له‌چاوه‌ڕوانیدان بۆئه‌وه‌ی وشه‌ی (خوێناوی) ببێته پاشگریان، ئه‌وه‌ی ده‌یبینین ئه‌نجامی به‌ره‌و پێشه‌وه‌چوونی رێزمان و ئه‌ده‌بیات نییه، به‌ڵكو ئه‌نجامی داڕووخانی مه‌ترسیداری بارودۆخی ئه‌منییه له‌عیراقدا له‌پاش به‌ره‌و پێشهوهچوونێكی رێژه‌یی. هه‌روه‌ها (100+127+...هتد)ش هاوكێشه‌یه‌كی ماتماتیك نییه، به‌ڵكو ژماره‌ی ئه‌و قوربانیانه‌ن كه‌له‌دوای هه‌ر ته‌قینه‌وه‌یه‌كی خوێناوی ناویان له‌لیستی قوربانییه‌كاندا تۆماردهكرآ!
بانگهێشتكردنی به‌رپرسانی دۆسێی ئه‌منی
گرفتی سه‌ره‌كی له‌م نێوه‌نده‌دا ئه‌وه‌یه لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی تایبه‌ت به‌ئاسایش، له‌بری ئه‌وه‌ی له‌ڕوه مرۆیی و عاتیفی و مه‌دلوله سیاسی و كه‌لتوری و به‌هاكانی دیكه‌وه ته‌ماشای ئه‌و ژمارانه بكه‌ن، ته‌نها وه‌كو ژماره‌یه‌كی ساده لێیان ده‌ڕوانن. ئه‌م دیده ته‌نها لای ده‌سته‌لاتدارانی عیراق بوونی هه‌یه، ده‌نا له‌نێو نه‌خشه‌ی ئه‌منی و گوتاری سیاسی هیچ ده‌وڵه‌تێكی ساغڵهمدا جێی نابێته‌وه.
له‌پاش ته‌قینه‌وه‌كه‌ی ئه‌م دواییه‌ی به‌غدا، حكومه‌تی عیراق جۆرێكیتر له‌نزیكبوونه‌وه‌ی لهدۆسێكه پێڕهوكرد كه‌ده‌توانین بهناتهواویهكیتر له‌قه‌ڵه‌می بده‌ین. بۆ ئه‌م بهرهنجامگیریهشمان چه‌ند پێدراوێك پشتگیریمان ده‌كه‌ن، له‌وانه:
-1بانگهێشتكردنی وه‌زیران و به‌رپرسیارانی دۆسێی ئه‌منی و لێپرسینه‌وه‌یان له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه، پتر له‌موزایه‌ده‌ی كه‌شوهه‌وای هه‌ڵبژاردن ده‌چوو، نه‌ك لێپرسینه‌وه له‌كۆمه‌ڵه كه‌سێك كه‌به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان به‌رپرسیارن له‌وه‌ی رووده‌دات. له‌پاش بانگهێشتكردنی سه‌رۆك وه‌زیران، یه‌كێك له‌به‌رپرسه‌كانی لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری په‌رله‌مان به‌ڕۆژنامه‌ی شه‌رقولئه‌وسه‌ت-ی گوت: بانگهێشتكردنه‌كه له‌كه‌شوهه‌وایه‌كی پڕ لهموجامهلهدا به‌ڕێوه‌چوو!
