(به‌ڵێ) یان (نه‌خێر) ده‌نگ بۆ ئه‌و كۆمه‌ڵه چاكسازییه ده‌ستوورییانه بده‌ن كه له ده‌ستوورێكی بچووك ده‌چێت و باسی زۆرێك له‌و مه‌سه‌له هه‌ستیارانه‌ی توركیا ده‌كات كه ئه‌گه‌ر ڕاپرسییه‌كه سه‌ركه‌وتوو بێت ئه‌وا گۆڕانكارییه‌كی ڕیشه‌یی له ژیانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و له سه‌رجه‌م میكانیزمه‌كانی كاركردنی سیستمی سیاسی و داموده‌زگاكانیدا دروست ده‌كات. بنه‌ماكانی ڕاپرسی له توركیا نوێ نییه، به‌ڵكو پێشتر زیاتر له جارێك ڕوویداوه، به‌ڵام توركه‌كان له‌سه‌ر ئه‌وه ڕانه‌هاتوون كه به‌رپرسه‌كانیان بۆ لایان بگه‌ڕێنه‌وه و له‌و مه‌سه‌لانه‌دا پرسیان پێبكه‌ن كه پێویستیان به گه‌ڕانه‌وه بۆ په‌رله‌مان یاخود بۆ بڕیاره وه‌زارییه‌كان هه‌یه، به‌تایبه‌تیش ئه‌وانه‌ی كه به كاروباره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه په‌یوه‌ستن، به‌ڵام ئه‌و دابه‌شبوونه سیاسیه‌ی توركیای گرتووه‌ته‌وه له‌نێوان ده‌سه‌ڵاتێكدا كه پارتی داد و گه‌شه‌پێدان ده‌یباته ڕێوه و نێوان نه‌یاره عه‌لمانی و چه‌پڕه‌و و نه‌ته‌وه‌په‌رست و كورده‌كانیشدا، كه سه‌رجه‌میان ته‌نها دژایه‌تیكردنیان بۆ داد و گه‌شه‌پێدان كۆی كردوونه‌ته‌وه سه‌باره‌ت به هه‌ر مه‌سه‌له‌یه‌ك كه حكومه‌ت بیخاته به‌رده‌می په‌رله‌مان له چوارچێوه‌ی خاڵه ناكۆكه‌كاندا و له‌سه‌ر بنه‌مای (ئهگهربشفڕێت هه‌ر بزنه).
به‌مجۆره ئێستا سه‌رجه‌م ده‌رهاویشته‌كان له ده‌وڵه‌تێكی دیموكراتی و ئازادی وه‌ك توركیادا گۆڕاوه بۆ هه‌وڵدان بۆ ڕووخاندنی حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی پارتی داد و گه‌شه‌پێدان. پارته سیاسییه‌كانی توركیا نه‌یانتوانیوه به‌رژه‌وه‌ندی گشتی ده‌وڵه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندی كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك كه هه‌وڵ بۆ پێشكه‌وتن و بووژانه‌وه ده‌دات له‌گه‌ڵ ئامانجه سیاسییه تایبه‌ته‌كانیان لێكتر جیابكه‌نه‌وه، هه‌ربۆیه بۆ نموونه پارتێكی وه‌ك گه‌لی كۆماری له سۆسیالیستی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه گۆڕا بۆ پارتێكی ڕاستڕه‌و و دژ به دیموكراسی و ئازادییه‌كان له توركیا، هه‌رچه‌نده ئه‌و پارته خۆی به خاوه‌ن ئاراسته‌یه‌كی ئه‌وروپیانه و لایه‌نگری به ئه‌ندامبوونی توركیا له یه‌كێتی ئه‌وروپا ده‌داته قه‌ڵه‌م، به‌ڵام ده‌بینی ئێستا دژی ئه‌و چاكسازییه ده‌ستوورییانه ده‌وه‌ستێته‌وه كه داد و گه‌شه‌پێدان به‌پێی مه‌رج و پێوه‌ره ئه‌وروپییه‌كان دایڕشتوون. له ڕاستیدا ئه‌مه كێشه‌ی هه‌موو حكومه‌ت عه‌لمانییه‌كانی پێشووی توركیا بووه كه دروشمی به ئهوروپاییبوونیان به‌رزكردبۆوه، ئه‌وه‌ش ته‌نها له‌به‌ر پاساوهێنانه‌وه بۆ داپڵۆسینی بزووتنه‌وه ئیسلامی و كوردییه‌كان و ته‌نانه‌ت كه‌مایه‌تییه مه‌زهه‌بی و ئاینییه‌كانیش بووه. ڕاپرسی 12ی ئه‌یلول كاركردنی مه‌زاجیانه‌ی دادگای ده‌ستووری و ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری و داواكارانی گشتی