له‌ قامووسی تاوانباران مردنی ئاسایی كورد تاوانه‌

2022-12-01T12:09:32.000000Z

عه‌لی حسێن فه‌یلی/  كه‌ باسی دۆزی كورد ده‌كرێ به‌رده‌وام ئه‌و پرسیاره‌ دێته‌ ئارا كه‌ به‌ پێی دۆخی ژئو پولتیكی سیاسی و به‌ربه‌ش بوونی چه‌ند وڵاتی ناوچه‌كه‌ له‌ نه‌هامه‌تیه‌كانی ئه‌م گه‌له‌   دۆخه‌كه‌ تاكه‌ی هه‌روا ده‌مێنێ؟

هه‌ریه‌ك له‌و وڵاتانه‌ی باوه‌ڕیان به‌ مافی  ئینسانی و نه‌ته‌وه‌یی كورد نییه‌ ، ‌ سه‌دان ساڵه‌  ‌ یاسای لێرو دارستان په‌یڕه‌و ده‌كه‌ن‌‌ و  هه‌موو ده‌رگاكانیان  به‌ رووی چاره‌سه‌ری  دۆزی ئه‌م گه‌له‌  ئاشتی خوازه‌  داخستووه‌  مه‌گه‌ر  ده‌رگاه‌ كشتوبڕ نه‌بێ‌.

په‌یوه‌ست به‌ عیراق ئێمه‌ له‌ وڵاتێكداین   هه‌ژموونی حكومڕانیه‌‌كه‌ی ‌هه‌رناوێكی بۆ دانرابێ  له‌گه‌ڵ ئه‌ده‌بیات و خواستی پێكهاته‌كان بۆ پێكه‌وه‌ ژیانی ئاشتیانه‌ و  سه‌رده‌میانه‌  ناگونجێ. 

له‌ ئێستادا به‌ پێی فه‌رمانی سه‌رۆكی نه‌ته‌وه‌ییمان و پشتگیری حكومه‌تی هه‌رێم   هه‌وڵێكی پیرۆز له‌ئارادایه‌‌ كه‌ ئامانجی بیرهێنانه‌وه‌و تۆماركردنی  زانستیانه‌ی كۆمه‌ڵ كوژیی‌ كورده‌.  ئه‌م ‌ پرۆژه‌ مه‌زن و نێونه‌ته‌وه‌ییه‌  توێژینه‌وه‌ له‌سه‌ر  مێژووی  جینوسایدی كوردانی فه‌یلی كردووه‌  به‌ ده‌روازه‌ی چوونه‌ ناو مێژووی جینوسایدی گه‌لی  كورد.

ئاساییه‌ بڕیاره‌كه‌ و هه‌وڵو ماندووبوونه‌كان پیرۆزن لێ بۆ هه‌ندێك بابه‌ت گه‌لێك دره‌نگ كه‌وتووه‌ !

- زۆربه‌ی شایه‌تحاڵه‌كانی ئه‌و تاوانه‌ و خاوه‌نی كه‌یسه‌كه‌ یان له‌ ژیاندا نه‌ماون یان تا نهۆ له‌ تاراوگه‌دا ده‌ژین و یاده‌وه‌ریه‌كانیان خۆڵه‌مێشی پیری به‌سه‌ره‌وه‌ نیشتووه‌ .

-   هیچ ئاسه‌وارێكی فیزیكی بۆ قوربانیه‌كان  نییه‌ و  كه‌مترین به‌ڵگه‌نامه‌ی ره‌سمی و تۆماركراو بۆ ئه‌و زنجیره‌ تاوانه‌ی رژێمه‌ یه‌ك له‌ دوای یه‌كه‌كانی عیراق  له‌به‌ر ده‌ستن.

- ئاساییه‌ له‌ دیدی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌ جیهانیه‌كان ته‌نیا بیرهێنانه‌وه‌ی تاوان به‌سه‌نده‌ ناكات .

په‌یوه‌ست به‌  دۆسیه‌كه‌ ئه‌و هه‌وڵ و ماندووبوونانه‌ی رابردوو ناتوانێ  خۆراكی سێ رۆژی كۆنفرانسێكی زانستی دابین بكات به‌ڵام ده‌توانێ وه‌رچه‌رخانێكی مێژوویی له‌ روانگه‌ی ده‌ستبردن بۆ ئه‌و كه‌یسه‌  سازبكات .

له‌ سۆنگه‌ی ئه‌وه‌ی  كاتێك  ئه‌و كه‌یسه‌ (جینوسایدی فه‌یلییه‌كان) ‌ ساڵی 2009 له‌ دادگای باڵای تاوانه‌كان جووڵێنرا ، زۆربه‌ی خاوه‌ن قوربانیه‌كان  له‌ خستنه‌رووی تاوانی بكوژه‌كان  كه‌مته‌رخه‌م و شه‌رمن بوون ( مخابن  كه‌مترینیان ئاماده‌ی دادگابوون   بۆ شایه‌تی دان و ده‌رخستنی  رووبه‌ری تاوانه‌كه‌) .

بیرهێنانه‌وه‌ی تراژیدی  هه‌میشه‌‌ تاڵه‌ لێ توێژینه‌وه‌ زانستیه‌كان به‌ردی بناغه‌ن ‌بۆ زیندوو راگرتن و نه‌مر هێشتنه‌وه‌ی ئه‌و كاره‌ساته‌ كه‌ پێمان ده‌ڵێ؛  له‌ قامووسی  تاوانباران ‌ مردنی ئاسایی  ئینسانی كورد  تاوانه‌ !

بۆ ئه‌وه‌ی  شوێنهاتی  ئه‌م  كۆنگره‌یه‌  ببێته‌  به‌ردی بناغه‌ بۆ گه‌ڵاله‌كردنی ‌ زۆرتری توێژینه‌وه زانستیه‌كان له‌مه‌ڕ جینوسایدی گه‌لی كورد  ، با ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ گرنگ و  گه‌وره‌یه‌ ( كۆنگره‌ی زانستی نێونه‌ته‌وه‌یی جینوسایدی گه‌لی كوردستان / جینوسایدی كوردی فه‌یلی)  به‌ كه‌م نه‌زانین . 

له‌ زۆر بابه‌تدا كاتێك باسی كۆمه‌ڵ كوژی كورد ده‌كرێ پێویست ناكات له‌ روانگه‌ی ماددی و مه‌عنه‌وی هه‌میشه‌ دوور بچین ، به‌دڵنیایی له‌ ناو هزرو یاده‌وه‌ری هه‌رتاكێكی كورد وێنه‌ی ئه‌و كاره‌ساتانه‌  هه‌ڵكه‌نراوه.

Shafaq Live
Shafaq Live