سه‌ده‌ی یانزه‌هه‌م، كاتێك هنری یه‌كه‌می پادشای فه‌ڕه‌نسا خانمێكی ڕووسی به‌ناوی ئانا كیڤسیكاوه خواست‌و دوای مردنی هاوسه‌ره‌كه‌ی بووه شاژنی فه‌ڕه‌نسا.
په‌یوه‌ندییه دیبلۆماسییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی 1717، كاتێك یه‌كه‌م باڵیۆزی ڕووسیا له فه‌ڕه‌نسا ده‌ستبه‌كاربوو. هه‌روه‌ها شۆڕشی فه‌ڕه‌نسا 1787 كاریگه‌رییه‌كی زۆری له‌سه‌ر ڕۆشنبیرانی ڕووس هه‌بوو، به‌ڵام خاتوو كاترینای دووه‌م، كه ئیمپراتۆری ڕووسیا بوو، داوایكرد هاوپه‌یمانییه‌ك دژی فه‌ڕه‌نسا سازبكرێت، چونكه ئه‌و شۆڕشه كاردانه‌وه‌و هه‌ڕه‌شه‌ی بۆ سه‌ر سیستمی پاشایه‌تی ده‌بێت له ئه‌وروپا.
له‌ئێستادا ئاخۆ ئه‌و ته‌وه‌ره سیاسییه نوێیه‌ی له ئه‌وروپا سه‌ریهه‌ڵداوه‌و به ته‌وه‌ره‌ی ڕووسیا- فه‌ڕه‌نسا ناوده‌برێت، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر جیهان ده‌بێت، به‌جۆرێك كه كاریگه‌ریی بۆ سه‌ر هاوپه‌یمانیه‌كانی ئه‌مریكا نه‌بێت؟
له‌ماوه‌ی ڕابردوودا دیمتری مدفیدیڤ سه‌ردانی پاریسی كرد‌و له‌وێ بۆ ماوه‌ی 3ڕۆژ مایه‌وه‌و به‌شداریی چه‌ند ئاههنگو بۆنه‌یه‌كی هاوبه‌شی كرد. هاوكات چه‌ند مه‌سه‌له‌یه‌ك له‌و سه‌ردانه‌دا تاوتوێكران، له‌وانه‌ش دۆسێی ئه‌تۆمی ئێران‌و چه‌ند سهودانامهیهكی ئابووری. له هه‌موویان گرنگتر، ڕێكه‌وتن له‌سه‌ر فرۆشتنی 4كه‌شتیی سه‌ربازیی فهڕهنسیو كردنه‌وه‌ی پیشانگه‌یه‌كی گه‌وره بوو له مۆزه‌خانه‌ی لۆڤه‌ر، كه تایبه‌ته به كلتووری ڕووسی‌و چه‌ند چالاكییه‌كی تری ڕۆشنبیری.
چاودێران پێیانوایه ئه‌و سهودانامهیه به‌گۆڕانكارییه‌كی ستراتیژیی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ڕووسیاو ئه‌ندامێكی په‌یمانی ناتۆ داده‌نێن، كه له ساڵی 1948دا سه‌ودانامه‌ی سه‌ربازی له‌و جۆره ئه‌نجام نه‌دراوه. دیاره سه‌ودانامه‌كه مشتومڕێكی زۆری لێ كه‌وته‌وه، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ش به‌وه ده‌كرێت كه مه‌سه‌له‌كه له‌لایه‌ن كۆشكی ئهلیزییهوه سه‌پێنراوه‌و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕه‌نساش دژی سه‌ودانامه‌كه بووه. هاوكات بیرمه‌ندێكی وه‌ك ئه‌ندریه گلۆكسمان، كه دژی سهودانامهكهیه، ده‌ڵێت: "گرنگ چه‌ك نییه، به‌ڵكو خوێندنه‌وه‌ی وڵاتانی بچووكی بهڵتیكی ده‌وروبه‌ری ڕووسیایه، كه پێیانوایه ڕووسیا دهستبهرداریانبووه، له‌كاتێكدا پێشتر ئه‌و وڵاتانه سه‌ر به یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت بوون".
بڕیاری ڕووسیا به كڕێنی 4كه‌شتیی سه‌ربازیی فه‌ڕه‌نسی بۆ تۆكمه‌كردنی كهشتیگهلهكانی له ده‌ریای ڕهشو ئۆقیانووسی ئارام‌و ده‌ریای به‌ڵتیك، نیگه‌رانییه‌كی لای ئه‌مریكا دروستكردوه‌و له‌سه‌ر زاری ڕۆبه‌رت گیتس (وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مریكا) ناڕه‌زایی له‌به‌رامبه‌ر ژماره‌ی ئه‌و كه‌شتیانه، نه‌ك سه‌ودانامه‌كه، پیشاندرا كه ترسی ئه‌وه هه‌یه هاوسه‌نگیی هێزه‌كان بگۆڕێت‌و مۆسكۆ كۆنترۆڵی زیاتری ده‌ریای ڕهشو شوێنه ئاوییه‌كانی تر بكات.
