ساڵی 1973، من مێرمنداڵێكی پانزە ساڵە بووم و له چۆمان نیشتەجێ بووین، بەڵام خوێندنم له شاره‌دێی گه‌ڵاڵه سه‌ر به ده‌ڤه‌ری باڵه‌كایه‌تی بوو. لەو سەردەمەدا، دوو ماڵه عه‌ره‌بی شیعه‌ش لای سه‌ركردایه‌تیی پارتی دیموكراتی كوردستان میوان بوون. یەكەمیان عهقیدیكی خه‌ڵكی ناسرییه و كچه‌كه‌ی به ناوی ته‌هلیل له پشت گۆڕستانی چۆمانەوە بوون، ئەوی تریشیان ژنێك، كە له‌گه‌ڵ حه‌وت هه‌شت كچ و كوڕیدا، له خانویەكی قوڕینی دوو ژووری، له نزیك كارگه‌ی چاككردنەوەی چه‌ك، له چۆمان ده‌ژیان. له باره‌گای بارزانییەوە موچه و ئازوقه‌یان بۆ ده‌هات و ژنێكی زۆر خاكی و دڵساف بوو. ده‌گوترا ئه‌وانه سه‌ر به حزبی (فاطمي)ی شیعه‌ن و به‌شداریی كودێتای سه‌رنه‌كه‌وتووی لیواڕوكن عەبدولغەنی محەمەد سەعید ئەلڕاوی (1919 ـ 2011)یان كردووه.
ئێستا، پاش تێپەڕینی پەنجا و یەك ساڵ بەسەر تەمەنی مێرمنداڵە پانزە ساڵانەكە و دوای قووڵبوونەوەیەكی زۆرتر لە مێژووی هاوچەرخی كوردستان و عێراق بەهۆی پسپۆرییەكەمەوە لە بواری مێژوودا، جارێكی تر دەگەڕێمەوە سەر ڕووداوەكانی ئەو سەردەمە و یادەوەری و واقیعییەتی مێژوویی دەخەمە كەناری یەكەوە.
ئەو ژنەی كە خاوەنی حەوت هەشت سەر منداڵ بوو، ناوی سه‌عدییه محه‌مه‌د ساڵح جه‌بر زه‌یدی (1929 ـ 1996) بوو، ده‌یگوت لە دایكێكی سونه‌ی فهلوجهیییە. ژنێكی ده‌ستوپێسپی و داماو بوو. مێرده‌كه‌ی ناوی دكتۆر حه‌سه‌ن حسێن خه‌فاف، یەكێك بوو لە به‌شدارانی كودێتایەكەی ئەلڕاوی، كه به پشتگیری شانشینی ئێران و شانشینی ئوردن نەخشەی بۆ كێشرا. به‌ڵام له دوایین مانگی‌دا، له‌ڕێی جەواد كازم، وه‌زیری پلاندانانی عێراقەوە، كە له سه‌ركرده‌كانی حزبی به‌عس و كوڕهپوری بوو، گشت پیلانه‌كه بۆ سه‌دام حسێن ئاشكرا دەكرێت، كەچی سه‌دام دكتۆر حەسەن حسێن خەفاف، كە لە مەترسی ڕوودانی كودێتا ڕزگاری كردبوون، له سێداره ده‌دا و جەواد كازمیش له پۆستەكەی سڕ ده‌كات، پاشان زۆربه‌ی به‌شدارانیش ده‌گیرێن و له‌سێداره ده‌درێن. لە ئەنجامی ئەم ڕوداوەشەوە، ژن و منداڵەكانی خەفاف له ترساندا په‌نا ده‌هێننە بە ناوچه ئازادكراوه‌كانی كوردستان.
هەر لەو سەردەمەی كە له قوتابخانه‌ی ناوه‌ندیی گه‌ڵاڵه ده‌مخوێند، مامۆستایەكمان به ناوی عومه‌ر شه‌مه‌یی هەبوو، كە وانەی زانستی پێ دەگوتین و له كادیرانی كاژیك بوو (من له ساڵی 1991دا زانیم كاژیك بووە). مامۆستا عومەر هه‌وڵی ده‌دا بێجگه له وانه‌ی فیزیا، هه‌ندی بابه‌تی كوردایهتیشمان فێر بكا. جارێكیان لە كۆتایی وانەیەكیدا باسی ساڵح جه‌بر، سه‌رۆكوه‌زیرانی ساڵانی 1947 ـ 1948ی شانشینی عێراقی كرد، كه چوار سەركردە و ئه‌فسه‌ری كوردی لەسێدارە داوە، شێخ ئه‌حمه‌دی بارزانی زیندانی كردووە و بووەتە هۆكاری ئاوارەبوونی مسته‌فا بارزانی و زیاتر لە 500 پێشمه‌رگەی تر، بۆ یه‌كێتی سۆڤیت. به‌ڵام مامۆستا عومەر ئاگاداری ئەوە نه‌بوو كه نه‌وه‌ی ناوبراو، واتە ساڵح جەبر، له قوتابخانه‌كه‌ماندا ده‌خوێنی. لە ڕاستیدا من بیستبووم كە خاتو سەعدییە، كچی هەمان سەرۆكوەزیرانی ناوبراوە.
