برینه‌كانی مێژوویه‌كی ره‌شی پڕ تاوان له‌عیراقدا.ئه‌گه‌رچی بڕیاری دادگا زۆرتر په‌یوه‌ندی به‌و تاوانانه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌ساڵی (1968) به‌دواوه‌ دژ به‌فه‌یلییه‌كان ئه‌نجامدراوه‌، به‌لام راستییه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ئه‌و نه‌هامه‌تییه‌ی به‌سه‌ر فه‌یلییه‌كاندا هاتووه‌، زاده‌ی سیاسه‌تی رژێمێكی حوكمڕان نییه‌، به‌ڵكو زاده‌ی سیاسه‌تی ره‌سمیی ده‌وڵه‌تێكه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تای دروستبوونییه‌وه‌ به‌چاوی گومانه‌وه‌ سه‌یری فه‌یلییه‌كانی كرده‌وه‌.پرۆسه‌ی راگواستن و ته‌عریب به‌رله‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی سیستماتیك له‌ناوچه‌ی كه‌ركوك پیاده‌ بكرێ، له‌ناوچه‌ فه‌یلی نشینه‌كاندا په‌یڕه‌وكراو مێژووی ئه‌م سیاسه‌ته‌ بۆ سه‌رده‌می حكومه‌تی ره‌شید عالی گه‌یلانی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ره‌تای چله‌كانی سه‌ده‌ی رابردوودا، سه‌دان كوردی فه‌یلی ناوچه‌ی مه‌نده‌لی بۆ ئێران ده‌ركردو عه‌ره‌بی له‌شوێنیان نیشته‌جێكرد، له‌كۆتایی شه‌سته‌كاندا رژێمی به‌عس یه‌كه‌م شالاوی گرتن و ده‌ركردنی فه‌یلییه‌كانی ده‌ستپێكردو له‌مه‌كینه‌ی راگه‌یاندنی خۆیدا فه‌یلییه‌كانی وه‌ك تابوری پێنجه‌م ناساندو دواتر، پاش راگه‌یاندنی به‌یاننامه‌ی (11)ی ئازاری (1970) شالاوێكی تری دژ به‌فه‌یلییه‌كان ده‌ستپێكرد.به‌رله‌وه‌ی شه‌ڕی عیراق-ئێران ده‌ست پێ بكا، رژێمی به‌عس وه‌ك خۆ ئاماده‌كردنێك بۆ ئه‌م شه‌ڕه‌، پێش هێرشه‌كه‌ی بۆ سه‌ر ئێران به‌چه‌ند مانگێك، شالاوێكی تری ده‌ركردنی فه‌یلییه‌كانی ده‌ستپێكرد.ه‌یلییه‌كان په‌یوه‌ندییه‌كی ستراتیجی سێ لایه‌نه‌یان له‌گه‌ڵ ئێران و كوردو شیعه‌ی عیراقدا هه‌یه‌و له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌ مه‌سه‌له‌كه‌یان به‌یه‌ك كه‌ڕه‌ت تێكه‌ڵ به‌ په‌یوه‌ندی عیراق-ئێران و مه‌سه‌له‌ی كوردو ململانێی سوننه‌-شیعه‌ بووه‌.نكۆڵی له‌وه‌ ناكرێت كه‌فه‌یلییه‌كان په‌یوه‌ندییه‌كی مێژووییان له‌گه‌ڵ ئێراندا هه‌یه‌، له‌دواین پرۆسه‌ی دیاریكردنی سنوور له‌نێوان ئێران و ده‌وڵه‌تی عوسمانی له‌ساڵی (1913)دا، هێڵی سنوور ناوچه‌ فه‌یلی نشینه‌كانی كرد به‌دوو له‌ته‌وه‌و له‌سه‌ره‌نجامدا زۆربه‌ی ناوچه‌كان كه‌وتنه‌ ناو سنووری ئێران و پشتێنه‌یه‌كی باریكه‌له‌ش له‌خوار خانه‌قینه‌وه‌ تاسه‌رووی عیماره‌ به‌ر ده‌وڵه‌تی عوسمانی كه‌وت و دواتر ئه‌م پشتێنه‌یه‌ به‌میرات بۆ عیراق مایه‌وه‌، به‌هۆی ئه‌م هێڵی سنووره‌وه‌ به‌شێكی زۆری خێزان و خێڵه‌كانی هه‌ردوو دیوی سنوور له‌ت كران.له‌مێژووی دواتری كورددا، دیاریكردنی هێڵی برۆكسل وه‌ك سنوور له‌نێوان عیراق و توركیاو دیاریكردنی سنووری نێوان توركیاو سوریا، یه‌كپارچه‌یی نه‌ته‌وه‌یی سه‌ر سنووری شێواند.به‌لام له‌هه‌ر سێ نموونه‌دا، هێڵی سنوور نه‌بووه‌ رێگر له‌به‌رده‌م به‌رده‌وامبوونی په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌لایه‌تییه‌كانی هه‌ردوو دیوی سنوور.