پێكهاتى كورد له‌ بیناكردنى ده‌وڵه‌تى نوێى عێراق له‌ سه‌ره‌تاى ساڵه‌كانى بیستى سه‌ده‌ى پێشوو، به‌ تایبه‌تى كورده‌كانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان "كه‌ مه‌به‌ستى له‌ كورده‌كانى به‌غدا و پارێزگاكانى ناوه‌ڕاست و باشوورى عیراقه‌"، كه‌ له‌ ئاكامى ململانێى سه‌ختى نێوان عوسمانییه‌كان و سه‌فه‌ویه‌كاندا بڵاوبوونه‌ته‌ ئه‌و  شارانه‌.

زه‌نگه‌نه‌ ئاماژه‌شى به‌وه‌ دا كه‌ ئه‌و كوردانه‌ توانیویانه‌ ببنه‌ باڵیۆزى گه‌لى كورد له‌و شارانه‌ و ڕۆڵیكى سیاسى و ڕۆشنبیرى و كۆمه‌ڵایه‌تى به‌رچاویان ببێت له‌ دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تى نوێى عێراق و پارت و لایه‌نه‌ سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ جیاجیاكانى كارا له‌ گۆڕه‌پانى عیراقى دا.

زه‌نگه‌نه‌ له‌ درێژه‌ى لێدوانه‌كه‌ى له‌ میانه‌ى كۆڕه‌كه‌دا تیشكى خسته‌ سه‌ر گیانى ته‌بایى و پێكه‌وه‌ژیانى هاوبه‌شى نێوان هه‌موو پێكهاته‌كانى عیراق له‌ ساڵانى سى و چل و په‌نجاى سه‌ده‌ى پێشوو، به‌ تایبه‌تى هه‌ڵوێستى ئه‌رێنى زۆرینه‌ى ڕۆشنبیران و هونه‌رمه‌ندان و ته‌نانه‌ت سیاسه‌تمه‌دارانى ئه‌و كاته‌ به‌رانبه‌ر به‌ ماف و داوكاریه‌ ڕه‌واكانى گه‌لى كورد ومه‌حكومكردنى هه‌ر هێرشێكى دڕندانه‌ى ڕژێمه‌ یه‌ك له‌ دواى یه‌كه‌كانى عێراق بۆ سه‌ر گه‌لى بێتاوانى كورد.

زه‌نگه‌نه‌ له‌مباره‌یه‌وه‌ ئاماژه‌ى دا به‌ هه‌ڵوێستى میللى و سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تى گه‌لانى عێراق به‌رانبه‌ر به‌ شه‌ڕى حكوومه‌تى عێراق دژ به‌ ناوچه‌ كوردیه‌كان له‌ شه‌سته‌كانى سه‌ده‌ى پێشوو كه‌ دروشمى (ئاشتى بۆ كوردستان)ى كردبووه‌ ناونیشان.

زه‌نگه‌نه‌ وتى:"به‌داخه‌وه‌ له‌ سه‌رده‌مى نوێى پاش ڕووخاندنى ڕژێمى دیكتاتۆرى به‌عس دا، دیارده‌ێیكى نوێ هاتۆته‌ كایه‌وه‌ كه‌ ڕواڵه‌تێكى شۆڤێنى تایه‌فه‌گه‌ریى پێوه‌ ئاشكرایه‌ و مه‌ترسى له‌وێدایه‌ كه‌ له‌لایه‌ن ناوه‌نده‌ ڕۆشنبیرى و په‌رله‌مانییه‌كانى عێراقدا به‌دى ده‌كرێت و مه‌به‌سته‌كه‌شى دژایه‌تى گه‌لى كورد و ئه‌و مافه‌ ڕه‌وایانه‌یه‌ كه‌ له‌ ده‌ستوورى عێراقدا به‌ هه‌وڵ و تێكۆشان و قوربانیدانێكى زۆر چه‌سپێنراون".

زه‌نگه‌نه‌ داواى له‌ ڕۆشنبیران و هونه‌رمه‌ندان و ڕۆژنامه‌نووسانى كوردى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان كرد كه‌ له‌ پێناو پووچه‌ڵكردنى ئه‌و هه‌وڵانه‌ یه‌كڕیزى و یه‌ك هه‌ڵوێستى خۆیان بپارێزن. هه‌روه‌ها ئومێده‌وارى ئه‌وه‌ بوو كه‌ كه‌ناڵێكى ته‌له‌فزیۆنى كوردى له‌ به‌غدا بكرێته‌وه‌ كه‌ ببێته‌ پردى په‌یوه‌ندى نێوان كوردانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم له‌ لاێیك و شه‌رمه‌زاركردنى ئامانجه‌كانى ئه‌و كه‌سانه‌ى دژایه‌تى كورد و مافه‌ڕه‌واكانى ده‌كه‌ن.

