ئایا ئه‌ردۆگان ده‌بێته ئه‌ندازیاری چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد له توركیا؟
و ده‌وروبه‌ره ئیقلیمییهكهی ئه‌و وڵاته، به‌تایبه‌تی عیراق و هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگانی سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا ڕاشكاوانه ڕایگه‌یاند كه كاتی ئه‌وه هاتووه سنوورێك بۆ ئه‌م كێشه و ململانێیه دابنرێت و ئه‌وه‌ی دووپاتكرده‌وه كه به‌هه‌ر نرخێك بێت حكومه‌ته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌م دۆزه‌دا ده‌ڕوات تا كۆتایی.
بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ئه‌ردۆگان و به‌رپرسانی تری ناو حكومه‌ته‌كه‌ی بزاوتێكی مه‌یدانیان ده‌ستپێكردووه به ئامانجی قه‌ناعه‌تپێكردنی هێزه سیاسییه‌كانی ئه‌و وڵاته و ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ پرۆژه‌كه‌دا بن و هه‌نگاوه‌كان به‌ئاراسته‌ی ئاشتبوونه‌وه له‌گه‌ڵ كورددا بخرێته قۆناغی پراكتیكه‌وه.
به‌ڕێككه‌وت بێت یان به‌شێوه‌یه‌كی تر مانگی ئاب گه‌لێك وێستگه‌ی مێژوویی بۆ كورد به‌خۆوه گرتووه كه شایانی هه‌ڵوێسته له‌سه‌ركردنه، 25 ساڵ پێش ئێستا‌و له 15ی ئابی 1984دا پارتی كرێكارانی كوردستان (pkk) كه تا ئه‌و كاته نه‌ناسراوبوو یه‌كه‌م چالاكی سه‌ربازی ئه‌نجام دا‌و له‌ناوچه كوردییه‌كانی بنده‌ستی ده‌وڵه‌تی توركیادا به‌ده‌ركه‌وتن و له‌و كاته‌وه تائێستا شه‌ڕ و نائارامییه‌كانی نێوان كورد و ده‌وڵه‌تی توركیا هه‌زاران قوربانی له‌هه‌ردوولا لێكه‌وتووه‌ته‌وه.
له هه‌نگاوێكی مێژوویی‌دا و بۆ یه‌كه‌مجار و له 12ی ئابی 2005دا ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگانی سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا دانی نا به بوونی كێشه‌ی كورد له وڵاته‌كه‌یدا، ناوبراو له‌شاری دیاربه‌كر و له‌به‌رده‌م جه‌ماوه‌رێكی زۆری كوردی خه‌ڵكی ئه‌و شاره‌دا به‌ڵێنییدا كه كار له‌سه‌ر چاره‌سه‌ری كێشه‌كه بكات به ده‌سته‌به‌ركردنی دیموكراسیه‌تی زیاتر له وڵاته‌كه‌یدا. ئه‌مه‌ش یه‌كه‌م دانپیانان بوو له‌و ئاسته‌دا، جه‌نه‌راڵه‌كانی تورك و هێزه سیاسییه نه‌ته‌وه‌په‌رسته‌كانی ئه‌و وڵاته له‌و كاته‌دا لێی هاتنه ده‌نگ و ڕه‌خنه‌یان له‌و سیاسه‌ت و جموجوڵانه‌ی ناوبراو گرت، كه گوایه هه‌ڵوێست و لێدوانه‌كانی له‌باره‌ی كێشه‌ی كورده‌وه توركیا دووچاری مه‌ترسی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه و پارچه‌پارچه‌بوون ده‌كات و قه‌واره پۆڵایینهكهی مسته‌فا كه‌مال ئه‌تاتورك لاواز ده‌كات.
دواجار ئه‌ردۆگان له 5ی ئابی 2009 و له وته‌یه‌كی مێژوویی ناو كۆبوونه‌وه‌یه‌كی حزبه‌كه‌یدا ڕایگه‌یاند كه ئه‌و ئاماده‌یه بۆ چاره‌سه‌ری ڕیشه‌یی كێشه‌ی كورد و داوای له پارته‌كانی ئۆپۆزسیۆن كرد پشتیوانی بكه‌ن و پلانه‌كه‌ی سه‌ربخه‌ن، له‌م ڕووه‌وه سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا داوای له‌هه‌ردوو پارتی سه‌ره‌كی ناو ئۆپۆزسیۆنی وڵاته‌كه‌ی گه‌لی كۆماری و بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كرد كه له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م پرۆسه نیشتیمانییه‌وه نه‌مێننه‌وه و ببنه به‌شێك له هه‌وڵه‌كان.