هه‌ڵبه‌ت تۆما گۆمار (به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌نته‌ری ڕووسیاو تازه ده‌وڵه‌تانی سه‌ربه‌خۆ له په‌یمانگای فه‌ڕه‌نسی بۆ په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه) جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه، كه ئه‌و سهودانامهیه، جگه له ئه‌مریكا چه‌ند پایته‌ختێكی ئه‌وروپاو وڵاتانی دیكه‌ی نیگه‌رانكردوه، له‌وانه‌ش گۆرجستانو لیتوانیاو ئستۆنیا. هاوكات حكومه‌تی فه‌ڕه‌نسا له‌لایه‌ن خۆیه‌وه، ئه‌وه دووپاتده‌كاته‌وه كه مامه‌ڵه‌كردنی پاریس له‌گه‌ڵ مۆسكۆ له‌سه‌ر بناغه‌ی هاوبهشیو دۆستایه‌تیه، نه‌ك دوژمنایه‌تی. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی به شه‌ڕی سارد ناوده‌برێت، به‌شێكه له ڕابردوو.
له كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیی هاوبه‌شیشدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ڕوسیا، نیكۆلا ساركوزی (سه‌رۆكی فه‌ڕه‌نسا) ڕایگه‌یاند كه خۆرئاوا پێویستی به ڕووسیایه بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌یه‌كی وه‌ك دۆسیه‌ی ئه‌تۆمیی ئێران. له‌و سه‌روبه‌نده‌شدا بیار لۆلۆش (سكرتێری ده‌وڵه‌ت بۆ كاروباری ده‌ره‌وه له فه‌ڕه‌نسا) سه‌ردانیی ژماره‌یه‌ك وڵاتی ده‌وروبه‌ری ڕووسیای كرد‌و له سه‌ودانامه سه‌ربازییه‌كه‌ی نێوان پاریس‌و مۆسكۆ دڵنیایكردنه‌وه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌و سهودانامهیه له دوای تێپه‌ڕبوونی دوو ساڵ به‌سه‌ر كۆتاییهاتنی جه‌نگی ڕووسیاو گۆرجستاندا دێت، به‌ڵام ده‌وڵه‌تانی به‌ڵتیك دڵنیان له‌وه‌ی فه‌ڕه‌نسا پشكداره له پاراستنی باری ئه‌منیی ناوچه‌كه‌یان‌و فڕۆكه‌كانیشی له چوارچێوه‌ی هێزه‌كانی ناتۆدا چاودێریی ده‌ڤه‌ره‌كه ده‌كه‌ن.
هاوكات فه‌ڕه‌نساو ڕووسیا، جگه له‌وه‌ی ته‌نیا وڵاتانی ئه‌وروپایین كه خاوه‌نی چه‌كی ئه‌تۆمین، به‌ڵام پاریس بۆ مۆسكۆ لهپێشَتره وه‌ك له به‌رلین، به‌تایبه‌تیش له ڕووی بازرگانییه‌وه. له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ئه‌ندامانی یه‌كێتیی ئه‌وروپا (به‌شی خۆرهه‌ڵات) له‌وه ده‌ترسن مۆسكۆ ڕیزی یه‌كێتییه‌كه‌یان دابه‌شبكات، به‌نزیكبوونه‌وه‌ی له فه‌ڕه‌نساو ئه‌ڵمانیا، ئه‌وه‌ش مایه‌ی نێگه‌رانیه بۆ وڵاتانی به‌ڵتیك، به‌تایبه‌تی كاتێك یه‌كێك له فه‌رمانده سه‌ربازییه‌كانی ڕووسیا جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه، ئه‌گه‌ر بهاتایه ڕووسیا پێشتر خاوه‌نی ئه‌و كه‌شتیانه‌ی فه‌ڕه‌نسا بوایه، ئه‌وا وڵاتی گۆرجستانی له ماوه‌ی 26خوله‌كدا ده‌گرت، نه‌ك له ماوه‌ی 26كاتژمێردا.
فهرهِنساش له‌لایه‌ن خۆیه‌وه پاساو بۆ لێك نزیكبوونه‌وه‌ی له ڕووسیا ده‌هێنێته‌وه‌و ده‌ڵێت، نه‌وه‌ی مدفیدیڤ جیاوازتره له نه‌وه‌ی ڤلادیمیر پۆتین. كه‌چی له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچوونه‌شدا كه له‌لایه‌ن برنار كۆشنه‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕه‌نساوه دووباره‌ده‌كرێته‌وه، به‌پێی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی دامه‌زراوه‌ی "نیڤادا"، هێشتا ده‌سه‌ڵات له‌ده‌ست پۆتیندایه.
