چه‌ندین ساڵه به‌رنامه ئه‌تۆمییه‌كانی ئێران له ژێر سێبه‌ری هه‌ڕه‌شه و وتووێژ و گه‌مارۆدانی ئابووری و نیگه‌رانی جیهانی به‌رێوه‌دچێت. هه‌ڵسوكه‌وتی ئێران ئاسایی بووه و هیچ بایه‌خێكی به گوشار و سزا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی نه‌داوه و په‌رپێدانی دامه‌زراوه ئه‌تۆمییه‌كانی خستووه‌ته ئه‌وله‌ویاتی كاری خۆی. له‌به‌رامبه‌ردا رۆژئاوا هه‌موو هه‌وڵێكی خستوه‌ته گه‌ر بۆ راوه‌ستانی پیتاندنی یۆرانیۆم له‌و وڵاته‌دا. هه‌ڵوێستی وڵاتانی عه‌ره‌بی جێی ئاوردانه‌وه‌یه.هه‌روه‌ها وڵاتانی عه‌ره‌بی بێجگه له دۆسیه‌ی ئه‌تۆمی ئێران كێشه‌یه‌كی مێژووییان له‌گه‌ڵ ئیسرایلدا هه‌یه.
ده‌توانین وڵاتانی عه‌ره‌بی به دوو به‌شی لایه‌نگر و نه‌یاری به‌رنامه‌ی ناوكی ئێران دابه‌شبكه‌ین. وڵاتی سووریا و چه‌ندین لایه‌نی سیاسی ناوخۆی لوبنان ته‌نیا لایه‌نگرانی عه‌ره‌بی به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمی ئێران دێنه ئه‌ژمار و باقی وڵاتانی‌تری عه‌ره‌بی نه‌یاری چالاكی ئه‌تۆمی ئێرانن.
ئه‌زمونی سووریا ده‌توانێت مۆدلێك بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه دژی ئێران بێت؟
سووریا یه‌كه‌م وڵاتی عه‌ره‌بی بوو كه به پاڵپشتی دامه‌زراوه ئه‌تۆمیه‌كانی ئێران و به‌یارمه‌تی وڵاتانی كۆریای باكوور و ئێران بنكه‌یه‌كی نهێنی ناوكی له ناو خاكی خۆی و نزیك به وڵاتی توركیا دامه‌زراند. ئه‌م بنكه ئه‌تۆمییه به‌بێ چاودێری ئاژانسی وزه‌ی ئه‌تۆم دروستكرابوو و ئه‌و رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه هیچ ئاگایه‌كی له چالاكی ئه‌و بنكه‌یه نه‌بوو.
ده‌زگای سیخۆری ئیسرایل به‌ر له ئاژانسی وزه‌ی ئه‌تۆم و كۆمه‌ڵگای جیهانی به ته‌واوی ئاگای له شوێن و كاروباری بنكه‌ی ئه‌تۆمی سووریا بوو و له كاتێكدا كه دامه‌زراوه‌كانی سووریا به‌ره‌و پێشكه‌وتن و پیتاندنی یۆرانیۆم ده‌چوو فرۆكه سه‌ربازییه‌كانی ئیسرایل به هێرشێكی ئاسمانی سه‌رجه‌م دامه‌زراوه ئه‌تۆمییه‌كانی سووریای بوردمانكرد و به‌ته‌واوی له‌نێوی برد. پێشتر عێراق له ساڵی 1981 هه‌وڵی دابوو كه بۆمبی ئه‌تۆمی ده‌ستبكه‌وێت به‌ڵام فرۆكه‌كانی ئیسرایل له‌و ساڵه‌دا به هێرشێكی ئاسمانی دامه‌زراوه ئه‌تۆمییه‌كانی عێراق بۆردمان ده‌كه‌ن. ئیسرایل به‌هه‌بوونی ئه‌و دوو ئه‌زموونه هه‌ره‌شه له‌سه‌ر دامه‌زراوه ئه‌تۆمییه‌كانی ئێران ده‌كات.
وڵاتانی عه‌ره‌بی به تایبه‌ت سعوودیه كه ناكۆكی زۆرتره له‌گه‌ڵ ئێران هه‌ڵوێستێكی شه‌فافی له‌به‌رامبه‌ر چالاكییه ئه‌تۆمییه‌كانی ئێران بووه و نه‌یاری به‌رده‌وامبوونی ئێرانه له‌سه‌ر دامه‌زراندنی بنكه‌ی ئه‌تۆمی و هه‌موكات ناره‌زایه‌تی خۆیان سه‌باره‌ت به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمی و ده‌ستێوه‌ردانی ئێران له كاروباری ناوخۆ به بیانووی كه‌مینه‌ی شیعه له‌و وڵاتانه راگه‌یاندووه.
وڵاتانی عه‌ره‌بی پێیانوایه ئامانجی ئێران له به‌رنامه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی درووستكردنی بۆمبی ئه‌تۆمه و ئێران ده‌یه‌وێ زاڵ بێ له‌سه‌ر وڵاتانی ناوچه و عه‌ره‌به‌كان له نێوان ئێران و ئیسرایل دیل بكرێن.ئه‌مریكایش له‌به‌رامبه‌ر ئێران له دامه‌زراندنی بنكه‌ی ئه‌تۆمی له وڵاتانی عه‌ره‌بی پشتگیری ده‌كات.
هاوكاری ئورده‌ن و ئیسرایل له‌بواری ناوكی
ئورده‌ن یه‌كه‌م وڵاتی عه‌ره‌بییه كه له‌لایان رۆژائاوا و ئیسرایل پشتگیری ده‌كرێت بۆ دروستكردنی بنكه‌ی ئه‌تۆمی له‌و وڵاته و ئێستا ویستگه‌ی وزه‌ی ناوكی له به‌نده‌ری عه‌قه‌به‌ی ئورده‌ن دروست ده‌كرێت و ئیسرایل له دروستكردنی یارمه‌تی ئورده‌ن ده‌دات و هیچ ناره‌زایه‌تییه‌كی جیهانیشی به‌دواوه نییه.
میسریش ده‌یه‌وێ ویستگه و بنكه‌ی ئه‌تۆمی به هاوكاری ئه‌مریكا دابمه‌زرێنێت و هه‌موو ئه‌و كارانه بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه دژی ئێران ئه‌نجام ده‌درێت. وڵاتانی رۆژائاوا دوو وڵاتی ئوردون و میسر به وڵاتانی میانه‌ره‌وی عه‌ره‌بی ده‌زانن و هیچ كاتێك بوونی دامه‌زراوه‌ی ئه‌تۆمی له‌و وڵاتانه به هه‌ره‌شه بۆسه‌ر ئاسایشی وڵاتانی‌تر نازانن ، به‌پێچه‌وانه‌ی ئێران كه خوازیاری سرینه‌وه‌ی ئیسرایل له‌سه‌ر گۆی زه‌وییه.