به‌عس خۆی‌ بۆ په‌رله‌مانی‌ عێراق ئاماده‌ ده‌كات

به‌عس خۆی‌ بۆ په‌رله‌مانی‌ عێراق ئاماده‌ ده‌كات
2009-11-13T09:16:15+00:00

"با به‌عسییه‌كان نه‌چنه‌ په‌رله‌مان"

له‌ سه‌روبه‌ندی‌ خۆئاماده‌كردنی‌ لیست‌و پارته‌ سیاسییه‌كانی‌ عێراق  بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتوی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق، كه‌ بڕیاره‌ له‌ (16/1/2010) له‌ سه‌رانسه‌ری‌ عێراقدا ئه‌نجام بدرێت، چه‌ندین لیست‌و هاوپه‌یمانێتی‌ نوێ پێكهێنراون، كه‌ هه‌ندێكیان به‌تایبه‌ت هاوپه‌یمانێتییه‌ سوننییه‌كان مه‌ترسی‌ ئه‌وه‌یان لێده‌كرێت له‌ رێگه‌یانه‌وه‌ به‌عسییه‌كان بگه‌ڕێنرێنه‌وه‌ په‌رله‌مانی‌ داهاتو.ئه‌م مه‌ترسییه‌ له‌ لێدوانی‌ زۆربه‌ی‌ به‌رپرسه‌ شیعه‌كانه‌وه‌ به‌دی‌ ده‌كرا، به‌ڵام سه‌رسه‌خترین لایه‌ن كه‌ به‌ گومانه‌ له‌و  ئه‌گه‌ره‌، حیزبی‌ ده‌عوه‌ی‌ عێراقییه‌، له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌و له‌ میانه‌ی‌ ڤیستیڤاڵی‌ دامه‌زراوه‌كانی‌ گواستنه‌وه‌ بۆ روبه‌ڕو بونه‌وه‌ی‌ به‌عسدا نوری‌ مالیكی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق‌و سه‌رۆكی‌ حیزبی‌ ده‌عوه‌، هه‌مو لایه‌كی‌ له‌ ده‌ره‌نجامه‌ سلبییه‌كانی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ به‌عسییه‌كان بۆ ناو په‌رله‌مانی‌ داهاتو ئاگاداركرده‌وه‌ له‌ رێگه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌ داواشی‌ له‌ هاوڵاتیان كرد، كه‌ ده‌نگیان پێنه‌ده‌ن.

هاوكات  د.عه‌بدوڵڵا عالیاوایی‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ لێپرسینه‌وه‌ی‌ دادپه‌روه‌ری‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق،  ئاماژه‌ی‌ به‌ بونی‌ مه‌ترسیی‌ هه‌وڵی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ به‌عسییه‌كان كرد بۆ په‌رله‌مانی‌ داهاتو و رایگه‌یاند: "مه‌ترسیی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ به‌عسییه‌كان بۆ ناو په‌رله‌مانی‌ داهاتو له‌ رێگه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ هه‌ستی‌ پێده‌كرێت‌و كۆنه‌ به‌عسییه‌كان له‌ رێگه‌ی‌ چه‌ند لیستێكی‌ جیاوازه‌وه‌ به‌ به‌رگی دیكه‌وه‌ ده‌یانه‌وێت به‌شداریی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتوی‌ په‌رله‌مان بكه‌ن".

