هه‌وڵده‌ده‌م لێره‌دا به‌رفراوانتر لێی بنواڕم، چونكه ئه‌وانه‌ی ناواخنی كێشه‌كه ده‌گرێته‌وه، له‌ڕووی ژماره‌وه له ده‌وروبه‌ری سێ یه‌كی ژماره‌ی كورده‌كانی نێو سنوری هه‌نوكه‌ی هه‌رێمی كوردستانن.
دیاره ئێمه له تاوتوێكردنی هه‌ر كێشهیهكماندا له‌گه‌ڵ به‌غدا یان هێزی هاوپه‌یمانان زیاتر مه‌به‌ستمان به‌ستنه‌وه‌ی خاك به خه‌ڵكه‌كه‌یه‌وه بووه، به واتایه‌كی دیكه زیاتر لایه‌نه نیشتمانییه‌كه‌مان به‌سه‌ر لایه‌نه نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌دا زاڵ بووه، هه‌مو كێشه‌كانمان له‌چاوی سنوری كوردستاندا بینیووه؛ هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ش بووه په‌یڤی كوردستانیبوون له ئه‌ده‌بیاتی سیاسیماندا جێگه‌ی كوردیبوونی گرتۆتهوهوه. بێگومان لایه‌نی لێبورده‌یی و مافی كه‌مینه غه‌یره كورده‌كان ده‌بێ هه‌میشه له‌به‌رچاوبن و بپارێزرێن، به‌ڵام له‌هه‌مانكاتیشدا نابێ ئه‌و پرسه به‌شێوه‌یه‌ك بئاڵۆزێنین كه كچی خۆمان به‌قوربانی كوڕی خه‌ڵكی بكه‌ین و هه‌مو هێلكه‌كان بخه‌یه‌نه نێو سه‌به‌ته‌ی سنور.
هه‌ڵبه‌ت قه‌واره‌ی هه‌رێم پێویستی به پێداگیری ده‌ستنیشانكردنی سنوور هه‌یه، به‌ڵام ئه‌و چه‌وساندنه‌وه نه‌ته‌وه‌ییه، به‌تایبه‌تی تاوانی ته‌عریب كارێكی وای كرد پرسی هاوبابهتی دیكه به‌هه‌ند هه‌ڵنه‌گیرێ نه‌خاسمه پرسی ئه‌و كوردانه‌ی كه چ كرده‌ی ته‌عریب ناوچه‌كانیان له كوردستان دایماڵیبێ یان هه‌ر به‌خۆیان له‌نێو جوگرافیای سنوری كوردستاندا نه‌ژیابن. ئه‌وانه‌ش ژماره‌یه‌كی یه‌كجار زۆرن و له‌ودیو حه‌مرین ده‌ژین، چڕی ژماره‌كه‌شیان زیاتر له به‌غدایه.
گه‌ر سه‌یری قۆناغه‌كانی مێژوی نوێی بیری كوردایه‌تی و جوڵانه‌وه‌كه‌ی بكه‌ین، ده‌بینین چهكهرهكردنهكهی زیاتر له به‌غدا بووه و به‌شێكی زۆریشی له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و كوردانه‌ی له‌وێ ده‌ژیان سه‌ریهه‌ڵداوه، جموجۆڵی كوردانی ئه‌وێ جا چ كوردی فه‌یلیان پێوترابێ یان شیعه، له‌گه‌وهه‌ردا لایه‌نه نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌ی باڵكێشبووه. مایه‌ی تێڕامانه له قۆناغی ڕزگاریدا لایه‌نی ئاینزایی جێی نه‌ته‌وه‌یی بگرێته‌وه، بێئه‌وه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی وردی له‌باره‌یه‌وه بكرێ و ڕێكاری مشورخواردنی بگیرێته‌به‌ر.
له عیراقی نۆژه‌ن و له‌گه‌ڵ گه‌مه‌ی ده‌سه‌ڵاتخوازی شیعه و سوننهشدا(به‌تایبه‌تی له به‌غدا) پرسه‌كه‌یان به‌شێوازی جیا سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه، له‌گه‌ڵ به‌ره‌ی یه‌كه‌مدا دێته‌پێشه‌وه و له‌گه‌ڵ هی دووه‌میشدا زیاتر ونده‌بێ.
له پاڵ ئه‌و جموجوڵه به‌رچاوه‌ی ئه‌وێ هه‌ر ئه‌و كوردانه پێكهاته‌یه‌كی پته‌وی جیاواز بوون له ده‌وروبه‌ره‌كه‌یان و چالاكی ئابووریشیان له عیراقدا تا هه‌شتاكان به‌رچاوبووه، ته‌نانه‌ت شاده‌ماره‌كانی بازاڕی به‌غداش لای ئه‌وانه‌وه كۆنتڕۆل كرابوو.
به‌ڵام كاتێ بیری شۆڤێنیانه‌ی عه‌ره‌ب له‌سه‌ر ده‌ستی به‌عسییه‌كان ئه‌م پرسه‌یه به‌گۆشه نیگای خۆی ته‌ماشا ده‌كا، كاردانه‌وه‌یه‌كی وا چهوسێنهرانهوهی ده‌بێ كه جێده‌ستی تائێستاش دیاره. خه‌می ڕاستكردنه‌وه‌ی بارهكایهكشیان به‌هه‌ند هه‌ڵنه‌گیراوه. هه‌مو لایه‌كیش ده‌زانێ به‌هانه‌ی مایه‌پوچی به‌ناو قانونیانه‌ی پرسی ڕه‌گه‌زنامه چی به‌سه‌رهێنان؛ هه‌زارانیان بێسه‌روشوێنكران و ده‌یان هه‌زاریشیان شار(وڵات) بهدهركران. دیباجه‌ی ده‌ستووری هه‌میشه‌ی عیراقیش به "ژانه‌كانی سه‌ركوتكردنی نه‌ته‌وه‌یی" ناویان ده‌با.
مایه‌ی ئاماژه‌پێكردنه ده‌ستوور به‌ده‌ر له‌و ده‌ربڕینه، كه باسی پرسی كورد ده‌كا خۆمانئاسا ته‌نها له سه‌ر خاك ده‌مانبینێ، بۆیه مادده‌ی 140 به‌هیچ شێوه‌یه‌ك لای له‌و پرسه ئاڵۆزه(كه خه‌ریكه له‌بیربچێ) نه‌كردۆته‌وه. لێ گه‌لۆ ئایا ده‌كرێ پرسه‌كه هه‌روا بڕوا؟