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و گرفت و ئاسته‌نگانه‌شدا كه له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردووی ده‌سه‌ڵاتیدا هاتووه‌ته ڕێگای، پارتی داد و گه‌شه‌پێدان هه‌وڵی داوه زه‌مینه بسازێنێت بۆ سه‌رخستنی پرۆژه نیشتیمانی و دیموكراسییه‌كه‌ی و هه‌نگاو به‌هه‌نگاو له ئامانجه‌كانی هاتووه‌ته پێش، هه‌نگاوه‌كانی لهدهستوورهوه ده‌ستی پێكرد و هه‌وڵی ئه‌وه‌ی دا له‌وێوه ڕیفۆرم و گۆڕانكاری دروست بكات و ئه‌و مه‌رجه‌عه هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه كه ڕێگای له پێكه‌وه‌ژیان و دابینكردنی مافی هاوڵاتیان گرتووه و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئه‌وانی پێشێلكردووه، له‌وانه تایبه‌تمه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی و كلتووری.
داد و گه‌شه‌پێدان یه‌كه‌م پارتی فه‌رمانڕه‌وای توركیایه كه له ده‌ره‌وه‌ی ئایدۆلۆژیای كهمالیزمهوه هه‌ڵوێست ده‌نوێنێت و مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ دۆزه سیاسی و ژیارییه‌كانی وڵاته‌كه‌یدا ده‌كات، هێزێكه به‌جیهانبینی خۆیه‌وه ده‌ڕوانێته ڕه‌وشی ناوخۆی وڵاته‌كه‌ی و ده‌یه‌وێت ئه‌و ئایدۆلۆژیا تۆرانییه تێپه‌ڕێنێت كه ته‌نها ڕه‌گه‌زی تورك ده‌بینێت و دان به‌بوونی هیچ شوناس و گروپێكی مرۆیی تردا نانێت كه له‌و وڵاته‌دا ده‌ژین.
خوێندنه‌وه‌ی ئه‌دای سیاسی و ئاستی جدیه‌تی حكومه‌تی توركیا و پارتی فه‌رمانڕه‌وا له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوودا ئومێدی ئه‌وه به‌كورد ده‌دات كه بارودۆخه‌كه به‌ئاراسته‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌ودا ده‌ڕوات و ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی پێشتری حكومه‌ته‌كه‌ی ئه‌ردۆگان ده‌سپێك و زه‌مینه‌سازی بووه بۆ هه‌نگاوی گه‌وره‌تر كه ڕاگه‌یاندنی بوێرانه‌ی چاره‌سه‌ری ڕیشه‌یی دۆزی كورده له چوارچێوه‌ی نه‌خشه‌ی ڕێگای حكومه‌ته‌كه‌یدا كه ناونراوه كرانه‌وه‌ی دیموكراسیانه.
پلانی چاره‌سه‌ره ڕیشه‌ییه‌كه‌ی ئه‌ردۆگان دوای زنجیره هه‌نگاوێكی گرنگ و مێژوویی دێت كه بوونه‌ته بنه‌ما بۆ پرۆژه‌كه و ئه‌وه‌ی له ڕابردوودا ئه‌نجام دراوه سه‌ره‌تای نهخشهكهبووه كه پارتی داد و گه‌شه‌پێدان به ڕه‌چاوكردنی بارودۆخی هه‌ستیاری وڵاته‌كه‌ی و نه‌وروژاندنی سوپا و هێزه نه‌ته‌وه‌په‌رسته توندڕه‌وه‌كان هێڵه به‌راییه‌كانی دیاریكردووه و هه‌ندێكیانی ئه‌نجام داوه، گرنگترین ئه‌و كارانه‌ش له‌ماوه‌ی ڕابردوودا ئه‌نجام دراون بریتین له:
1- زنجیره سه‌ردانه‌كانی ته‌یب ئه‌ردۆگان بۆ ناوچه كوردییه‌كان و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ر و لێدوانه‌كانی ده‌رباره‌ی كێشه‌ی كورد و پێداگری ناوبراو له‌سه‌ر چاره‌سه‌ری دیموكراسیانه‌ی ئه‌و كێشه‌یه له چوارچێوه‌ی بزاوتێكی ڕیفۆرمیستانه‌دا كه حكومه‌ته‌كه‌ی كار له‌سه‌ر به‌ئاكام گه‌یاندنی ده‌كات.
2- ده‌سته‌به‌ركردنی كۆمه‌ڵێك مافی نه‌ته‌وه‌یی و كلتووری بۆ كورد و ڕێژه‌یه‌كی بهرچاوكرانهوه به‌ڕووی خواست و داواكانی ناوچه كوردییه‌كاندا، له‌وانه مافی خوێندن به‌زمانی دایك و دامه‌زراندنی ڕادیۆ و كه‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنیی به‌زمانی كوردی.
