ئاماژەی رووداوەکان و ھەڵوێستە ناوخۆیی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە عێراق و ئایندە و چارەنووسی عێراق ئەوەندە ئاڵۆزە و تاریکاییەکی وای دروستکردووە، نەک ھیچ کەس بەرپێی خۆی نابینێت، بەڵکو لە ئەجێندا و بەرنامەی ھەر ھێز و جەمسەرێکدا کۆمەڵێک سیناریۆی جیاواز و دژبەیەک ھەیە، نەتەوە یەکگرتووەکان بە پاساوی پاراستنی گیانی خەڵکی سڤیل و خۆپێشاندەران داوایەک دەکەن بۆنی گەڕانەوەی وصايەی لێدێت بۆ سەر عێراق. ھەندێک سەرکردە و ھێزی عێراقیش لە بەیاننامەکانیاندا کە روو بە نەتەوە یەکگرتووەکانە ئاماژە بە پێویستیی چارەسەری نێودەوڵەتی دەکەنەوە و پێیانوایە شەڕ و گەندەڵی و لەیەکترازان و دەستوەردانی ناوخۆیی بە عێراق خۆی ناوەستێت و چارەسەر ناکرێت.
 
گەنجی شیعەی عێراق داوای نیشتمانێکی ئازاد دەکەن لە دەرەوەی تایفیەت و ھەژموونی ئێران. سەرکردەکانی شیعە لە سیاسی و مەرجەعەکان لەنێوان عێراقچێتی و عەرەبچێتی و ئێرانیبووندا ماڵەکەیان لەیەکترازاوە و لەھەمانکاتدا دەیانەوێت لەو دۆخەدا یەکتر غافڵگیر بکەن و شەڕی پێگەی ئایندە دەکەن، ئێرانیش مافی گەورە و مێژوویی لەسەریان ھەیە و رێیان پێنادات فەرامۆشی ئەمنی قەومی ئەو بکەن. سوننەش لە مەڵاسدان بۆ وەرگرتنەوەی ئەمجادی کۆن و تۆڵەی شەڕی تایفی و کاولکردنی شار و گوندەکانیان. کەنداو لەپاڵ پارەی زەبەلاحی نەوت و غازدا دەیانەوێت ھەموو شەڕەکان لە عێراقدا کۆتایی پێبێت و نەگاتە ئەوان. ئەمریکا سوورە لەسەر ئەوەی دەبێت ھەژموونی ئێران لە عێراقدا کۆتایی پێبێت. ئێرانیش سوورە لەسەر ئەوەی کە دەبێت ئەمریکا عێراق چۆڵ بکات.
 
ئەو ئاماژانە وێنەیەکی زۆر سادەکراوەی ئەمڕۆی عێراقن، بۆیە ھەندێک پێیانوایە کە شەڕێکی خوێناوی بەڕێوەیە لەنێو ماڵی شیعە و ئەگەر دوای ئەو شەڕە ھاوکێشەکان جێگیر و ئاسایی نەبوونەوە دوورنییە شەڕێکی شیعی سوونیش بخولقێنرێت، چونکە زەمینەکەی ساز و ئامادەیە، لەم تاریکستانەدا دەبێت ھەرێم چی و چۆن بکات؟
 
ئەوە پرسیارە ھەستیار و گەورەکەیە، ھەموو ھاووڵاتییان بە ھۆشیارییەوە چاودێریی دەکەن، جگە لەوەش ھەموو پەیوەندیدارەکانی ناوخۆ و دەرەوەی عێراق چاودێریی دەکەن، بۆیە وەڵام و پلان و ھەڵوێستی ھەرێم زۆر گرنگە، کورد بەخت و چانسێکی گەورەی لەوەدا ھەیە، زۆربەی لایەنەکان پێیان خۆشە و لە بەرژەوەندییاندایە ھەرێم وەک ناوچەیەکی ئارام و پێگەیەکی ئارامی عێراقی بمێنێتەوە و ھەر لایەنێکیش مەرام و بەرژەوەندیی خۆی ھەیە، لێرەدا و لەم ھەلومەرجە ڕەخساوەدا  ئەگەر ھەرێم بەردەوامبێت لەسەر سیاسەتی چەند مانگی ڕابردوو، دەرگای ماڵی لەسەر پشت بێت بۆ ھەموو لایەنەکان، ھەولێر بکرێتە بەدیلی بەغدا بۆ پەیوەندییە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکان، ناوخۆی ھەرێم یەک دیدگا بەردەوام بمێنێتەوە، پلان و بەرنامەیەکی تۆکمە ھەبێت بۆ ھەر چوار ئەگەر و سیناریۆی ئایندە کە بریتین لە:
 
- ئەگەری شەڕی ناوخۆی عێراقی.
- ئەگەری دروستبوونی چەند هەرێمێک.
- ئەگەری دابەشبوونی عێراق پاش ماوەیەک لە وصايەی نەتەوە یەکگرتووەکان.
- ئەگەری داڕشتنەوەی دەستوور و عێراقێکی یەکپارچە.
 
ئەمڕۆ ئەوەی زۆر گرنگە بۆ ئەم شەش مانگە ئەوەیە کە سەرۆکی ھەرێم ئاماژەی پێ کردووە کە ھەرێم ھیچ بیانوو و مەرجێکی قورسی نەبێت بۆ بەشداری لە حکومەتی کاربەڕێکەردا و لە یەک کاتدا ھاوکاریی سەرۆکی راسپێردراو بکەین و پشتی داواکارییە رەواکانی خۆپێشاندەرانیش بین و لە کایە نێودەوڵەتی و ئیقلیمییەکانیشدا حوزووری چالاک و بەردەوامی ھەبێت، مەبەستم ئەوەیە وا بکەوێتە بەرچاو و دڵی عێراقییەکان و کایە نێودەوڵەتییەکان کە ھەرێم ئیستیحقاقی ھەموو شتێکی ھەیە، ئەوەی گرنگە لەم ڕۆژانەی کە محمد عەللاوی سەردان دەکات لە بەرانبەر ئاسانکاریی ھەرێم، ئەویش گرنتی بوجە و مووچە بدات و بە رێککەوتنێکی نوسراو لەگەڵی ڕێککەون.
 
لە کۆتاییدا دەڵێم ئەگەر ھەرێم لە ھیچ شەڕ و ھاوکێشەیەکی ئاڵۆزدا تێوەنەگلێت و تموح نەگۆڕێتەوە بە تەماع و ستراتیج نەکات بە قوربانی تاکتیک براوەی یەکەمی عێراقە پاش تەواوبوون و تێپەڕاندنی ئەو قۆناغە تاریکستانەی عێراق.