مەزنەكان بەرهەمی نەتەوە مەزنەكانن،ئەوەتا ئەگەر گەلی ئەمریكا زیندوو نەبوایە دەیان سەرۆكی وەك ريتشارد نیكسۆن ی دەبوو،كەچی نیكسۆن كە (37)مین سەرۆكی ئەمریكایە تا ئێستا كە باراك ئۆباما(44)مینیانە،نیكسۆن لە مێژووی ئەمریكادا نامۆو دەگمەنە،بە پێچەوانەوە جۆرج واشنتۆن بەرهەمی گەلی ئەمریكایە كە ئەمریكای لەژێر دەسەڵاتی بەریتانیا رزگاركردو سەربەخۆیی بۆ مسۆگەر كرد،بۆیە گەلی ئەمریكا نازناوی (پاڵەوانی سەربەخۆیی) با باڵادا بڕی.ئەوانەی بەدوای ئەویشدا هاتن هەر لە (جۆن ئادەمز و تؤماس جیڤرسۆن )ەوە تا ئۆباما، وەك وتم تەنها نیكسۆن ناچاركرا تەنها ساڵونیوێك لە سەرۆكایەتی بمێنێتەوە، ئیتر دەست لە سەرۆكایەتی بكێشێتەوە. ئیبراهیم لنكولن كە (16)مین سەرۆكی ئەمریكایە نازناوی (رزگاركەری كۆیلە)ی وەرگرت دیارە سەرۆكەكانی تریش خاوەنی دەستكەوتی گەورەن،كە ناتوانین لێرە باسیان بكەین .
گەلی هیندستانیش خاوەنی غاندی و محمد علی جناح و نەهرۆو ...هتدییە. چونكە گەلی هیند لە بنەڕەتدا گەلێكی زیندوو بووە، هەریەك لەو سەركردە مەزنانەش نازناوێكیان بە باڵادا بڕاوە،ئەوەتا غاندی نازناوی (مەهاتما بە واتای رووحێكی گەورە) و محمد جناح نازناوی (مەزنترین سەركردە)یان پێشكەش كردوون. كە بێگومان نەتەوەی مەزن تەنها سەركردەیەكی مەزنیان بەرهەمنەهێناوە،بەڵكو بە درێژایی مێژوو خاوەنی چەندین سەركردەی مەزن و بێ هاوتان كە شانازی پێوە دەكەن. دیارە زۆر نەتەوەی تر هەن كە مێژوویان بە ئازادی و سەربەخۆیی رەنگڕێژكردووەو ،خاوەنی سەركردەی مەزنن،وەك نەتەوەی و فەرەنسی ئەڵمان و چین و رووس و ....هتد .لەخۆڕا نەبوو عومەر موختار نازناوی (شێری بیابان)ی وەرگرت و چەرچل نازناوی sir (سوارچاك-شاسوار)ی بۆ دانرا، هەموو ئەوانەی ئەو نازناوانەیان بۆ بە باڵادا بڕاوە،هەروا بە سانایی نەهاتوونەتەدی،بۆنموونە كە (غاندی) نازناوی (روحێكی مەزن)ی وەرگرت،لە ئەنجامی ئەو خەباتە یاخیبووە مەدەنییە سەختەی كە بەرامبەر دەسەڵاتی ئینگلیز پەیڕەوی دەكرد،هاتە دی، بەتایبەت كاتێ بۆنەهێشتنی سیاسەتی دژ بە هیندییە فڕێدراوەكان(المنبوذین)بەرۆژوو بوو ،تا توانی بگاتە رێككەوتنی(بونا) كە ژمارەی نوێنەرانی ئەو هیندییە فڕێدراوانەی زیاتركرد.دیارە پرسی نەخواردنی گۆشت وپچڕانی هەموو جۆرە پێوەندییەك لەگەڵ ئینگلیزو ئەو مقاومەتەی ئەو توانی بە هێمنی و بە رێگای یاخیبوونی مەدەنیانە (عصیان المدنی) بیكات نازناوی ئەو رۆحە گەورەیەی پێ بەخشرا كە ئێستا گەورەترین سەرمایەیە بۆی.
