سه‌رۆك كۆمار له به‌رنامه‌ی (له واشنتۆنه‌وه)ی شه‌وی (9/2)ی كه‌ناڵی جه‌زیره‌دا به‌توندی ئه‌و باسوخواسهی هێنایه‌وه گۆڕێ.
ئه‌گه‌رچی ڕه‌نگه مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی ئه‌و كابرایه له‌لێدوانه‌كانیدا، موزایه‌ده‌ی هه‌ڵبژاردن بووبێت، به‌ڵام ناكرێ ئێمه هه‌ڵوێسته‌ی له‌سه‌ر نه‌كه‌ین و به سانایی به‌سه‌رماندا تێپه‌ڕێت، چونكه گه‌لی كورد ڕووبارێك خوێنی داوه ته‌نها بۆئه‌وه‌ی بیسه‌لمێنێ كه نه‌خۆی به‌شێكه له نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب و نهكوردستانیش به‌شێكه له بیابانه لماویهكانی عه‌ره‌بستان.
له‌م نێوه‌نده‌دا تارق هاشمی به كه‌ماڵی ئیسراحه‌ته‌وه و به‌وپه‌ڕی ڕاشكاوی وتی: "عیراق عه‌ره‌بیه و هه‌ر به عهرهبێتیش ده‌مێنێته‌وه"! ئه‌و هه‌روه‌ها بۆ ڕاگرتنی باڵانسه‌كه وتی: "له‌گه‌ڵ ڕێزی زۆرمان بۆ نه‌ژادی كورد و توركمان، به‌ڵام ناسنامه‌ی عیراق، ناسنامه‌یه‌كی عه‌ره‌بیه".
به‌گوێره‌ی ئه‌م لۆژیكه، زۆر به ساده‌یی نیشانه‌ی ڕاست و چه‌پ ده‌هێنرێ به‌سه‌ر شۆڕشه‌كانی كورد و هه‌موو ئه‌و بڕگه دهستووریانهشدا كه پێداگری ده‌كه‌ن له‌وه‌ی ته‌نها گه‌لی عه‌ره‌بی عیراق به‌شێكن له نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب و خودی عیراقیش وڵاتێكی فره‌پێكهاته‌یه و به ته‌نها موڵكی عه‌ره‌ب نییه، چونكه هاشمی بێ په‌روا ناسنامه‌ی عه‌ره‌بی ده‌سه‌پێنێته‌وه به‌سه‌ر وڵاته‌كه‌دا. ئینجا له په‌نای ئه‌و لۆژیكه‌دا پێویسته مرۆڤ هه‌ڵوێسته و پرسیاری جیدی بوروژێنێت سه‌باره‌ت به‌ئاینده‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان و پێكه‌وه‌ژیانی پێكهاته‌كانی عیراق به‌گشتی و كورد و عه‌ره‌ب به‌تایبه‌تی، چونكه ئاشكرایه ئه‌گه‌ر كورد قبوڵی بكردایه به عه‌ره‌ب له قه‌ڵه‌م بدرێ، یاخود كوردستان به به‌شێك له خاكی عه‌ره‌ب بژمێردرێ، ئه‌وا نه حه‌وجێی به‌شۆڕش ده‌بوو، نه به خوێنڕشتن و قوربانیدان. به‌درێژایی جوڵانه‌وه‌ی سیاسی كوردستان، یه‌ك لایه‌نی كوردی نه‌دیتراوه بانگه‌شه‌ی كوردستانیبوونی ناوچه‌یه‌كی عه‌ره‌بستانی كردبێ، یاخود به‌زۆر عه‌گاڵی بهدهشتهكیهكان توڕدابێ و جامه‌دانی لهسهرنابن.. حزبه عه‌ره‌بیه‌كان ئه‌م ڕاستیه ده‌زانن و دڵنیان له‌وه‌ی لایه‌نی كوردی زیاده‌ڕه‌وی ناكاته سه‌ر به‌شه‌كه‌ی ئه‌وان، به‌ڵكو پشكیان مسۆگه‌ره و پێویستی به‌دڵه‌ڕاوكێ نییه، كه‌چی به‌و حاڵه‌شه‌وه ئه‌وان ده‌ستدرێژی ده‌كه‌ن و پێڕه‌وی له‌لۆژیكی (هی خۆم بۆخۆم، هی تۆش ئه‌خۆم) ده‌كه‌ن.
