ئه‌رمه‌نه‌كان زۆر دڵخۆشن به‌ژيانيان له‌كوردستان

ئه‌رمه‌نه‌كان زۆر دڵخۆشن به‌ژيانيان له‌كوردستان
2010-10-09T17:42:28+00:00

لەلایەن توركانەوە هاتوونەتە ئەو بەشەی كوردستان و زۆرینەیان لەقەزای زاخۆدا نیشتەجێبوون.

نوێنەری ئەرمەنەكان لەپەرلەمانی كوردستان، باس لەوەدەكات كە ئەرمەنەكانی كوردستان زۆر دڵخۆشن بەو هەرێمە و هیچ كاتێكیش بیریان لەوە نەكردۆتەوە بگەڕێنەوە وڵاتەكەی خۆیان. ئەوان ساڵی 1914 دوای "قەتلوعام" كردنیان لەلایەن توركەكانەوە، نزیكەی ملیۆن و نیوێكیان لێكوژرا و ژمارەیەكی زیاتریش لەترسی كوشتنیان نیشتمانی خۆیان جێهێشت و پەڕاگەندەی وڵاتانی دراوسێ و شوێنانی دیكەی جیهان بوون. لەو كۆچڕەوە ملیۆنییەی ئەرمەنییەكان، كە بەهەموو وڵاتانی جیهاندا پەرشوبڵاوبوون، جگە لەوڵاتانی دراوسێی توركیا، وەكو سوریا و ئێران و ئەرمینیا و ناوەڕاستی عێراق، ژمارەیەكی زۆریشیان هاتنە كوردستانی باشوور و زۆرینەیان لەپارێزگای دهۆك گیرسانەوە، ئێستاش دوای نزیكەی 100 ساڵ ژیان لەو هەرێمە، ئەرمەنییەكانی دهۆك بەشێوەزاری كرمانجی سەروو قسەدەكەن و زۆریش خۆشحاڵن لەو ژیانەی لەرابردوودا لەگەڵ كوردەكانی ئەوێ گوزەراندویانە.

نینا، وەكو كچە ئەرمەنییەكی پارێزگای دهۆك خۆشحاڵی خۆی بەو ژیانە دەربڕی كە لەكوردستان دەیباتەسەر و سەبارەت بەپەیوەندیشیان لەگەڵ كوردەكاندا بۆ (سڤیل) گوتی "كورد میللەتێكی باشن و جگە لەرێز و خۆشەویستیمان بۆیان، هیچ داوایەكی دیكەمان لێیان نییە".

ماسیس شاهینیان، قەشەی دێری (ئازاسوزكس)ی ئەرمەنەكان و گەورەپیاوێكی ئەرمەنی ناوچەكە و پارێزگای دهۆك، روونیكردەوە، كە ئەرمەنەكان بەتەنها ئاینزای مەسیحی نین، بەڵكو لەناو ئەواندا ئیسلام و جولەكە و ئێزیدیش هەنە. ئاماژەی بەوەشدا وڵاتی ئەرمینیا كە ئەوان وەكو ئەرمەن (هیستان)ی پێدەڵێن، لەدوای راگەیاندنی سەربەخۆیی خۆی و جیابوونەوەی لەیەكێتی سۆڤیەتی جاران، لەساڵی 1990 كاتێك ئەرمینیا سەربەخۆیی راگەیاند، ئەرمەنەكانی بادینان نەیانتوانی دەستبەرداری نیشتمانی دووەمی خۆیان بن و بگەڕێنەوە بۆ وڵاتە رەسەنەكەیان. ئەو پیاوە ئاینیەی ئەرمەنەكان هێمای بۆ ئەوەشكرد، كە راستەوخۆ لەدوای نیشتەجێبوونیان لەبادینان بەپێچەوانەی كەمەنەتەوەی شوێنانی دیكە، خۆیان فێری شێوەزاری بادینی كردووە و بەهیچ شێوەیەك خۆیان لەخەڵكەكەی جیانەكردۆتەوە.

