تارمایی بەعس لەسەر مووسڵ
سیاسیی عێراق هەوڵیان داوە نوێنەرێکی دڵسۆزی بیری شۆڤینیی بەعس بن. ئەوەی هەفتەی رابردوو لە قەزای (تلکێف) و ناحیەی (وانکێ) رووی دا ئەو راستییەی زیاتر سەلماند. بیری خۆسەپێنی و رەفتاری تڕوهاتی ئالی نوجەیفی بەرامبەر کورد شاراوە نییە و بێ هیچ سڵکردنەوەیەک ئەوەیان خستۆتەڕوو، کەچی لەو هەموو هەرایەی بۆ ریشەکێشکردنی بەعس هەیە ئەو دوو بەعسییە کە هەموو رەفتار و گوفتاریان بەڵگەی بەعسیبوونیانە ناخرێنە لیستی رەشەوە.لە پەلامارەکەی هەفتەی رابردووی ئەسیل نوجەیفیدا بۆسەر ناحیەی (وانکی) دە هاووڵاتیی ئەو شارۆچکەیە لەناو ماڵی خۆیان راپێچ کران و وەک رفاندنێکی ئاشکرا بردیانن و تۆمەتێکی بێبنەمایان بۆ هەڵبەستوون کە گوایە “بە فەرمانی پارتە کوردییەکان ویستوویانە ئەسیل بکوژن”، دوێنێش ئوسامە نوجەیفی قاوەنە کۆنەکەی لێدایەوە و وای نیشان دا کە ئەو دەکەسە تیرۆریستن و ئازاد ناکرێن. تیرۆریستان لە مووسڵ تەراتێن دەکەن و بوونەتە پاسەوانی ئەسیل و براکەی و دێن لە شارۆچکەیەکی کوردنشین دە هاووڵاتی دەڕفێنن کەچی خزمانی بەغدا بۆ ئەو رووداوەش بێدەنگ وەستاون.گلەیی هەر لەوان نییە، ئەوانەی لە کوردستان ئیش و کاریان بۆتە بەستنی (کەمپین) بۆ بێدەنگن؟ پێویستە رۆشنبیرانی کوردستان ئەو پەیامە بە نوجەیفییەکان بگەیەنن کە ئازادکردنی ئەو دە هاووڵاتییە داوایەکی کوردستانییە و هەرگیز ئەو عەنتەریاتەی نوجەیفییەکان قبووڵ ناکرێت، بە فەرماندەکانی سووپای ئەمریکا لە مووسڵیش بڵێین “ ئێوە بەرامبەر گیانی ئەو هاووڵاتیانە بەرپرسن، ئەو دزییە لەسایەی ئێوەدا کراوە و هێنانەوەشیان ئەرکی ئێوەیە”.ئەمریکا و حوکمدارانی بەغداش دەزانن کە کێشەی نێوان (لیستی برایەتیی نەینەوا) و (حەدبا) کێشەیەکی ئیداری و ململانێیەکی سیاسیی نییە، کێشەیە پەیوەندیی بە شەپۆلێکی نوێی جینۆسایدکردنی کوردەوە هەیە. ئوسامە و ئەسیل درووشمی (مووسڵ تەنیا بۆ عەرەبە) بەرز دەکەنەوە و بەداخەوە لەگەڵ هاتنەوەی دووکەڵی رەشی بەعسییەکان بۆ مووسڵ کەسانێک کە بە شیری جاشایەتی گۆش کراون و دەستیان بەخوێنی گەلەکەی خۆیان سوورە سەرلەنوێ بوونەوە جاشی نوجەیفییەکان و لەبری ئەوەی بۆ رابردووی رەشیان داوای بەخشین بکەن بوونەوە داردەستی دوژمنانی گەلەکەیان. دەبوایە حکوومەتی عێراق لە پارێزگاری مووسڵ بپرسێت “خێرە لەوەتای جەنابت و لیستەکەت بوونەتە حاکمی موتڵەق کردەوە تیرۆریستییەکان لەناوەندی شار و شوێنە نزیکەکانی فەرمانگەکانتان روونادەن و تیرۆر رووی کردووەتە ناوچە کوردنشینەکانی نزیک مووسڵ؟” ئوسامە و برایەکەی ئەوە بە شانازیی دەزانن کە درێژەپێدەری رێگەی بەعسی شۆڤینین. ئوسامە نوجەیفی رۆژی 17ی تەمووزی ساڵی رابردوو لە تەلەفزیۆنی (العربیە)ـەوە ناماقووڵییەکی لەبارەی گەلی کوردەوە کرد و گووتی: (إن الاکراد قوم یسکنون الجبال لا تاریخ لهم ولا حضارە). پێش چەند رۆژێکیش دیسان زوڕنایەکی هەڵگرت و قیڕاندی “نەک هەر مووسڵ تەواو شارێکی عەرەبییە بەڵکوو تەنانەت دهۆک و کەرکووک و هەولێریش کوردستانی نین”. تەنیا ئەو دوو قسەیەی ئوسامە بەسن بۆ ئەوەی بە تاوانی بڵاوکردنەوەی بیری شۆڤینی و هەوڵی جینۆسایدکردنی کورد وەک سەرانی پێشووی بەعس بدرێنە دادگا. ئەوان ئاوا دەدوێن و بە رۆژی رووناک هاووڵاتیانی کورد دەدزن، رۆشنبیرانی ئێمەش بۆ پرسێکی نەتەوەیی لەو شێوەیە کەوتوونەتە خەوی زستانە.