بەدر ئیسماعیل شێرۆکی - ئەوانەی مێژووی دەوڵەتی عێراقیان خوێندبێتەوە، دەبێ لەوە تێگەیشتبن، کە لەهەموو تەمەنی ئەو دەوڵەتەدا، بەتایبەت تا ئەو شوێنەی پەیوەندی بە کێشە و دۆزی کوردەوە هەبێت، نە هیچ گرێیەک بەبێ هێزەکانی دەرەوە لێدراوە، نە هیچ گرێیەک بەبێ ئەو هێزانە کراوەتەوە .
لە روویێکی ترەوە، هەر لەساڵی ١٩٢٢ بەسەرەوە، دەوڵەتی عێراق بەهەموو حکومەتەکانیەوە، بەبێ راوێژ و روخسەتی دروستکەرانی، پێینەکراوە و نەیتوانیوە، قەیران، یان کێشەیەکی جدی دژی نەتەوەی کورد، یان پێکهاتەو باڵێکی سیاسیی دیکە بنێتەوە، یان نەوێراوە قەیران و پرسێکی ناوخۆیی کۆتایی پێ بێنێ و هەنگاوێک لە چارەسەری بنبڕ نزیک بکەوێتەوە .
لێ ئەوە تەنیا رووی عێراقیی کێشەکەیە، رووی کوردیی پرسەکەش بۆ ئەوە یە، کە سیاسەت و دیپلۆماسی کوردی، لە دێرزەمانەوە کێماسی و ئاریشەیەکی جنتیکی نەگونجان و درەنگ تێگەیشتن و هەڵە خوێندنەوەی کۆدی روداوەکانی هەبووە، ئەو کێشە میراتییە وەک میژوو باسی دەکات، هەر لەسەردەمی مادەوە، تا دەگاتە ئێستای سەردەمی گلۆبالیی شارستانیەکان و سیاسەت و پلۆرالیزمی فەرهەنگییەوە، لەگەڵ هەموو وەچەی دەسەڵاتداریی کورد گوازراوەتەوە و پەرەی بە بوونی خۆی داوە . لێ شانسێک روو لە کورد دەکات .
کورد لە قۆناغی بە ئاڵترناتیڤ کردنی هێزی نەرمدایە، ئەوە لە کاتێکدایە کە لە دوو دەیەی رابردوودا، کوردستانیش هاوتای زۆربەی ناوچەکانی دیکە، لە رۆژهەڵاتی ناڤین، بە ئەزموونێکی خوێناوی گوزەریان کردووە . ئەگەرخەبات بۆ ئازادی لە رێگای شۆڕش و سەرهەڵدانی چەکداری، سەرکەوتنی بەدینەهێنا، لێ ئەو ئەنجام و تێگەیشتنەی لێ کەوتەوە، کەدەبێ لەناودارو پەردوی کەلاوەکانی شەڕ، ماسەی گفتوگۆ دابنێن و هەردوولای نەیار، دەستە گوڵ لەسەر گڵکۆی دوژمنەکانی دوێنێ دابنێن و ئاوەز لە تۆزی ستراتیژی هێزی گەرم بشۆن .
سەرۆک نێچیروان، پیاوی چارەسەر
نەرمی نواندنی ستراتیژی سەرۆک، لە هەڵومەرجی هەنوکەیی کوردستان و عێراق، لە خوێندنەوە و شیکاریی زۆر وردی بارودۆخی نێودەوڵەتی و روانگەی گشتی جیهانی و هەرێمایەتی هەمبەر، سیاسەتی درێژ مەودای ئابووری، مافی مرۆڤ، فوڕمی دەوڵەتداری و پێمڵی نێودەوڵەتی لە پێداگری لەسەر نەگۆڕی و پابەرجا هێشتنەوەی نەخشەی سایکس بیکۆ و سازوکاری سیاسی و ئیداری دوای شەڕی یەکەمی جیهانی سەرچاوە دەگرێ .
ئەگەر سەردانی سەرۆک نێچیروان بارزانی لە ساڵی ٢٠١٧ بۆ تێکشاکندنی هەیمەنەی سیاسی سنورەکانی سایکس بیکۆ و نمایشکردنی هێزی دیپلۆماسی کورد بوو، بەهەمان پێوەر سەردانی ساڵی ٢٠٢١ ی دەچێتە خانەی گۆڕانکاری ستراتیژی لە کۆی سیاسەتی جیهانی بەرابەر کورد و فۆڕمی خۆبەڕێوەبەریی کوردستان لە دیدی گەورەهێزەکانی جیهانییەوە و ئەوەی لە تابلۆییکی چەند رەهەندی بەرجەستەکرد، کە دیپلۆماسی کوردی ئیدی دیپلۆماسیێکی دەورەدراوی لۆکاڵی نیە، بەڵکوو کورد لە ئێستادا، وەکوو هێزێکی ناوچەیی لە سەرووی لیستی ئەو کاراکتەرانەیە، کە بۆ چارەسەر و سەقامگیری ناوچەکە، داوای هاوکاری و رۆڵ بینینی ئەرنی لێدەکرێ .
