د. سامان سۆرانی/ سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دیدارێکی تایبەت لەگەڵ میدیا عیراقیەکان وەکو سیاسەتمەدارێکی ئەزمووندار بە جەختکردنەوەی لەسەر تێگەیشتنن و دیدگای هاوبەشی لایەنە سیاسیەکان لە عیراق زۆر بە ووردی و بە شێوەیەکی لۆژیکی ڕوانگەی خۆی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ئایندەی عیراق خستە ڕوو.
سەرۆکی هەرێم پێی وایە خواستەکانی گەلی کوردستان لە چوارچێوەی دەوڵەتی عیراقی فیدڕال ولە سایەی کەش و هەوای سیاسی ئێستا و ژینگەی بونیادنراو لەسەر یەکبوون و فرەیی و سەقامگیری سیاسی دەتوانێت پەرەپێدانی ئابوری لەگەڵ خۆی بهێنێت وبە کارکردن لەسەر بنەمای دەستور و "ڕێبازی تەوافق و هاوبەشی و کاری هاوبەش" سەرکەوتنی بەردەوام لە بواری سیاسی و کۆمەڵایەتی و نێودەوڵەتی بەدەست بهێنێت.
دیارە هەرێمی كوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئالنگاریەکان لەسەر ئاستی ناوخۆی عیراق و لە سەر ئاستی دەرەوە پێویستی بە حکومەتێکی بەهێزی نیشتمانی هەیە، حکومەتێ کە بتوانێ چاکسازی ڕیشەیی بکات بە پرنسیپی سەرەکی حوکمڕانی و لە ڕێگەیی ئەو هەنگاوەوە متمانەی هاوڵاتی بۆ حکومەت بگەڕێنێتەوە.
ئەمڕۆ سیستەمی سیاسی لە عیراقی پاش ساڵی ٢٠٠٣ گەیشتۆتە بن بەست و ئەم سیستەمە نەیتوانی پاش ١٨ ساڵ لە حوکمڕانی خۆی لە قۆناغی گواستنەوە دەرباز بکات.
بوونی دەوڵەت، بە بانگەشەکردنی فاکتەرە نادەوڵەتیەکانی وەکو "کتائب حزب الله" و"ربع الله" و "عصائب أهل الحق" و هتد... بۆ بوون بە بەشێ لە "بەرەی بەرگری" دژ بە ئەمریکا و ڕۆژئاوا، مەترسی و هەڕەشەی لەسەرە، بۆیە پێویستە ئەم سیستەمە لە ڕێگەی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو چاکسازی گەورە ئەنجام بدات.
ئەگەر چاکسازی ڕیشەیی نەکرا ئەوا دۆخی عیراق دوای هەڵبژاردنەکانی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١ وەرچەرخان بەخۆیەوە نابینێ و ئایندەی ئەو ولاتە بە نادیاری دەمێنێتەوە و میکانیزمەکانی ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم وەکو خۆیان بە ئیفلیجی دەمێننەوە.
ڕاستە لە ئێستادا ژمارەیەكی زۆر لە گەلی عیراق هۆشیار بۆتەوە بەردەوام لە ڕێگەی خۆپیشاندان ناڕەزایی خۆی دەردەبڕێت و چیتر دروشمی بێ ناوەڕۆك لە سیاسەتمەدارەکان قبوڵ ناکات، بێ گەڕانەوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری جدی بۆ کێشەکان.
سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی لەو دیدارە تایبەتەدا بە زمانێکی سەردەمیانە و بە عەقڵێکی ڕەخنەگرانە دیدگایەکی گشتگیری بۆ نیشتمانسازی و دەوڵەت ئاشکرا کرد.
سەرۆکی هەرێم پێی وایە بەرژەوەندی دەوڵەت و هاوڵاتی لە سەرووی بەرژەوەندی کەسی و حزبی یە و بەهێزکردنی بنەماکانی سیستەمی دیموکراسی و پەرەپێدانی دامەزراوەکان هۆکاری سەرکەوتنی کارگێڕی و سیاسین، بۆیە ئاماژەیان بەوە کرد، کە پێویستە ئێستا و ئایندە لەبەرچاو بگیرێ تاوەکو عیراقیش بتوانێ هاوشێوەی هەرێمی کوردستان پەرە بە سیستەمی ئابوری و کۆمەڵایەتی خۆی بدات و ژێرخانێکی تۆکمە درووست بکات.
سەرۆکی هەرێم لەو دیدارەیاندا ڕوونیان کردەوە، کە باوەڕی تەواویان بەوە هەیە، کە گوتاری سیاسی یەکگرتوو لە کوردستان و دیالۆگی بەردەوام لەگەڵ لایەنە سیاسیەکان لە عیراق (بە هەردوو بەرەی شیعە و سوننە) دەتوانێ هاوپەیمانێتیەکی بەهێز بەرهەم بهێنێت و زامنی مافەکانی هەموو پێکهاتە عیراقیەکان دەبێت، هەروەها ڕێگر دەبێت لەوەی نەتەوە و ئاین و ئاینزا جیاجیاکان پەراوێز بخرێن و لە ناوچە مێژووییەکانیانی خۆیان ڕووبەڕووی تیرۆر ببنەوە.
بەشێکی دیاری سەرکەوتنی ئەم دواییەی دانوستان و گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغدا، کە لە ئایندەدا پەرەسەندنی هاوبەشی ئەرێنی تری لێ دەکەوێنتەوە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ستراتیژەی سەرۆکی هەرێم پەیڕەوی دەکات لە پێناو بنیادنانی ئەزموونێکی دیموکراتی پێشەنگ و گەیاندنی هەرێمی كوردستان و عیراق بە کەناری ئارامی و سەقامگیری و پێشکەوتن.
ئەمڕۆ عیراق و هەرێمی كوردستان پێویستی بە سەرکردەیەك هەیە کە هەڵگری هزر و سیاسەتی ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی بێت، تا بتوانێت بە سوودوەرگرتن لە سامانە سروشتیەکان وسەرچاوە مرۆییەکانی ئەم وڵاتە خۆشگوزەرانی و ژێانێکی پڕ ئاسوودەیی بۆ سەرجەم هاوڵاتیان لە عیراق و هەرێمی كوردستان بەدەست بهێنێت.