رێگره‌كانی‌ به‌عس بۆ گه‌ڕانه‌وه‌

له‌ ئێستادا مه‌ترسیی‌ له‌ ئاردایه‌ سه‌باره‌ت به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ هه‌ندێك له‌ به‌رپرسه‌كانی‌ پێشوی‌ سه‌ربازیی‌‌و سیاسیی‌ به‌عس بۆ ناو ده‌سه‌ڵاتی‌ جێبه‌جێكردن‌و وه‌زاره‌ته‌ هه‌ستیاره‌كانی‌ حكومه‌تی‌ عێراق، ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌، كه‌ به‌پێی‌ به‌یانیی‌ ژماره‌ یه‌كی‌ پۆڵ‌ برێمه‌ری‌ حاكمی‌ مه‌ده‌نی‌ عێراق له‌ ساڵی‌ (2004)دا فه‌رمانی‌ رێگرتن دراوه‌ له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ به‌عس وه‌ك رێكخستنه‌كانی‌، یان هه‌ر ناوێكی‌ دیكه‌ بۆ كورسیی‌ حوكم له‌ عێراق‌و له‌ بڕگه‌ی‌ یه‌كه‌می‌ ماده‌ی‌ حه‌وتی‌ ده‌ستوری‌ عێراقیشدا هاتوه‌؛ كه‌ رێ به‌ هیچ هێزێكی‌ ره‌گه‌زپه‌رستی‌، یان تیرۆر نادرێت، كه‌ پاكتاوی‌ نه‌ژادی‌ بكات به‌تایبه‌ت حیزبی‌ به‌عسی‌ سه‌دامیی‌ له‌ ژێر هه‌رناوێكدا بێت رێگه‌ش نادرێت له‌ژێر ناوی‌ فره‌یی‌ سیاسیی‌ جێی‌ بێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش به‌ یاسا رێك ده‌خرێت.

رێكخستنی‌  ناوه‌ڕۆكی‌ ئه‌و ماده‌یه‌ی‌ ده‌ستوری‌ عێراق بۆ رێگرتن له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ به‌عسییه‌كان(سه‌دامییه‌كان) بۆ عیراق له‌ مانگی‌ شوباتی‌ ساڵی‌ (2008)دا یاسای‌ ده‌سته‌ی‌ باڵای‌ نیشتمانیی‌ بۆ لێپرسینه‌وه‌و دادپه‌روه‌ری‌ پێكهێنرا، كه‌ تیایدا چوارچێوه‌یه‌كی‌ یاسایی‌ بۆ پێكهێنانی‌ ئه‌و ده‌سته‌یه‌‌و شێوازی‌ كاركردنی‌ بۆ رێگرتن له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ هه‌ندێك له‌ به‌پرسانی‌ پێشوی‌ به‌عس بۆ پۆسته‌ باڵاكانی‌ حكومه‌تی‌ عێراقی‌ له‌ روی‌ ئیداریی‌و سیاسیی‌‌و فیكریی‌‌و رۆشنبیریی‌و ئابورییه‌وه‌‌و به‌پێی‌ ئه‌و یاسایه‌ش پۆستی‌ ئه‌و به‌رپرسانه‌ی‌ پێشوی‌ به‌عس دیاری‌ كراوه‌، كه‌ توانای‌ گه‌ڕانه‌وه‌یان نییه‌ بۆ پۆسته‌ هه‌ستیاره‌كان له‌وانه‌ (عضو فرقة) رێی‌ پێنادرێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر كاره‌ ره‌سمییه‌كانی‌ پێشوتریان له‌ هه‌رسێ ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ قه‌زاو وه‌زاره‌ته‌كان‌و ده‌زگا ئه‌منییه‌كان. رێشنادرێت به‌ ئه‌ندامانی‌ حیزبی‌ به‌عسی‌ هه‌ڵوه‌شاوه‌ بۆ سه‌ره‌ره‌وه‌ به‌ وه‌رگرتنی‌ پۆست‌و پله‌ تایبه‌ته‌كانی‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتیی‌‌و پۆسته‌ هاوتاكانی‌ له‌ یه‌كه‌ ئیدارییه‌كان.

 

