یادێک بۆ ئیدریس بارزانی، لە سی و پێنج ساڵیی کۆچی ناوەختیدا.
بەدر ئیسماعیل شێرۆکی / بارودۆخی ناهەموار و تێکچڕژاوی دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلول و ئاوارەبوونی بەشێکی زۆر لە خەڵک و شۆڕشگێڕانی کورد بۆ ئێران، قەیرانێکی دژواری سایکۆلۆژیی هێنابووە ئاراوە. لەو کەشە نالهباره مرۆڤی و سیاسی و ئاسایشیە بێسەروبەرەدا، ئۆپۆرتۆنیزمی سیاسیی لایەنگری ئیدۆلۆژی چەپ، هەموو هەوڵی خۆی خستبووەگەڕ تاکوو لەدەستپێکی هەستانەوە و شێوەگرتنەوەی بنگەی شۆڕشدا، لەڕووی هزری و ئیدۆلۆژییەوە بزاڤەکە بخاتە ژێر هەژموونی و دیدگاکانی خۆیەوە و لەسەروی سەرکردایەتی بزاڤی رابوونەوە جێ خۆشبکات.
لە کەشێکی سەخت و تاقەتپروکێنی وەهادا، ئیدریس بارزانی یەکێک لەو کەسایەتییە ئوستورەییانە دەبێت، کە شان دەداتە بەردژواری ئیدارەدانی قۆناغ و رەسەن هێشتنەوەی بزاڤی کوردایەتی .
ئیدریس بارزانی لەتەک کۆمەڵێک لە تایبەتمەندیی باڵای کەسیی، لەدەربڕینی بۆچوون و روانگە هزریەکانی، مرۆڤێکی راشکاو و لێوەشاوە و باوەڕبەخۆ بوو، بارودۆخی داسەپاو و ژینگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و زەبروزەنگی دەسەڵات و دەوڵەتی سەردەست، کە ئەو تێیدا پەنابەرێکی ژێر هەڕەشەو بن چاودێریی هەمیشەیی بوو، ئەوی ناچار بە سازش و دەربڕینی ڕای جیاواز لە باوەڕ و ڕەوایی پرسەکان نەدەکرد و، هەرگیزیش لە پێناو ئاسایشی ژیانی کەسیی خۆی، ئامانج و ستراتیژ و پلانی هەستانەوەی، بەپێی بارودۆخی داسەپاو بۆ دەمێکیش هەڵنەدەپەسارد .
سەرباری هەموو ئەو ڕاشکاوی و شەفافیەت لە هەڵوێست و دەربڕینەکانیشیدا، هێشتا لە دید و روانگەی هەندێک لە کاراکتەری سیاسی چەپگەرا، جێگای رەخنەو گازندەی توند بوو، چونکە داکۆکی ئەویان لە رەسەنایەتی و مەعنەویەت پارێزی، بە ئەزموونکردنەوەی رێکارە کۆنەکان و هەندێک جاریش بە کۆنەپارێز لە قەڵەم دەدا. ئیدریس بارزانی پێداگر بوو لە بەکارهێنانەوەی میراتی خەباتکاریی رابردووی شۆڕشەکانی بارزان و دەوڵەمەندیی مەعنەوی و جڤاکی ئەو بەرخۆدانانەی، کە بە پێی دووچەمکی لەیەکگرێدراوی باوەڕی عێرفانی و سەربەخۆخوازیی نەتەوەیی بەڕێوە دەچوون و مستەفا بارزانی مەزنیش، هەم پێکهاتەیەکی گرنگی ئەو مێژووە و هەمیش گەشە پێدەر و بەرەوپێشبەری ئەو رێبازە بووە، کە شۆڕشی ئەیلولیش بەشی هەرەزۆری پتانسێلی ئازادیخوازی و کوردایەتی و بڕوادارکردنی تاکی شۆڕشگێڕی ناوخۆی کوردستانی، بەپێی باوەڕی بارزانی، لەوە وەردەگرت، گەرچی لە بەکار هێنانی دیپلۆماسی و بۆ پەیوەندیکردن و بە نێودەوڵەتی کردنی کێشەی کورد و شۆڕش، کەڵکی لە نوێترین میتۆد و رێکاری هاوچەرخیش وەرگرتبێ.
تا ئەو شوێنەی من ئاگاداری ڕاو بۆچوونی ئیدریش بارزانی بووبم، ئەو هەرگیز بڕوای بەوە نەبووە کە هەرەس و نسکۆی شۆڕشی ئەیلول، لە ئەنجامی لاوازیی بیروباوەڕ و پتەو نەبوونی هزری نەتەوەیی شۆڕشگێڕان و شکان و روخانی مرۆڤی و بنەما فەلسەفیەکانی ئەو بزاڤە رویدابێت، تەنانەت من نەمبیستووە، گازندەیەک، یان رەخنەیەکی لەو بارەوە ئاراستەی شۆڕشگێڕان کردبێتەوە.