لاواز ده‌كات و سنووریش بۆ ئه‌نجومه‌نی باڵای شورای سه‌ربازی داده‌نێت كه ئه‌فسه‌ر و سه‌ربازه‌كانی سوپا به‌تۆمه‌تی كۆنه‌په‌رستی ده‌رده‌كات گوایا له هه‌وادارانی ئیسلامییه‌كانن، جگه له‌مه‌ش چاكسازییه‌كان ده‌رفه‌ت ده‌خوڵقێنێ بۆ دادگاییكردنی ده‌ره‌جه‌داره سه‌ربازییه‌كان له‌به‌رده‌م دادگا مه‌ده‌نییه‌كاندا، چونكه دادوه‌ری سه‌ربازیی تهرهفگیره، هه‌روه‌ها یارمه‌تیده‌ریش ده‌بێت بۆ سزادان و دادگاییكردنی هه‌ركه‌سێك كه په‌یوه‌ندی به كوده‌تای 12ی ئه‌یلولی ساڵی 1980وه هه‌بووه، هه‌رچه‌نده هه‌موویان مردوون جگه له كه‌نعان ئێڤرین سه‌ركرده‌ی كوده‌تاكه، به‌ڵام بیرمه‌ندی له‌وه‌دایه كه ڕێگه له ڕوودانی كوده‌تای نوێ بگیرێت له توركیا. ئه‌گه‌ر ڕاپرسییه‌كه توانی ده‌نگی زۆرینه‌ی ڕه‌های توركه‌كان به‌ده‌ستبێنێت، ئه‌وا توركیا له‌به‌رده‌م قۆناغێكی نوێ‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه، له‌و كاته‌شدا په‌رله‌مان مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه كه ده‌ستوور و یاساكان له‌كاتی پێویستدا هه‌موار بكات بێئه‌وه‌ی دادگای ده‌ستووری بتوانێت به‌شێوه‌یه‌كی ناڕه‌وا ئه‌و هه‌مواركردن و چاكسازییانه پوچه‌ڵ بكاته‌وه. بۆیه ده‌كرێت دادوه‌ری ڕێچكه‌ی خۆی بگرێته‌وه دوور له زاڵبوونی مه‌زاجی ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری یان دادوه‌ری سه‌ربازی. ئه‌گه‌ر بێت‌و چاكسازییه‌كان سه‌ركه‌وتنیان بۆ بنووسرێت ئه‌وه كۆتایی كاروانه‌كه نییه، به‌ڵكو ئه‌وه هه‌نگاوی هه‌ره گرنگه له‌پێش ئاماده‌كردنی ده‌ستوورێكی نوێ كه هه‌موو ئه‌و كه‌لێنانه پڕبكاته‌وه كه ئێستا له هه‌موو ئاسته‌كاندا له توركیا بوونیان هه‌یه. ئه‌گه‌رچی چاكسازییه‌كانی 12ی ئه‌یلول زۆر گرنگن، به‌ڵام هێشتا به‌س نین بۆ ئه‌وه‌ی توركیا ببێته وڵاتێكی دیموكراسی نموونه كه ڕێز له ئازادییه گشتییه‌كان و مافه‌كانی مرۆڤ بگرێت.
له ڕاستیدا كێشه و گرفتی زۆر گوشاریان خستووه‌ته سه‌ر سیستمی سیاسی و سه‌قامگیری كۆمه‌ڵگای توركیا، له‌پێش هه‌مووشیانه‌وه كێشه‌ی كورد و داواكارییه سیاسی و ده‌ستووی و كلتورییه‌كانی كورده، هه‌روه‌ها كێشه‌ی كه‌مایه‌تییه ئایینی و مه‌زهه‌بییه‌كانیش یه‌كێكی تره له كێشه‌كان كه مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه له وڵاتێكدا كه باسی عه‌لمانی ده‌كات له‌گه‌ڵ زۆرینه‌دا له هه‌موو شتێك‌دا به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كسان بژین. بێگومان پارتی داد و گه‌شه‌پێدان ئاسووده ده‌بێت ئه‌گه‌ر پرۆسه‌ی ڕاپرسی زۆرینه‌یه‌كی شیاو به‌ده‌ست بێنێت، واتا له 55%ی ده‌نگه‌كان به‌ره‌و سه‌ر، به‌ڵام له‌كاتێكدا ڕێژه‌ی لایه‌نگیری له‌وه كه‌متر بێت، ئه‌وا سه‌رۆك وه‌زیران ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان ئاسووده نابێت، به‌ڵكو په‌نا بۆ چه‌ند ده‌ستپێشخه‌رییه‌ك ده‌بات تاوه‌كو متمانه‌ی ده‌نگده‌ر به‌شێوه‌یه‌كی گه‌وره‌تر به حكومه‌ته‌كه‌ی بگێڕێته‌وه.
و: سابیر عه‌بدوڵڵا كه‌ریم