جگه‌له‌وه‌ش له‌كۆی بانگهێشتكرانی وه‌زیرانی به‌رگری و ناوخۆ‌و به‌رپرسی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی به‌غدا، هیچ ئامانجێكی سودبه‌خشمان ده‌ستنه‌كه‌وت. واته به‌وردی نه‌مانزانی كه‌مته‌رخه‌می راسته‌قینه، كام لایه‌ن و كه‌سایه‌تی بووه! چونكه له‌بری لێكۆڵینه‌وه‌ی پیشه‌ییانه، په‌رله‌مان دۆسێكه‌ی خسته نێو موزایه‌ده‌ی فراكسیۆن و لیسته په‌رله‌مانییه‌كانه‌وه. ئه‌مه‌ش یان نه‌بوونی ئاره‌زوو بۆ كۆتاییهێنان به‌و ره‌وشه‌ی ته‌قینه‌وه‌كان بهرههمدێنآ، یاخود نه‌وێران و سڵه‌مینه‌وه لهتوخنكهوتنی ناواخن و كرۆكی بارودۆخه داڕماوه ئه‌منییه‌كه‌ی عیراق. گه‌ر وانییه، موجامه‌له له‌بری لێپرسینه‌وه یانی چی و له‌كام په‌رله‌مانی دنیادا شتی وا رووده‌دات؟
-2سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق له‌سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ (قاهیره)، له‌باره‌ی دۆسێی ئاسایشه‌وه گوتی: (راستییه‌ك هه‌یه كهنامانهوآ نكوڵی لێ بكه‌ین، چونكه ده‌مانه‌وآ به‌جۆرێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌و به‌گوێره‌ی میكانیزمی هونه‌ری و پیشه‌یی رووبه‌ڕووی ببینه‌وه، ئه‌ویش هه‌بوونی سیستمێكی ئه‌منی خهرقكراوه، ئه‌مه‌ش جیاوازه له‌نه‌بوونی ئاسایش)، له‌سه‌رجه‌م نزیككهوتنهوهكانی به‌رپرسانی عیراقدا له‌دۆسێی ئاسایش (بهلێپرسینهوهكانی په‌رله‌مان و لێدوانه‌كه‌ی مالیكیشه‌وه) دوو ناته‌واوی به‌رچاو ئاماده‌گییان هه‌یه كه‌بریتین له:
ساده‌كردنه‌وه‌ی ئاڵۆزییه‌كان
-1ساده‌كردنه‌وه‌ی ئاڵۆزییه‌كانی دۆخی داڕووخاوی ئه‌منی و هه‌وڵدان بۆ بچوككردنه‌وه‌ی مه‌دلوله گه‌وره‌كانی. ده‌كرآ بپرسین: كاتآ خوێنی تاكه كه‌سێك دهڕژآ، له‌ژێرسایه‌ی نه‌بوونی ئاسایش‌دا بآ یان له‌ژێرسایه‌ی ئه‌منێكی خهرقكراودا، هیچ له‌مه‌سه‌له‌كه ده‌گۆڕآ؟
گرنگ ئه‌وه‌یه خوێنی هاوولاتیانی سڤیل دهڕژآ، نه‌ك گرنگ ناونانی دۆخه‌كه‌و به‌راوردكردنی به‌ماوه‌كانی پێشووتربێت! ده‌بآ ده‌سته‌لاتدارانی عیراق مل به‌و راستییه بده‌ن كه‌ئه‌ركی پله‌یه‌كی ده‌وڵه‌ت، پاراستنی گیان و ئاسایشی یه‌ك به‌یه‌كی هاوولاتیانهو كاتآ خوێنی هاوولاتییه‌ك دهڕژآ، ئه‌وا به‌ر له‌وه‌ی گورز له‌پێكهاته‌ی خانه‌واده‌یه‌ك درابآ، گورز له‌كرۆكی فه‌لسه‌فه‌ی ده‌وڵه‌ت و حوكم و پاساوه‌كانی هه‌بوون و كاركردنی حكومه‌ت وه‌شێنراوه‌و ناته‌واوی ئاشكرا له‌میكانیزمی كاركردنی ده‌زگاكاندا خۆیان نمایش كردوه.
