بنیامین ئەحمەد / کەرکووک لەو لانکە دێرینانەی مێژووە کە جوگرافیا و فرەچەشنیی پێکهاتەکانی، بوونەتە کۆڵەکەی سەرەکیی پێکهاتەی سیاسی و ئابووریی عێراق. بەڵام قەدەری ئەم شارە وەها بوو کە لە بیستەکانی سەدەی ڕابردوودا، هەڵقوڵانی نەوت لەژێر خاکەکەی، سەرەتا وەک نیعمەتێک دەرکەوت و زۆر زوو بووە نەهامەتییەکی گەورە. بە جۆرێک کە لە ناوچەیەکی ئارام و خاوەن فرەکولتووری دەوڵەمەندەوە، وەرچەرخا بۆ گۆڕەپانی ململانێ و کێشمەکێشی جیۆپۆلەتیکیی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی. ئەمڕۆ کەرکووک لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە وەرچەرخانێکی ڕیشەیی هەیە لە چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی کاروباری ناوخۆیی خۆیدا، چونکە لە یەک کاتدا هەم گەنجینەی سامانە گەورەکانی وزەیە لە نەوت و غاز، و هەم هەڵگری مێژوویەکی پڕ لە برینی دەستکاریکردنی دیمۆگرافیا و گرێکوێرە قووڵەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و ئیدارەی خۆجێییە لەسەر چارەنووسی سیاسی و کارگێڕییەکەی.
هاوکێشەکانی ئەم ناوچەیە بە ڕوونی دەریدەخات کە شێوازی باوی مامەڵەی تەقلیدی، کە لە سیاسەتی چەند جەمسەری و خۆسەپاندندا بەرجەستە دەبێت، گەیشتووەتە بنبەستێکی تەواو و هیچ بەرهەمێکی نییە جگە لە قووڵکردنەوەی كێشەكان و پەرتەوازەیی نێوان پێکهاتە نەتەوەیی و کۆمەڵایەتییەکان. بۆ ڕزگاربوون لەو چەقبەستووییە سیاسییە، تاکە ڕێگەی لۆژیکی ئەوەیە کە بەڕێوەبردنی کارگێڕیی کەرکووک لەسەر بنەمای دادپەروەریی تەواو لە دابەشکردنی دەسەڵاتەکاندا بنیاد بنرێت. ئەمەش پێویستی بە جیاکردنەوەی مەسەلە سیادی و ستراتیژییە گەورەکان هەیە لە چۆنیەتیی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی ڕۆژانە بۆ دانیشتووانی خۆجێیی، لەگەڵ ڕێزگرتنی ڕاستەقینە لە فرەچەشنییەکەیان و مسۆگەرکردنی مافەکانیان لە هەموو ئاستەکاندا.
بناغەی قەیرانی کەرکووک لەوەدایە کە پەیوەندییەکی ئۆرگانیکی و تێکهەڵکێش لە نێوان پرسی ناسنامەی پێکهاتەکان و ململانێ لەسەر دەسەڵات و ساماندا هەیە. سیاسەتە بەرنامە بۆ داڕێژراوەکانی ڕژێمەکانی پێشوو بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای شارەکە، لە ڕێگەی کەمکردنەوەی ڕێژەی دانیشتووانی ڕەسەن و بە تایبەت کورد بە ڕاگواستن و کۆچپێکردنی زۆرەملێ، شانبەشانی هێنانی هۆزە عەرەبە هاوردەکان بۆ شوێنگرتنەوەیان، برینێکی قووڵ و گرێکوێرەیەکی ئاڵۆزی دروست کرد کە دوای گۆڕانکارییەکەی ساڵی 2003 پەرەی سەند و پاش ڕووداوەکانی ئۆکتۆبەری 2017ش هێندەی تر ئاڵۆزتر بوو. خۆلادان و دواخستنی بەردەوامی حکومەتی فیدراڵی لە جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستوور، لەگەڵ لەناوبردنی بەڵگەنامەی خانووبەرە و گرێبەستە کشتوکاڵییەکان، ژینگەیەکی لەباری بۆ لەدەستدانی متمانە لە نێوان کورد و عەرەب و تورکمان و کریستیانەکاندا دروست کردووە. لێرەدا بابەتی پاراستنی ناسنامەی تایبەت و پشکی گریمانکراوی هەر پێکهاتەیەک بووەتە خەم و دڵەڕاوکێیەکی سەرەکی بۆیان، ئەمەش ڕێگر بووە لەبەردەم گەڵاڵەبوونی هەر نەخشەڕێگەیەکی نیشتمانی بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی هەمیشەیی.
