ئایا عیراق ڕێگای بەرەو فیدڕالیەتی قبوڵە؟

ئایا عیراق ڕێگای بەرەو فیدڕالیەتی قبوڵە؟
2019-11-28T01:13:48+00:00

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نە تەنها لە کاتی گەمەی گەورەی نێوان بەریتانیای مەزن و روسیا لە ساڵی 1829 ناوچەیەکی پڕ لە سەرچاوەی سروشتی و شۆرش و ململانێی هەژموون بووە، بەڵکو ئەمڕۆش لە نێوان زلهێز و هێزە هەرێمیەکان ململانێی لەسەر دەکرێت.

بە پێی هاوکێشەکانی ململانێ هێشتا بڕیاربەدەستان لە ئەمریکا گرینگی بە عیراق دەدەن، چۆنکە عیراق ناوچەیەکی ژیاریە لە جیهان و ناکرێت دەستبەرداری بیت.

خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییە لە عیراق کۆمەڵی پرسیاریان لەگەڵ خۆیان هێنا.

ئایا حکومەت دەست لە کار دەکێشێتەوە و بەرەو هەڵبژاردنی پێش وەختە دەچێت، یان بەرەو چارەسەر دەچێت لە ڕووی ئاسایش و هاندانی شەقام بە پارە؟

ئایا عیراق سیناریۆی سامەڕا و داعش دووبارە دەکاتەوە، یان ئایا عیراق سوپایەکی هەیە، بتوانێت جڵەوی دەستپێشخەری بگرێتەدەست؟

بە پێچەوانەی لوبنان سوپای عیراق نەیتوانیوە لاوانی خۆپیشاندەر لە کوشتن بپارێزێت، کە بە شێوەیەکی ئاشتیانە ناڕەزایی خۆیان دەردەبڕن.

زۆر فاکتەر لە بەرژەوەندی مانەوەی حکومەتە. ئێران و ئەمریکا مەبەستیان نیە ئەم حکومەتە بڕوخێت، بۆیە گۆڕانکاری ڕیشەیی بە دوور دەبینرێت.

قورسایی خۆپیشاندانەکان سەرجەم عیراقی نەگرتۆتەوە، هەروەها خۆپیشاندەران هێشتا سەرکردە و ئەجیندایەکی ڕوون و دیاریکراویان نیە. ئەوان دژ بە میلیشیا دەستخوێناویەکانی، کە تینووی کوشتنن، ڕاپەڕیون.

لەوانەیە ئەم خۆپیشاندانانە بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ بەردەوامییان هەبێت، تاوەکو هەژموونی مەرجەعیەت و حزبەکانی دەسەڵات کەم دەبێت و داواکاریەکان ڕوونتر دەبن، یان تاوەکو بەرتەوازەیی لە ناو دەسەڵات درووست دەبێت و ئیدانەکردنەکان لە لایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زیاتر دەبێت.

واقیعی ئەمڕۆی عیراق پێچەوانەی دەستورە، ئەمەش بە هۆی پەکخستنی دەستور و زۆربەی ماددەکانی دەستورە لە لایەن میلیشیا نادەستوریەکانی سەر بە میحوەری هەرێمی، کە عیراقیان بە جەمسەری هەرێمی گرێداوە.

لە دەیەی داهاتوو چەند سیناریۆیەك بۆ ئایندەی عیراق ئەگەریان هەیە، سیناریۆی فیدڕاڵیەتێکی لاواز بە هۆی کێشە تایفەگەرییەکان و ئاستی بەرزی توندوتیژیەکان، لەگەڵ دوو سیناریۆی تر، کە ئەگەریان کەمترە، لەوانە ئاشتەوایی نیشتمانی و سەقامگیری و چاکسازی فراوانتر لە هەرێمەکان و سیناریۆی جەنگی ناوخۆ و لێکترازانی عیراق.

ئەمڕۆ هەر چوار پارێزگاکانی هەرێمی كوردستان، کە لە ڕووی فیدڕاڵی بوونیان هەیە، لە بەرامبەردا 15 پارێزگای تر هەیە کە بە شێوەیەکی ناوەندی سەر بە بەغدان، ئەمەش پێچەوانەی دەستورە.

ئەگەر عیراق بەردەوام بێت لە گەڕانەوەی شكۆمەندی بۆ دەستور و ماددەی 140ی دەستور جێ بە جێ نەکات، وەکو چۆن 67 ماددەی تر پەکخراوە، یان ئەگەر کار لەسەر بە فیدڕاڵی کردنی پارێزگاکانی تر نەکات، ئەوا هەرێمی كوردستان قسەی خۆی دەبێت.

بۆ ئەوەی دەستور جێ بەجێ بکرێت، پێویستە دیاردەی میلیشیا چەکدارە نادەستوریەکانی سەر بە وڵاتانی دەرەوە نەمێنێت.

هەرچەند ئەم کێشەیە زیاتر نێودەوڵەتیە لەوەی تەنها پەیوەندی بە عیراق هەبێت و بەندە بە قبوڵکردن یان ڕەتکردنەوەی مەرجەکانی مایك پۆمپیۆ، کە ئاراستەی ئێرانی کردووە.

ئێران ئەمڕۆ لە ململانێی خۆی لەگەڵ ئەمریکا عیراق وەکو کارتێك بەکار دەهێنێت بەمەبەستی پاراستنی ڕژێم و هەژموونی.

توندوتیژیەکانی ئەم دواییە دژ بە خۆپیشاندەران لە بەغدا و شارەکانی تری عیراق ئەو بۆچوونە پشتڕاست دەکەنەوە. واقیعی ئەمڕۆی عیراق، کە پێچەوانەی دەستورە، خزمەت بەو لایەنانە دەکات، کە بڕیاری ئاسایشی و سەربازی و سیاسیان بەدەستەوەیە و سەر بە دەرەوەن.

لە ئێستادا هیچ چارەسەرێکی واقیعی و دەستوری نیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی میلیشیاکان، بۆیە فیدڕاڵیەتێکی لاواز تا ئاگادارکردنەوەیەکی تر وەکو خۆی دەمێنێتەوە.

تاوەکو هزری ناوەندێتی سەردەست بێت و عەقڵیەتی عیراقیەکان (سوننە و شیعە) کە دژ بە فیدڕاڵیکردنی عیراقە نەگۆڕدرێت، گرفتەکانی بەردەم سیناریۆی فیدڕاڵیەت بەردەوامیان دەبێت.

دکتۆر سامان سۆرانی

 

Shafaq Live
Shafaq Live