-2ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر مل به‌و لۆژیكه‌ی حكومه‌ت و په‌رله‌مانی عیراق بده‌ین كهداڕوخانهكه لهخهرقی ده‌زگا ئه‌منییه‌كاندا ساده‌و كورت ده‌كه‌نه‌وه. هێشتر خۆمان له‌به‌رده‌می پرسیاری دیكه‌دا ده‌بینینه‌وه، له‌سه‌رووی هه‌موو پرسیاره‌كانه‌وه، ئه‌م پرسیاره دێت كه‌ده‌ڵێت: ئایا پرۆسه‌ی خهرقكردن به‌بآ پلان و نه‌خشه‌و ئاماده‌كاری و فه‌راهه‌مكردنی ئاتاجه مادی و لۆجیستییه‌كان جێبه‌جێده‌كرێ؟
ئه‌ی ئایا فه‌راهه‌مكردنی ئه‌و ئاتاجانه، له‌بۆشاییدا جێبهجێدهكرآ، یاخود پێویستی به‌وه‌یه لانیكه‌م له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵه مرۆڤێكه‌وه ته‌به‌نی بكرێت و كارئاسانی بۆ بكرآ؟ ئه‌م پرسیاره‌ش په‌لی بیركردنه‌وه‌و لێكدانه‌وه‌كه‌مان راده‌كێشێت به‌ره‌و پرسیاركردن له‌م شۆڕ بوونه‌وه‌یه‌ی (سیاسه‌ت و ئاره‌زووی خهرقكردنی سیستمی ئه‌منی) به‌نێو پێكهاته كۆمه‌لایه‌تیه‌كاندا.
درێژه‌دان به‌دۆخی داڕوخاوی ئاسایش
چونكه ئه‌وانه‌ی كار بۆ خهرقكردنی ئاسایش و كوشتنی ژماره‌یه‌كی زیاتر لههاوولاتیانی سڤیل ده‌كه‌ن، بێگومان له‌نێو پانتاییه‌كی كۆمه‌لایه‌تیدا ده‌جوڵێن و ئاتاجهكانی كاركردنیان دابین و مسۆگه‌ر ده‌كه‌ن. له‌به‌رئه‌وه، به‌رله‌وه‌ی حكومه‌تی عیراق و دامهزراوهكانیتر به‌دوای هه‌ڵبژاردنی باشترین وشه‌دا بگه‌ڕێن بۆ ساده‌كردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌و هه‌ڵگرتنی قورساییه سایكۆلۆژیه‌كانی له‌سه‌ر هاوولاتی، هه‌قه به‌دوای ئه‌و راستییه‌دا بچن كه‌ده‌ڵێت: پێكهاته‌ی خودی كۆمه‌ڵگه‌ی عیراق و شێوازی سه‌یرو ناسروشتی ئه‌و پێكهاتنه، هۆكارێكی سه‌ره‌كی درێژه‌دانه به‌دۆخی داڕوخاوی ئاسایش له‌ولاتدا.
لێره‌وه ئیدی له‌بری گرێدانی كۆنگره‌ی ئاینی و ده‌ركردنی فه‌توا بۆ یاساغكردنی رشتنی خوێنی هاوولاتیان، پێویسته حكومه‌ت هه‌ڵوێسته له‌سه‌ر رۆشنبیریی توندوتیژیی بكات كه‌بۆته به‌شێك لهپێكهاتنی عه‌قڵی و شارستانی مرۆڤی عیراقی، هه‌موو ئه‌وانه‌ش له‌نێو ئه‌و چوارچێوه كۆمهلایهتییهدا ده‌بینینه‌وه كه‌حكومه‌تی عیراق هه‌نگاو به‌هه‌نگاو خه‌ریكی (ته‌غزیه)كردنیه‌تی به‌هۆكارو پاساوه‌كانی به‌رهه‌مهێنان و بوژاندنه‌وه و پاراستنی كه‌لتوری توندوتیژیی. تائه‌و ناته‌واویه جهوههریانهش له‌میكانیزمی نزیكبوونه‌وه‌ی حكومه‌ت له‌دۆسێی ئاسایش چاره‌سه‌ر نه‌كرێت، ئه‌و دۆسێیه بهداڕوخاوی ده‌مێنێته‌وه و ئه‌وجا ناچارده‌بین وشه‌ی (خوێناوی) بكه‌ینه پاشگری هه‌موو ئه‌و رۆژانهیتری هه‌فته، كه‌تائێستا ئه‌و پاشگره‌یان بۆ زیاد نه‌كراوه.