لیسته‌ گومان لێكراوه‌كان

كه‌ به‌م دواییه‌ ژماریه‌ك لیست‌و حیزب‌و كه‌سایه‌تی‌ جیاجیا گومانی‌ ئه‌وه‌یان لێده‌كرێت  له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتودا ببنه‌ روپۆشی‌ به‌عس بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ بۆ ناو په‌رله‌مان، له‌وانه‌ ئه‌دا به‌ره‌ی‌ (بزوتنه‌وه‌ی‌ نیشتمانی‌ عێراقی‌)، كه‌ له‌لایه‌ن هه‌ریه‌ك له‌ ئه‌یاد عه‌لاوی‌ سه‌رۆكی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ ویفاقی‌ نیشتمانی‌‌و ساڵح موتڵه‌گ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نیشتمانی‌ عێراقی‌‌و خه‌ڵه‌ف عله‌یان سه‌رۆكی‌ به‌ره‌ی‌ دیالۆگی‌ نیشتمانی‌‌و ئه‌حمه‌د ئه‌بو ریشه‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌حوه‌ی‌ عێراق‌و ئوسامه‌ نجێفی‌ ئه‌ندامی‌ لیستی‌ عێراقییه‌و برای‌ ئه‌سیل نجێفی‌ سه‌رۆكی‌ لیستی‌ حه‌دبا‌و جه‌واد پۆڵانی‌ وه‌زیری‌ ناوخۆو سه‌رۆكی‌ حیزبی‌ ده‌ستوری‌ عێراقیی‌، كه‌ به‌پێی‌ چه‌ند زانیارییه‌كی‌ رۆژنامه‌ لیژنه‌ی‌ لێپرسینه‌وه‌و دادپه‌روه‌ری‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق ناوی‌ (2323) كه‌س له‌  ئه‌فسه‌ری‌ فیدایی‌ سه‌دام‌و عوزو فیرقه‌و شوعبه‌و ئه‌منی‌ خاسی‌ تۆمار كردوه‌، كه‌ له‌ ماوه‌ی‌  چه‌ند ساڵی‌ رابرودا له‌ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆی‌ عێراق دوباره‌ دامه‌زرێنراونه‌ته‌وه‌.

حه‌یده‌ر مه‌ولا ئه‌ندامی‌ باڵای‌ (بزوتنه‌وه‌ی‌ نیشتمانی‌ عێراقی‌) ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی‌ ره‌تكرده‌وه‌، كه‌ ئاراسته‌یان كراوه‌ سه‌باره‌ت به‌وه‌ی‌ لیسته‌كه‌یان هه‌وڵی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ به‌عس ده‌ده‌ن‌و بۆ رۆژنامه‌ی‌ رونكرده‌وه‌، كه‌ ئه‌وان له‌ دژی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ ئه‌و به‌عسیانه‌ن، كه‌ ده‌ستیان چوه‌ته‌ خوێنی‌ عێراقییه‌كانه‌وه‌، به‌ڵام تێبینی‌ پێكهاته‌كانی‌ لیسته‌كه‌ی‌ له‌سه‌ر  یاسا‌و خودی‌ ده‌سته‌ی‌ لێپرسینه‌وه‌و دادپه‌روه‌ری‌‌و هه‌ندێك یاسای دیكه‌ نه‌شارده‌وه‌، كه‌ به‌ وته‌ی‌ ئه‌و هه‌وڵێكن بۆ له‌ كارخستنی‌ كه‌سایه‌تی‌‌و لایه‌نی‌ دیكه‌.

حه‌یده‌ر مه‌ولا ئۆباڵی‌ ئه‌و هێرشه‌ راگه‌یاندنه‌ی‌ بۆ سه‌ر لیسته‌كه‌یان خسته‌ ئه‌ستۆی‌ حیزبی‌ ده‌عوه‌و وتی‌: "مالیكی‌ ده‌یه‌وێت شكشته‌كانی‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ له‌ ماوه‌ی‌ چوار ساڵی‌ رابردودا روپۆش بكات بۆیه‌ كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كات، جۆرێك له‌ تایفه‌رگه‌ری‌ نوێ بهێنێته‌كایه‌وه‌ له‌  نێوان لایه‌نه‌كانی‌ شیعه‌و هێزه‌ سوننییه‌كانی‌ دیكه‌دا.