یه‌كێك له مه‌ترسییه هه‌ره سه‌ره‌كیه‌كانی ئه‌م لێدوانه، له‌وه‌دایه كه ده‌بینین جێگری سه‌رۆك كۆمار له عیراقی نوێ‌دا (!!)، چاوده‌پۆشێ له بایه‌خی ده‌ستوور و ئه‌و ڕاستیه‌ش كه پۆسته‌كه‌ی خۆیشی به‌ره‌نجامی ئه‌و پرۆسه سیاسییه‌یه كه ده‌ستوور باڵانسه‌كه‌ی ڕاگرتووه، به‌مانایه‌كی تر: ئه‌وه‌ی كه خاوه‌ن پۆستێكی باڵای وڵاتێك، خۆی بێت ده‌ستوور پێشێل بكات، ته‌نها له كه‌لتووری عه‌ره‌بدا جێگه‌ی ده‌بێته‌وه، چونكه هه‌ر ده‌ستكاریكردنێكی ده‌ستوور پێویسته ئاتاجی بابه‌تی و به‌ره‌و پێشه‌وه‌چوونی سروشتی په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی كۆمه‌ڵگه بیسه‌پێنێت و بیكاته داخوازی جه‌ماوه‌ری، ئه‌وجا له‌لایه‌ن ڕه‌وته سیاسییه‌كانه‌وه ته‌به‌نی بكرێت و كار بۆ ده‌ستكاریكردنی ده‌ستوور بكرێ. كه‌چی له عیراقی عه‌ره‌به‌كاندا ئه‌و كه‌سایه‌تی و لایه‌نانه شاخزی له‌گه‌ڵ ده‌ستووردا ده‌كه‌ن یان پێشێلی ده‌كه‌ن كه له بنه‌ڕه‌ته‌وه خۆیان به‌گوێره‌ی ده‌ستووره‌كه هاتوونه‌ته پێشه‌وه.
لێدوانه‌كانی هاشمی، ده‌مانگه‌ڕێنێته‌وه بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر ده‌ستوور، بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر بههودهیی و چاره‌نووسی پێكه‌وه ژیانمان له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بدا. ئه‌و له‌كاتێكدا ئاماده‌یه به‌لێدوانێك بمانكات به به‌شێك له نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب، ئه‌ی كێ گره‌نتی ئه‌وه ده‌دات ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی هه‌بێت به زۆر ئه‌و نیازه‌ی به‌سه‌رماندا ناسه‌پێنێ؟
هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر بۆ موزایه‌ده‌ی هه‌ڵبژاردنیش بێت، ئه‌وجا مه‌ترسیه‌كی گه‌وره‌تر دێنێتهكایهوه ئه‌ویش له‌وه‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه كه هاشمی دڵنیایه له‌وه‌ی ڕه‌وتێك یان بیروباوه‌ڕێكی ده‌سته‌جه‌معی له‌نێو عیراقدا هه‌یه كه پشتگیری له عه‌ره‌بایه‌تی عیراق و سڕینه‌وه‌ی ناسنامه‌كانی تر ده‌كه‌ن، بۆیه ده‌بێ پێوه‌ری ئێمه بۆ نیشاندانی قه‌باره‌ی مه‌ترسیه‌كه له‌وه‌دابێت ئه‌گه‌ر جه‌ماوه‌ری عه‌ره‌بی له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا پشتیوانی له‌و تهرحهكرد، ئه‌وه به‌ڵگه‌یه‌كی ڕوونمان دێته‌ده‌ست له‌سه‌رئه‌وه‌ی نیازی سڕینه‌وه‌ی ناسنامه‌ی كورد له بیروباوه‌ڕێكی ساده‌وه بووه‌ته ئه‌جێندای سیاسی و ئهجێنداكهش له‌لایه‌ن ڕووبه‌رێكی به‌رفراوان له جه‌ماوه‌ری عیراقه‌وه پشتیوانی لێده‌كرێ!
