نەوت وەک کەرەستەیەکی خاوی پیشەسازی ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لەسەر ئاستی جیهان، بە تایبەت دوای ئەوەی وەک کەرستەیەکی خاوی پیشەسازی لە زۆربەی پیشەسازییە پترۆکیمیاییەکان بەشداری کرد، بۆیە رۆژ لە دوای رۆژ گرنگی ئەم ماددەیە زیادی دەکرد، تاوەکو ئێستاشی لەگەڵ دابێت نەوت گرنگی خۆی پاراستوە، سەرەڕای پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و دۆزینەوەی سەرچاوەی نوێی وزە، بەڵام نەوت گرنگی خۆی هەر ماوە، بۆیە بە درێژایی سەدەی بیستەم ململانێی نێودەوڵەتی و ئیستعماری لەسەر دەستگرتن بەسەر ناوچە نەوتیەکان چووە قۆناغێکی زۆر توند، بە تایبەت دوای ئەوەی زانرا ناوچەی کەنداوی عەرەبی و نیمچە دوورگەی عەرەبی و کوردستان یەدەگێکی زۆری نەوتی جیهانی تێدا کۆبوەتەوە کە نزیکەی یەک لەسەر سێی نەوتی جیهان لەم ناوچەیە بوونی هەیە.
بەکارهێنانی نەوت تا سەدەی بیستەم درێژەی هەبوو، ئەوسەردەمەی کە هێشتا شەڕی نەوت دەستی پێ نەکردبوو، لە ڕاستیدا سەدەی بیستەم نەوت هەم بۆ بەرگری و هەمیش وەک سووتەمەنی پێویست لە کۆمەڵگا پیشەسازییەکان وەک مادەیەکی بە نرخ و چارەنوسساز خۆی نواند، لەسەدەی بیستەمدا حکومەتەکان بەو قەناعەتە گەیشتن کە بەبێ نەوت شێوازی ژیانیان دەگۆڕێت و ئابوورییەکانیان هەڵدەوەشێتەوە و تەنانەت ناتوانن بەرگری لەخۆشیان بکەن..
ئهگهر بپرسین هۆکاری بایەخداربوونی نەوت تا ئەم ڕادەیە بۆچی دەگەرایەوە؟ لە شۆرشی پیشەسازییەوە تا کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەم تاکە سەرچاوەی گرنگ کە پشتی پێدەبەسترا خەڵووزی بەردین بوو، بەڵام وزەی خەڵووز بە بەراورد بە نەوت زۆر کەمترە، گرنگی نەوت زۆر زیاتر بوو دوای ئەوەی لە کاتی جەنگی یەکەمی جیهانی بڕیاری گۆڕینی وزەی کەشتیەکانیان دا لە خەڵووز بۆ نەوت، بۆیە وڵاتە زلهێزەکان بە هەموو شێوەیەک دەیانویست دەسەڵاتی خۆیان لە ناوچە نەوتیەکان بسەپێنن بە هەرجۆرێک بێت، بۆیە کوردستان وەک ناوچەیەکی دەوڵەمەند بە نەوت ڕاستەوخۆ کەوتە ناو پلانە تەماحکارییەکانی ئیمپریالیزم.