ئەمە لەو سۆنگەوە پرسێکی مێژوویی زێدە بەهادارە، کە بۆ یەکەمین جارە لە مێژووی دەوڵەتی عێراقدا، گەورە هێزێکی جیهان، لە رێگای کوردەوە مەشقی دەوڵەتداری و خۆبەڕێوەبەری و سەربەخۆیی، بە دەوڵەتمەدارانی عێراقی عەرەبی رادەگەیێنێ. چونکە هەتا ئێستا شیرەتی گەورە هێزەکانی جیهان بۆ کورد، تەنیا ملکەچی و سەردانواندن و فەرمانبەرداری، بۆ دەوڵەتی عێراق بووە .
لە فرانسەوە بۆ بەغدا .
بۆ پارێزگاری لە قەوارەی هەرێم، کورد نیازی بە گەمەی دیموکراسیی عێراق هەیە، بۆ ئەوەش کە مافەکانی لە داوی گەمەی دیموکراسیی پەرلەمانی (زۆرینە شیعە ) دەربازبکا و تێپەڕێنێ، ناچار بە سەرلەنوێ بنیاتنانەوە و وەدەستهێنانەوەی متمانەیە، پێچەوانەی هەموو جیهان ئەو پرسە لە عێراق لە ڕێگای دیداری فەرمی مسۆگەر نابێ، چونکە دەسەڵاتی عێراق خۆی لە قەیرانی بێمتمانەیی جەماوەرییدایە، بۆیە سەرۆکی کوردستان، نەخشەڕێی لەسەر هەردوو تەوەرەی ئاشتکردنەوەی شەقامی عێراقی و سەرکردایەتی سیاسی عێراق داڕشتبوو، لەو سۆنگەوە بوو، کە بێجگە لە دیداری فەرمی هەرچوار سەرۆکایەتی دەوڵەت، سەردانی هەموو پارت و لایەن و رەوت و کەسایەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی کاریگەری کۆمەڵگەی عەرەبیی عێراقی کردە ئامانجی سەردانەکەی. سەرۆک ئەو هاوکێشەیەی بەروونی لێکداوەتەوە، کە مافی کورد دابەشی ناو بارەگا و ماڵ و ناوەندی گشت هێزە عێراقیەکان بووە، بۆیە لەپێناو کۆکردنەوەی ماف و دەستکەوتەکان، سەری بە هەموو بارەگا و ماڵ و ناوەندێکدا کرد، چونکە کورد لەو چاخەدا نیازی بە خۆبهخشێكه ، کە نەتەوەکەی لە خوێنبهخشینی بەکۆمەڵ رزگار بکات .
پێش سەردانی بەغدا. سەرۆک بنگەی هێزی کوردی لە رێگای کۆکردنەوەی هەموو هێز و لایەن و پارتەکانی سەرگۆڕەپانی سیاسی کوردستان بنیات نایەوە و و پەیامی هێزداری کوردی لەگەڵ خۆی بۆ بەغدا گواستەوە . لەیەک نزیککردنەوە و یەکێتی بەخشین بە ناوماڵی کوردی، هەم بۆ هیوا بەخشین بە پرۆسەی ئاشتی ناوخۆیی و متمانەدان بە سەرکردایەتی عێراقی لە هاودەنگی و هاوڕایی کورد و رەوایی دانووستاندنەکانی لە دیدی جیهانیەوە، زێدە کاریگەری دەکەنە سەر چاوەڕوانیەکانی سەرۆک ماکرۆن، لەوەی بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتی نوێی فرەنسا لە ناوچەکە، ئومێدێکی زۆری لەسەر پێگە و پەیوەندی وکاردانانەکانی کاریزماتیکی نێچیروان بارزانی هەڵچنیوە . بەتایبەت لەو فۆرمۆلە کورتەدا، کە کۆشکی ئێلیزێ، عێراقێکی یەکگرتوو سەقامگیر و بەهێزی، لە رێگای کوردستانێکی بەهێزو هاوئاهەنگ لەگەڵ سەرۆک نێچیروان بارزانی، زۆر مەبەستە و پشتیوانی لێدەکات .