له‌ ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆڕه‌كه‌دا ڕۆژنامه‌نووس و نووسه‌ر و دۆستى دێرینى گه‌لى كورد حسب الله یحیى له‌ میانه‌ى لێدوانێكى دا ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد كه‌ هیچ جیاوازیێكى له‌گه‌ڵ  كوردا نییه‌ ته‌نیا له‌ڕوى زمان نه‌بێت، و وتى كه‌ ئافره‌تێكى كورد فێرى كردم چۆن نیشتمانم خۆش بوێت، ئه‌و ئافره‌ته‌ به‌ساڵاچووه‌ كه‌ ناوى (خووبى) بوو فێرى كردم ماناى خۆشه‌ویستى خاك و گه‌ل و نیشتمان چۆنه‌، چونكه‌ ئه‌و ئافره‌ته‌ كه‌ به‌ دێوانه‌ ناوده‌برا، پاش ڕووخاندن وسووتاندنى هه‌موو دێهاته‌كانى ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ كه‌ له‌وێ مامۆستا بووم، ڕازى نه‌بوو دێكه‌ى چۆڵ بكات و به‌ ته‌نیایى له‌وێدا ده‌ژیا.

یحیى له‌ درێژه‌ى لێدوانه‌كه‌ى دا ئه‌و ڕاستیه‌ى دووپاتكرده‌وه‌ كه‌ كورد هه‌میشه‌ میحوه‌رى هۆشیارى سیاسییه‌ له‌ هه‌موو قۆناغه‌كانى بزووتنه‌وه‌ى ڕزگاریخوازى كوردستانى و عیراقى و پاش ڕووخانى ڕژێمى پێشوو هه‌مان ڕۆڵیان هه‌یه‌ ، هه‌رچه‌نده‌ كه‌ تووشى هه‌وڵى نه‌زانین و دواكه‌وتوویى بوونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ڕاگه‌یاندنى كوردى له‌ ئاستى قۆناغه‌كه‌دا نه‌بووه‌ و لاوازیه‌كه‌ى ئاشكرایه‌، ئه‌گه‌ر له‌ گه‌ڵ ئاستى خه‌باتى سیاسیدا به‌راورد بكرێته‌وه‌ و له‌ هه‌مان كاتیشدا كورد به‌ شێوه‌یێكى ئیجابیانه‌ نه‌ڕوانیوه‌ته‌ ڕۆشنبیرى و مینبه‌رى ڕۆشنبیرییان نییه‌ كه‌ كه‌سانى خاوه‌ن پیشه‌ و كارا سه‌رپه‌رشتیى بكه‌ن... چونكه‌ ڕاگه‌یاندن ڕۆڵێكى گرنگى هه‌یه‌ له‌ گه‌یشتن به‌ ڕاستى و له‌مباره‌یه‌وه‌ ڕوڵى ڕاگه‌یاندن هیچ له‌ ڕۆڵى قه‌زا كه‌متر نییه‌ له‌ پێویستیى به‌ به‌ڵگه‌ ودۆكیۆمێنت به‌مه‌به‌ستى گه‌یشتن به‌و ڕاستیه‌ كه‌ ئامانجه‌كانى دادپه‌روه‌رى ده‌پێكێ.

شرۆڤه‌كه‌رى سیاسى ونووسه‌ر ئه‌حمه‌د ناسر فه‌یلى له‌ هه‌وڵێك بۆ ئاشكراكردنى ڕۆڵى نه‌رێنى ڕاگه‌یاندنى شۆڤێنى و تایه‌فى وتى ئه‌گه‌ر بێینه‌ سه‌ر ئه‌و بوردمانه‌ ڕۆژانه‌ كه‌ ناوچه‌ سنووریه‌ جیاجیاكانى هه‌رێمى كوردستان له‌ لایه‌ن تۆپخانه‌ و فڕۆكه‌ جه‌نگیه‌كانى ئێران و توركیادا به‌خۆوه‌ ده‌یبینێت، به‌ ئاسانى بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ئه‌م ناوه‌ندانه‌ به‌هیچ شێوه‌ێیك ئاماژه‌ى پێ ناكه‌ن، سه‌ره‌ڕاى مه‌حكوم كردنى .

جێى باسه‌ كه‌ ئه‌م كۆڕه‌ ، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 6 ى ته‌شرینى یه‌كه‌م، له‌لایه‌ن رابیته‌ى ڕۆشنبیران و هونه‌رمه‌ندانى كوردى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم و به‌ هه‌ماهه‌نگى ده‌زگاى ڕۆشنبیرى و ڕاگه‌یاندنى كوردى فه‌یلى شه‌فه‌ق گرێدرا، له‌ باره‌گاى ده‌زگاكه‌ به‌ ئاماده‌بوونى عبدالخالق زه‌نگه‌نه‌ نوێنه‌رى پێشووى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عیراق و عه‌لى حوسێن فه‌یلى ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان و به‌رپرسى ده‌زگاى شه‌فه‌ق و ژماره‌ێیك سیاسه‌تمه‌دار و ڕۆشنبیر وهونه‌رمه‌ند و ڕۆژنامه‌نووسى كوردى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم و  جه‌ماوه‌رێكى به‌رچاو به‌ڕێوه‌چوو.


فۆتۆ: شه‌فه‌ق

 

Shafaq Live
Shafaq Live