توركیای‌ ئه‌ردۆگان!

توركیای‌ ئه‌ردۆگان!
2009-11-17T16:42:08+00:00

چی‌ وایكرد كه‌ ئه‌تاتورك به‌ "باوكی‌ توركیای‌ هاوچه‌رخ" ناوزه‌د بكرێت؟ ئه‌وه‌ی‌ ئێستا ئه‌ردۆگان ده‌یكات، قۆناغێكی‌ نوێ نییه‌ و ناكرێت به‌ (توركیای‌ ئه‌ردۆگان) ناوی‌ ببه‌ین؟ئه‌تاتورك سیستمی‌ خه‌لافه‌تی‌ ئیسلامیی‌ عوسمانیی‌ گۆڕی‌ بۆ جمهوریه‌تی‌ توركیای‌ عه‌لمانی‌، پایته‌ختی‌ له‌ (ئه‌ستانه‌)وه‌ گواسته‌وه‌ بۆ ئه‌نقه‌ره‌، ڕێنووسی‌ له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌ كرد به‌ لاتینی‌، ده‌ستوورێكی‌ دانا كه‌ هێنده‌ به‌ ده‌قێكی‌ پیرۆز سه‌یر ده‌كرێت (جگه‌ له‌ چه‌ند هه‌مواركردنێكی‌ بچووك) تائێستا جورئه‌ت نه‌كراوه‌ ده‌ستكاری‌ بكرێت! ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ مه‌سه‌له‌ی‌ ده‌ستوور یه‌كێك بووه‌ له‌ ئاسته‌نگه‌ قه‌به‌كانی‌ به‌رده‌م به‌ئه‌ندامبوونی‌ توركیا له‌ یه‌كێتی‌ ئه‌وروپا.ئه‌وه‌یشی‌ ئه‌ردۆگان ده‌یكات، شكاندنی‌ ئه‌و بێده‌نگی و داخراوییه‌یه‌ كه‌ ساڵه‌هایه‌ توركیای‌ گیرۆده‌ی‌ چه‌ندین ته‌نگژه‌ی‌ سیاسیی‌ ناوخۆیی‌ و ده‌ره‌كی‌ كردووه‌.ئینجا له‌وه‌ گه‌ڕێ‌ كه‌ ئێستا وه‌رچه‌رخان و كرانه‌وه‌كان له‌ سیاسه‌تی‌ ده‌ره‌وه‌دا چین و به‌ چ ئه‌ندازه‌یه‌كن.له‌ناو توركیای‌ ئێستادا، پارتی‌ كوردی‌، چالاكیی‌ سیاسیی‌ خۆی‌ په‌ره‌پێده‌دات و نوێنه‌ری‌ له‌ په‌رله‌ماندا هه‌یه‌، زانكۆكان به‌شی‌ كوردی‌ له‌خۆ ده‌گرن، سه‌ته‌لایتی‌ كوردی‌ ده‌كرێته‌وه‌، ئاوڕ له‌ هه‌رێم و ناوچه‌ كوردییه‌كان ده‌درێته‌وه‌. به‌ئاشكرا باسی‌ بوونی‌ كێشه‌یه‌ك ده‌كرێت به‌ناوی‌ "كێشه‌ی‌ كورد"ه‌وه‌. جگه‌ له‌وانه‌ش به‌به‌رچاوی‌ نه‌ته‌وه‌په‌رست و كه‌مالیسته‌كانه‌وه‌ ئه‌ردۆگان په‌نجه‌ ده‌خاته‌ سه‌ر برینه‌كان و ڕێگه‌چاره‌كان ده‌خاته‌ڕوو. خۆی‌ وته‌نی‌ ده‌یه‌وێت ئاو به‌سه‌ر ئه‌و ئاگره‌دا بكات كه‌ 25 ساڵه‌ جه‌رگی‌ دایكی‌ گه‌ریلا و سه‌رباز هه‌ڵده‌قرچێنێت.ئه‌ردۆگان، توركیای‌ ئه‌مڕۆ به‌و چاویلكه‌یه‌وه‌ ده‌بینێت كه‌ (تورك و كورد و ئه‌رمه‌ن و ئه‌لبانی‌ و چه‌ركه‌س) هاوتای‌ یه‌ك بن له‌ "توركیاییبوون"دا. دیاره‌ ئه‌و پرۆژه‌ی‌ كرانه‌وه‌ی‌ دیموكراسییه‌ی له‌ژێر ناوی‌ "ئازادیی‌ بۆ هه‌مووان" كه‌ پارته‌كه‌ی‌ ئه‌ردۆگان له‌ چه‌ند ڕۆژی‌ ڕابردوودا خستیه‌ به‌رده‌م په‌رله‌مان، دوایین هه‌نگاوی‌ كاروانه‌كه‌ نییه‌. ڕاسته‌ ئۆپۆزسیۆن نیگه‌ران و تووڕه‌یه‌، به‌ڵام هیچ له‌ مه‌سه‌له‌كه‌ ناگۆڕێت. ئه‌وه‌ی‌ ده‌گۆڕێت ته‌نها توركیایه‌!ئه‌م جورئه‌ت و گه‌شبینی‌ و ئیراده‌یه‌ مۆدێڵیكی‌ نوێی‌ ده‌وڵه‌تداریی‌ توركی‌ دێتنێته‌ بوون، توركیایه‌كی‌ عه‌لمانیی دیموكراسیی‌ كراوه‌ به‌ نه‌كهه‌یه‌كی‌ ئیسلامیی‌ مۆدێرن. توركیای‌ ئه‌ردۆگان!به‌ گرتنه‌به‌ری‌ ئه‌م ڕێچكه‌یه‌، (ئه‌گه‌ر لێگه‌ڕێن) ئه‌ردۆگان هه‌م مێژوو دروستده‌كاته‌وه‌ و هه‌میش له‌ فراوانترین ده‌رگاكانه‌وه‌ توركیاكه‌ی‌ خۆی‌ ده‌باته‌ یه‌كێتی‌ ئه‌وروپاوه‌، نه‌ك توركیای‌ بێباك و داخراو!

Shafaq Live
Shafaq Live