بەدر ئیسماعیل شیرۆکی/ ئەوانەی لە ئەدەبیاتی بەری نوێی دوای راپەڕینی ساڵی ١٩٩١، نەوەی شۆڕشگێڕانی شاخیان پێ دەگوترێ، بەرە بەرە لە وندابوونی دوایین کەس و کۆتایی نزیک دەبنەوە. دوایی سی ساڵ، ئەوانەی لەشاخ هاتنەخوارێ، ئێستا یان کۆچی دواییان کردووە، یان ئەوەندە چوونەتە تەمەن، کە تا چەند ساڵی دیکە، هەڤاڵ و هاوڕێیەکی رۆژانی شاخ و شۆڕشیان دەستناکەوێ، تاکوو بۆ چەند ساتێک بیرەوەریەکانی تەمەنی رابردوو و سەختیەکانی رۆژانی کۆڵەمەرگی و شەونخونی و مەترسیەکانی بۆسەی دوژمن و ماندوبوون و نەخەوتن و برسیبوونە هەمیشەییەکانیان بۆ یەک بگێڕنەوە، چونکە ئەوانەی ماونەتەوەش بێجگە لە هەڵکشانی تەمەن، دەردووڕەنجی فەرامۆشکران و بێنازی، دووچاری پیری زوهەنگاو و لەبیرچوونەوە و دەیان نەخۆسی فیزیکی و سایکۆلۆژی کردوون .
ئێمە نەوەی راگوزەر بووین، هەموو ئەوانەی لە شۆڕش زندوو ماینەوە، ئاوارەیی و جەنگ و سەرهەڵدان و حکومەتی کوردیمان دیت. ئێمە بە سەردەمی ئانالۆگ و بەقۆناغی دیجیتالدا گوزەرمان کرد . بەجێماوی تاک و تەرای کۆمەڵگەی نەریتی و ئێستاش دانیشتووی نشینگەی سۆشیال میدیا و ژیانی مۆدێڕنی پڕ لە فەنتازیا و پوچگەری و شەوئاگایی و رۆژخەویین. نەوەیەکین گەرچی دەستمان کورتە، بەڵام پشتمان پەیژەیەکە تا ئاسمان بەرزبووتەوە، کە زۆرکەس بەهۆیەوە تا قولەی قافی ژیان بەرز بوونەوە و خۆشمان لەنزمترین جوگرافیای وڵات و لەناو داروپەردووی کۆشک و تەلار و هەوربڕەکان ماوینەتەوەو لە زۆنگی خەمی ژیان چەقیوین. ئێمە نەوەیەکین بە دژواری دراوسێ و ئاشنا و هاوڕێ و هاوڕێبازی دوێنێی شاخ و تاراوگە دەناسینەوە. بەڕاستی نەوەیەکی سەیروسەمەرەین. ئێمە شانازی بە دەوڵەمەندیی میراتی مێژوویی باب و باپیرانمانەوە دەکەین، لێ مخابن نەوەی ئەوڕۆ، کەسیان چاویان لەو میراتە نیەو لێی ناپرسنەوەو رابردوومان ناناسنەوە، تەنانەت رۆڵەکانیشمان خۆیان دەدەنە پاش، نەسەربوردە، نە مێژوو، نەبەها، نە میراتی ئێمەیان دەوێ.
ئێمە مرۆڤگەلێکین بەتەواوی وەکوو رابردووین، بەوپێیەی کە ئێمە وەکوو کەس نەبووین، دیارە لەو سەردەمەدا، کەسیش نایەوێ وەکوو ئێمە بێت، چونکە ئێمە بەرەی راگوزەرین، کە دوو مێژوو و دوو سەردەم و دوو فەرهەنگ و دوو فەلسەفە و دوو ژیان، لەیەک جیا دەکەینەوە. لەوانەشە هێلی دابڕانی نێوان دوو جینۆمی مرۆڤی بین، ئێمە بەرەی ئاڵتونی نەبووین، ئەوەی هەندێک کەس بۆ سەرگەرمی باسی دەکەن، راستە ئێمە زێڕ بووین، لێ وەکوو خشڵی رازاندنەوە، لە چەشنی سکە و گوارە و ئەنگوستیلە خەمڵی زۆر کەسمان رازاندەوەو، یەدەکی ناو بانک و هەژماری زۆرکەسیدیکەمان بەهادار کرد.
بەڵێ نەوەی ئێمە خەریکە کۆتایی دێ . هەرئێستاش ئەوەندە نەماوینەتەوە، کە لەبن سێبەری سواندەیەک، یان پاڵ پەرژینی مەزرەعەیەک و بندیواری کۆشکێک، یادگاریەکانی رۆژانی سەختی رابردوو و لەرزینەکانی سەرمای چیا و قۆڕەی زگی برسی و شریخەی ئاگربارانی مەتەرێز و هیوا بێهودەکانی ئەو رۆژگار بۆیەکدیکە بگێڕینەوە .