پاش بیستنی قسەكانی مامۆستا عومەر شەمەیی لەبارەی تاوانەكانی ساڵح جەبرەوە بەرامبەر بە سەركردەكانی كورد، قسه‌م له‌گه‌ڵ هاوپۆلی و قوتابییەكانی چۆماندا كرد بۆ ئەوەی پلانێك دابڕ‌ێژین. پلانه‌كه‌ش ئه‌وه بوو كە بە شوفێرەكەمان بڵێین ئێمه نیوه‌ڕۆ ناگه‌ڕێینه‌وه چۆمان بۆ ئه‌وه‌ی كوڕەكەی خاتو سەعدییە كە كچەزای ساڵح جەبر بوو، به ناچاری و به‌پێ بگه‌ڕێته‌وه ماڵەوە لە چۆمان. بەهۆی ئەوەشەوە دەمانزانی زۆر ترسنۆكە، ئێمە باسی ورچ و دڕنده و گورگمان بۆ ده‌كرد بۆیە هه‌ر زه‌نده‌قی چووبوو. هەرچۆن بێت كوڕه‌م تێگه‌یاند كە ئۆتۆمبێلەكەمان تێك چووه و دەبێ بەپێ بڕۆینەوە. پێم گوت زۆر ناخایەنێت و به نیوسەعاتێك ده‌گه‌ینه چۆمان، بۆیە به‌پێ بردمان تا پردی گه‌ڵاڵه، كه ئه‌وكات زۆر ئاوه‌دان بوو و لەوێشەوە بەجێمان هێشت و خۆمان بەرەوماڵەوە كەوتینە ڕاكردن. كوڕەی بەستەزمان زۆر ده‌گریا و دەترسا، به‌ڵام شانسی ئه‌و له‌دوای ده‌مژمێرێك لاندلرۆڤهرێك له گوندی كهورتی سواری ده‌كا و دهیباتهوە چۆمان. بەهۆی ئەوەشەوە كە ئێمەش بەرودوای یەكتری لە یەك دابڕابووین، براده‌ره‌كانم لۆرییەكیان ده‌ست ده‌كه‌وێ و زوو دهگهنهوە چۆمان و ئۆباڵی هه‌موو كاره‌كه‌یان خستبووە ئه‌ستۆی من. ئێواره گهیشتمهوە ماڵەوە، هه‌ر له دوورەوە باوكم هه‌ڕه‌شه‌ی لێ كردم. منیش له ترسی ئه‌و، چوومه ماڵه خزمێك. شه‌و باوكم هاته لام و لێ پرسیم بۆ وات لەو كوڕه داماوه كردووە؟ تۆ ده‌زانی ئه‌م خێزانه په‌نابه‌رن لای ئێمه؟ منیش لە وەڵامدا پێم گوت : له توڵه‌ی چوار ئه‌فسه‌ری شه‌هیدمان ئازاری نه‌وه‌ی ئه‌و زاڵمهم دا. ئه‌ویش فه‌رمووی : بڕوانه كوڕم، دنیا ده‌وران ده‌ورانه، باپیری ئەو زوڵمی له كورد كرد، بەڵام ئێستا كچه‌كه‌ی منه‌تباری كورده، تۆ به كاری باش هه‌وڵی كوردایه‌تی بده نه‌ك به كاردانهوە.
بەڵێ خوێنەری بەڕێز، محەمەد ساڵح جەبری سەرۆكوەزیران كە زوڵمی زۆری لە كورد و شۆڕشگێڕانی كورد كرد، سەردەمێك كچ و نەوەكانی وه‌ك په‌نابه‌ر له باڵه‌كایه‌تی، لە ناوچە ڕزگاركراوەكانی ژێر دەستی كورددا دەژیان. ئه‌وان تا ساڵی 1975 و تا سەروەختی هەرەسی شۆڕش، له كوردستان مانه‌وه و پاشان به هاوكاری كورد و خاڵیان وه‌ك په‌نابه‌ر ڕوویان لە بریتانیا كرد.