بەتایبەتیش لایەنە شیعەکان وێڕای جیاوازیی تێڕوانینی سیاسییان لەوە نزیکبووبنەوە لەسەر ناوزەدکردنی کاندیدێک ڕێککەوتبن کە لەئێستادا دووبارەبوونەوەی مالیکییە، رەنگە ئەو لێکنزیکبوونەوەیەشیان بۆ دوو ھۆکاری سەرەکی بگەڕێتەوە، کە یەکێکیان دەرەکییەو پەیوەندیی بەگوشاری وڵاتانی دراوسێوە ھەیە بەتایبەتیش ئێران و سوریا ...دووەمیشیان ناوخۆییەو زیاتر پەیوەندیی بەمەرجەعییەتەوە ھەیەو لەوێوە پابەندی یەکھەڵوێستی دەبن، بەڵام ئەمە ھەنگاوی یەکەمەو بەبۆچوونی چاودێرانی سیاسی تەنگژەو گرفتی گەورەتر لەڕۆژانی دوای یەکلاکردنەوەی کاندیدی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانە کەخۆی لەدابەشکردنی پۆستە سیادییەکاندا دەبینێتەوە، بەتایبەتیش لیستی عیراقییە کە رەنگە بۆ بەشداریکردن لەحکومەتی مالیکیدا داخوازییەکانیان قورس بێت و لەوانەیە ماوەیەکی درێژی بوێ تا ھەموو لایەنەکان لەسەری ڕێکدەکەون.
تائێستا ھەڵوێستی عیراقییە بەتەواوی ڕوون نییە، بەڵام پێشبینی ئەوە دەکرێ لەچەند ڕۆژی ئایندەدە بەشداریکردن و نەکردنیان لەو حکومەتەدا ئاشکرا بکەن ئەگەر مالکی ئەو پۆستە وەربگرێ و زیاتریش لەوە دەچێت بەشداری بکەن .
لێرەدا ئەگەر چی زۆرینەی لایەنەکان بەتایبەتیش شیعەکان لەسەر ئەوە کۆکن پۆستی سەرۆک کۆمار بدرێتە کوردو کاندیدی ھاوپەیمانیی کوردستانیش جەنابی مام جەلال دەبێ، بەڵام ئەم سیناریۆیەش بەندە بەھەڵوێستی لیستی عیراقییە بەتایبەتیش ھەندێ لایەنی ناو ئەو لیستە رەنگە کار بۆ ئەوە بکەن پۆستی سەرۆک کۆمار نەدرێتە کورد، بەڵام پێداگریی لایەنی کوردو یەکھەڵوێستییان لەو گفتوگۆیانەی کە بڕیارە لەچەند ڕۆژی داھاتوودا لەگەڵ لایەنەکانی دیکەدا ئەنجامبدرێ، دەتوانێ زەمینە سازی بۆ وەرگرتنەوەی ئەم پۆستەو جێبەجێکردنی ئەو داخوازییانە بکات کە خۆی لەو نۆزدە خاڵەدا دەبینێتەوە کە پێشکەش بەلایەنەکان کراون.