مرد!
هەڤاڵێك، ناو بەناو، ئەگەری ئەنجامی بارودۆخی بارێكی لێدەپرسیم، هەر وەختی بمگوتبا، كش مەلیك!.. ئەوە دەیزانی كار تەواو، كێشەكە بە بنبەس گەیشتووە، شەهید سامی عەبدولڕەحمان حەزی لە بیستنی ئەم زمانە بوو بۆ شیكردنەوە!
- ئەمجارەیان دەربارەی بڕیاری مەزەنەكراوی دادگای تیرۆری رەفیق حەریری، سەرەكوزەیرانی پێشووی لەبنان، ئێژم: كش مەلیك!
- چونكە وا دیارە هەر كە ئەو بڕیارە دەرچێت وەكو ئەوەیە جووڵانەوەی مۆری شەتڕەنجەكە بەرەو(كش مەلیك) دەچن.
جووڵانەوەی هەر مۆرێكی ڕەش یا سپی شەتڕەنج كاریگەری راستەوخۆ دەخاتە سەر مۆرەكانی دیكەی هەردوولا.
لە شەترەنجدا مۆری سەربازی، فیل، ئەسپ، قەڵا، شاژن و، شا دادەنرێن، لە ئەنجامدا دەبێ یەكێك لە شاكان بكوژرێت، چ ڕەش یا سپی، ئەمجارەش (شا) یەكی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست،(كشی لێدەكرێت)، ئەم شایە مەرج نییە مەلیك بێ، ڕەنگە سەرەككۆماری یا سیستەمی رژێمی(یا چەند رژێم پێكەوە) ببێت.
(2)
دەرچوونی بڕیارە چاوەڕوانكراوەكەی دادگای نێودەوڵەتی تیرۆری حەریری رەنگە ببێ بە گرنگترین جووڵەی یاریی شەترەنجی ئەمجارە..
كە مۆرەكان یەك بەدوای یەكدا دەمرن تا بە(شا) دەگات.
دانیشتنی سەرانی پەیمانی ناتۆ لە(لەشبوونە) هەڕەشەی لە(شا) دەربڕیوە، واشنتۆن و فرەنسا و گشت یەكێتی ئەوروپا پشتیوانی پتەوی خۆیان لە دەرچوونی بڕیاری دادگاكە پیشاندەدا تا(عەدالەت جێبەجێ) ببێ و (هیچ پیاوكوژ و تیرۆریستێك)لە سزا دەرباز نەبێت!
ئەسپ و چەند سەربازی تیپی بەرامبەری شەترەنجەكە جووڵانەوە و هاتنە دەنگ تا بەڵكو وەڵامی(ناتۆ) بدەنەوە، بەڵام ئیدی درەنگ داهاتووە، واپێدەچت كار لە كار ترازاوە.
ئەگەر هەندێ سەرانی ناتۆ بەم وتارەی من بزانن باش دەزانن چیم گوتووە!
لەوە كەمتر یا زیاترم نەگوتووە كە ئەوان بۆی چوونە، وەختێك یاری بە(كش مەلیك) بگات ئیتر مۆڵەتی پێنادرێت چونكە یارییەكە هەڵناوەشێتەوە.
(3)
جوانی یاریی شەترەنج لەوەدایە كە بە بێدەنگ دەجووڵێتەوە تا هاوار لە شا(مەلیك) هەڵدەسێنێ!
لە یاریی ئەمجارەدا قیڕەو فریاد و ناڵە و ئامان لە چەندین لایەنی دیكەوە بە چەرخی فەلەك دەگات وەلێ بێهوودەیە!