كاندیدی قەیران

2022-11-04T19:04:06.000000Z

بەدر ئیسماعیل شێرۆکی/ دوایی تێپەڕینی ساڵێک بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و لێکەوتە قەیراناویە و زیانبارە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەکانی، کە کێرڤی گرژیەکانی تا رادەی شەڕی نێوان هێزی شیعیەکان و خوێن رژان هەڵکشا، دواجار لە چنینەوەی بەرهەمی قەیرانەکاندا و پاش وەدەرنانی براوەی سەرەکی و یاسایی هەڵبژاردن، محەمەد شیاع سودانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراقی راگەیاند.

کابینەی بەڕێز سودانی، کە بەڕای من دەشی بە کابینەی داڵدەدان و حەواندنەوەی قەیرانەکان ناو بنرێ، نە کۆنترۆڵکردن و تێپەڕاندنی قۆناغی قەیران و پرژانەسەر ئیدارەدانی وڵات، لەیەکەمین هەنگاویدا شانی دەکەوێتە ژێر باری کۆمەڵێک داواکاری و چاوەڕوانی زۆر مەزنی سیاسی و ئیداری و ئابوری زۆر مەزن و پشت چەمێنەری کۆمەڵگەی عێراق بەگشتی و شەرت و مەرجی دەستێوەردانەکانی هەرێمی و چاوەڕوانیەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ بەرقەرارکردنی سەقامگیری و دادپەروەری و مافی مرۆڤ و تۆلێرانس لە کۆمەڵگەی لەیەکدابڕاو و بارگاوی بە دەیان ئیدۆلۆژی و دیدگای سیاسی و تائیفی و نەتەوەیی و سەرزەمینی .

 لەشرۆڤەی رئالیتەی ئەم دۆخەدا، ئەنجامێکی وەها دێتە بەرچاو، کە بەدیهێنانی هەموو ئەو خواست و چاوەڕوانیانە لە مەودایەکی دەسەڵاتداریی یەکساڵیدا، نەهەر لە توانای سەرۆک وەزیران سودانی کەتابەرلەمانگێک سیاسەتمەدارێکی پلەدوو بووە و بە یاسای مار و پلەی حزبی عێراقی، بەرەو پۆستی سەرەکوەزیران هەڵکشاوە بەدەر دەبێ، بەڵکوو ئەوانەی بەخۆشبینییەوە لەو دەرەنجامە دەڕوانن، دەبێ چاوەڕوانی رودانی سروشێک بکەن کە لە ئاسمانەوە بێتەخوارەوە .

لە عێراقی ئەمڕۆدا هاوڕابوون لەسەر پێوەرێک کە بەهۆیەوە سنوری سەرکەوتن و تێشکان بناسینەوە زۆر نارون و دژوارە، ئەوەش نەبەهۆی هزر و دیدگای جیاواز، بەڵكوو زیادتر بەهۆکاری زۆری و دژیەکیی بەرژەوەندی جیاواز و بێ چارەسەر مانەوەو دەستکورتی و کلۆڵی دەسەڵاتدارانی عێراق، بۆ  دۆزینەوەی رێکار و فۆرمۆلی ئاراستەکردنی ئەو بەرژەوەندیانە و تێکەڵکردنیان لە چوارچێوەی بەرژەوەندی گشتی وڵاتێک کە ناوی عێراقە.