گەلی كوردستانیش خاوەنی نەتەوەی زیندووە، بۆیە خاوەنی چەندین سەركردەی مەزنیشە،دیارترینیان تا ئێستا مستەفا بارزانی بووە كە نازناوی (باوكی كورد)ی بۆ كرا بە ملوانكەو بە گەردنی بەرزییەوە كرا،دیارە قۆناخی ئەوكاتی مستەفا بارزانی نەمر قۆناخێكی زۆر سەخت بوو ،بۆیە نەك هەر تەنها باوكی كورد بەڵكو بۆ كوردەكان (هێرودوت ئاسا )بووە بە باوكی مێژووش .
ئەمڕۆش مەسعود بارزانی هەر لەخۆڕا نەبووەتە سەرۆكی كوردستان ،گەورەترین خاڵی وەرچەرخانی مەسعود بارزانی لەوەوە دەستپێدەكات كە توانی كۆتایی بە شەڕی ناوەخۆ بهێنێت،كۆتاییپێهێنانی شەڕی ناوەخۆی كوردستان،زۆر زۆر سەختترو ئاستەنگ پتر بوو لە كۆتاییپێهاتنی شەڕی چیچان لەلایەن ( فلادیمیر پوتین)ەوە،لە كاتێكدا ئێستا كۆتاییپێهێنانی شەڕی روسیاو چیچان بە یەك لە هەرە دەستكەوتە گرنگەكانی (پوتین) دەژمێردرێ. راستە لە شەڕی چیچان نزیكەی (40000)چل هەزار كەس كوژراوو بێسەروشوێنكراو هەبوو ،زۆربەشیان خەڵكی سڤیل بوون. ئەم شەڕەی چیچان هاوكات بوو لەگەڵ شەڕی ناوخۆی كوردستان كە ساڵانی 1994 تا 1996 ی خایاند . گەورەیی مەسعود بارزانی لەوەدابوو،كوردستان وەكو روسیا نەك هەر دەوڵەتێكی گەورە نەبوو،بەڵكو نیشتمانێكی سووتماكی لكێنراو بوو،بۆیە راگرتن و كۆتاییپێهێنانی شەڕەكە زۆر گرنگ و مێژوویی بوو.
لەماوەی ئەو چەند ساڵەی سەرۆكایەتیكردنیشیدا،هەستدەكەی بارزانی جەخت لەسەر چەند خاڵێكی زۆر گرنگ دەكاتەوە،كە بەكورتی دەكرێ بڵێین:
1- یەكخستنەوەی ئیرادەی كوردو تەواوی گەلی كوردستانە.
2- پارێزەری راستەقینەی هەموو ئەو نەتەوانەیە كە لە كوردستان دەژین(لێرە پەیڕەوی هەمان سیاسەتی غاندی دەكات كاتێ غاندی بەرامبەر هیندە فڕێدراوەكان داكۆكی كردو لە پێناوی ئەواندا بەرۆژوو بوو تا نوێنەری بۆیان زیاتر كرد.
3- بەكارهێنانی سیاسەتی نەرم . مەسعود بارزانی لە دوای راپەڕینی بەهاری 1991 هەمیشە هەوڵیداوە كوردستان ئارام و جێگیر بێت،رێككەوتنی پەنجا بە پەنجای دوای هەڵبژاردنی 1992 راستی ئەمە دەسەلمێنێ، لەگەڵ رژێمی بەغداش هەوڵی ئەوەی دەدا جارێكی دیكە كورد رووبەرووی كۆچڕەوی ملیۆنی و ئاوارەیی نەبێتەوە، غاندی یش لەم بارەیەوە كاتێ سیاسەتی ناتوندوتیژی كردبووە بەرنامەی تێكۆشانی،دەیگوت سیاسەتی ناتوندوتیژی مانای ترسنۆكی نییە،بەڵكو ئامرازێكە بۆ زیاتر دەركەوتنی زوڵم و زۆری دوژمن بەرامبەر بە گەلی هیند.
4- پەیڕەوكردنی یاسا و سەروەری یاسا .
5- مساوەمە نەكردن لەگەڵ هەموو ئەو هێزو لایەن و دەوڵەتانەی دەیانەوێ كورد خاوەنی ئیرادەو بڕیاری خۆی نەبێت.
6- كوردستان بە دیموكراسی بوونییەوە جوانە،بۆیە دەبێت ئەو دیموكراسییە قووڵبكەینەوە بۆ هەر تاكێكی ئەم كوردستانە.
7- رەتكردنەوەی هەموو جۆرە تەوندوتیژییەك،بەتایبەت بەرامبەر ئافرەتان .