هەڵسەنگاندنێکی دروستی بۆ قورسایی گەڵەکۆمەی هەرێمی و پیڵانگێڕی سیاسەتی نێودەوڵەتی دەکرد و خۆڕاگری و بەرهەڵستیی ئەو پیلانگێڕیە مەزنەی لەدەرەوەی توانای ئەوسەردەمی گەلی کورد و سەرکردایەتی شۆڕشی کوردستان دەدیت . ئەو رای وابوو کە دەبێ هەموو دەرد و ئازارەکانی شکان و ئاوارەبوون، لە رابردوو بەجێبهێڵرێن، تەنیا ئیرادە بکەنە هاوسەفەر و دەستی پێوەبگرن، تاکوو دووبارە شۆڕشی لەسەر بینا بکرێتەوە.
بە تێبینیکردنی ئەزموونەکانی شۆڕشی ئەیلول و رۆڵی دەوڵەتانی هەرێمی و جیهانی، لە شکستپێهێنانی گەورەترین شۆڕشی رزگاریخوازیی کوردان، ئیدریس بارزانی گەیشتبووە ئەو بڕوایە کە بێجگە لەهێز و توانای خۆیەتی کورد و هزری نەتەوەیی و فۆڕمی شۆڕشگێڕی خۆماڵی و خۆژێنیی کوردی، ئەوەی لە سەرهەڵدانەکانەنی شێخ عەبدوڵسەلامی بارزان لە ١٩٠٨-١٩١٤ تا رابوونەکانی مەلیکایەتی شێخ مەحمود و بزاڤەکانی باکوری کوردستان، تا دەگاتە شۆڕشەکانی بارزان ١٩٣١-١٩٤٥ بە شۆڕشی ئەیلولیشەوە، هیچ ئیدۆلۆژیەکی دەرەکی دیکە، ناتوانێ لە بەردەوامی و ئاراستەکردنی هزریی شۆڕشگێڕی کورد کاریگەر بێت.
من زۆر جاراران ئیدریس بارزانیم لە کۆڕی باوەڕمەندانی بارزان و خەڵکی سادەی پەنابەر بینیوە . ئەو لە ئاخافتنەکانیدا رەچاوی دووبابەتی زۆر گرنگی دەکرد و بەدوو شێوازی زۆر جیاواز دەپەیڤی. هەرگیز ئەو رستە و وشە و دەستەواژە زمانەوانیانەی، کە لە کۆڕ و کۆنفرانس و رێو رەسمە فەرمیەکاندا بەکاری دەهێنان، لەگەڵ خەڵکی سادە و لە دانیشتنە جەماوەریەکان، کەڵکی لێوەرندەگرتن.
ئەو لە دانیشتنە خۆیەتیەکاندا، لەریزی ساکارترین مرۆڤەکان جێی دەگرت و بەو زمان و وشانە دەپەیڤی، کە مرۆڤێکی نەخوێندەواری گوندیی کورد بەکاری دەهێنان و بۆ تێگەیشتنی باشتری دانیشتوانیش، ئاخافتنەکانی خۆی بە مەسەلەیەک، یان پەندێکی پێشینیانی وەها پشتڕاست دەکردەوە، کە بۆ خەڵکەکە زۆر ئاشنا و جێی فام بێت.
لەساڵی 1986 یەکێتی قوتابیانی کوردستان خوڵێکی تۆپی پێی بەناوی جامی بارزان بۆ هەموو تیپەکانی پەنابەران لە سەرتاسەری ئێران راگەیاند . شوێنی کێبەرکێیەکان شاری کەرەج بوو، کە بارەگای لقی ئاوارەی یەکێتی قوتابیانی لێبوو، ئێمەش وەکوو تیپی فوتبۆڵی پەنابەرانی شاری نەغەدە بەشدار بووین .
لەو دەرفەتەدا، هەلێکیان بۆ رەخساندین تاکوو چاومان بە زیندەیاد ئیدریس بارزانی بکەوێ، بەڕێزی لە ماڵی خۆی زۆر بەگەرمی و خۆشەویستییەوە پێشوازی لێکردین. دوای ئەوەی بۆ ماوەی چوارەکێک قسەی بۆ کردین، گووتی حەزدەکەم ئێوە قسەم بۆ بکەن، دەمەوێ ڕای ئێوە لە بارەی بارودۆخ بزانم . هەندێک لە دۆستان پرسیار، و رایان هەبوو، منیش یەکێک لەوانە بووم، کە قسەم هەبوو، من داوای ئەوەم لێکرد کە خولێکی سیاسی بکرێتەوە، کە لاوانی پەنابەر زیادتر فێری رۆشەنبیری سیاسی و ئیدۆلۆژی بکرێن . بەڕێزی دوای تەواو بوونی قسەکانم زۆر بەنەرمی پرسیاری ناوی باوک و گوند و هۆزی لێکردم. پاشان چەند خوڵەکێک وەڵامی پرسیارەکانی منی دایەوە و گووتی ئەگەر دەتانەوێ رۆشەنبیر بن و بۆ گەلەکەتان بەکەڵک بن، لەبارەی مێژووی باب و باپیرانتان بپرسن و بخوێننەوە. ئەوە باشترین ئیدۆلۆژی و رۆشەنبیری یە بۆ ئێوە .