ئه‌مه‌ به‌م مانایه‌ دێ كه‌په‌یوه‌ندی فه‌یلییه‌كان له‌گه‌ڵ ئێراندا هه‌ر درێژه‌ی كێشاو سنووری سیاسی نه‌یتوانی كۆتایی پێ بێنێ.سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش كه‌جوگرافیا هۆیه‌كی یارمه‌تیده‌ر نه‌بووه‌ بۆ تێكه‌ڵكردنی فه‌یلییه‌كان به‌مه‌سه‌له‌ی كورد، به‌لام ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ی له‌بیری فه‌یلییه‌كان نه‌برده‌وه‌ كه‌ئه‌وانیش كوردن و په‌یوه‌ندییه‌كی ئیتنیكی له‌گه‌ڵ ناوچه‌ كوردنشینه‌كانیتر كۆیان ده‌كاته‌وه‌.له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌ فه‌یلییه‌كان رۆڵێكی دیاریان له‌بزووتنه‌وه‌ی سیاسی كورددا نواند.ئه‌وه‌ بۆ خۆی مایه‌ی تێڕامانه‌ كه‌سێیه‌م سكرتێری پارتی دیموكراتی كوردستان فه‌یلییه‌و دوو كه‌س له‌دامه‌زرێنه‌رانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان فه‌یلین.یه‌كه‌م پاڵێوراوی كوردیش بۆ پۆستی جێگری سه‌رۆكی كۆمار له‌سه‌ره‌تای حه‌فتاكاندا فه‌یلی بووه‌، دوا سه‌نگه‌ریش كه‌ له‌سه‌روبه‌ندی هه‌ره‌سهێنانی شۆڕشدا له‌ساڵی (1975)دا چۆڵ كرا، سه‌نگه‌ری فه‌یلییه‌كان بوو له‌به‌ره‌ی خانه‌قین.فه‌یلییه‌كان له‌گه‌ڵ شیعه‌كانی عیراقیش به‌هۆی مه‌زهه‌بی هاوبه‌شه‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی ستراتیجیان هه‌یه‌، سیاسه‌تی به‌غدا له‌قۆناغه‌ جیاجیاكاندا، له‌كاتی گرژبوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئێران و كوردو شیعه‌كاندا، هه‌میشه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی خراپی له‌سه‌ر ژیانی فه‌یلییه‌كان هه‌بووه‌. به‌غدا به‌رده‌وام به‌و چاوه‌ سه‌یری فه‌یلییه‌كانی كردووه‌ كه‌ له‌لایه‌ك درێژبوونه‌وه‌ی ئێرانن بۆ ناوچه‌ عیراقییه‌كان، له‌لایه‌ك درێژبوونه‌وه‌ی كوردن بۆ ناوچه‌ عه‌ره‌ب نشینه‌كان و له‌لایه‌ك درێژبوونه‌وه‌ی شیعه‌كانن بۆ ناوچه‌ سوننه‌ نشینه‌كانی به‌غداو له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌ له‌هه‌ر ده‌رفه‌تێكدا كه‌بۆی لوابێ، كه‌مته‌رخه‌می له‌گورز لێوه‌شاندنیان نه‌كردووه‌.بیانوی ئه‌وه‌ی كه‌گوایه‌ فه‌یلییه‌كان ئێرانین، هیچ بنه‌مایه‌كی نییه‌و ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ له‌ساڵی (1913)دا، پاش دیاریكردنی سنووری نێوان ئێران و ده‌وڵه‌تی عوسمانی، یه‌كلابووه‌ته‌وه‌، ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی وه‌ك كوردو ناسنامه‌ی مه‌زهه‌بی وه‌ك شیعه‌ نه‌ فه‌یلییه‌كان نكۆڵی لێ ده‌كه‌ن و نه‌یاساكانی عیراقیش رێگری لێ ده‌كا.بڕیاری به‌جینۆساید ناساندنی تاوانه‌كانی دژ به‌فه‌یلییه‌كان، سه‌ره‌تای پێداچوونه‌وه‌یه‌كی راسته‌قینه‌یه‌ به‌سیاسه‌تی ده‌وڵه‌تی عیراق له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنییه‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌گروپێكی گرنگی دانیشتووان كه‌بۆته‌ قۆچی قوربانیی هه‌ڵه‌كانی رابردوو.

knw