8- كوردستان وڵاتێكی دەوڵەمەندە،دەبێت ئیتر سامانەكەی بۆ خۆشگوزەرانی خەڵكی كوردستان بێت .
9- ئەو ئازادییەی ئەمڕۆ وەدیهاتووە،بەرهەمی خوێنی شەهیدان و تێكۆشەرانی گەلەكەمان بووە،بۆیە نابێت فەرامۆش بكرێن.
10- كوردستان یەك كوردستانە،رێگە نادەین جارێكی تر بیری پاوانخوازی،یا ناوچەگەرێتی،كوردستانمان لێ بچووك بكەنەوە.
11- نابێ ئیحتكاركردن هەبێت،دەبێت یاسا سنوور بۆ هەموو كارێكی پاوانخوازی دابنێ.چونكە كەس لە سەرووی یاساوە نییە.
12- هەموو ئەو لیستانەی بۆ هەڵبژاردن لە كێبڕكێدان، ئەگەر چی من وەك مافێكی كەسیی خۆم دەنگ دەدەم بە لیستی كوردستانی،بەڵام هەموو لیستەكانی تریش بەبێ جیاوازی سەیریان دەكەین و ئەنجامی هەڵبژاردنیش هەرچۆنێك بێت،پیرۆزباییان لێدەكەم و،چونكە هەموو لیستەكان برای ئێمەن،رێزیشمان بۆیان هەیە.
13- گەڕانەوەی كەرامەت بۆ هەر تاكێكی ئەم كوردستانە
ئەمانەو چەندین خاڵی دیكە هەن كە سەرۆك بارزانی لەماوەی ئەو چەند ساڵەی سەرۆكایەتیكردنیدا،هەمیشە جەختی لەسەركردۆتەوە، تاكە سەرۆكێكیشە كە بۆ كورد باشترین پەناگە بووە، چونكە تەنها مەسعود بارزانییە، بەرامبەر بە ناحەزانی كورد،بە حكومەتی بەغدایشەوە،پێ دادەگرێت و لە مافە سروشتییەكانی كورد دانابەزێ. بۆیە هەڵبژاردنەوەی مەسعود بارزانی بۆ سەرۆكی كوردستان،بەر لە هەموو شتێك:
1- گورزێكی گورچكبڕە لە ناحەزانی كورد.
2- یەكگرتوویی گەلی كوردستان نیشاندەدات،كە خاوەنی یەك ئیرادەو یەك هێزو یەك سەرۆكی مەزنن.
3- كوردستان دەكەوێتە دەست سەرۆكێكی ئەمین،پێویست بە هیچ نیگەرانییەك ناكات.
4- ئەم قۆناخی ئینتیقالییە،سەرۆكێكی دەوێ، یاخیبوونێكی مەدەنی وەك ئەوەی غاندی پەیڕەو بكات، ئەمەش لە مەسعود بارزانی دا كۆ بۆتەوە.
5- تاكی كورد خاوەن عیزەت و كەرامەتی خۆی دەبێت.
ئەوەی دەمینێتەوە،ئەوەیە،ئەو میكانیزمەی مەسعود بارزانی پەیڕەوی لێدەكات چییە و چۆنە، بە واتایەكی دی لەم چوار ساڵە بۆ ئەوەی گەل نازناوێكی بە باڵادا بدوورێ، دەبێت چۆن غاندی چیڕۆكی (شەكر و خوێ) بۆ نەتەوەی هیند دروستكردو و (قوماشی ئینگلیزو كەرەستەی قژو ریش تاشین) ی قەدەخە كردوگۆشتی تەرك كردو ....هتد ئاخۆ مەسعود بارزانی چ میكانیزمێك پەیڕەودەكات تا بەسەرهاتی جێبەجێكردنی مادەی 140 و سەروەری یاسا و نەهێشتنی توندوتیژی و دەنگدان لەسەر دەستوورێك بۆ كوردوكوردستان و دەیان كاری دیكە چاوەڕوانی لێدەكەن بۆ جێبەجێكردن، بیانگێڕێتەوە.
ئەركەكان قورسن،زۆر قورسن،بەڵام سەرۆك مەسعود بارزانی یش دڵێكی گەورەی هەیە،دەتوانی مێژووی نەتەوەكەی ..گەلەكەی بنووسێتەوە،بۆیە پێویستە بە یەك ئیرادەوە بێ جیاوازی بڵێین دەنگ دەدەین بە مەسعود بارزانی تا ئایندەمان دیار و رۆشن بێت.