یەکێک لە پرسیارە جەوهەریەکان دەشێ ئەوەبێت، کە ئایا سەرۆک وەزیران دەتوانێ دەسەڵات و توانای هێزە ملیشیاییەکان، لەدەستوەردان لە کاروباری عێراق تێپەڕێنێ و بەربەست بکات، کە لەبنەڕەتەوە  بە هۆی هێز و یاسای پەرلەمانی عێراق دامەزراون، زۆریش بە ئاشکرا نوێنەرایەتی ئیدۆلۆژی و هەژموونی و بەرژەوەندی هێزێکی دەرەکی دەکەن و ئەوان دەوڵەتی قوڵ لەناو دەوڵەتی عێراق پێکدەهێنن و هەتا ئێستا هەر ئەو هێزانەن، کە پەیوەندیە ستراتیژیەکانی دەوڵەت و حکومەتی عێراقیان دیاری کردووە؟

ئەو پرسیارە بە بارێکی تردا، لەسەر شانۆی ئەزموونەکانی حوکمڕانی چوارچێوەی هەماهەنگی تا رادەی گومانلێکران خۆی دوپات دەکاتەوە، کە ئایا لە نێوان کۆی بەرداشی ناکۆکی و قەیرانە قوڵ و پەنگخوادووەکانی دەسەڵاتداریی عێراق، سودانی کاندیدی نوێنەرایەتیکردنی سیاسەتی قەیرانێکی دیکە، بۆ ڕەواییدان بە قەیرانەکانی رابردوو لەبەرچاو گیراوە و ئەو یەکساڵە لە دەسەڵاتداریدا، عێراق بۆ هەڵبژاردنی جۆرایەتیی قەیرانەکانی ئایەندەی ناو سیستەمی سیاسیی عێراق ئامادە دەکات؟ چونکە سودانی بەرهەمی هەڵبژاردنی یەکساڵی رابردووی ئەم وڵاتە نیە، بەو ئەندازەیەی بەرهەم و دەرهاوێشتەی ناکۆکی و زادەو زایەڵەی تەقینەوەی قەیرانی هەڵبژاردن بووە، بۆیە دوور نیە، ئەو کەسە مینا حەبێکی ئازارشکێن بۆ کاتێکی بەتەواوی دیاریکراو بەکار هێنرا بێت، تاکوو بۆ ماوەیەک دەمارە گرژەکانی کۆمەڵگەی سیاسی عێراقی عەرەبی شل و هێور بکاتەوە. چونکە هەر ئەو حەبەی کە بۆ هێزە عەرەبیەکان مایەی هێورکاری بوو،  زۆر نەمابوو دەمارە گرژەکانی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، تا رادەی رەقبوون و لەیەکپچران بباتە پێش.

لە عێراقێک کە تاکی هاوڵاتی چاوەڕوانی باشتر بوونی گوزەران و سەرەتایی ترین خزمەتگوزاری گشتییە، وڵات چاوەڕوانی وەدەستهێنانەوەی پێگەی نێودەوڵەتی و هەیمەنەی دەوڵەتبوونی خۆیەتی، کۆمەڵگەش بەگشتی چاوەڕوانی یاسامەندی و دادپەروەرییە، لەباکوری ئەو وڵاتە هەرێمی کوردستان بەشێوازی جیاواز لە کۆی جڤاکی عێراقی، لە دوندی تایبەتمەندیی مێژووی و شارستانی و جوگرافیایی خۆیدا، چاوەڕوانی بەکردەییکردنی هەموو ئاو مافانەیەتی کە لەدەستوری بنگەهی عێراقی فدرالیدا ددانی پێدانراوە و ئەرێکراوە، بەڵام:

تا ئەو جێگەیەی لە راگەیاندنی کوردی بڵاو کراوەتەوە، کورد بۆ پشتگیری لە سەرۆکوک وەزیرانی نوێ، هیچ پێهکاتنێکی فەرمی و واژۆکراوی لەسەر بەمەرجگەلێکی دیاریکراوی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیران  نیە و ئەوەی هەیە کۆمەڵێک خواستی کوردی و بەڵێنی زارەکین  و هەموو شتێک بۆ ئایەندە و وەفابەسۆزکردنی محەمەد شیاع سودانی دەگەڕێتەوە، هەڵبەت ئەو مجامەلە و گەرموگوڕی و بەڵێنە زارەکیانە، لە سەردەمی دەرۆزەی پشتگیریکرانی سەرۆکوەزیرانی عێراقیدا، بووەتە نەرێتێک کە هەر لەساڵی دووهەزار و سێ بۆ سەرەوە، لەلایەن هەموو سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەنجام دراوەو دواتر زۆر بەسانایی فەرامۆش کراوە . زۆرێک لە شارەزایانی بواری سیاسەت لەسەر ئەو رایە کۆکن، کە بۆ جێبەجێ بوونی داواکاریەکانی کوردستان، دەبێ چاوەڕوانی کورد لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی و کەسیی ماڵکی بێت، نە بەڕێز سودانی. هەروەک ئەو روانگەیەش زۆر شێمانەکراوە، کە پێدەچێت سەرۆک وەزیران لەو ساڵەی بەردەمیدا، زیادتر سەرقاڵی زەمینەسازی بۆ هەڵبژاردنی پێش وەختە و گفت و لفت و چاک و چۆنیی سیاسی لەگەڵ لایەنەکان، بۆ قایمکردنی پێگەی خۆی بۆ بەشداری لە چوارساڵی دوای ئەم یەکساڵە بێت، بۆیە نە توانا و نە سەربەخۆیی لە جوڵانەوە و بڕیاردان، نە دەرفەت و مەودایەکی دەمەکی واشی لەبەردەست دەبێت، کە کارێکی ریشەیی بۆ نەهێشتنی قەیرانەکان بکات، نەخاسمە جێبەجێکردنی مادەی سەدوچڵی دەستور، گەڕاندنەوەی عەرەبی هاوردەکراو، پەسەندکردن و تێپەڕاندنی یاسای نەوت و گاز، چارەسەرکردنی ئاریشەی ناوچە دابڕێنراوەکان، بەتایبەتی شەنگار و وەدەرنانی میلیشیا و گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی خۆجێی و دانیشتوانی، پرسی پارێزگاری کەرکوک، شایستەداراییەکانی هەرێم و بەدەیان فایلی دیکەی بەسەریەکدا کەڵەکەکراو، کە بەشێکیان هەر لەبنەڕەتەوە لە لایەن دەوڵەتی عێراقەوە، وەکوو مینێک بۆ تەقینەوە لە ژێر پێی پرسی فدرالی و هەرێمی کوردستان لە ناو ئاقاری یاساکاندا چێنراون. ئەوە لە دۆخێکدایە کە بژاردەکانی بەڕێز سودانی بۆ فەرامۆشکردن و جێبەجێنەکردنی داواکاری و مافەکانی کورد لەو کابینەیەدا، بەهۆی یەکنەبوون و پەرتەوازەیی نێوماڵی کورد، لە هەمیشە بەهێزتر و بەردەستترن.

لە کۆتاییدا دەبێ کورد لەوە تێبگات، کە سودانی سەرۆک وەزیرانی سەردەمی ئاگربڕ و هودنەی نێوان لایەنە سیاسییە ناوخۆییەکان و هەژموونییە دەرەکیەکانە، ئەو دەستنیشانکراوە بۆ ئەوەی رۆڵی بێلایەنێک بلەیزێ، هەر ئەوەندەی پێدەکرێ تا ئەو دەمەی چارەسەرێکی بنچینەیی بۆ پێكهاتنی بەرژەوەندیەکان دەدۆزرێتەوە هودنەکە بپارێزەرێ. ئەو پێیناکرێ و لەوانەیە دەسەڵاتی ئەوەشی نەبێت، رۆڵی رێبەرایەتیکردنی دەوڵەتێک ببینێ کە بڕیار و بەرنامەی وا لە ئارادایە، کە دەبێ هەموو هێز و پارت و هۆز و پێکهاتە نەتەوەیی و مەزەبیەکانی لەگەڵ یەکدا لە کێشە و بەیەکداداندابن .

Shafaq Live
Shafaq Live