3- داڕشتنی پلانی تایبه‌ت بۆ په‌ره‌پێدانی ناوچه‌كانی كوردستان و هه‌وڵدان بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی ده‌رامه‌تی خه‌ڵكی ناوچه‌كه به‌و پێیه‌ی تائێستا ناوچه‌یه‌كی هه‌ژارنشین و پهراوێزخراوبووه، داد و گه‌شه‌پێدان پێیوابووه ئه‌م ڕه‌وشه مرۆییه دژواره‌یه زیاتر زه‌مینه‌ی بۆ توندوتیژی و چه‌كهه‌ڵگرتنی دانیشتوانه‌كه‌ی دژی ده‌وڵه‌تی توركیا خۆشكردووه.
4- گه‌شه‌ی سیاسی و بزاوتی ڕێكخراوه‌یی له ناوچه‌كانی كوردستاندا كه له‌م بارودۆخه‌دا به‌شداری سیاسی كورد له‌ناو ململانێ دیموكراسییه‌كه‌ی وڵات‌دا په‌ره‌ی سه‌ند و ڕه‌وتی سیاسی كوردی به‌ده‌ركه‌وت كه خۆی له پارتی كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتیدا بینییه‌وه و توانی نوێنه‌ره‌كانی بنێرێته په‌رله‌مان. لێره‌شدا دیسان حكومه‌ته‌كه‌ی ئه‌ردۆگان پێیوابووه كه نه‌بوونی ئه‌و بزاوته سیاسییه و به‌شدارنه‌بوونی كورد له‌ناو كایه دیموكراسییه‌كه‌ی وڵاته‌كه‌یدا به‌دیلی تری خوڵقاندووه كه چالاكی چه‌كداری و یاخیبوون بووه له ده‌وڵه‌ت.
5- سه‌ردان و به‌سه‌ركردنه‌وه‌كانی پارت و كه‌سایه‌تییه سیاسی و ڕۆشنبیرییه‌كان له‌لایه‌ن سه‌رانی پارتی داده‌وه، له‌وانه سه‌ردانه‌كه‌ی ئه‌ردۆگان بۆ باره‌گای پارتی كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتی و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د توركی سه‌ركرده‌ی سیاسی پارته‌كه‌دا، هه‌روه‌ها سه‌ردانی ئه‌دیب و ڕۆماننووسی به‌ناوبانگی كورد یه‌شار كه‌مال له‌لایه‌ن عه‌بدوڵڵا گویلی سه‌رۆك كۆماری توركیا و به‌خشینی دیاری ڕێزلێنان به‌و ئه‌دیبه كورده، له سه‌ردانه‌كانیشدا ڕاشكاوانه قسه له‌سه‌ر دۆزی كورد كراوه و دیالۆگ و بیروڕا گۆڕینه‌وه ئه‌نجام دراوه.
6- دوا هه‌نگاوی حكومه‌تی توركیا گێڕانه‌وه‌ی ناوه كوردییه‌كان بوو بۆ ئه‌و ناوچانه‌ی ته‌تریك كرابوون و ناوه كوردییه‌كانیان له‌سه‌ر قه‌ده‌غه كردبوون. پاشان ڕێگادان به خوێندنه‌وه‌ی وتاری نوێژی هه‌ینی و بۆنه نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان به زمانی كوردی.
سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا ده‌یه‌وێت هه‌موو ئه‌وه‌ی ئه‌نجامی داوه و ئه‌وه‌ش ده‌یه‌وێت له ئایینده‌دا وه‌ك هه‌نگاوه كۆتاییه‌كانی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ئه‌م دۆسیه‌یه ئه‌نجامی بدات پێكه‌وه گرێ بداته‌وه و پیشانی بدات كه هه‌نگاوه‌كانی ڕابردووی بۆ گه‌یشتن به ئه‌مڕۆ بووه، ئه‌و ده‌یه‌وێت مێژووییه‌كی نوێ بۆ توركیا دروست بكات كه خۆی و پارته‌كه‌ی ئه‌ندازیاری داڕشتنی ناوه‌رۆك و بڕگه‌كانی ئه‌و مێژووه نوێیه‌بن.