هەڵبەت، لایەنی سیاسی و ئابووری بزوێنەری سەرەکیی هەموو ئەو گرژی و هەڵچوونانەن. تەنانەت مافی یاسایی ئەم شارە لە سیستمی پترۆدۆلاردا، بووەتە قوربانیی بیرۆکراسیی کوشندەی ناوەندی و کێشە داراییەکانی نێوان وەزارەتی نەوت و ئیدارەی خۆجێیی. لەگەڵ ئەوەشدا، نەبوونی یاسایەکی گشتگیری فیدراڵی بۆ نەوت و غاز و ئاستەنگەکانی بەردەم هەناردەکردنی نەوت، دۆخی ئابووریی ناجێگیری شارەکەی هێندەی تر بەرەو خراپتر بردووە.
لە ڕەهەندی ئەمنییەوە، ئەزموونی ناوچە هاوشێوەکانی کەرکووک لە جیهاندا ئەو ڕاستییەمان بۆ دەسەلمێنێت کە گۆڕینی شارەکان بۆ سەربازگەی گەورە یان بڵاوکردنەوەی هێزی نامۆ بە تایبەتمەندی و کۆمەڵگەی ئەم شارە، ناتوانێت ئاسایش و سەقامگیریی بەردەوام دابین بکات، بەڵکو شیاوترین و تەندروستترین ڕێگە ئەوەیە کە خاوەن ماڵ خۆیان بەرپرسیارێتیی پاراستنی خاک و ماڵی خۆیان بگرنە ئەستۆ. هاوتەریب لەگەڵ ئەمەشدا، هەوڵی جددی بۆ چارەسەرکردنی کێشە یاساییەکانی تایبەت بە موڵک و زەویوزار پێویستییەکی حەتمییە، لێ بە جۆرێک کە ئەم پرسانە نەبنە ئامراز و کارتێکی فشار بۆ یەکلاکردنەوەی حیساباتی سیاسی و نەتەوەیی. ئەگەر نیازپاکییەکی ڕاستەقینە هەبێت، دەبێت سوود لە ئەزموونە سەرکەوتووەکانی جیهان لە بەڕێوەبردنی ناوچە فرەپێکهاتەکاندا وەربگیرێت کە پشت بە بنەمای جێگۆڕکێکردن و هەیکەلی کارگێڕیی هاوبەش لەسەر بنەمای پێکهاتن و تەوافوق دەبەستن.
لە ئیستادا، لایەنە سیاسییەکان بەپێی ئەجێندا و ستراتیژیی جیاواز کار دەکەنو بەغدا تەنیا تیشک دەخاتە سەر کەمکردنەوەی کاتیی گرژییەکان. لایەنە کوردییەکان پێداگری لەسەر جێبەجێکردنی دەستوور و ماددەی 140 دەکەن، و تورکمان و عەرەب و کریستیانەکانیش جەخت لەسەر یەکسانی لە بەشداریکردن و نوێنەرایەتیدا دەکەنەوە.
پاش ئەوەی چەندان مۆدێلی جیاوازی حوکمڕانی لە مێژووی نزیک و دووری کەرکووکدا تاقی کرانەوە، هەڵبژاردنی پارێزگارێکی تورکمان بۆ کەرکووک، هەرچەندە نیازپاکی و لێخۆشبوونی ڕادەبەدەری کورد لە مافە ڕەواکانی خۆی دەسەلمێنێت لە پێناو ئاشتیی کۆمەڵایەتیدا، لێ ئەو ڕاستییەشمان پێ دەڵێت کە سەقامگیریی ڕیشەیی لە کەرکووکدا تەنها بە دەستاودەستکردنی بەرپرسیارێتییەکی کارگێڕی نایەتە دی، بەڵکو دانپێدانانی جددی و دەستووری بە مافی هەموو پێکهاتەکان و ڕزگارکردنی شارەکە لە قەیرانی جەمسەرگیرییەکان دەخوازێت.