ئەگەر بێین باس لە گرنگی نەوت بکەین لە گەشەسەندنی ئابووری کوردستان، هەر لەسەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی عێراقی نوێ لەساڵی ١٩٢١ کوردستان بەبێ ڕازی بوونی خەڵکەکەی لکێنرا بەو دەوڵەتە نوێیەی عێراق کە لە هەردوو ویلایەتی بەغدا و بەسڕە پێکهاتبوو، ئەمەش بوەهۆی سەرهەڵدانی چەندین شۆڕش و ڕاپەڕین لە کوردستان دژی دەسەڵاتی ناوەندی، ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق سیاسەت و پلانیان لاواز کردنی ئابووری کوردستان بووە بە درێژایی مێژوو، بە تایبەت دەستگرتن بەسەر ناوچە دەوڵەمەندەکان بە نەوت، بە تایبەت کەرکوک، هەر لەو کاتەی کە نەوت لەم شارە کوردیە دۆزراوەتەوەو ڕەوانەی دەرەوە کراوە بۆ مەبەستی بازرگانی، ئەو داهاتە نەوتیەی کە لە نەوتی ئەم شارە بەرهەم هاتووە هیچ کاتێک بۆ خزمەتکردنی شارەکە بەکار نەهاتووە، بەردەوام دژی کورد بەکارهاتووە، بەتایبەت لە لاواز کردن و لەناوبردنی جوڵانەوەی کوردی بەکار هاتووە، جگە لەمەش بەهۆی سیاسەتەکانی ڕژێمی بەعس کە بەردەوام عێراق لەناو کێشەو ململانێ دابوو، بەتایبەت جەنگی عێراق ئێران لەماوەی ساڵانی ١٩٨٠-١٩٨٨ کاریگەریی لەسەر ئابووری عێراق هەبوو، ئابووری عێراق بەرەو لاوازی ڕۆیشت، بەشێکی زۆری داهاتی عێراق بۆ کڕینی پێداویستی سەربازی و خەرجیە جەنگیەکان بەکاردەهات، بۆیە هیچ کاتێک ئەم داهاتەی کە لە نەوتی کوردستان بەدەست دەهێنرا هیچ کاتێک پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاریی گشتی لە کوردستان پێ ئەنجام نادراوە، ئەمەش هۆکارێک بوو بە درێژایی دەسەڵاتی ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق، ئابووری کوردستان لە ڕووی ئاوادانکردنەوە و گەشەی ئابووری هیچ پێشکەوتنێکی بە خۆیەوە نەدیوە، بۆیە بە درێژایی مێژوو نەوت لەجیاتی ببێتە مایەی خێروو خۆشی و ئاوادان کردنەوە بۆ وڵات و لە خزمەت هاووڵاتیان بەکاربهێنرێت، کەچی بووەتە مایەی نەهامەتی و ناخۆشی بۆ هاوڵاتیان، ئەم لێکدانەوەیەش بۆ بەشێکی وڵاتانی دەوڵەمەند بە نەوت ڕاستە، هەروەک (خوان پابلۆ پێرێز ئەلفۆنسۆ) وەزیری پێشوی نەوتی فەنزوێلا دەڵێت "نەوت پیسایی ئەهریمەنە، ئێمە لەناو پیسایی ئەهریمەن نغرۆ دەبین، هەربۆیە دەبینین دەوڵەتە تازە گەشەسەندو پێگەیشتوەکان لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم وردە وردە بەرەو پێشەوە دەچوون، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ داهاتی ئابووریان بەرزتر دەبۆوە"، بەڵام ئەم قسەیە تەنیا تایبەتە بەو وڵاتانەی کە نەوتیان نییە، ئەو وڵاتانەی خاوەنی نەوتن لەم هاوکێشەیە بەدەرن، بە نمونەش، عێراق، فەنزەوێلا، لینیا...هتد، هەمیشە لە دەوڵەتە نەتیەکان زەمینە سازی بۆ بەرپا بوونی جەنگی ناوەخۆیی هەیە، هەرێمی کوردستان وەک هەرێمێکی دەوڵەمەند بە داهاتی نەوت، ئابووریەکەی ٪٩٥ پشتی بەم سێکتەرە بەستوە، کە ئەمەش کاریگەریی لەسەر ئایندەی وڵاتەکە و ژیانی هاوڵاتیان هەیە، ئەم ڕێگایەش لە پشت بەستن بە داهاتی نەوت درێژکراوەی سیاسەت و پلانە ئابووریەکانی حکومەتی ناوەندیە، بە درێژایی مێژوو حکومەتی ناوەندی سیاسەتە ئابووریەکەی بۆ دابین کردنی داهاتی ناوەخۆ نەوت بووە، بۆیە کاریگەریی لەسەر سیاسەتی ئابووری کوردستان هەبووە، بە هۆکاری ئەوەی هەرێمی کوردستان تا وەکو ساڵی ١٩٩١، ڕاستەوخۆ لە ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی عێراق بووە، بۆیە بۆ جۆراوجۆر کردنی سەرچاوەکانی داهاتی وڵات پێویستە، سەرچاوەکانی ئابووری جۆراو جۆر بکرێن، تەنیا پشت بە بەرهەمێک نەبەسترێت بۆ بەرزکردنەوەی داهاتی وڵات، چونکە مەترسی لەسەر ئابووری وڵات دروست دەکات، بە تایبەت دەبینین هەرێمی کوردستان هەرێمێکی دەوڵەمەندە لە هەموو بوارەکان، وەک، کشتوکاڵی، گەشتیاری، ماددەی کانزایی، دارستانەکان، ئاوی سازگاری زۆرە، دەتوانرێت ئابووریەکەی فراوان بکرێت و پشت بە زۆر سەرچاوە تر ببەسترێت بۆ داهاتی وڵات، چونکە نەوت سەرچاوەیەکی وزەی سنوردارە درەنگ یاخود زوو کۆتایی دێت، بۆیە ناکرێت تەنیا پشت بە داهاتی نەوت ببەسترێت، زۆرێک لە وڵاتانی خاوەن نەوت پلانی ئابووری خۆیان وا داڕشتوە کە کەمتر نەوت بە کار ببەن و هەوڵ نهدەن سوود لە سەرچاوەی تری ئابووری وەربگرن بۆ داهاتی وڵاتەکەیان.
