لەوڕێوڕەسمەدا كەبەڕێزان یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیاو ژمارەیەك لەپەرلەمانتارو كەسایەتیی سیاسیی ئیتاڵیاو دۆستانی كورد ئامادەی بوون،سەرۆكی كوردستان لەپەیڤێكدا تیشكی خستە سەر گرنگیی كردنەوەی ئەم نووسینگەیە لەڕۆماو هیوای خواست ببێتە ڕایەڵەیەك بۆ پتەوتركردنی پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان وئیتاڵیا.

دەستبەكاربوونی نووسینگەكە لەڕۆما

ڕێزان قادر نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەبەرایی ڕێوڕەسمەكەدا لەپەیڤێكدا دەستپێكردنی كارەكانی ئەو نووسینگەیەی لەرۆمای پایتەختی ئیتاڵیا ڕاگەیاند وگوتی: ئێرە ماڵی گەلی كوردە كەتیایدا یەكەمین جارە كورد ئاڵای خۆی دەشەكێنێتەوە، ئێمە سوپاسی هەموو ئەو دۆستانە دەكەین كە یارمەتیی زۆریان داین بۆ كردنەوەی ئەم ئۆفیسە بەتایبەتی جەنابی سەرۆك بارزانی، هەروەها سوپاسی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین بۆ هەموو هەوڵەكانیان بۆ كردنەوەی ئەم نووسینگەیە، هیوادارم ئێراق هەمیشە سەربەرزو سەركەوتووبێت وهەرێمی كوردستانیش هەروەها سەربەزبێت.

سوپاسی هەموو ئەو دۆستە ئازیزانە دەكەم وەكو جەنابی سیناتۆر ریگۆریۆو سیناتۆر ڕۆتێللی كە ئەمڕۆ لێرە ئامادەن هەروەها یاردیدەدەری وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیاو وبەرپرسی دۆسێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەوەزارەتی دەرەوەی ئیتاڵیا ونوێنەری حكوومەتی ئیتاڵیاو بەڕێزان لەحكوومەتی ئێراق وباڵیۆزی ئێراق لەڕۆما.

مافێكی دەستووریی هەرێمی كوردستان

پاشان لەسەر داوای نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەئیتاڵیا بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی كوردستان لەپەیڤێكدا دووپاتیكردەوە ئەمە مافێكی دەستووریی هەرێمی كوردستانە لەهەموو كونسوڵخانەكانی ئێراقی فیدراڵ نوێنەرایەتیی هەرێمی كوردستان هەبێت وگوتی:زۆر بەگەرمی بەخێرهاتنی میوانە بەڕێزەكان دەكەم وزۆر سوپاسیان دەكەم بۆ ئامادبوونیان لەم ڕۆژەدا،ئەمە یەكێكە لەڕۆژە گرنگەكان كە ئێمە نووسینگەی هەرێمی كوردستان لەڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بكەینەوە، ئەمەش ڕەفتارێكە بەپێی دەستووری ئێراق كەئەو مافەی بەئێمە داوە،ئێمە دەتوانین بەپێی ئەو مافە لەهەر شوێنێك باڵیۆزخانەی ئێراق هەبێت نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكەینەوە.

ئەمەش بەڕاستی ئێراقی تازە نیشاندەدات كە ئەمڕۆ نووسینگەی هەرێمی كوردستان لێرە دەكرێتەوەو ستافی باڵیۆزخانەی لەگەڵماندا بەشدارن وئەمەش واتای ئەوە دەدات ئەم نووسینگەیەش یارمەتیدەرو پشتیوان دەبێت بۆ باڵیۆزخانەی خۆمان كە باڵیۆزخانەی ئێراقەو باڵیۆزخانەی ئێمەشە.

ئێمە وادەبینین دەرفەتی زۆر باشمان لەپێشە بۆئەوەی باشترین پەیوەندی لەنێوان ئێراق وئیتاڵیا بەگشتی وهەرێمی كوردستان بەتایبەتی بونیاتبنرێت.

دەرفەتی وەبەرهێنان لەهەرێمی كوردستان

دواتر سەرۆك بارزانی دووپاتیكردەوە هەرێمی كوردستان بەهۆی ئەو ئاسایش وئارامییەی تیایدا دەژیت دەرفەتێكی باشی بۆ وەبەرهێنان تیایدا هەیەو هیواشی خواست ئەم ئاسایش وئارامییە هەموو ئێراق بگرێتەوەو گوتی:هیوادارین ئاسایش لەهەموو ئێراقدا بەرقەراربێت،بەڵام تا ئەو ئاسایشە بەرقەرار دەبێت كۆمپانیاكانی ئیتاڵیا بێنە هەرێمی كوردستان وكاری وەبەرهێنان ئەنجامبدەن وبەخۆشحاڵییەوە دەڵێم لەدیدارمدا لەگەڵ جەنابی وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا گەیشتینە ئەو قەناعەتەی كاتی ئەوە هاتووە ئیتاڵیا كونسوڵگەریی خۆی لەهەولێر بكاتەوە پێشموایە كردنەوەی ئەم كونسوڵخانەیە دەبێتە یارمەتیدەرێكی زۆر بەهێز دەبێت بۆ كۆمپانیاكانی ئیتاڵیا وكۆمپانیاكانی ئێراقی وهەرێمی كوردستان بۆئەوەی كارەكانیان ئاسانتر بەڕێوەبچێت.

گەشبینی بەئایندەیەكی گەش

سەرۆكی كوردستان گوتی:لەكۆتاییدا من جارێكی دیكە زۆر زۆر سوپاسی هەموو دۆستە بەڕێزەكان دەكەم بۆ تەشریف هێنانیان وسوپاسی دەوڵەتی ئیتاڵیا دەكەم بۆ ئەو دەرفەتەی بەئێمەیان دا ئەم نووسینگەیە لێرە بكەینەوەو من بەئایندەیەكی گەش وخۆش گەشبینم ودڵنیان لەبارەی پەیوەندیی ئێمەو زۆر سوپاس.

پاڵپشتیی حكوومەتی ئیتاڵیا بۆ ئەم نووسینگەیە

دواتر یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئیتاڵیا خۆشحاڵیی حكوومەتی ئیتاڵیای بەكردنەوەی نووسینگەی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەئیتاڵیا نیشاندا وبایەخدانی وڵاتەكەی بەهەرێمی كوردستان لەبەرزترین ئاستدا وەسفكرد ونیشانیدا حكوومەتی ئیتاڵیا ئامادەیە یارمەتیی تەواوی حكوومەتی ئیتاڵیاو پاڵپشتی وپشتیوانیی حكوومەتی خۆی بۆئەو نوێنەرایەتییە ڕاگەیاند