ماسیس شاهینیان قەشەی دێری ئەرمەنەكان لەدهۆك لەبارەی شێواز و چۆنیەتی "عیبادەت"ی ئەرمەنەكان و بۆنە ئاینییەكان وتیشی "هەموو رۆژانی هەینی و یەك شەممە ئەرمەنەكان لەكاتژمێر 8:30 بەیانی تا 11:30 نیوەڕۆ دێنە دێر و عیبادەتی خۆیان دەكەن"، ئەو پیاوە ئاینییە ئاماژەی بەوەشدا، كە ئەرمەنەكان شەش جەژنیان هەیە، یەكەم جەژنیان بە (میلاد یسوع) دەستپێدەكا و دواتریش جەژنەكانی (قیامە یسوع- انتقالە العزرا- عید السلیب- عید الرشاش) و دواتریش بە (عید السعود) كۆتایی بەبۆنە ئاینییەكانی خۆیان دێنن. لەبارەی ژن و ژنخوازی نێوان ئەرمەنەكانیش، ماسیس دەڵێت "تاوەكو 10 ساڵیش بەر لەئێستا، ئەرمەنەكان تەنها لەنێو خۆیاندا ژن و ژنخوازیان دەكرد و نەژنیان لەكەس دەهێنا و نەژنیشیان بەكەس دەدا"، بەڵام وەكو ئەو دەڵێت "ئێستا ئەرمەنەكان پێشكەوتوونە و ژن بەكلدان و ئاشووریەكان دەدەن و ژنیشیان لێ دەهێنن".

ئەو پیاوە ئاینییەی ئەرمەنەكان ئەوەشی خستەڕوو، كە ئەگەر هاوكاری حكومەتی هەرێم و باشی كوردان نەبووایە، ئەوان نەیاندەتوانی بۆ ماوەی ئەوەندە ساڵە لەكوردستان بژین. ئەو دەڵێت "چەندین ساڵە ئێمە وەكو كوردەكان، ئەرك و مافمان هەیە لەو نیشتمانە و تائێستا كەسێك دڵی ئێمەی نەیەشاندووە. ئاماژەی بەوەشكرد كە ئەوانیش وەكو ئەرمەنەكان تابۆیان كرابێت خزمەتی كوردستانیان كردووە و چەندین كەسی خۆیان خستۆتە خزمەتی ئەو میللەتە، گوتیشی "وارتكێس موسێس، كە ئێستا بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی دهۆكە، یەكێ لەو ئەرمەنانەیە كە لەو هەرێمە خزمەتێكی زۆری بواری پەروەردەیی كردووە ".

 

ئارام شاهین داود، كە ئێستا نوێنەرایەتی 3200 ئەرمەنی لەپەرلەمانی كوردستان دەكات، سەبارەت بەو پرۆژانەی لەماوەی رابردوو بۆ ئەرمەنەكان پێشكەشی پەرلەمانی كردووە، دەڵێت "ئەرمەنەكانی كوردستان تا ئێستا هیچ پرۆژەیەكیان نەداوەتە من تاوەكو بۆیان پێشكەش بەپەرلەمان بكەم، بەڵام من بەخۆم پرۆژەیەكم داوەتە پەرلەمان، داوای بنكەیەكی رۆشنبیری تایبەت بەئەرمەنەكان دەكەم، یاخود پێدانی بودجەیەك بۆ دەركردنی رۆژنامەیەك یا گۆڤارێكی تایبەت بەئەرمەنەكان".

ئەو ئەندام پەرلەمانەی ئەرمەنەكان لەپەرلەمانی كوردستان وتیشی كە تائێستا ئەرمەنەكانی كوردستان بەهیچ شێوەیەك هەستیان بەوە نەكردووە لەڕووی ئاینی یاخود نەتەوەیی جیاوازێكیان لەبەرامبەر كرابێت، بۆیە وەك گوتی "ئێمە هیچ كاتێك بیرمان لەوە نەكردۆتەوە بگەڕێینەوە وڵاتی ئەرمینیا".

بەپێی زانیاریەكان ئێستا لەهەرێمی كوردستان، ئەرمەنەكان بەو شێوەیە بەسەر نەخشەی هەرێمدا دابەشبووینە، 47 خێزان لەناو سنووری قەزای دهۆك و دوو گوندی ئەرمەنەكانیش كەوتۆتە سنووری قەزای زاخۆ، لەگوندی (ئاڤزریك) 50 خێزان و لەگوندی (هاوریسكێ)ش 107 خێزان دەژین، هاوكات لەسنووری قەزای (سێمێل) 55 خێزان و لەپارێزگای هەولێریش نزیك بە 90 خێزانی ئەرمەنی دەژین، ئەمە جگەلەوەی سێ تاچوار خێزانی ئەرمەنی ئێستا لەسنووری پارێزگای سلێمانی دەژین. سەرچاوەیەكیش كە نەیویست ئاماژە بەناوەكەی بكرێت بە (سڤیل)ی راگەیاند، كە 25 هەزار خێزانی ئەرمەنی لەشارەكانی دیكە عێراق، كە زۆربەیان لەشاری بەغدان، نیشتەجێنە و لەدوای ساڵی 2003 بەتایبەت پاش زۆربوونی كارە توندوتیژییەكان، 7 هەزار خێزانی ئەرمەنی بەغدا و شارەكانی دیكەی ناوەڕاستی عێراقیان جێهێشتووە و چوونەتە دەرەوە.سفيل

Shafaq Live
Shafaq Live