فارس نەورۆڵی - کێشەی قوڵی ناو هێزە سیاسیەکانی کوردستان و عێراق و کێشەی ناو پێکهاتەکان بە (کورد، شیعە، سوننە)وە، جگە لە کێشەى نەتەوەیی و سیاسیی و مەزهەبیی، کێشەی نەبوونی متمانە و باوەڕنەبوونە بە یەکتریی. سەرچاوەی نەمانی متمانەش لەوێوە دەسپێدەکات کە پێچەوانەی ئەو پرەنسیپانە کاردەکەن کە خۆیان دایانناوە بۆ پێکەوە ژیان. ئٔیتر هێزە جیاوازەکان لەسەر ئاستی جیاواز لەسەر ئاستی پێکهاتە و کارەکتەرى سیاسی و کۆمەڵایەتیی هەوڵی گۆشەگیرکردنی یەکتری دەدەن و ڕێگردەبن لە بوون و دەرکەوتنیان. 

ئەمەش دەبێتە هۆی هەڵوەشانەوەو سڕینەوەی دنیای هاوبەش. بۆیە لە ئێستادا ڕوبەرێک نەماوە بۆ جیاوازییەکان. بەرکەوتنەکان لە گفتوگۆکردنەوە گۆڕدراون بۆ توندوتیژی و ئەمەش تێنەگەیشتنە لە فەلسەفەی سیاسەتکردن، کە پێمان دەڵێ سیاسەت دەبێت گفتوگۆی بەردەوام بێت لە فەزای گشتیدا، بۆ دروستکردنی فەزای گفتوگۆو گەڕانەوەی متمانە پێویستمان بە کارەکتەری ناتوندوتیژو جیهانبینی فراوان هەیە کە باوەڕی تەواوی بەهێزی نەرم هەبێت کارەکتەرێک جگە لە مەسەلە سیاسییەکان کەرەستەی کایەکانی مرۆڤدۆستی و هاوسەنگی و پێکەوەی لە بیرکردنەوەیدا هەڵگرتبێت، کێشەی ئەم ناوچەیەش ئەوەیە لە هەموو جۆرە کارەکتەرێکی زۆرە.

بەڵام کارەکتەری ناتوندوتیژو باوەڕ بە نەرمە هێزی کەمە یان دەگمەنە، واتە ئەوانەى کە باوەڕیان بە گفتوگۆی بەردەوام هەبێت دوور لە بوغزو کینەی سیاسی، ئەوەی جێگای دڵخۆشییە کارەکتەرێک دەرکەوتووە کە بۆتە جێگای ئومێدی جیهان و ناوچەکە کە بتوانێ ناکۆکییەکان بگۆڕێ بۆ جیاوازی و جیاوازییەکانیش بە گفتوگۆ بەڕێوەبەرێت. 

جوڵە دبلۆماسییەکانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی هەر لە پێشوازی پاپاو دواتر سەردانی بۆ فەرەنسا و لە گەڕانەوەیدا کۆبوونەوەی لەتەک هێزە کوردستانییەکان و سەردانی بەغداو کۆبوونەوەی لەتەک کۆی هێزو پێکهاتەکاندا وێنەکان و پشتی وێنەکان ئەوەیان پێ وتین سەرۆک نێچیرڤان بارزانی ئەو ئومێدەی نیشانی هێزە نێودەوڵەتییەکان و ناوچەییەکاندا، کە کارەکتەرێک دەرکەوتووە ئەگەر هەموولا هاوکاریبن دەتوانێت متمانە لە عێراق و ناچەکەدا دروستبکات و زەمینە بۆ سەقامگیریی بڕەخسێنێت، سەردانی سەرۆک بۆ بەغدا دڵخۆشی و باوەڕییەکی لای کۆی هێزەکانی شیعەو سوننە دروستکرد.

کە دەکرێ بیر لە دانانی بناغەی متمانە لەنێو هەموواندا دروستبکرێت و پەیوەندییەکانی هەولێرو بەغدای بردە قۆناغێکی دیکەوە. ئەم سەردانەی بەغدا جگە لە هێزە کوردستانی و عێراقییەکان هێزە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکانیش پێزانینیان بۆی هەبوو، پێشبینیش دەکرێت سەرۆک سەردانێکی ڕاستەوخۆ بۆ لای یەکبەیەکى حزبەکان دەست پێبکات بۆ دروستکردنەوەی متمانەو ڕێکخستنەوەی جیاوازییەکان بۆئەوەی هێزی کوردستانی لە گوتارێکی هاوبەشدا کۆبکاتەوە. 

 

ئه‌مەش بۆ خۆئامادەکردن بۆ ئەو گۆڕانکارییانەى لە ناوچەکەدا ڕودەدات، لە هەمانکاتدا دەیەوێ بە هەموو لایەک بڵێ چالاکی سیاسی تەنها لە جەنگی وەرگرتنی دەسەڵاتدا کۆنابێتەوە ئێمە کێشەی گەورەی فەرهەنگیی و کولتوریمان هەیە پێویستی بە چارەسەرە، باوەڕموایە لایەنەکانیش لەسەر ئاستی عێراق و کوردستان وناوچەکە لە ڕاستگۆیی سەرۆک تێدەگەن کە فیکرو کرداری پێکەوە کۆکردۆتەوە، بۆ کۆکردنەوەی ماڵی کوردستانی و دروستکردنی فەزایەک بۆ گفتوگۆ لەنێو پێکهاتەکانی عێراقدا هەتا بتوانێ فەلسەفەی هەڵکردن و ناتوندوتیژی جێگای توندوتیژی و شەڕانگێزیی بگرێتەوە. ئەمە ئەوەیە کە سەرۆک دەیەوێ بیکات.