بێده‌نگی كۆتایی سته‌م نییه
عه‌لی حسێن فه‌یلی/ به وته‌ی یه‌كیك له زانایان ( ئاشتی به واتای كۆتایی جه‌نگ نییه ، به‌ڵكو بوونی له دادگه‌ریدایه) . له مێژووی وڵاتاندا نموونه زۆرن كه گه‌لان به هۆی نه‌بوونی دادگه‌ری، ئاشتییه رواڵهتیهكانیان تێكداوه و دژی بێدادی و نادادگه‌ری راپه‌ریون. له عیراقدا هه‌موو دروشم‌و هه‌وڵه درۆیینه‌كان نه‌یتوانیوه به‌خته‌وه‌ری و ئاشتی راسته‌قینه دابین بكه‌ن لێ وه‌ك نیاز‌و چاره‌سه‌رێك، هه‌ر هه‌نگاوێك له رێی ئاشتیدا نرابێ نه‌ته‌وه‌ی كورد پێشوازی لێكردووه.
فه‌یلییه‌كان پاش چوار ده‌یه چاوه‌نواڕی بۆ هه‌قخوازی له‌به‌رامبه‌ر زوڵمێكی ئاشكرا، زیاتر له هه‌ر پێكهاته‌یه‌كی عیراقی و ته‌نانه‌ت پێكهاته‌كانی نه‌ته‌وه‌ی كورد، له سای كوشتوبڕو هه‌ڕه‌شه‌ی سڕینه‌وه، له جه‌نگی ناڕه‌وای مرۆف كوژی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، چه‌پاوی ئابووری و نكۆڵی كۆمه‌لایه‌تی بێ هیچ سه‌نگه‌رێك ژیانیان به‌رێكردووه و زیاتر له هه‌موان ئاتاج به ئاشتی و ئاسایش و دادگه‌رین.
جیلی ئێستای كوردانی فه‌یلی پاش به‌عس كه ده‌بینن چ ئه‌ندیشه‌یه‌كی تاوان كار‌و چ كردارگه‌لێكی كاولكار به‌رۆكی باوك‌و باپیرانی گرتبوون ، دیسان خۆیان به قوربانی ئه‌و دۆخه ده‌زانن كه هێشتا دایكان و باوكانی رۆڵه بێسه‌روشوێنكراوه‌كانی له پرسه‌و ماته‌م و چاوهنوارییهكی ئهبدیدا هێشتۆته‌وه .
وڵاتان و میلله‌تانی دیكه‌ش تووشی نه‌هامه‌تی جه‌نگ و ماڵویرانی و ده‌ربه‌ده‌ری هاتوون و كه‌وتوونه‌ته به‌ر په‌لاماری بێگانه‌و حوكمڕانی سته‌مكاری ناوخۆیی ، لێ رۆژێك ئه‌و مینهتیانهیان به سزادانی تاوانبارن كۆتایی هاتووه و ژیانی بێ جه‌نگ و دڵه‌راوكێیان ده‌ستی پێكردووه‌ته‌وه. هه‌ركات عیراقیه‌كان به‌و ئه‌نجامه بگه‌ن كه ژیانی بێ سته‌م ، گه‌لێك له‌و دۆخه ناهه‌مواره‌ی ئێستایان زیان و خه‌رجی كه‌متره ، كێشه‌كانی ئه‌م وڵاته‌ش كۆتایی دێ.
له بۆنه‌ی یادی چل ساڵه‌ی جینوسایدی كوردانی فه‌یلی ناخوازم باسی دادگه‌ری و نادادگه‌ری له شیوازی مامڵه‌كردن له‌ته‌ك ئه‌م دۆسیه‌دا بكه‌م كه پاساوی لایه‌نگرانی تاوانبارانیش ده‌چێته خانه‌ی به‌دناوی و تاوانێكی نوێ. ئه‌وه روونه كه ئه‌و سته‌مانه‌ی كرا ، ئه‌و بڕیارانه‌ی كه ده‌رهه‌ق به كوردانی فه‌یلی درا ، هیچ پاساویكی ئینسانی ، یاسایی، ئایینی و ئه‌خلاقی بۆ نییه! هه‌رچه‌ند هێشتا كه‌م نین ئه‌وانه‌ی شانازی ده‌كه‌ن به‌و تاوانانه‌ی ده‌رهه‌ق به كورد كرا و كه‌م نین ئه‌وانه‌ی بێده‌نگ و بێشه‌رمانه له‌كه‌ناری ئه‌و كۆمه‌ڵ كوژییانه گوزه‌ر ده‌كه‌ن !
چل ساڵ بێده‌نگی به‌رامبه‌ر به تراژیدیای پێكهاته‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌ك و یه‌كێك له پێكهاته‌كانی گه‌لی عیراق پرسیاری زۆر هه‌ڵده‌گرێ! زامی كوشتن و بێسهرو شوێنكردنی هه‌زاران لاو‌و خه‌ڵكی سیفیل و بێ‌تاوان ته‌نیا به ده‌ركردنی بڕیار‌و به‌یاننامه سارێژ نابێ!
ئه‌م بێده‌نگیانه واتای زۆری هه‌یه ! ره‌نگه ده‌سه‌ڵاتی سه‌رده‌م كاره‌ساته‌كان به كۆن و سانا بزانێ و قه‌ره‌بووشیان به ناپێویست! ره‌نگه ئه‌وانه‌ی سیاسه‌ت و تاوانه‌كانی رژیمی به‌عسیان به‌رامبه‌ر به كورد و باقی هاووڵاتیانی سته‌م لێكراو به‌دڵ بووه ، بیرهێنانه‌وه‌یان به زیانی به‌رژه‌وه‌ندی و ژیانی سیاسی ئێستایان بزانن.
گرنگه بزانین له‌بیركردن و بایه‌خ نه‌دان به‌واتای كۆتایی سته‌م و كاره‌سات نییه . یادی جینوسایدی كوردانی فه‌یلی و ده‌یان كاره‌ساتی هاوچه‌شن ده‌رفه‌تن بۆ رێگه گرتن و هه‌وڵدان بۆ دووباره نه‌بوونه‌وه‌یان .