كۆمسیۆن چی‌ پێده‌كرێت؟

كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ سه‌ربه‌خۆی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان، كه‌ ئه‌ركی‌ وردبینیكردنی‌ پاڵێوراو‌و لیسته‌كان‌و راستاندنیانی‌ له‌سه‌ره‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتوی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق، له‌وباره‌یه‌وه‌ سه‌ردار عه‌بدولكه‌ریم ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ كۆمسیۆن به‌ رۆژنامه‌ی‌ راگه‌یاند: "ئه‌ركی‌ بنه‌إه‌تی‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ پاڵێوراوه‌كانی‌ هه‌ر هه‌ڵبژاردنێك له‌ ئه‌ستۆی‌ ده‌سته‌ی‌ لێپرسینه‌وه‌و دادپه‌روه‌ریدایه‌، ئه‌ویش له‌ دوای‌ ئه‌وه‌ی‌، كه‌ له‌لایه‌ن كۆمسیۆنه‌وه‌ ناوی‌ پاڵێوراوه‌كان بۆ ئه‌و ده‌سته‌یه‌ ده‌نێرن به‌ مه‌به‌ستی‌ تاوتوێكردنی‌‌و دواتر وه‌ڵامدانه‌وه‌یان، كه‌ ئه‌وه‌ش به‌ یاسا به‌ڕێوده‌چێت‌و ئه‌و پۆستانه‌ی‌ پێشوی‌ به‌عسیش دیاریده‌كرێت، كه‌ رێیان پێنادرێت وه‌ك پاڵێوراوێك به‌شداریی‌ هه‌ڵبژاردن بكه‌ن.

سه‌باره‌ت به‌ ئاشكرابونی‌ پێشینه‌ی‌ به‌عسی‌ بونی‌ پاڵێوراوێك دوای‌ ده‌رچونی‌ وه‌ك ئه‌ندام په‌رله‌مان،  سه‌ردار عه‌بدلوكه‌ریم ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا؛ كه‌ ئه‌و كات داواكاری‌ گشتیی‌  به‌ پشتبه‌ستن به‌ به‌ڵگه‌ی‌ ته‌واو له‌ رێگه‌ی‌ دادگاوه‌ سكاڵا له‌سه‌ر ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ تۆمار ده‌كات‌و دواتریش له‌ لایه‌ن دادگاوه‌ بڕیار له‌سه‌ر هه‌ڵگرتنی‌ حه‌سانه‌ له‌ سه‌ری‌ ده‌رێت.

ده‌سته‌یه‌ك بۆ لێپرسینه‌وه‌ نییه‌

له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ ساڵی‌ (2008)ه‌وه‌ یاسای‌ ده‌سته‌ی‌ باڵای‌ نیشتمانی‌ لێپسینه‌وه‌و دادپه‌روه‌ری‌ پێكهێنراوه‌، تا جێگه‌ی‌ ده‌سته‌ی‌ ریشه‌كێشكردنی‌ به‌عس بگرێته‌وه‌، به‌ڵام تائێستا ئه‌و ده‌سته‌یه‌ پێك نه‌هێنراوه‌، كه‌ ئه‌ندامه‌كانی‌ (7) كه‌سن، كه‌ له‌ (2) كورد‌و (2) سوننه‌و (3) شیعه‌ پێكدێن‌و هه‌مو لایه‌نه‌كانیش پاڵێوراوی‌ خۆیان پێشكه‌ش كردوه‌‌و به‌ وته‌ی‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ ئاگاداری‌ به‌غداش به‌م دواییه‌ مالیكی‌ گوشارێكی‌ زۆری‌ دروستكردوه‌ بۆ پێكهێنانی‌ ئه‌و ده‌سته‌یه‌، كه‌ ره‌نگه‌ بۆ رێگرتن بێت له‌ خۆپاڵاوتنیان بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتو.

 

عه‌بدوڵڵا عالیاوایی‌ ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ لێپرسینه‌وه‌و دادپه‌روه‌ری‌ وێڕای‌ پشتڕاستكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و زانیارییانه‌ رونیكرده‌وه‌، كه‌ كاره‌كانی‌ ده‌سته‌ی‌ ریشه‌كێشكردنی‌ به‌عس راگیراوه‌و به‌بێ ره‌زامه‌ندی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران ناتوانن كار بكه‌ن به‌وپێیه‌ی‌ له‌و ده‌سته‌ كۆنه‌دا، كه‌ ئه‌حمه‌د چه‌له‌بی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ده‌كرد لادانی‌ زۆر كراوه‌و له‌ رێگه‌ی‌ به‌رتیله‌وه‌ كه‌سانێك گه‌ڕێنراونه‌ته‌وه‌ سه‌ر پۆسته‌كانیان،  كه‌ شایسته‌ی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ نه‌بون بۆ پۆسته‌كانیان".


سبه‌ی

Shafaq Live
Shafaq Live