عه‌لی حسێن فه‌یلی / تا دێ زه‌وی بۆ ژیانی مرۆف ته‌نگه‌به‌رتر ده‌بێ و كێشه‌و ئاریشه‌كان ره‌نگ و رواڵه‌ت و پانتاییان گۆڕانی نه‌گه‌تیفانه‌ی به‌سه‌ردا دێ؟ تانوپۆی وه‌رزه‌كان تام و چیژی شێواوه و هۆكاره ترسناكه‌كان بۆ نه‌مان و تیاچوونی ژیان و سروشت ئه‌و پرسیاره ده‌ورووژێنێ كه ئه‌م هه‌موو كاره‌ساته له پای چییه و كێ سوودمه‌ندی دۆخێكه هه‌ره‌شه‌ی نه‌مان له گشت ده‌كات؟
سروشت به هه‌موو بارێكدا و له هه‌موو وه‌رزو شوێنه‌كان تووڕه‌یی خۆی نیشان داوه وهێرشی دوا نه‌هاتووی دێوه‌زمه‌ی په‌تاكان به سه‌ركردایه‌تی كرۆنا ، ئۆقره‌و ئارامی له مرۆف بڕیوه و شوێنهاتی برسیه‌تی و نه‌داری و بێكاری و ئاواره بوونی ملیونه‌ها كه‌س به هۆی ئه‌و جه‌نگه دوا نه‌هاتوانه ناهێڵێ هیچ میلله‌تێك له جیهاندا به‌خته‌وه‌ر بێ .
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌رچه‌ند تا ئێستا به روونی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه به‌رده‌ست نین كه بۆ داعش دروست كرا‌و هێنرایه عیراق؟ بۆ وڵاتانی دراوسێ به ئاشكرا سه‌روه‌ری ئاو‌و خاك و ئاسمانی ئه‌م وڵاته پێشێل ده‌كه‌ن؟ بۆ سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان گه‌یشتوونه‌ته بن به‌ستی پێكه‌و ژیانی ئاشتیانه ؟ له كاتێكدا كێشه‌كان هێنده زۆرن به‌شی هه‌موو پێكهاته عیراقیه‌كان ده‌كات ، لێ ئومێدێك بۆ قۆناغێكی نوێ له كاری سیاسی و حوكمڕانی ئه‌م وڵاته چاوی هه‌ڵێناوه .
هاووڵاتی ئاسایی ده‌زانێ به‌شی زۆری ئارێشه‌و كێشه‌كان زاده‌ی ناوخۆی عێراق نین . هه‌ڵكه‌وته‌ی جوگرافیا سامانداره مرۆیی و سروشتیه‌كه‌ی عیراق ههمزادو دوانه‌ی كێشه‌ی مێژووییه لێ نه‌یتوانیوه ئه‌و ئیراده‌و بوێرییه بخوڵقێنێ كه به وڵاتانی دیكه بڵێ ؛ ئارێشه كانتان نه‌هێننه ناو ئه‌م وڵاته چونكو ته‌نیا كێشه‌ی ئایینی و مه‌زهه‌بی ، سیاسی و ئتنیكی، گه‌رما و بوومه له‌رزه و وشكه‌ساڵی نییه كه سه‌رجه‌م هاووڵاتییانی خستۆته به‌ر مه‌ترسی راسته‌قینه. گۆڕینی رێره‌وی ئاوی رووباره‌كان ، به‌زاندنی سه‌ربازیی سنووره‌كان ، ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كی و به‌رده‌وامی سیاسه‌تی شه‌ڕانگێزی لایه‌نه ناوخۆییه‌كان دیسان هه‌ڕه‌شه‌ن بۆ گۆڕینی چه‌شنی ده‌سه‌ڵات و دیموگرافیاو جوگرافیای سیاسی ئه‌م وڵاته .
شێوازه‌كانی مردن فراوان و جیاوازن به‌ڵام خوا كه مرۆفی ئافراند هه‌رچه‌ند به ره‌هایی مردنی كردووه به دوا وێستگه‌ی ژیانی له‌م جیهانه‌دا به‌ڵام باسی كوشتنی به‌و شێوازه‌ی كه ئه‌مڕۆ ره‌واجی سه‌ندووه نه‌كردووه . كوشتن وه‌ك به‌رئه‌نجامی تیرورو ئیرهاب هه‌ڵبژارده‌ی خودی ئینسانه و ئه‌گه‌ر زاده‌ی ئایدیا‌و شوێنێكی تایبه‌تیش بێ لێ مه‌ترسیه‌كانی بۆ سه‌ر مرۆفایه‌تی و هه‌موو جیهان سامناكه. جیهان گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه لێ شرۆفه‌ی ده‌ورو نه‌خشی عیراق بۆ باسی پێكه‌و ژیانی ئاشتیانه و وه‌ك مودێلێك بۆ ده‌رچوون له بازنه‌ی قه‌یرانه‌كان زیادی كردووه وئومێدی له‌سه‌ر هه‌ڵچنراوه به‌ڵام چاوه‌نواڕی بۆ ناوخۆش ئه‌وه‌یه كه له ده‌رگانه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان و ئه‌م گۆڕانكاریانه كه عه‌رشی سیاسه‌تی هه‌ژاندووه بڕیار به‌ده‌ستان كامه سیسته‌م و شێوازی ژیان بۆ ئه‌م میلله‌ته هه‌ڵده‌بژێرن و ده‌سته‌به‌ر ده‌كه‌ن ؟