پرسیاری سه‌ره‌كی لێره‌دا ئه‌مه‌یه: عه‌ره‌ب بۆچی عیراق به ناته‌واو له قه‌ڵه‌م ئه‌ده‌ن ئه‌گه‌ر كوردستانیش به به‌شێك له خاكی عه‌ره‌ب نه‌ناسێنن؟ بۆچی ده‌یانه‌وێ به‌سڕینه‌وه‌ی ناسنامه‌ی ئێمه ناته‌واویه‌كانی خۆیان داپۆشن و پڕبكه‌نه‌وه؟ ئایا نابێ ئێمه له‌م مه‌ترسیه وردتر سه‌رنج بده‌ین؟ چۆن ده‌توانین له‌گه‌ڵ ئه‌و لۆژیكه‌دا بژین كه‌هی خۆی بۆخۆیه‌تی و به‌نیازه به‌شه‌كه‌ی ئێمه‌ش بخوات؟ ئه‌ی ئێمه شۆڕشمان بۆچی كردووه؟ ئه‌گه‌ر عیراق وه‌ك هاشمی وتی ناسنامه‌یه‌كی عه‌ره‌بی هه‌یه، ئه‌ی ئێمه‌ی كورد لهناوید چ كاره‌ین؟ چۆن بژین؟ چۆنه وا له‌دوای پتر له هه‌شتا ساڵ هێشتر عه‌ره‌بی عیراق ناچنه ژێر باری ئه‌و ڕاستیه‌ی كه كورد كورده و كوردستانیش خاكێكی داگیركراوه؟ كه‌مته‌رخه‌میه‌كه لهئێمهوهیه كه نه‌مانتوانیوه تێ‌یان بگه‌یه‌نین؟ یان عینادی داگیركاری عه‌ره‌بی مل به‌ڕاستیه‌كان نادات؟ ئایا میلله‌تێك هێنده عیناد و كه‌لله‌ڕه‌ق بێت و بهپتر له هه‌شتا ساڵ له شۆڕش و قوربانیدان، تێنهگهشتبێ له‌وه‌ی كورد كورده و عیراق یان ده‌بێ وڵاتێكی فرهناسنامهبێ یان نه‌بێ، ئیتر ئێمه گره‌وی چی‌یان له‌سه‌ر ده‌كه‌ین؟ ئه‌گه‌ر خوێن نه‌یتوانیبێ له‌و ڕاستیه تێ‌یان بگه‌یه‌نێت و وایان لێ بكات ده‌ست به به‌شه‌كه‌ی خۆیانه‌وه بگرن و ده‌ستدرێژی نه‌كه‌نه سه‌ر به‌شه‌كه‌ی من، چۆن میكانیزمه شارستانیه‌كانی وه‌كو ده‌ستوور و پرۆسه‌ی سیاسی، ئه‌و ئه‌ركه‌یان بۆ جێبه‌جێ ده‌كرێ؟ له‌كاتێكدا له‌ناو هه‌موو وڵاتانی عه‌ره‌بیدا ده‌ستوور بێ نرخترین و بێ ئه‌رزشترین گره‌نتی پێكه‌وه‌ژیانه و ڕۆژانه سووكایه‌تی به به‌ند و بڕگه‌كانی ده‌ستووری هه‌موو وڵاتانی عه‌ره‌بی ده‌كرێ.
له‌دوای لێدوانه‌كانی هاشمی (به‌تایبه‌ت، چونكه له ساته‌وه‌ختی هه‌ڵبژاردنێكی چاره‌نووسسازدایه) هه‌قه كه‌مێك له‌فه‌نتازیای عیراقی نوێ ده‌ربچین و ئه‌و مه‌ترسیه گه‌وره‌یه هه‌ڵسه‌نگێنین كه به‌ره‌و پیری ده‌چین، مه‌ترسی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و ئه‌جێندا سیاسی و بیروباوه‌ڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ی كه عیراق ته‌نها به موڵكی عه‌ره‌ب له‌قه‌ڵه‌م ئه‌دات.
ئایا به بوژانه‌وه‌ی ئه‌و گوتاره عه‌ره‌بیه، عیراقی نوێ (كه ته‌نها كورد گۆرانی پێدا ده‌ڵێ و من هیچ ڕۆژێك له ژیانمدا بڕوام پێی نه‌بووه، به‌ڵكو هه‌میشه عیراقی نوێم به نوكته‌یه‌كی گریاناوی زانیوه و گاڵته‌م پێی هاتووه) و خه‌ون و ده‌ستكه‌وته‌كانی كورد نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌وه بن كلكی ماره‌كه و نێو چوارگۆشه‌ی یه‌كه‌م.