ئه‌ندریه گلۆسمانی فه‌یله‌سوفیش پێیوایه ساركوزی له‌وه ده‌ترسێت خاتوو ئه‌نجیلا مێركلی (ڕاوێژكاری ئه‌ڵمانیا) بۆڕیباتهوهو زووتر له ڕووی بازرگانیه‌وه له ڕووسیا نزیكبێته‌وه، نه‌ك هه‌ر ئه‌و وڵاته، به‌ڵكو وڵاتانی ئیسپانیا‌و ئیتاڵیاش دهستپێشخهریبكهن له گرێبه‌سته بازرگانییه‌كاندا. هه‌روه‌ك چۆن له تشرینی دووه‌می ڕابردوودا پۆتین سه‌ردانی فه‌ڕه‌نسای كرد، به‌و جۆره‌ش دیمتری مدفیدیڤ پاریسی به‌سه‌ركرده‌وه‌و سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵیش باس له‌وه ده‌كه‌ن، په‌یوه‌ندییه به‌هێزه‌كانی نێوان مدفیدیڤو ساركوزی ڕۆڵی هه‌بووه له ڕاگرتنی سیستمی ده‌ریاوانی فه‌ڕه‌نسادا.
هه‌روه‌ها سه‌رچاوه ئاگاداره‌كان باس له‌وه ده‌كه‌ن، سهودانامهكهی نێوان هه‌ردوو وڵات، بایی ملیارێك‌و پێنج سه‌د ملیۆن یۆرۆیه‌و له‌لایه‌ن فهڕهنساشهوه بڕی 439ملیۆن یۆرۆ دراوه‌ته ئه‌و كۆمپانیایه‌ی كه‌شتییه‌كان دروستده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی نموونه‌ی سێیه‌می ئه‌و كه‌شتیانه‌ی بۆ به‌رهه‌مبهێنێت.
وه‌ك ئاشكراشه، هه‌ردوو وڵات ساڵانێكه له جێبه‌جێكردنی كۆمه‌ڵێك به‌رنامه‌ی فه‌زایدا هاوكاری یه‌كترین: له ساڵی 1996ه‌وه كۆمپانیای"ستارسیم"ی ڕووسی، به‌هاوكاریی ئاژانسی ئه‌وروپی، كارده‌كه‌ن له پرۆژه‌ی سویوز-كۆرۆ بۆ هه‌ڵدانی موشه‌كی ڕووسی، كه بنكهكهی ده‌كه‌وێته گۆیانای فه‌ڕه‌نساوه. هه‌روه‌ها به‌رهه‌مهێنانی هاوبه‌شی جۆره كۆپته‌رێكی بارهه‌ڵگر، له‌نێوان كۆمپانیای یهڤرۆكۆپتهری فه‌ڕه‌نسی و كۆمپانیای ئایرۆباسی ڕووسیدا. هاوكات ماوه‌ی 40ساڵه فه‌ڕه‌نسا له ڕووسیاوه گاز هاوردهدهكاتو ڕیژه‌ی 20% پێداویستیه‌كانی بۆ پڕكردۆته‌وه‌و له ساڵی 2006دا له‌نێوان كۆمپانیای گازبرۆمی ڕووسی‌و گازدی فڕانسدا ڕێكه‌وتنێك بۆ تا ساڵی 2030 ئیمزاكراوه، كه به‌وپێیه گاز له ڕووسیاوه ده‌گه‌یه‌نرێته فه‌ڕه‌نسا.
چاودێران پێیانوایه، ساڵی 2010 قۆناغێكی گرنگه له په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵاتدا‌و له‌و باره‌یه‌وه په‌یامنێری بی بی سی له پاریس"هیوسكۆفیڵد" جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه ئه‌مساڵ ده‌رفه‌تی پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان فه‌ڕه‌نساو ڕووسیایه. هه‌روه‌ها ده‌رفه‌تی چاوخشاندنه‌وه‌یه به په‌یوه‌ندییه مێژووییه‌كانی نێوانیاندا، كه ماوه‌ی 300ساڵه به‌رده‌وامه. ئه‌مه جگه له‌و كاریگه‌رییه‌ی زمانی فه‌ڕه‌نسی له‌سه‌ر كلتووری ڕووسی بهجێیهێشتووهو له‌به‌رامبه‌ریشدا كاریگه‌ریی شۆڕشی ڕووسی له‌سه‌ر فه‌ڕه‌نسا، تا ده‌گاته وێرانكردنی مۆسكۆ له‌لایه‌ن سوپای ناپلیۆنه‌وه.
فه‌ڕه‌نسا پێیوایه ڕووسیا هاوبه‌شێكی بازرگانیی گرنگه، سه‌رباری ئه‌و گومانانه‌ی هه‌یه‌تی له پرسی مافه‌كانی مرۆڤ‌و سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته‌دا، كه سروشتێكی دوژمنكارانه‌ی هه‌یه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا په‌یوه‌ندییه ئابوورییه‌كانیان گۆڕانكاریی به‌خۆوه بینیوه، به‌تایبه‌تی له كۆتاییه‌كانی ساڵی 2009دا، كاتێك ڕێگه به وه‌به‌رهێنه‌ری فه‌ڕه‌نسی درا به‌شداری له پرۆژه‌ی دامه‌زراندنی هێڵی گواستنه‌وه‌ی ڤاز به‌ره‌و ئه‌وروپا بكات. ئه‌مه جگه له به‌شداریكردنی فه‌ڕه‌نسا له كۆمپانیای "لادا"دا بۆ دروستكردنی ئۆتۆمبیل، كه ڕووبه‌ڕووی قه‌یرانی دارایی بۆته‌وه.