بۆ نمونە میرنشینی عەرەبی یەکگرتوو، وڵاتێکی دەوڵەمەندە بە نەوت بەڵام هەوڵ دەدات کەمترین نەوت بەکار ببات، سوود لە سەرچاوەی تری ئابووری وەربگرێت، وەک بازرگانی، گەشتیاری، کشتوکاڵ... هتد بە تایبەت پێویستە زۆر گرنگی بە کەرتی کشتوکاڵ بدرێت، چونکە زامنی ئاسایشی خۆراک دەکات، بە تایبەت بەرووبومە سەرەکیەکان، ئەمەش وا دەکات لە کاتی روودانی داڕمانی ئابووری ئەم وڵاتە کاریگەری زۆری لەسەر نەبێت، بۆنمونە لە کاتی ڕوودانی قەیرانی ئابووری ١٩٢٩-١٩٣٣ کە گشت جیهانی گرتەوە، جیهان ڕووبەڕووی برسیەتی و نەهامەتیەکی سەخت بۆوە، بەڵام ئەم قەیرانە کاریگەرییەکی کەمی لەسەر ڕووسیا هەبوو لەم کاتەدا بەهۆی ئەوەی ڕووسیا وڵاتێکی کشتوکاڵی بوو، کەچی بە بەروارد بە وڵاتێکی وەک ئەمریکا، هەر لەدوای سەربەخۆیی ئەمریکا هیچ کاولکاری و وێرانیەکی تێدا ڕوونەدا، کەچی ئەم قەیرانە جیهانیە لەم وڵاتە سەری هەڵداو کاریگەرییەکی زۆریشی لەسەر وڵاتەکە هەبوو.
ئهوهی پهیوهستیش بێت به پێگهی نەوت لە ئابووری هەرێمی کوردستان، ئهوا پێگەیەکی گرنگی هەیە، چونکە بەشێکی زۆری داهاتی ئابووری ئەم هەرێمە پشت بە نەوت دەبەستێت، بەڵام سیاسەتی دەسەڵاتی ناوەندی کە بەردەوام دەیەوێت ئابووری کوردستان ئابوورییەکی پاشکۆ بێت، کێشە بۆ بازرگانی ئەم داهاتە ئابووریە دروست دەکات، کە ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر قوت و بژێوی دانیشتوانی ههرێمی كوردستان هەیە و نایەوێت ئابووری کوردستان سەربەخۆ بێت، چونکە سەربەخۆ بوونی ئابووری لە هەر وڵاتێک مانای سەربەخۆبوونی سیاسی دێت، چونکە ئابووری و سیاسەت دوو ڕووی یەک دراون، بۆیە پێویستە ئابووری هەرێمی کوردستان جۆراو جۆر بکرێت سوود لە هەموو یەکە ئابووریەکان وەربگیرێت، بۆ ئەوەی کاتێک کێشە لە ساغکردنەوەی سەرچاوەیەکی ئابووری دروست دەبێت، کاریگەری لەسەر داهات دروست نەکات، ئەمەش لە ڕێگەی دانانی کۆمەڵێک پلانی درێژخایەن و پلانی کورت خایەن دێتەدی، بەڵام بە مەرجێک چاودێری و بە دواداچونێکی ورد بۆ جێبەجێکردنی پلانەکان هەبێت.
سەرچاوەکان:
١-نەوت هۆکاری سەرەکی شەڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست- سەروەت هەڵەبجەیی
٢-نەوت بەرامبەر زەوی- نووسینی کرایسیز گروپ
٣-نەفرەتی نەوت- مایکڵ ڕۆس
نووسینی: هەواری ڕەشدووری
قوتابی ماستەر/بەشی مێژوو/زانکۆی سۆران