ئه‌مڕۆ له دوێنێ زیاتر زه‌مینه له‌باره بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ڕیفۆرمه سیاسی و دیموكراسییه‌ی له‌سه‌ره‌تای ڕێگایه‌وه به‌ڵێنی دابوو ئه‌نجامی بدات، له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ پشتیوان و لایه‌نه هاوكاره‌كان زیاترن له‌وانه‌ی دژایه‌تی ده‌كه‌ن و بگره كوده‌تاچییه سه‌ربازه‌كانی دوێنێش هاتوونه‌ته سه‌ر هێڵ و به‌ڵێنی هاوكاری و پشتیوانی ئه‌ردۆگانیان داوه با بهڵێنهكانیشیان به‌حه‌زه‌ره‌وه بێت، له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه‌ش ئه‌مریكییه‌كان پێیان باشه پێش ئه‌وه‌ی هێزه‌كانیان عیراق به‌جێبهێڵێت دۆسیه‌ی قه‌ندیل و په‌كه‌كه چاره‌سه‌ر بكرێت، كه دیاره چاره‌سه‌ری ئه‌وه‌ش له‌چوارچێوه‌ی چاره‌سه‌ری كێشه بنه‌ڕه‌تییه‌كه‌دا ده‌بێت كه كێشه‌ی گه‌لی كورده، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه هه‌وڵه‌كانی ئه‌ردۆگان و پارته‌كه‌یان به‌رز نرخاندووه و ئاماده‌یی هه‌موو هاوكارییهكیشیان ده‌ربڕیوه، له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تیش هه‌موو لایه‌ك ستایشی ئه‌و هه‌وڵانه ده‌كه‌ن و ئه‌وه‌ی بۆ ئه‌نقه‌ره گرنگ بێت یه‌كێتی ئه‌وروپایه كه چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه‌یه و په‌ره‌پێدانی دیموكراسیه‌تی له توركیادا كردووه‌ته مه‌رجی وه‌رگرتنی ئه‌و وڵاته له ڕێكخراوهكهیدا.
سه‌رانی پارتی داد و گه‌شه‌پێدان به‌م هه‌وڵانه‌یان ده‌یانه‌وێت ڕواڵه‌تی توركیا له ده‌وڵه‌تێكی داخراو به‌سه‌ر خۆی و ده‌ره‌وه‌یدا بگۆڕن بۆ ده‌وڵه‌تێكی كراوه‌ی خاوه‌ن ڕۆڵ و كاریگه‌ری له ناوچه‌كه و جیهاندا، سه‌ره‌تای ئه‌و پرۆسه‌یه‌ش ده‌بێت له‌ناوه‌وه ده‌ستپێبكات هه‌رچه‌نده له‌یه‌ك كاتدا به‌هه‌ردوو ئاراسته‌دا هه‌وڵه‌كانی ئه‌نقه‌ره ده‌مێكه ده‌ستیپێكردووه و ئێستا توركیا له‌سه‌ر ئاستی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و له‌ناو هاوكێشه سیاسی و ستراتیژییه‌كانی ناوچه‌كه‌دا له پێشه‌وه‌یه و قورسایی به‌رچاوی بۆ خۆی دروستكردووه و له‌ناو دۆز و ڕووداوه گه‌رمه‌كاندا حزووری هه‌یه، چاره‌سه‌ری كێشه سیاسییه‌كانی ناوخۆی ئه‌م وڵاته‌ش باشتر ده‌یباته پێشه‌وه و قورسایی زیاتری بۆ دروست ده‌كات، له‌سه‌رووی هه‌موویانه‌وه چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد كه ئێستا بووه‌ته خه‌می گه‌وره‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی ته‌یب ئه‌ردۆگان.
هه‌موو ئه‌و ئاماژانه‌ی سه‌ره‌وه ئه‌وه‌یان لێ ده‌خوێنرێته‌وه كه چاره‌سه‌ری دۆزی كورد له‌و وڵاته‌دا له به‌دیهاتن نزیكبووه‌ته‌وه و ئه‌گه‌ر به‌كۆتایی بگات، پرۆژه‌ی دیموكراسی له توركیادا به‌هاتنه پێشه‌وه‌ی كورد به‌پاڵپشتی پارتی داد و گه‌شه‌پێدان ڕووی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی پێ ده‌درێت، دواجار چاره‌سه‌ری كێشه‌ی گه‌لی كورد له‌و وڵاته‌دا جگه‌له‌وه‌ی له‌به‌رژه‌وه‌ندی سه‌ركرده‌كانی پارتی داد و گه‌شه‌پێدان و ده‌وڵه‌تی توركیادایه، ده‌بێته فاكته‌ری چه‌سپاندنی ئارامی و سه‌قامگیری له‌ناوچه‌كه‌شدا، دواجار ئه‌مه ده‌بێته نمایشی نوێی دیموكراسیه‌ت كه قورسایی ڕووانین و سه‌رنجه‌كانی دنیا ده‌خاته سه‌ر توركیا و به‌مه ئه‌نقه‌ره ئه‌زموونێكی نوێ پیشانی ده‌وروبه‌ری ده‌دا كه تیایدا ماف و شوناسی گه‌لان و گرووپه مرۆییه‌كان پارێزراوه.